مەندوح سینۆ حاجی جەمال ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: پەكەكە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بیر و هزری نەتەوەیی و كوردایەتییان نەبووە
سەركردایەتیی و چەكدارانی پەكەكە لەو كاتەوە هاتوونەتە باشووری كوردستان، دژایەتیی هێزی پێشمەرگە و ئەو قەوارە فیدڕاڵییە دەكەن كە بە خوێنی سەدان هەزار شەهیدی گەلی كوردستانی هاتووەتەدی، لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەندوح سینۆ حاجی جەمال ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا. لێرەدا دەقی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* ئایا لە باكووری كوردستان شاخ و چیای لێ نییە كە پەكەكە تێدا شەڕی سوپای توركیا بكات، یان مەبەستی دیكەی لە پشتە كە هاتووەتە باشووری كوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەكان و چیای قەندیلی داگیر كردووە؟
- من لە ساڵی(1995) لەناو پەكەكە دەستم بە كاری سەربازی و چەكداری كردووە و پێشتریش لە ڕێكخستنەكانی كارم دەكرد، بە هۆی دووركەوتنەوەیان لە كاری نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەنجامدانی كاری دوور لە بیری كوردایەتی ڕیزەكانی پەكەكەمان بەجێهێشت، پەكەكە زیاتر لە بیست ساڵیش دەبێت باوەڕی بە بیری نەتەوایەتی و كوردایەتی نەماوە، سەرەتاش هەر بیروباوەڕی ماركسی هەبوو، بەناو گوایە بۆ دیموكراتی تەواوی توركیا كار دەكات، ئەم هۆكارانە و چەندین مەرامی دیكە وای كرد، باكووری كوردستان كە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیانە كاری تێدا نەكەن و بەجێی بهێڵن و ڕوو لە باشووری كوردستان بكەن، بە مەبەستی نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری، ئەوە بوو ناوچە و دەڤەرە سنوورییەكانیان بە زەبری چەك و پەلاماری تیرۆریستی داگیر كرد، ئەمەش وای كردووە، سوپای توركیا بە چەندین كیلۆمەتر بێنە قووڵایی و درێژیی ناو خاكی كوردستان. بە هۆی جووڵەكانی چەكدارانی پەكەكەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی كانی توركیا ڕۆژانە بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی زیاتر لە (600) گوندی هەرێمی كوردستان ئاوەدان نەبێتەوە و خەڵكەكانی لە موڵك و ماڵ و ڕەز و باخ و بیستانەكانیان بێبەش بن. لەو كاتەی هەرێمی كوردستان بووەتە خاوەن حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی یاسایی و دەستووریی خۆی، پەكەكە لە هەوڵی ئەوەدان كێشە و گرفت و ناسەقامگیری بۆ دروست بكەن، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە كە بەدەست لەپشتدانی داگیركەران هاتوونەتە ناو سنووری هەرێمی كوردستانەوە. ئێمە وەك ئەوەی لەناو پەكەكە كاری جددیمان كردووە و بەرپرسیاریەتیمان بووە، دەزانین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت حزب و لایەنێكی باڵادەستی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەرجەعی نەتەوەیی كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانییە لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر و كوردایەتی هاوكاریی باشی پەكەكەیان كردووە، بەتایبەتی لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە لەسەر ئەو عەقیدەیە كە باوەڕی نەتەوەیی و سەربەخۆییان بە كورد و كوردستان هەیە، كەچی لەپاش چەند ساڵێكی كەم ئەمەش بۆ پارتی و حكومەتی كوردستان دەركەوت، كە ئەو چەكدارانە كوردایەتی ناكەن، بەڵكو بۆ مەرامی تایبەت و دوور لە نیشتمانی و كوردستانی دەجووڵێنەوە، هەر بۆیە چەكدارانی پەكەكە سەرئێشەیەكی یەكجار گەورەن بۆ هەرێمی كوردستان و كورد.
* بۆچی ماوەیەكە چەكدارانی پەكەكە جموجووڵەكانیان زیادی كردووە لە چەندین ناوچە و دەڤەری باشووری كوردستان و، لێرە و لەوێ كاری دوور لە نەتەوایەتی و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن؟ ئایا هیچ وڵات و لایەنێك هەیە پشتگیرییان لێ بكات؟
- چەكدارانی پەكەكە هەر ئەو دوو ساڵە نییە كە بە شێوەی گرووپ و جووڵەی نەخوازراو لە باشووری كوردستان دەبینرێن، بەڵكو چەكدارانی پەكەكە لە سەرەتای دامەزراندن و چەكداربوونیان لە پەیڕەو پڕۆگرامەكەیان و پیلان و كارەكانیاندا هێز و چەكدار و ڕێكخستنەكانیان بۆ گرووپی بچووك بچووك دابەش كردووە، ئەمەش بە مەبەستی:
یەكەم: بە هۆی زۆریی گرووپە چەكدارەكانیان زۆرترین شوێن داگیر بكەن و كاری خراپەكاری و پشێوی بنێنەوە.
دووەم: بەهۆی ئەو ژمارە گرووپە چەكدارانەوە وایان كردووە زۆرترین خاك و سنووری هەرێمی كوردستان هەڕەشەی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیای لەسەر بێت، ئەمەش دڵەڕاوكێیەكی زۆر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە دەڤەری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست بكات .
سێیەم: ئەو جووڵە و گرووپ گروپەی چەكدارانی پەكەكە بە مەرامی ئەوەیە، بڵێن ئێمە هەین و زۆرین و دڵنیایی و متمانەش بۆ داگیركەران و ئەوانەی هاوكاری و دەستیان لەپشت دەدات، دەنوێنن.
چوارەم: لە ڕێگای ئەو هەموو گرووپەوە چەكدارانی پەكەكە بەتایبەت سەركردەكانیان دەیانەوێت باج و سەرانە و دەستكەوتیان زیاتر بێت.
پێنجەم: چەكدارانی پەكەكە بۆ ئەوەی ئەو بازرگانی و كارانەی هەڵیدەسووڕێنن، بەتایبەتی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان لەنێوان ئێران بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا و سووریا و چەندین وڵات و شوێنی دیكە، گرووپەكانیان بڵاو كردووەتەوە.
شەشەم: چەكدارانی پەكەكە لە ڕێگای ئەو جووڵە و گرووپانەوە توانیویانە زانیاریی زۆرتر و وردتریان بۆ مەبەستی سیخوڕی و هەواڵگری دەست بكەوێت.
دووبارە هەموو ئەوانە بە مەرامی خراپەكارییە لە دژی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی، چونكە پەكەكە دڵنیان لەوەی ئەو سەقامگیری و یاسا و دادوەری و داپەروەریەی لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێت، لە بەرژەوەندیی حزب و لایەن و تاقمێكی تیرۆریستی و نانەتەوەییدا نییە، كە بە دەست لەپشدانی حەشدی شەعبی عێراق و وڵاتانی هەرێمایەتیی ئەنجامی دەدەن.
* ئایا ئەو كارە تێكدەرانەیانە كە چەكدارنی پەكەكە ئەنجامی دەدەن، بووتە هۆكاری ئەوەی كە كوردانی باكووری كوردستان و ڕێكخستنەكانیان باوەڕیان پێیان نەمێنێت؟
- پەكەكە لە ئێستادا بەرانبەر كادیرە پێشكەوتووە نەتەوایەتییەكانیان چاودێرییەكی زۆر توند بەكار دەهێنن، بەتایبەتی و ئەو چەكدارە شۆڕشگێڕ و كوردپەروەرانەی كە چەندین ساڵە گیانی خۆیان بە ماڵ و منداڵەوە خستووەتە خزمەتیان، چونكە بۆیان دەركەوتووە كە ڕۆژانە چەكدارانی پەكەكە و كادیرەكانیان لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕابكەن و ڕیزەكانی پەكەكە بەجێ بهێڵن. چونكە بە هۆی ئەو كار و كردەوە ناڕەوا و دوور لە نەتەوایەتی و كوردایەتییەوە بەردەوام چەكدار و میللەت و ڕێكخستنەكانیان لێیان دوور دەكەونەوە، هەروەها بە هۆی ئەو شەڕە ناڕەوا و نامەبەستییانەی ئەنجامیان داوە، زیانی گەورەی بە متمتانە و خۆشەویستیی پەكەكە گەیاندووە، هەر بۆ نموونە شەڕی خەندەق كە گەل و میللەتی كوردی باكوور بە ماڵ و گیان زۆر تێیدا زیانمەند بوون و دەرئەنجامەكەشی ماڵوێرانی بوو، بووە هۆی ناڕەزایەتی و گلەیی و ڕەخنەیەكی زۆری كوردانی باكوور.
* باسی ئەوەت كرد كە چەكدارانی پەكەكە پەیوەندییان بەو حەشدی شەعبییانەوە هەیە كە دژی قەوارە و گەلی كوردستانن، ئایا چەكدارانی پەكەكە چۆن بوونەتە ئەم داردەستەو زیان بە بیر و بەرنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگەیەنن؟
- چەكدارانی پەكەكە زۆر لەمێژە بوونەتە ئەو لایەن و تاقمەی هەر جارەی وڵات و دەزگایەكی موخابەراتی بەكاریان بهێنێت. چەكدارانی پەكەكە ژمارەیەكی زۆریان بەتایبەت ئەوانەی لە دەڤەری شنگالن مووچە و هاوكاریی دارایی و لۆجستیكی لە حەشدی شەعبی وەردەگرن، دژ بە كورد و ڕۆژئاوای كوردستانیش بۆ ڕژێمی ئەسەد لە سووریا كار دەكەن، بۆیە هەموو جووڵە و مەرام و كردەوەكانی چەكدارانی پەكەكە لە بەرژەوەندیی داگیركەران و سەركردە شكستخواردووەكانی خۆیاندایە.
* قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی شۆڕش و خوێنی شەهیدان و خەباتی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانە، ئەو هەرێمە بووەتە پێگەیەك بۆ هەموو گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەدا، ئایا لایەنگران و ئەندامانی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانیان ئەم ڕاستییە نازانن، كە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێنەوە؟
- پەكەكە زۆر لە هەموو خەڵكی كوردستان و هەر كوردپەروەرێك باشتر دەزانن، هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی پەناگا و چەترێكی متمانەپێكراو و باشە بۆ مانەوە و حەوانەوەی هەر كوردێك لەهەر شوێنێكی دنیا بێت، چونكە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان كار بۆ سەروەریی یاسا و سەقامگیری و هێمنیی كوردستان دەكەن و لە ڕێگای هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ناوخۆییەكانەوە بارودۆخێكی زۆر شیاو و گونجاویان بۆ تاكی كورد و كوردستانی خوڵقاندووە، بۆیە پێویستە هەموو كورد و كوردستانییەك وەك بیلبیلەی چاوی خۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بارودۆخەكەی بپارێزن، بەڵام لەبەر ئەوەی پەكەكە مەرام و بەرژەوەندیی خراپەیان تێدایە، بۆیە كێشە و گرفت دەنێنەوە و لێرەو لەوێ دژی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی سڤیل كردەوەی ناڕەوا و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەم مەرام و پیلانە دوژمنكارییانە بە حەكیمیی جەنابی سەرۆك بارزانی لەگۆڕ نراون، لەلایەكی دیكەوە چاوكراوەیی و دڵسۆزیی گەلی كوردی باشوور و دەسەڵاتدارانی وای كردووە هەموو پیلان و مەرامە ناشیرینەكانی پەكەكە لەبار ببرێت.
* ئایا هۆكار چی بوو چەكدارانی پەكەكە هەوڵ و پڕۆسەی ئاشتییان لەبار برد، كە جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ تەرخان كردبوو؟
- بە دڵنیاییەوە پەكەكە هیچ كاتێك باوڕی بە گفتوگۆ و ئاشتی نییە و كار و ستراتیژی و ئامانجێكی نەتەوەیی و كوردایەتیش بەتایبەتی كە لەسەر دەستی كارێزما و مەرجەعی كورد و كوردستان بێت، كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانییە، ئەوە نەك لە ئێستادا بەڵكو هەر لە كۆنەوە ناچنە ژێر باری و قبووڵیان نییە، چونكە دڵنیان ئەو كار و پڕۆسەیەی جەنابی سەرۆك بارزانی دەستی بۆ دەبات، خزمەت بە گەلی كورد و كوردستان و هەر چوار پارچەكەی دەكات .
* بۆچی لە ئێستادا پەكەكە زیاتر ڕوویان لە ناوچەی گەرمیان و چەمچەماڵ و مەخموور كردووە؟
- زیاتر بۆ ئەوەیە گەنج و منداڵەكانی ئەو ناوچانە فریو بدەن و لە دایك و باوكیان دایانببڕن و لە ڕیزەكانی خۆیان چەكدارایان بكەن، ئەمەش دوورە لە هەموو بنەماكانی مرۆڤایەتی و یاسا نێودەوڵەتییەكانەوە، هەروەها دەیانەوێت ناسەقامگیری و كێشە و گرفت بۆ هەرێمی كوردستان بنێنەوە و سەقامگیری و بارودۆخی هێمنی و ئاسایشی كوردستان بەتایبەتی لەو ناوچانە بە دەست لەپشدانی دوژمن و ناحەزان تێك بدەن.