بە ئامانجگرتنی تەناهی هەولێر لەپێناو چیدایە؟

بە ئامانجگرتنی تەناهی هەولێر لەپێناو چیدایە؟

لەدوای دەستپێکی شەڕی حەماس - ئیسرائیل، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە لە هەردوو لاوە نزیکن، وەکوو جوگرافیا و سیاسەت و ستراتیژییەت، پریشکی ئەم ئاگرەیان بەر کەوتووە. ئێران بەوە ناسراوە بەردەوام گیر و گرفتەکانی خۆی دەباتە دەرەوەی ووڵاتەکەی، واتا شکستی سیاسی و ئابوری و سەربازی خۆی لە وڵاتانی دیکەدا پەردەپۆش دەکات، چونكە حکوومەت و دامەزراوە ئەمنی و یاسایی و ئابووری و سەربازییەکانی لەژێر دەسەڵاتی هەمیشە لە شکست و لاوازدایە،
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، چەندیین جارە گرووپە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هێرشی ترسنۆکانە و نامەردانەی وەکو درۆن و مووشەک و هێرشی دوورەدەست و ترسنۆکانەوە دەکەنە ئامانج. لەم رووەوە ئێران هیچ بەها و نرخێک بۆ (حکوومەتی عێراق) دانانێت و بەئاشکرا هەولێر بۆردومان دەکات و هاووڵاتیانی سڤیلی بێتاوان دەکەنە ئامانج.

بە شێوەیەکی گشتی، هێرشە درۆنییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەم خاڵانەدا کورت دەبنەوە:

یەکەم: گواستنەوەی دۆخی ناسەقامگیری و شێواوی ئەمنییەتی ئێران و شکستەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەولێر و تەگەرە دروستکردن بۆ ئارامی و گوزەرانی.

دووەم: تێکدانی سەقامگیری و تەناهیی هەولێر، کە ئێستا نموونەی پێکەوەژیان و ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.

سێیەم: زیادکرنی گرژییەکان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی تێکدانی ئەو پێکەوەژیان و ئاوەدانییەی کە بووەتە نموونەیەکی باڵا لە ناوچەکە و لە وڵاتانی دیکەدا جێگەی نابێتەوە.

چوارەم: بەردەوامیدان بە سیاسەتی خۆسەپاندن و فشارە ئابووری و سیاسییەکان، بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام بەهێزیی هەرێمی کوردستان، شکستی بەم هەوڵانە هێناوە.

پێنجەم: سستکردنی دامەزراوەکانی عێراق، بەوپێیەی ئێران، هیچ بەها و نرخێک بۆ حکوومەتی عێراق دانانێت و هێرشە درۆنییانە ئەنجام دەدات.

شەشەم: گرێدانی هەرێمی کوردستان بە جەمسەربەندیی هەرێمییەوە، بە واتایەکی دیكە، هەولێر لەبری بەغدا پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی هەژموونیان بەسەر عێراقەوە هەیە.

حەوتەم: بەردەوامیدان بە بەرنامەی نکۆڵیکردن لە بوونی کورد و سڕینەوەی ناسنامە نەتەوەییەكەی، چوونکە ئەم هێرشانەی کراون بە بیانووی لاواز و بێ بنەما کراون و تەنانەت بە ڕوونی ئەوە سەلمێنراوە کە سەرجەم تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوورن لە ڕاستییەوە.

هەشتەم: لە ڕاستیدا ئامانجەکە گورز وەشاندن نییە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەڵکوو مەبەستیانە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە، کوردستان لە مەترسیدا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێرشانە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری هەرێمی کوردستانە.

هەرچەندە فشارە ئابوورییەکان و ئابڵووقە نایاساییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر کراون، ئەم هێرشە درۆنییانەی ئێرانتش بەشێکن لەو پیلانانەی بەردەوام دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، بەڵام هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و ئێستاشدا، سەرجەم بەرنامە و پیلانی نەیارانی پووچەڵ کردووەتەوە و ڕێگریی لە تێکدانی ڕەوشی هەرێمی کوردستان كردووە، ئێستاش ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانت جیهان و حکوومەتی عێراق و لایەنە پێوەندیدارەکانە کە دژی ئیرهاب و سیاسەتە توند و تیژییە دوور لە مرۆڤەکانەکانی ئێران بووستنەوە، سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێنن، کە لەبری شێواندنی سەقامگیریی هەولێر، بە کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان و شکستە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە سەرقاڵ بکەن، چوونکە هەروەکو سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا بە ڕوونی بە هەموو جیهانی گووت:
(ئیتر دانبەخۆداگرتنمان سنووری هەیە، ئەوەتا لە دوایین پەلامار و تاوانیاندا شەوی ڕابردوو خێزانێکی بێتاوانی هەولێریان کۆمەڵکوژ کردووە کە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکەین. گومانی تێدا نییە ئەو پەلامارە نە مەردایەتییە و نە شەهامەت بەڵکو ئەوپەڕی شەرمەزارییە بۆ تاوانباران)

Top