هانی خۆت بدە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەکانت

هانی خۆت بدە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەکانت

(فرانسیس بیكون) فەیلەسوف و نوسەری ئینگلیزی دەڵێ" لە پێویستییەكان دەست پێ بكە، دوایی بڕۆ سەر ئەوانەی دەتوانرێ، لە ناكاو خۆت دەبینیەوە مەحاڵەكان ئەنجام دەدەیت".
مرۆڤ هەركاتێ بیەوێ كارێك ئەنجام بدات و بەرهەمی هەبێت، پێویستە خۆی ڕابهێنێت كەوا دەتوانێ‌ ئەنجامی بدات بەبێ ترس و دوو دڵی و شلەژاوی و وا بیر بكاتەوە كەوا كارەكە قورس نییە و ئاسانە و دەتوانێ‌ ئەنجامی هەبێت. بەڵام پێش هەموو شتێك دەبێت بڕوای تەواوی بەو كارە هەبێت بڕوا بوون بە هەر كارێك، بێگومان بەخشش و كۆشش و نیەت و نیاز لە ناخەوە دروست دەکات و دەبێتە پاڵنەری سەرەكی بۆ ئەنجامدانی كارەكە، گرنگە مرۆڤ هەمیشە خۆی هان بدات و بڕوای بەتوانای خۆی هەبێت و كارەكان قورس نەكات و چاوەڕێ نەكات خەڵكی تر هانی بدەن و داوای لێ بكەن كارەكان بكات، خۆی دەبێت بەردەوام ئامانج و مەبەستی دیاری كراوی هەبێت گەر هیچ ئامانجی نەبوو دەبێت بەردەوام ئامانج بۆ خۆی دروست بكات و بە پەڕۆش بێت بۆ ئەنجامدانی هەمیشە لە ناخەوە هاندان و پاڵنەر هەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان، بێگومان ئەو كەسانەی خۆیان خۆیان هان دەدەن و سوورن لە سەر بەدیهێنانی ئامانجەكانیان لە ڕادە بەدەر لە ناخیانەوە ووزە و پەڕۆشی و بەردەوامی و گوڕو تین وەردەگرن و چاوەڕێ‌ كەس ناكەن هانیان بدات و خۆیان هانی خۆیان دەدەن و لە بیر و هزریان بیرۆكەی ئەرێنی نەخش دەكەن و دەكۆڵن، هەمیشە وا خۆیان ڕادەهێنن كە هەر كارێك دەست پێ بكەن تەواوی دەكەن و هیچ كارێك بە تەواو نەكراوی جێ ناهێلن، بۆیە پێویستە لە بیرو هزرمان هەمیشە ئەو باوەڕ و دڵنیاییە هەڵ كۆڵین كەوا هەر كارێك دەستمان پێ كرد تەواوی دەكەین و ئەنجامی دەدەین، ئەو دڵنیاییە و باوەڕییە لە ناخەوە كۆمەڵێ ئازایەتی و گڕو تین و جۆش و خرۆش و هاندان و متمانە بە خۆبوون پەنگی خواردوە و هەموو کات ئامادەیە بۆ دەرچوون و بەكارهێنان لە ئەنجامداكۆمەڵێ دەستكەوت و بەرهەم و ئامانج دەهێنە دی. بۆیە گرنگە هەمیشە هاندەری خۆمان بین و هەرگیز لە هیچ كارێك نەترسین و خۆمان لەكارەكان بە گەورەتر بزانین، پێشینان گوتیانە (كار لە ژێر دەستی مرۆڤە، نەك مرۆڤ لە ژێر دەستی كارەكان بێت). هەروەها پێشینان قسەیەكی تریان فەرمووە دەلێن (هەر كارێك شێرە تا ئەنجامی دەدەی، بەلام کەدەستت پێکرد دەبێتە ڕێوی). ئەو پەندە جوانانەی پێشینان ئاماژەن بۆ توانا و متمانە و بڕیاردان و ئازایەتی مرۆڤ كەوا دەتوانێت كارەكان بە ئاسانی دەست پێبكات و دڵنیاش بیت كە دەست پێكرا كۆتایی دێت و ئەنجامی دەبێت و پێویست بە ترس و ڕاڕایی و دوو دڵی ناكات، بەڵكو پێویستی بەوە هەیە كە خۆمان هان بدەین و لە ناخەوە بڕوای تەواومان هەبێت كەوا دەتوانین و پێمان دەكرێ و دەگەینە ئامانج و بەدەستی دەهێنین و ئەو ڕاستیە گرنگە لە ناخی هەر یەکێک بوونی هەبێت و بڕوای تەواوی پێ هەبێت، گەر هەمیشە هاندەری خۆمان بین ئەوا سەركەوتوو دەبین و دەستكەوت و ئامانجەكانیش مسۆگەر دەبن.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top