دڵخۆشم بەو پێشكەوتنە كە هەیە ئێستا

دڵخۆشم بەو پێشكەوتنە كە هەیە ئێستا

ئیمان هەڤال یاریزان و ڕاهێنەری هێزی لەش و بەرزكردنەوەی قورسایى

دڵخۆشم بەو پێشكەوتنە كە هەیە ئێستا
لە شارەكانی كوردستان یارییەكانی هێزی لەش و و لەشجوانی و زوومبا و ئایۆبیك بۆتە یەكێك لەو یارییانەی كە خانمان بە رێژەیەكی بەرچاو ڕوو لەم یارییە دەكەن. بۆ ئەوەی هەم حەز و خولیاكانیان بەجێ بهێنن، هەمیش ببنە خاوەن لەش ولارێكی رێك، جگە لەوەی یاری هێزی لەش كە یارییەكی زیاتر بەرزكردنەوەی قورساییە لە ئێستادا لە شارەكانی كوردستانیش ئەم یارییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندن دایە و ئافرەتانیش بە شێوە یەكی زیاتر لە جاران ڕوو لە وەرزشەكە دەكەن، لە هەولێری پایتەختیش كۆمەلێك كچە یاریزان خولیان بە شێوەیەكی زۆر باش وەرزشی هێزی لەش و وەرزشەكانی دیكە دەدەن و چەندین یاریزانی بەتواناش لەم ڕكابەری ئەنجامی گەورە دەكەن، یەكێك لەو ئافرەتە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش ئیمان هەڤال-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان ب ۆیانەكانی هەندرێ و زانكۆی سەلاحەدین یاری كردوە ، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1998ی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە بواری وەرزشە و ئێستا بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكات تەنیا وەكو ڕاهێنەر و یاریزانلە گروپ و هۆڵ بەشداری پاڵەوانیەتیەكان دەكات، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو بڕیارت دا بێتە نێو دونیای هێزی لەش و هەڵگرتنی قورسایی؟
- سەرەتای دەست پێكردنی یاری قورسایم لای مامۆستا ئیسماعیل مەولود بوو كاتێكی قوتابی زانكۆ بوو، وانەیەكمان هەبوو بەناوی بەرزكردنەوەی قورسایی لەو كاتە مامۆستای وانەكەم هەر خۆی تیپێكی هەبوو پێ گوتم هەست دەكەم گونجاوی بۆ یاری بەرز كردنەوەی قورسایی، دواتر دەستم بە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی كرد.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە ئاسنە؟
- ئەگەر بە ناوی ئیمانەوە قسە بكەم هیچ جۆرە وەرزشێك قورس نییە، بەڵكو هەموو كات چێژێكی تایبەتم بینیوە لە هەڵگرتن و بەرز كردنەوەی ئاسنەكان.
*بۆچی یاری هێزی لەش لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- چونكە هێشتا ئەم وەرزشە نە ناسراوە لە كوردستان، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆر هەست بە بەرەووپێشچوونێكی باش دەكەم لە ڕووی ئەنجامدانی چالاكی و ناساندن و ئاشنا بوونی لەلایەن خەڵك.
*هەست ناكەی ئەم وەرزشە بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە بە تایبەت بۆ كچان؟
- لە كۆمەڵگەی ئێمە هەر كات كە ناوی ئاسن یاخود بەرزكردنەوەی ئاسن دەبیستن ترس دەدەنە كچەكانمان، چونكە وایان بیستوە تەنها بۆ پیاوانە ئەو ترسە وایان لێدەكات لە هەموو ئەو یارییانەی كە ئاسنیان تێدایە، بەڵام خۆچبەختانە من نالێم یەكەم كەسم ئەو ڕێچكەیەم شكاندبێ، بەڵام توانیومە لە ناو خێزانەكەم و هاوڕێكانم بیشكێنم.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- دڵخۆشم بەو پێشكەوتنە كە هەیە ئێستا، ناڵێم ئاستێكی زۆر باشە، بەڵام باشترە لە چەند ساڵی دوایی لەبەر ئەوەی من لە هەولێرم چالاكییەكانی یەكێتی هێزی لەشی هەولێرم زۆر پێ باشە و دەست خۆشیان لێ دەكەم.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- كۆمەڵگە بە رێژەیەكی زۆر خێزانەكان پێویستە هاوكار بن لەم بابەتە بۆ ئەوەی هێزی كچاتنی كورد بە دونیا بناسێنین.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
- بتوانم بەژداربم لە پاڵەوانیەتی جیهانی و دەرەوە بۆ ئەوەی ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنم.
*بۆچی بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكەی؟
-چونكە لەو كاتەدا یانەكان باری داراییان باش نییە منیش پێویستم بە سەرچاوەی داهاتو بڕیارم دا كاری ڕاهێنەری بكەم و تیپی خۆم دروست بكەم.
*گرفتی ئەم وەرزشە لە چی دەبینی؟
- كەمی بودجە لە هەرێمی كوردستان و گرینگی پێنەدانی.
*خەونی وەرزشیت چیە؟
-بتوانم وێنەیەكی جوانی وەرزش كردن لە ناو مێشكی هەموو تاكێكی كورد پێشان بدەم و ببمە مایەی شانازی بۆ خێزانەكەم و وڵاتەكەم وەكو ئافرەتێكی بەهێز لە بیر نەكرێم.
*یانەكان گرێبەستیان پێشكەش نەكردووی؟
- بەلێ بۆم هاتووە لە یانەكانی كوردستان وعێراق، بەڵام من ناتوانم قبوڵی بكەم چونكە مووچەكانیان ناتوانن من و پێداویستیەكانم پێ دابین بكەم.
*بڕیارت نەادوە بەشداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەی؟
- ئەگەر بارودۆخ بگونجێ بەدڵنیاییەوە بەژداری دەكەم، ئەوە ئەوە ئاوات و خەونی منە.
*هەوڵی گەیشتنت بە هەڵبژاردەی عێراق نەداوە؟
-تا ئێستا وەكو هەوڵ نەخێر، چونكە لۆم نەڕخساوە، بەڵام ئەگەر بمەوێ هەوڵی بۆ دەدەم بە دڵنیاییەوە دەگەمە ریزی هەڵبژاردەی عێراق، چونكە باوەڕم بە هێزی خۆم هەیە هەمووكات.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەلێم گەیشتن بە لوتكە ئاسانە، بەڵام مانەوە و پارێزگاریكردن سەختە، خۆشبەختانە من ماندوو دەبم بەڵام ناهێلم شوێنم بگۆرێ، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ پاڵپشتی وەرزشكاران لە شارەكانی كوردستان، سوپاسی دایك و باوكم دەكەم هەمیشە لە پشتم بووینە.

Top