هەندێك لە كێشەكانی كۆنكرەی گۆڕانی كەشوهەوا (كۆپ28)

هەندێك لە كێشەكانی كۆنكرەی گۆڕانی كەشوهەوا (كۆپ28)

 

 

كۆبوونەوەی ئەمساڵی لایەنەكان لە دوبەی، لەبارەی گۆڕانی كەشوهەواوە كە ڕۆژی (13)ی دێسەمبەری (2023) بە دەرچوواندنی بەیاننامەیەكی (21) لاپەڕەیی، كۆتایی بە كارەكانی هێنا، وێڕای سەركەوتنی لە چەند ڕوویەكەوە، بێ گرفتیش نەبوو لە زۆر ڕووی دیكەوە، لەوانەش:

1- ئامادەنەبوونی سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی چین، كە هەردوو وڵات بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنانی نزیكەی 50%ی بڕی دەرهاویشتە و گازە گەرمكارەكان لە جیهاندا.

2- كاركردن بە چەمكی دەبڵ ستاندارد، وەك ئەوەی (لۆلا داسیلڤا)ی سەرۆكی بەرازیل گوتی: «وڵاتانی دەوڵەمەند پارە نادەن بە وڵاتانی زیانلێكەوتوو، بەڵام پارەیان هەیە، بۆ بەڕێوەبردنی چەندین جەنگی هەڵگیرساو لە جیهاندا».

3- هەندێك لە ڕووداوە سیاسییەكان كاریگەرییان هەبوو لەسەر لادانی سەرنج لەسەر كۆنگرەكە، وەك شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و كشانەوە لە كۆنگرە، وەك كشانەوەی شاندی ئێران بە هۆی بەشداربوونی ئیسرائیل لە كۆنگرەگەدا.

4- دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژكاریی سەرەكیی كۆنگرە، بە هۆی ئەو هەواڵەی (بی بی سی)ی بەریتانیا بڵاوی كردەوە كە (سوڵتان جابر)ی سەرۆكی كۆنگرەی (كۆپ28) كە لە هەمان كاتیشدا سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی ئیماراتی (ئەدنۆك)ـە، ڕێككەوتننامەی لەبارەی نەوت و غازەوە مۆركردووە، پێش دەستپێكردنی كۆنگرەكە، ئەمەش لە كاتێكدا بوو كە ئیمارات ئەم هەواڵەی ڕەت نەكردەوە، بەڵكو لە وەڵامدا گوتی: «كۆبوونەوەی تایبەت كۆبوونەوەی تایبەتە».

5- ناڕەزایەتیی (جیم سكییا)ی سەرۆكی دەستەی حكوومیی نێودەوڵەتی و بەرپرسی بەرنامەی كەشوهەوا، كە داوای بەستنی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی لە (سوڵتان جابر) كرد، لە بارەی ئەو تۆمارە دەنگییەی كە (سوڵتان جابر) تیایدا دەڵێت: «هیچ توێژینەوەیەكی زانستی نییە، بیسەلمێنێت وازهێنان لە سووتەمەنیی بەردین وادەكات بگەینە (1.5) پلەی سەدی. ئەگەر هەموومان واز لە بەكارهێنانی سووتەمەنیی بەردین بهێنین، مانای وایە دەگەڕێینەوە سەردەمی ژیان لە ئەشكەوتەكاندا».

6- ناڕەزایەتیی دەوڵەتانی بەرهەمهێنەری نەوت بەرانبەر ڕاستەوخۆ باسكردنی دەستبەرداربوون لە سووتەمەنیی بەردینی لە بڕیارە كۆتاییەكاندا.

7- ناڕەزایەتیی كیشوەری ئەفریقا وەك (ویلیام ڕۆتۆ)ی سەرۆكی كینیا گوتی: «ڕێژەی گشت وڵاتە ئەفریقییەكان پێكەوە لە دەرهاویشتنی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن ناگاتە 3%ی كۆی دەرهاویشتەی هەمووان».

هەروەها وەك ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە نوێبووەكان گوتی: «ڕێژەی گشت وڵاتە ئەفریقییەكان پێكەوە لە بواری وزە نوێبووەكاندا لە ماوەی (9) ساڵی ڕابردوودا نەگەیشتووەتە 2%».

8- ناتەبایی نێوان زانایان و سیاسییەكان، كاتێك دەگوترا چارەسەر لای زانایانە، بەڵام بڕیار لای سیاسییەكانە.

9- ورووژاندنی پرسیار لەلایەن ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و شارەزایانی ژینگەییەوە، وەك ئەم پرسیارانەی لای خوارەوە:

• ئەگەر گۆڕانی كەشوهەوا هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و ئاشتیی جیهان بۆچی لە ئەنجومەنی ئاسایش باس لەم مەترسییە ناكرێت؟ بۆچی بڕیاری (كۆپەكان) پابەندكار نین؟

• بۆچی دادپەروەری لە بەرپرسیارێتیدا نییە؟ بۆچی سزا و پاداشت نییە؟

• بۆچی ئەو حزبانە هەڵبژاردنەكان دەبەنەوە كە بایەخپێدانیان بە گۆڕانی كەشوهەوا كەمە؟

10- ورووژاندنی پرسیار لەلایەن دەوڵەتانی زیانلێكەوتووەوە، وەك ئەم پرسیارانەی لای خوارەوە:

• كێ سندووقی زیانەكان بەڕێوە دەبات؟ دەوڵەتە دەوڵەمەندەكان، یان ئەو بانكانەی فەرمان لەوانەوە وەردەگرن؟

• كێ ئەو دەوڵەتانە دیاری دەكات كە شایانی وەرگرتنی یارمەتین لە سندووقەكە؟

• ئایا یارمەتییە داراییەكە قەرزە، یان بەخشینە، یان ئەنجامدانی پڕۆژەیە؟

ئەگەر پڕۆژەیە، كێ جۆری پڕۆژەكان دیار دەكات؟

 

Top