پ.د. محەمەد شوانی مامۆستای بەشی كۆمەڵناسیی كۆلیژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین/ هەولێر: ئەم قۆناغە وەکو قۆناغی پشوودان و حەسانەوە و خۆئامادەکردن بۆ هەڵمەتی زۆر فراوانتری تەعریب دەبینم
پرۆفیسۆر دکتۆر محەمەد شوانی مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین/ هەولێر، لە هەمان کاتدا زیاتر لە پازدە ساڵە ئەندام و ڕێکخەری ژوورەکانی توێژینەوە و ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە ..لەم بوارەدا چەندین وتارو ڕاپۆرت و توێژینەوە و کتێبی هەیە، پشبەستن بە کۆمەڵیک داتا و دیکۆمێنت و بەڵگەنامەی مێژوویی لە بازنەی گفتوگۆی ئەمجارەماندا وەکو ئەکادیمیستێک بەشداریی کرد، زۆر بە چڕی مەترسییەکان و کاریگەریی گۆڕینی دێموگرافیای لەسەر باشووری کوردستان و ئایندەی نەتەوەکەمان ڕوون کردەوە، پێشنیاری بەرنامە و پرۆژەی تایبەتیی کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو گۆڕانکارییانە و گێڕانەوەی توخم و ڕەگەزە کەلتووریەکانی کورد لەو ناوچانەدا، لێرەدا گوتەکانی لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕانی دێموگرافیا لەسەر ناسنامە و خاک دەخەینە ڕوو :
پرسی گۆڕانی دێموگرافیا و مەترسییەکانی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد و ئایندەی کوردستان، پرسێکی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، بابەتێکی نەتەوەییە، پەیوەندی بە هەموو تاکێکی کوردەوە هەیە، لەسەرووی حزب و ئایدیۆلۆژیا و هەر بیروباوەڕو بۆچوونێکەوەیە، هەر کەسێکی نەتەوەیی دەبێ ئەم پرسە بە پرسی خۆی بزانێت، تەنانەت هەر کەسێکی مرۆڤدۆستیش وەکو ئەرکێکی مرۆیی و ئاکاری دژی ئەو کارو ڕەفتارە ڕەگەزپەرستانە بن کە هەوڵی قڕکردن و لە ناوبردنی نەتەوەیەکی زیاتر لە چل ملیۆنی وەکو کورد دەدەن.
بۆ ئێمەش، خۆمان وەکو کورد دەبێ بەرنامە و پرۆژەمان هەبێ بۆ بەرپەرچدانەوەی، بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئەو ستەمە مێژووییە بە درێژایی هەزاران ساڵە لێمانکراوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق و بە پێی دەستوور و بڕیارە لە ڕێگای مادەی ١٤٠ وە کورد بتوانێت بە مافەکانی بگات و مەترسیی تەعریب و توانەوەی لەسەر نەمێنێت، بە داخەوە من گەشبین نیم و ئەمە ناکرێت یان بە لایەنی کەمەوە وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت، بۆیە پێویستە کورد بە دوای ئەلتەرناتیڤدا بگەڕێت، من ئەم قۆناغە وەکو قۆناغی پشوودان و حەسانەوە و خۆئامادەکردن بۆ هەڵمەتی زۆر فراوانتری تەعریب دەبینم، وەکو تاکتیکێک بۆ ساردکردنەوەمان لەسەر ناوچە کوردستانییە دابرێنراوەکان سەیر دەکەم، بۆیە زۆر پێویستە قۆڵتر بیر بکەینەوە و بە وریایی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەین .
ناونیشانی ئەم بازنەی گفتوگۆیە لەسەر پرسی گۆڕانی دیموگرافیایە، بە دیدی من دوو شێوازی ئەو پرۆسەیە هەیە، دەبێ لە یەکیان جیا بکەینەوە، یەکەمیان شێوازی بە عەرەببوونە، دووەمیان شێوازی بەعەرەب کردنە، لە میکانیزمدا ئەم دوو شێوازە لە یەکتر جیاوازن، بەڵام ئامانجیان هەر یەکە، تواندنەوەی کوردە .
به عهرهببوون پرۆسهیهكی مێژوویی دوورو درێژو لهسهرخۆیه، لە ئەنجامی زاڵکردنی ڕەگەزە کەلتووریەکانی عەرەب و پەراوێزخستنی ڕەگەزە کەلتووریەکانی کورد ڕوودەدات، وەکو بێ بایەخکردن و پشتگوێخستن و کار پێ نەکردنی زمان و داب و نەریت و یاساو رێساکانی کۆمەڵگا ...
بەڵام تهعریب کە وشهیهكی عهرهبییه و بە مانای (بهعهرهبكردن)دێت، گرووپێك له ڕێگهی زهبروزهنگ و توندوتیژیهوه و له ماوهیهكی مێژوویی كورت و دیاریكراودا، دهیهوێت تهواوی خهسڵهت و تایبهتمهندیی گرووپێك لەناوبهرێت بیانكات به كهسێكی دیكە، وەک ئەوەی لە شەستەکانەوە دژی کورد دەکرێت و لە ڕێگای توندوتیژییەوە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت .
ئەگەر سەیری مێژووی هەزار ساڵی ڕابردوو بکەین، هەر لە فتوحاتی لەشکری ئیسلامییەوە، وردە وردە ڕووبەری ناوچە کوردنشینەکان کەم دەبێتەوە، بچووکتر دەبێتەوە، واتە کورد بە هەردوو شێوازەکەدا تێپەڕیوە، سەدان ساڵ لە ئەنجامی پێکەوە ژیان و سەپاندنی زمان و کەلتووری عەرەبی کە دەسەڵات بە دەستی کوردەوە نەبووە، بۆ نموونە بە پێی هەموو بەڵگە مێژووییەکان کە لە ساڵی ٦٣٦ جەنگی قادسیە ڕوویداوە لە نێوان لەشکری موسڵمانان و لەشکری ساسانی، یەک عەرەب لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات نەبووە، کە عوتەیبەی کوڕی غەزوان بەسرە دروست دەکات و سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس کووفە دروست دەکات، خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب نامەیەکیان بۆ دەنووسێت، دەڵێت شارەکان لە شوێنێک دروست بکەن ئاو نەکەوێتە نێوانتانەوە، واتە لە فوڕات مەپەڕێنەوە، دوای زیاتر لە پێنجسەد ساڵ ئیبن بەتتوتە بە عێراقدا تێدەپەڕیت، لە باسی شاری بابلدا دەڵێت نیوەی کوردن، کە بەغدا و دواتر سامەڕا دروست دەکرێت، هێشتا یەک عەرەب لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە نەبوو، کاتێک حکومەتی عێراقی لە بیستەکان و دوای جەنگی یەكەمی جیهان دروست دەکرێ و باشووری کوردستانی پێوە دەلکێنن، هێشتا عەرەب لە شاری کەرکووک نەبوو، چوار خولی پەرلەمانی عێراقیش تێپەڕی لە ١٩٢٥ەوە تا ١٩٣٦ یەک نوێنەری عەرەب نوێنەرایەتیی کەرکووک بکات لە پەرلەمانی عێراقی سەردەمی پاشایەتی نەبوو، دواتر کە بەیاننامەی یازدەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ درا، لە دەڵتاوە کە ناوەکەی گۆڕا بۆ خاڵس، ئاهەنگێکی گەورەی کوردانی خاڵس بەڕێوە چوو، هیشتا کورد لە حەمرینەوە ناسنامەی نەتەوەیی مابوو، ئیستا ئەوانە نەماون تەعریب گەیشتووەتە باقرت و مەخموورو کەندیناوە و پردێ و شوان و ساڵەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووک .
نەتەوەکان بۆچی مێژوو دەخوێنن؟ بۆ ئەوەی لە ڕووداوەکان تێ بگەن و ئاراستەی گۆرانکارییەکان بزانن، با ئێمەش وەکو کورد سەیری ئەو ڕابردووە بکەین، ئایا کوردانی خاڵس کوان؟ کوردانی شارەبان و دەلی عەباس و گوڵاڵە و ئەو ناوچە کوردییانە چییان لێ هات؟ وەڵام ئەوەیە ئەگەر تەعریب و زەبروزەنگیش نەبووبێت لە ئەنجامی پرۆسەیەکی میژوویی دوورودرێژدا بە عەرەب بوون، بە کوردی نەیانخوێندووە، قوتابخانە بە کوردی نەبووە، زمانی دادگا و بازاڕو هەلی کار کوردی نەبووە، بە پێچەوانەوە فێربوونی زمانی عەرەبی کراوە بە پێویستـی، لە ڕێگای پەروەردە و فێرکردن و سەربازی و بازاڕی کارەوە زمانی عەرەبی فەرز کراوە، ئێستاش یەکێک لە مەترسییەکان ئەو ڕیکلامانەیە بۆ ئەوەی کارت دەست کەوێت دەبێ زمانی عەرەبی بزانیت، بەڵام مەرج نیە زمانی کوردی بزانیت!
مەترسییەکانی ئەو گۆڕانکارییە دێموگرافیە ئەوەیە کاتێک ژمارەی عەرەب لە هەر پنتێکی جوگرافی زیادی کردبێت ئیتر زەبرو زەنگیان بەکار هێناوە.
ئەگەر سەیری کەرکووک و مووسڵ بکەین وەکو ئاماژەمان پێکرد لە ١٩٣٦ نوێنەرێکی عەرەب بۆ نوێنەرایەتیی خێڵ و تیرە و مەڕدارە عەرەبەکانی دەرەوەی کەرکووک دیاریکرا، ئەو کاتە نەخشەی کارگێڕیی کەرکووک و مووسڵ چۆن بوو؟ کاتێک لە شەستەکان دەسەڵاتیان پەیدا کرد لە ساڵی ١٩٦٩ هەموو قەزاو ناحیە کوردییەکانی پارێزگای موسڵیان دابڕی، بۆ ئەوەی ڕێژەی کورد لە مووسڵ کەم بکەنەوە، لە ساڵی ١٩٧٦ دوای نسکۆی ئاداری ١٩٧٥ کەرکووکیان کەرت کەرت کرد، چەمچەماڵ و کەلاریان خستە سەر سلێمانی و کفری بۆ دیالە و خورماتوو بۆ سەڵاحەدین گواستەوە، بە پێچەوانەوە حەویجەیان لە گوندەوە کردە ناحیە و، لە ناحیەوە بۆ قەزا، چەند ناوچەیەکی عەرەبنشینی مووسڵیان خستە سەر کەرکووک، زیاتر لە ٩٨١ گوندی کوردیان لە کەرکووک ڕووخاند بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ دانیشتوانی ئەو گوندانە زیاتر لە (١٤٥)هەزار کەس بوون.
ڕەوشی ئێستای گۆڕانی دێموگرافی لە ناوچە کوردییەکان بە شێوازی بە عەرەببوونە، واتە ئەم حکومەتەی ئێستا وەکو بەعس بە ئاشکرا و بە زەبروزەنگ کورد دەرناکات و عەرەب لە ناوچە کوردییەکان نیشتەجێ ناکات، بەڵام بە پێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر لە شەش سەد هەزار عەرەب لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، لە ئەنجامی ناکۆکی و شەڕی تایفی و مەزهەبییەوە هاتوون.
مێژوو بۆ ئەوە دەخوێنین پەند لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرین، بەشێک لە بەعەرەببوونی کوردستان لە ئەنجامی شەڕی نێوان خێڵە عەرەبەکانەوە بووە، خێڵێک پەنای هێناوە بۆ کوردستان و نیشتەجێ بووە و دواتر کوردی دەرکردووە، حەویجە باشترین نموونەیە، گریمانەی ئەوە بکەین کە پێشتریش کوردانی دەڵتاوە و شارەبان و دەلی عەباس بەو جۆرە دەرکران، پێشبینیی ئەوەش بکەین ئێستا باقرت وەکو ناحیەیەک دەبێتە حەویجەی هەولێر، دوور نییە باقرت بکرێتە قەزا، مەخموور بکرێتە ناحیە و دواتر بخرێنەوە سەر هەولێر، بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی نوێنەران لە بەغدا نوێنەری پارێزگای هەولێریش چەند عەرەبێکی تێدا بێ، لێرەوە دەبێ سەیری مەترسییەکانی گۆڕانی دێموگرافی بکەین.
بوونی ئەو ژمارە زۆرەی پەناهەندەی عەرەب و نزیکەی دووسەد و پەنجا هەزار ئاوارەی سوریا، ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان، بە دڵنیایی ئەگەر ئەم قۆناغە بەراورد بکەین بە سەد ساڵی ڕابردوو، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٢٣ بەم قەبارەیە عەرەب لە چیای حەمرینەوە تا کەرکووک نەبوو، وەکو ئەوەی ئێستا لە قەراج و کەندیناوەوە هەتا شەقڵاوە هەیە.
ئێمە گوندەکانمان چۆڵ بوون و کۆمەڵگای لادێییمان لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە، ڕووبەرێکی فراوانی زەوی و زارمان چۆڵە، کورد لە ناوەندی شارەکان چڕ بووەتەوە، ئەمەش زەمینەیەکی لەبارە بۆ هاتنی عەرەب و کەمبوونەوەی ژمارەی کورد لە ئایندەدا، بۆیە کە ئێمە قسە لەسەر ئەم پرسە دەکەین دەبێ پێشنیارو ڕاسپاردەمان هەبێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان گوێ لە بژاردەیەکی وەکو ئەم گرووپە بگرێ و ئێوە بیرکەرەوە و بیرمەندی کوردن.
من چەند پیشنیارێک دەخەمە ڕوو:
وەکو لە ڕاپۆرتەکەشدا ئاماژەی پێکرا، زۆربەی ئاوارە عەرەبەکان کە ئێستا لە هەرێم نیشتەجێن، مووچەکانیان دێتە سەر کارتەکانیان، گومان هەیە کە ئەمە لە بنەڕەتدا پرۆژەیەک بێت بۆ تەعریبی کوردستان، پێشنیارەکە ئەوەیە، ئەدی بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک لەو فەرمانبەرانە تەنسیب ناکات کە خەڵکی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانن؟ زەوی زاریان هەیە لە گوندەکان و، لە فەرمانەگەکانیش تا ڕادەیەک زیادەن و، ڕۆیشتنیان هیچ کاریگەریی نییە لەسەر کاری فەرمانگەکە، با بۆ سەر وەزارەتی کشتوکاڵ تەنسیب بکرێن و گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە.
یان ساڵانە بودجەیەک بە پێی توانای خۆی تەرخان بکات بۆ قەرزی بچووکی ئەو جووتیارانەی گەڕاونەتەوە گوندەکانیان بۆ پرۆژەی پەروەردەکردنی ئاژەڵ و ماسی و پەلەوەرو هەنگەوانی، یان بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەموو سەرمایەدارەی هەمانە گروپێک دروست ناکات بە ناوی کۆمەڵەی سەرمایەداری نیشتیمانی و پێشنیاری وەبەرهێنان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی گوندە چۆڵەکانیان بۆ بکات؟.
ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان واتە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی کوردستان لە ئایندە، واتە پڕکردنەوەی زەوییە چۆڵەکان، بە پێچەوانەوە ئێمە ئەمڕۆ ئاستەنگمان بۆ ئەوە دروست کردووە، خێزانی کورد کە لە شاردا نیشتەجێ دەبێت قەبارەی بچووک دەبێتەوە، هاوسەرگیری زەحمەت دەبێت، هەلی کار کەم دەبێتەوە، فشار لەسەر خزمەتگوزارییەکان زۆر دەبێت، خۆمان بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگای کوردی ئاستەنگمان دروست کردووە، بەو پارە و تێچووەی گەنجێکی کورد هاوسەرگیری دەکات، چوار گەنجی ئەوانی دیکە هاوسەرگیری دەکەن، قەبارەی خێزانی ئەوان گەورەیە چونکە سروشتی کۆمەڵگای لادێی وایە.
مەترسییەکی دیکەی گۆڕانی دیموگرافی، پەیوەندی بە یاسا و تێڕوانینی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافی هاوڵاتیبوونەوە هەیە، لە دوای ٢٠١٦ەوە ڕێگا بەوە دراوە برا عەرەبەکانمان لە هەولێر خانوو بکڕن، کە ئەمەش مافی خۆیانە بە پێی دەستوور لە هەر شوێنێکی عێراق هاووڵاتی عیراقی دەتوانێت موڵکی هەبێت، ئەمانە نە فێری کوردی دەبن و نە بە کوردی دەخوێنن و نە کەلتووری کوردەواری وەردەگرن، پێویستە حکومەتی هەرێم بۆ ئەمەش بەرنامەی هەبێت، لە ئایندەش هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەمانە بنێرێتەوە بۆ شوێنی خۆیان، کەواتە بە هەمان شێوەی دەڵتاوە و شارەبان و کەرکووک شارەکانی دیکەش تەعریب دەبن، ئەمانە مافی خۆیانە پاش چەند ساڵێکی دیکە وەکو ئێستای کەرکووک خۆیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کاندید بکەن و بانگەشەی عەرەبیبوونی یان عیراقیبوونی شارەکە بکەن.
ڕاستە شار وەکو گوند نییە، بە تایبەتی پایتەخت دەبێت لە نەتەوە و زمان و ئایین و مەزهەب و نەژادی جۆراوجۆر پێک بێت، بۆیە جۆراوجۆرە، چونکە شارە، دەبێت ڕێز لەم فرەچەشنییە بگرین، بەڵام ئەمە بە مانای نەبوونی زەبتوڕەبت نییە، بە مانای فەرزنەکردنی زمانی کوردی نییە، من قوتابیی دکتۆرام هەبووە کە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و زانکۆ و ماستەری لە هەرێمی کوردستان تەواو کردووە، بەڵام نەدەزانێ بە کوردی بخوێنێتەوە و، نە دەزانێ بە کوردی بنووسێت، بە دڵنیاییەوە لە هیچ وڵاتێکی دنیا ئەمە نییە، نەمانتوانیوە بایەخ بە زمان و کلتووری کوردی بدەین و هەر کەسێک لە کوردستان ژیا سۆزو خۆشەویستی بۆ زمان و ئەدەب و هونەرو گۆرانی و مۆسیقای کوردی هەبێت.