بەرنامەی من بۆ داهاتوو ئەوەیە كە زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم
بێریڤان سەردار گۆڵپارێزی فوتساڵی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق
بەرنامەی من بۆ داهاتوو ئەوەیە كە زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم
بەشێك لە یانەكانی كوردستان بەردەوام گرنگی بە یاری فوتساڵ دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین خزمەت بەم یارییە بكەن، گرنگیدانی ئەوانیش بە یاریزانانی لاو بۆتە جێگای سەرەنجی بەشێكی زۆری یانە عێراقی و كوردستانیەكان، یانەی وەرزشیی دوكان یەكێك لەو یانانەی كە گرینگی زۆر بە یاری تۆپی پێی دەدات لە خولەكانی كوردستان،لە قەزای دوكانیش گرینگی زۆر بە وەرزشی ئافرەتانیش دەدرێت وەكو سەرجەم وەرزشەكانی اتر، چەندین كچە یاریزانی بەتوانا هەیە لەم قەزایە ، كچە یاریزانانی ئەم دەڤەرە دەیانەوێ لە رێگەی وەرزشەوە زیاتر ئاستی خۆیان بەرەوو پێش ببەن بگەنە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی، لە یاری فوتساڵیش شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزە كە ئێستا بۆ یانەكانی دەرەوەی شارەكەیان یاری دەكەن و خاوەن ئاستێكی بەرزن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراقیش ئەویش گۆڵپارێز بێریڤان سەردار-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری بۆ یانەكانی دوكان و شهرەبان كردوە ئێستاش لە خولی عێراقی یاری بۆ یانەی شهرەبان دەكات، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2007 قەزای دوكانە و لە خولی نایابی فوتساڵی كوردستان بۆ ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێر ئەنجامداوە ، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*بۆچی یاری تۆپی پێی هەڵبژارد؟
- یاری تۆپی پێی حەز و خولیای منداڵیمە بۆیە هەڵم بژارد، جگە لەوەش ماڵەوەش پشتگیرییان كردم بۆ ئەم وەرزە سوپاس بۆ خوا گەیشتم بەم حەزەم.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە زیاتر كێبڕكییە؟
- ڕاستە وەرزشێكی قورسە، بەڵام من حەزم لە كێبڕكێییە و بەلای من وەرزشێكی خۆش و چێژ بەخشە.
*بۆچی یاری تۆپی پێی لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- بەداخەوە لەبەر ئەوەی هاوكاری و پاڵِپشتی نییە بۆ كچان و كەمتر گرنگی بە وەرزشی كچان دەدرێ لە كوردستان.
*هەست ناكەی ئەم وەرزشە بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە لە شارەكان بە تایبەت بۆ كچان؟
- لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام ئێستا پێویستی بە گرنگی و پشتگیری زیاترە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بەم یارییە بدرێت و كچانی تریش ڕوو لەم وەرزشەبكەن.
*ئاستی یاری فوستاڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئێستادا خولەكانی كوردستان و عێراقی هەیە و یانەكانیش كێبڕكێ دەكەن لە سەر بەدەست هێنانی ئەنجامی باش، بۆیە دەتوانین بلێن لە ئاستێكی باشە.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- گەر بمانەوێ زیاتر ئەم یارییە پێش بكەوێت پێویستە گرنگی بە كردنەوەی ئەكادیمیا بدرێت بۆ هێنانە پێشەوەی كچە وەرزشكارانی تر و پێداویستییەكانیان دابین بكرێ لە گشت ڕوویەكەوە، ئەوكات یاریزانی زیاتر دروست دەبێت.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-بەرنامەی من بۆ داهاتوو ئەوەیە كە زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم وەكو وەرزشكارێك، مەشقەكانم زیاتر بكەم بۆ ئەوەی ببمە گۆڵپارێزێكی باش لە كوردستان و عێراقیش.
* لە دوو خول یاری دەكەی كوردستان و عێراق كامەی بەهێزترە؟
-لە هەردوو خول یاریم كردوە هەردووك خول بەهێزە و كێبڕكێ تێدایە، بەڵام خولی كوردستان بەهێزترە.
*خەونی وەرزشیت چیە؟
-خەونی من ئەوەیە ببمە گۆڵپارێزێكی باش و ئاست بەرز.
*گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە چی دەبینی؟
- نەبوونی توانای دارایی باشی یانەكان ئەوە گرفتی سەرەكییە بۆ ئەم وەرزشە و نەبوونی پاڵپشتی پێویست، هیوادارم سەرجەم گرفتە وەرزشیەكان بۆ كچە یاریزانان چارەسەر بكرێ .
*جگە لە یانەی شەهرەبان گرێبەستی ترت هەبوو؟
- بەلێ لە چەندین یانەی بەشدار لە خولی عێراقی گرێبەستم پێشكەش كراوە بۆ یاری كردنم لە ریزی یانەكانی تری عێراقی.
*چ هەستێكت هەیە كە ئێستا گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عێراقی؟
- هەستێكی زۆر خۆشە و ئەویش پێم دەڵێ كە تۆ یاریزانێكی باشی، بۆیە گەیشتومەتە هەڵبژاردەی عێراق.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- گۆڤاری گوڵان هەموو كات پێشەنگە بۆ خزمەت كردن بە سەرجەم وەرزشەكان و ناساندنی یاریزانان.