نەبوونی شەرعیەتی جەماوەری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

نەبوونی شەرعیەتی جەماوەری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

18ی 12ی 2023 دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنێک کە لەپێناو بەهێزترکردنی دەسەڵاتی هێزە شیعییەکانی عێراق ئەنجامدرا.
هەرچەندە هەڵبژاردن یەکێکە لە پرەنسیپیەکانی دیموکراسییەت و دیاریکردنی دەسەڵات لەڕێگەی پرۆسەی دەنگدانەوە،
بەڵام لە عێراق، هەمیشە ئەم پرۆسەیە لەژێر پرسیاردا بووە، هەرگیز ئارمانجە سەرەکییەکانی نەپێکاوە.
لەدوای ساڵی 2003وە، بەردەوام عێراق لەژێر هەژموون و هەیمەنەی دەوڵەتانی ناوچەیی، دروست ئێراندا بووە، بەبێ ئێران نەتوانیووە هیچ بڕیارێکی چارەنووسساز لە ووڵاتەکەدا بدات، خواستی هێزە شیعییەکان لە عێراق ئەوەیە کە لەڕێگەی دیموکراسییەتی ڕووکەش و ڕێکارە دەستووریی و یاساییەکان بە زۆرینە و کەمینە کێشەکانی عێراق ئاڵۆزتر بکەن، چوونکە کەمی ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراقدا سەلمێنەری ئەوەیە کە عێراقییەکان ناڕازین و ئەم دەسەڵاتەی ئێستا ڕەتدەکەنەوە.

ئامارەکانی هەڵبژاردن و لاوازی شەرعییەت لە عێراقدا

زنجیرەی دابەزینی ئاست و رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لەسەر هەمان نەرێتی چوار خولی پێشوو بەردەوامە، بەم جۆرە: لە هەڵبژاردنی 2005: 76%، لە 2010: 62%، لە 2014: 61%، لە 2018: 44%، لە 2021، بە 43%، لەم هەڵبژاردنەش بە 41%، بە فەرمی دیاری كرا، بەڵام ئەم دوو رێژەی دوایی بە رێكارێك كراوە كە گوزارشت لە دەنگدەرانی راستەقینە ناكات، بۆ نموونە كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە 24 ملیۆن و 667 هەزار كەس بوون، بەڵام تەنیا 6 ملیۆن و 599 هەزار كەس بە كردەیی بەشدارییان كردووە كە دەكاتە 26.7%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بەم پێیەش بایكۆت 73.3%
بووە.سەرچاوە (م.یاسین تەها)

ئەم ژمارانە، دەرخەری ژمارەیەک ڕاستین و پێویستە لێکدانەوەت وردیان بۆ بکرێت، ئەویش دروست ئەوەیە جیلی کۆن و نوێی عێراق، لەگەڵ عێراقێکی دەستەمۆ و سست و تەسلیم بوو بە هەژموونی ناوچەییدا نییە، بێ شک بەشدارینەکردنی موقتەدا صەدر و لایەنگرانیشی هاوشێوە
بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە، لە ڕابردووشدا، صەدر جەختی دەکردەوە کە نابێت شیعەکانی عێراق لە ئێرانەوە ئاراستە بکرێن و کاریگەرییان بەسەردا هەبێت.

بەڵێنەکان باری حکوومەت لە داهاتوودا قورستر دەکەن

هێزە شیعییەکانی عێراق، ئەمجارە سەرکەوتنیان بەسەر خۆیاندا تۆمار کرد، چوونکە بەهێزترین ڕکەبەریان کە صەدرە، لەناو پرۆسەکەدا نەبوو و بێدەنگی هەڵبژارد، بەمەش بووە هۆکاری ئەوەی زۆرینەی ڕەها بەشداری لە دەنگداندا نەکەن، بەڵێنی ئەمجارەی هێزە سیاسییەکانی عێراق بەتایبەت شیعەکان بەخشینەوەی ئیمتیازات و دامەزراندن و دابەشکردنی زەوییە، بێگومان هەریەک لەم گفتانە، مەترسی گەورە دەخەنە سەر ئەستۆی حکوومەتی داهاتووی عێراق، چوونکە ڕوونە هەموو ئەم بەڵێنانە کە ئەگەر جێبەجێبکرێن بۆ دەنگدەرانی کەمینەیەک لە هێزە شیعییەکانی عێراق نەک گشتیی عێراقییەکان، ئەمەش بەرتەسکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانە لە کەمینەیەکدا و وەلانانی زۆرینەی ڕەهایە. لەلایەکی دیکەوە متمانە لەنێوان دەنگدەر و هێزە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەساڵی 2025دا، ئەگەر لە وادەی خۆیدا بکرێت، لاواز دەکات.

Top