هەموو وەرزشێك قورسی و نەهامەتی تایبەت بەخۆی

هەموو وەرزشێك قورسی و نەهامەتی تایبەت بەخۆی

لڤین نوری یاریزانی تۆپی بالەی یانەی دەربەندیخان

هەموو وەرزشێك قورسی و نەهامەتی تایبەت بەخۆی
یانەی دەربەندیخان یەكێك لەم یانانەی سنوری پارێزگای سلێمانییە كەوا گرنگی بە وەرزشیی ئافرەتان دەدات بە سەرجەم یارییە وەرزشییەكانەوە، ماوەی چەند سالێكە یانەكە گرنگی زۆر بە یاری بالەی لاوان دەدات لە ئاستی كچان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بەم تیپە كێبڕكێ لە سەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە بكەن، لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش لڤین نوری-یە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2007ی قەزای دەربەندیخانە و پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتوو، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.


دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو وەرزشی تۆپی بالەت هەڵبژارد؟
-لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە حەز و ئارەزووم بۆ یاری بالە هەبووە، بەڵام بە شێوەیەكی بەردەوام نەمكردووە.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە؟
-هەموو وەرزشێك قورسی و نەهامەتی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام خۆشەویستیم بۆ یارییەكەم ئەو قورسیەی كەمتر كردووە لە سەر شانم.
*بۆچی یاری بالە لە ئاستی پێویست دا نییە؟
-یاری بالە تەنها لە ووڵاتی ئێمەدا لە ئاستێكی پێویستدا نییە، لە داهاتوو بەرەوو باشتر بوون دەڕوات.
*هەست ناكەی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان پێشوازی باشی لێنەكراوە هۆكارەكەی چییە؟
- دەربارەی شارو شارۆ چكەكانی تر بیرۆكەم نییە، بەڵام لە قەزای دەربەندیخان بە شێوازێكە زۆر باش پەرەی پێ دراوە و بەرەوو پێش دەچێت.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- بە بۆچوونی من لە ئاستێكی مام ناوەنددایە.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی كچانی وەرزشكار ئەم یارییە؟
-بەدڵنیاییەوە هەمیشە زۆر خۆشە كە خەڵكێكی زیاتر بەشداری وەرزش بكەن بەبێ ترس و ئەگەر بۆ ئەمەش پێویستە ژینگەیەكی گونجاو دابین بكرێت ئەوەش بێگومان پشتگیری كۆمەڵگەی پێویستە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو؟
- من وەكو كچە یاریزانێك تەنها زیاتر پەرەدانە بە وەرزشەكەم و هەنگاوێك نزیكتر بم لە بەدەستهێنانی خەونەكەم.
*یانەی دەربەندیخان بە چ شێوازێك هاوكاریتان دەكات؟
- درێغی لە هیچ شتێك ناكەن ئەوەی لە توانایانبێت دەیكەن بۆ كچانی شارەكەیان.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- بە نسبەت یانەكەی خۆمان هیچ گرفتێكی وا نابینم.

* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-خەونم ئەوەیە بتوانم بگەمە ئاستێكی زۆر باشتر و كەسانی تر چاوم لێ بكەن.
*حەز ناكەی هەڵبژاردەی تۆپی بالەی كچانی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی هەڵبژاردەكە بیت؟
-بێگومان ئەوە حەزی هەموو یاریزانەكانی كوردستانە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەم دەرفەتەی كە بەمنی دا، سوپاس بۆ ئەو هەموو خزمەتە.

 

Top