بەهۆی داڕمانی بەشێک لە دیواری مێژوویی شاری ئەلقیروانی تونس، سێ کەس گیانیان لەدەستدا
ڕۆژی یەکشەممە 17ی کانونی یەکەم ، بەهۆی ڕووخانی بەشێک لە دیواری مێژوویی شاری ئەلقیروان لە تونس، سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
ڕاپۆرتە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارانی تونس ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەشێکی دیوارەکە بە درێژایی ٣٠ مەتر لە ناوچەی دەروازەی شار كەبە باب جەلالەدین ناسراو داڕما، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا دوو کرێکار بریندار بوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستدا.
بەرپرسێکی تونسیش ڕاگەیاند: ئەم ڕووداوە ڕەنگە بەهۆی بارانبارین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدابێت، بەڵام هۆکارەکەی هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
شاری قیروان یەکێکە لە شارە مێژووییەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی تونس، ئەم شارە لە ساڵی ١٩٨٨ لە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆ تۆمارکراوە.
گوڵان: سەردار خەلیل