یاری تۆپی پێی وەرزشێكی پڕاوپڕ لە كێبڕكێ و سەركێشیە

یاری تۆپی پێی وەرزشێكی پڕاوپڕ لە كێبڕكێ و سەركێشیە

لۆزان فایەق یاریزانی فوتساڵی یانەی وەرزشیی شهرەبان

یاری تۆپی پێی وەرزشێكی پڕاوپڕ لە كێبڕكێ و سەركێشیە
یانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی گرنگی زۆر بە یارییە جۆراوجۆرەكانی وەرزشیی ئافرەتان دەدەن، یانەی وەرزشیی دوكان یەكێك لەو یانانەی كە گرینگی زۆر بە یاری تۆپی پێی دەدات لە خولەكانی كوردستان،لە قەزای دوكانیش گرینگی زۆر بە وەرزشی ئافرەتانیش دەدرێت لە پاڵ ئاستی كوڕان، چەندین كچە یاریزانی بەتوانا هەیە لە یارییە جۆراوجۆرەكان، كچە یاریزانانی ئەم دەڤەرە دەیانەوێ لە رێگەی وەرزشەوە زیاتر ئاستی خۆیان بەرەوو پێش ببەن، لە یاری فوتساڵیش شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزە كە ئێستا بۆ یانەكانی دەرەوەی شارەكەیان یاری دەكەن و خاوەن ئاستێكی بەرزن جگە لەوەی یاریزانی شارەكەیانن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراقیش ئەویش لۆزان فایەق-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری بۆ یانەكانی ئەفرۆدێت و دوكان و حدود و بیلادی و سناعەی كارەبای یاری كردوە ئێستاش لە خولی عێراقی یاری بۆ یانەی شهرەبان دەكات، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1999 قەزای دوكانە و ئێستاش لە خولی نایابی فوتساڵی كوردستان یاری بۆ یانەی دوكان دەكات ، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*بۆچی یاری تۆپی پێی هەڵبژارد؟
- لەبەر ئەوەی هەر لە منداڵیەوە حەز و خولیایەكی زۆرم هەبووە بۆ تۆپی پێی، وە یەكێك بووە لە خەونەكانم كە ببمە یەكێك لە یاریزانە دیار و باشەكانی كوردستان و عێراق.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە زیاتر كێبڕكییە؟
- ڕاستە یاری تۆپی پێی وەرزشێكی پڕاوپڕ لە كێبڕكێ و سەركێشیە ئەمەش وایكردوە كە بە چێژتر بێت و جوانتر بێت، بە بۆچوونی من قورسی ئەم وەرزشە دەكەوێتە سەر هەوڵ و ماندووبوونی خۆت و بوونی ڕاهێنەرێكی بە ئەزموون و ئەكادیمی منیش بێبەش نەبوون لەهەوڵ و تێكۆشانە بە هەولبَی ڕاهێنەری تیپ م تانیا لەگەڵمان .
*بۆچی یاری تۆپی پێی لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- لەبەر نەبوونی یاریگای تایبەت بە فوتساڵ، هەروەها خراپی یاری دارایی یانەكان، وە پشتگیری نەكردنی كچان لەلایەن خانەوادەكانیان.
*هەست ناكەی ئەم وەرزشە بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە لە شارەكان بە تایبەت بۆ كچان؟
- لە ئێستادا تا ڕادەیەكی باش پێشوازی لێكراوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یانەكان ڕوو لە زیادبوون دەكەن، یاریزانانی كچیش زیاتر دەبن لە چاو پێشووتر و زیاتر دەناسرێن.
*ئاستی یاری فوستاڵ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئاستێكی باشدایە، هەروەها ڕاهێنەر و یاریزانی زۆر باشمان هەیە لە كوردستان كە بەدەر لە كوردستان بەشداری خولە جیاجیاكانی عێراق دەكەن.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- زیاتر گرنگی بدرێت بە تواناكانیان و زیاتر دەرفەتیان پێبدرێت و پشتگیریبكرێن.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-ئامانجم ئەوەیە كە زیاتر گرنگی بە ژیانی وەرزشیم بدەم و خولیا و ئامانجەكانم بەدیبهێنم لەم بوارەدا.
* لە دوو خول یاری دەكەی كوردستان و عێراق كامەی بەهێزترە؟
-هەردوو خولەكە خاوەن قورسایی خۆیانن و پڕن لە ڕكابەڕی و چێژ.
*خەونی وەرزشیت چیە؟
-خەونی من وەكو كچە یاریزانێك زۆرن یەكێك لەوانە گەیشتنە بە هەڵبژاردەی عێراق.
*گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە چی دەبینی؟
-ئێمە كچی زۆر بەتوانامان هەیە زۆربەی كات پێكهاتەی هەڵبژاردەی كچانی عێراق كچانی كوردستانن ئەمەشە ئەوە دەسەلمێنێ‌ كە كچانی بەتوانامان هەیە ئەگەر پاڵپشتی جدی هەبێ، وە گەورەترین گرفت نەبوونی پاڵپشتی ماددی ، ئەگەر بێتو هاوكاری ماددی یانەكانی كچاتن بكرێت ئەوا وەرزشی كچان زۆر لە ئێستا بەرەو پێشتر دەچێ.
*جگە لە یانەی شەهرەبان گرێبەستی ترت هەبوو؟
- گرێبەستی تر هەبووە، بەڵام من شەهرەبانم هەڵبژارد.
*هەوڵنەداوە بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردەی عێراق؟
- یەكێك لە ئامانجەكانمە هەموو هەولێكی بۆ دەدەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەموو خزمەتە بەردەوامەی بۆ وەرزشی ناوخۆ ئەنجامی دەدات.

Top