دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ گوڵان:   لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا 330 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 15 ملیار دۆلار جێبەجێ كراون

دكتۆر محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ گوڵان:     لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا 330 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 15 ملیار دۆلار جێبەجێ كراون

 

 

ئامارو داتاكان نیشاندەری بەردەوامیی ئەنجامدانی پڕۆژە و كارەكانی وەبەرهێنانن لە هەرێمی كوردستان، كە وێڕای ئاستەنگ و بەربەستەكان بە دەیان پڕۆژە و كارگە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستاندا دادەمەزرێن. دوا پڕۆژە و هەنگاوەكانی چاككردن و پەرەپێدانی ژینگەی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا تەوەری دیداری گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان . لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* بارودۆخی ناوچەكە و عێراق و جیهان هاوكار نەبووە بۆ دابینكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنان، با سەرەتای پرسیارەكەمان لەوەوە دەست پێ بكەین، وێڕای هەموو ئەم ئاستەنگ و بەربەستانەی بەردەم وەبەرهێنان چی لەپشت بەردەوامیی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و هەڵكشانی سەرمایەی وەبەرهێنانەوەیە لە هەرێمی كوردستان؟

- پێم خۆش بوو لەو پرسیارەوە دەستمان پێ كرد، ڕەنگە خوێنەر و هاووڵاتیانیش ئەو بۆچوونەیان لا گەڵاڵە بێت، كە تا چەند بارودۆخی خراپی ئابووریی جیهان و ناوچەكە و ناسەقامگیری و جەنگ و ململانێكان و نەناردنی پشكی بودجە و مووچەی هاووڵاتیان ڕێگر دەبن لە بەردەم هەوڵەكانی پەرەپێدانی ئابووری و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، یان چی وای كردووە، بەسەر هەموو ئەم ئاستەنگ و بەربەستانەدا زاڵ بین و ژمارەی پڕۆژەكان لە 2006 ـەوە تاكو ئەمڕۆ بۆ 1،176 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی نزیكەی 70 ملیار دۆلار زیاد بكات، كە تەنیا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە پاڵپشتیی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 330 پڕۆژە لەسەر ڕووبەری 16،093 دۆنم بە سەرمایەی زیاتر لە 15 ملیار دۆلار جێبەجێ بكرێن. ساڵ بە ساڵیش ژمارەی پڕۆژەكان لە ڕووی قەبارە و سەرمایەشەوە ڕووی لە زیادبوون كردووە، بۆ نموونە:

 لە 2019 – 15 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 235 ملیۆن دۆلار و لە 2020 – 71 پڕۆژە بە سەرمایەی نزیكەی 2 ملیار دۆلار و لە 2021 – 70 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و لە 2022 – 94 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 2ملیار و 200 ملیۆن دۆلار و لە 2023 – 80 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 2 ملیار و 111 ملیۆن دۆلار .

ئەم گۆڕانكارییە نەوعی و گەورەیە هەمووی بۆ دیدگا و ستراتیژیەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە وێڕای ئاستەنگ و بەربەستەكان زۆربەی كارنامە وەزارییەكەی جێبەجێ كرد، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێناندا، لە دواكۆبوونەوەشیدا لەگەڵ وەبەرهێنەرە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، داوای لێكردن وەبەرهێنانیان زیاتر بكەن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی فراوان بكەن، حكومەت و دامەزراوەكانیش هاندەر و پاڵپشتیان دەبێت، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا داوای لە سەرجەم وەزیر و سەرۆكی دەستە و فەرمانگەكان كرد و ڕایسپاردن بۆ پێشكەشكردنی كارئاسانیی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران.

* بەڵام وەكو ئاگاداریت وەبەرهێن و سەرمایەدار بەردەوام بەدوای ژینگەی لەبار و گونجاودا دەگەڕێن، پرسیار ئەوەیە ئێوە لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان توانیوتانە ئەو دڵنیاییە دروست بكەن و ئەم پڕۆژانە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدەن؟

- چاككردنی ژینگەی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا كارێكی هەر وا ئاسان نییە، بەتایبەتی لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جیهان بوونەتەوە، هەر لە كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و وشكەساڵی و گۆڕانكاریی كەشوهەوا و ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوت و ئاستەنگەكانی بودجە و مووچە لەلایەن بەغداوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەش لەسەرجەم سێكتەرەكان و لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان قەبارەیەكی گەورەی وەبەرهێنان ئەنجام دراون و كارئاسانیشمان زیاتر كردووە بۆ وەبەرهێنەران بەتایبەتی لەو شوێنانەی بەهەر هۆكارێك بێت وەبەرهێن كەمتر ڕووی تێ دەكەن، ئەوەتا لەو 330 پڕۆژەیەی وەبەرهێنان كە مۆڵەتیان پێ دراوە 146 پڕۆژە لە هەولێرن كە وەكو پایتەخت و سەنتەری هەرێمی كوردستانە، لە پارێزگای سلێمانی 80 پڕۆژە و لە ناوچەی گەرمیان 18 پڕۆژە و لە ڕاپەڕین 7 پڕۆژە و لە دهۆك 59 پڕۆژە و لە زاخۆ 12 پڕۆژە و لە سۆران 5 پڕۆژە و لە هەڵەبجە 3 پڕۆژە بوون. واتا پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەرجەم هەرێمی كوردستاندا مۆڵەتیان پێ دراوە، بەپێچەوانەوە زیاتر هانی وەبەرهێنەرانمان داوە ڕوو بكەنە ئەو ناوچانەی كەمتر پڕۆژە و كاری تێدا دەكرێت، بەڵام دواجار ئەوە دیراسەی كەڵكی ئابووری و خودی سەرمایەدارەكەیە بڕیار دەدات پڕۆژە و كارەكانی لە چ ناوچەیەكدا بەپێی سوود و قازانجی خۆی بەگەڕ دەخات. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنان كارئاسانیی باشمان پێشكەش بە وەبەرهێنەرانمان كردووە، بەماوەیەكی كەم لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكان مۆڵەتمان داوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانمان لە هەڵەبجە و چوار فەرمانگەمان لە هەر چوار ئیدارە سەربەخۆكەی كوردستان كردووەتەوە. لە نەخشەی وەبەرهێنان دەیان پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووكمان ڕاگەیاندووە، كار بۆ ئەوە دەكەین دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لەو 1500 دەرفەتەی لەناو ڕێبەری وەبەرهێنان خراونەتە ڕوو لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا بێت و پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە بن.

* مەبەستت لە پڕۆژەی ستراتیژی و گەورە بە هاوشێوەی پڕۆژەی كارگەی (ڤان ستیل)ی تایبەت بە دروستكردنی شیش بوو، كە سەرۆكی حكومەت لە چەند هەفتەی ڕابردوو كردیەوە؟

- بەڵێ، كارگەی ڤان ستیلی تایبەت بە دروستكردن و بەرهەمهێنانی شیشی ئاسن لە هەولێر بە پڕۆژەی ستراتیژیی پیشەسازیی گەورەی وەبەرهێنان دادەنرێت، ئەم كارگەیە لە ئاستی عێراقدا بێ وێنەیە و توانای دابینكردنی پێداویستیی كوردستان و عێراقی بە ڕێژەی لە 100% هەیە و، ساڵانە 700 هەزار تۆن شیش بەرهەم دەهێنێت و هەلی كاری ڕاستەوخۆی بۆ زیاتر لە 900 كرێكار و كارمەند زامن كردووە، هەروەها 5000 هەلی كاری دیكەی ناڕاستەوخۆش سوود لەم كارگەیە وەردەگرن، لەمەش گرنگتر بە ڕێژەی لە 92%ی كرێكارەكانی كارگەكە كرێكاری نێوخۆیین. هاوكات دانانی بەردی بناغەی ناوچەی پیشەسازی و كارگەی ڕیسایكلینیش لە زاخۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە ئەمیش بە هەمان شێوە بە پڕۆژە ستراتیژییەكان دادەنرێت، هەروەكو چۆن كردنەوەی كارگەی دستار یا ئاری لە دهۆكیش بە سەرمایەی 20 ملیۆن دۆلار گرنگیی خۆی بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی قەزای سێمێل و تەواوی سنووری پارێزگای دهۆك هەیە.

* وەبەرهێنانی بیانی و هاوبەش تاچەند ڕووی لە زیادبوون كردووە؟ ئایا جگە لە ئاسانكاری و پاڵپشتییەكانی دەستەكەتان، توانراوە مەرج و بەدواداچوون بۆ بەگەڕخستنی گەنجەكانمان لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان پسەپێنن؟

- سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەرجی بەكارخستنی كرێكارانی نێوخۆیی لەسەر وەبەرهێنەران بەرز كردووەتەوە بۆ 75% و بگرە لەسەر ڕاسپاردەی جەنابیان بۆ ئەمساڵ ئەم مەرجەمان قورستر كردووە، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانا و كارامەیی كرێكارانی نێوخۆش مۆڵەتمان بە 11 پڕۆژە داوە بۆ دروستكردنی پەیمانگەی فێركردن و ڕاهێنانی پیشەیی لە پارێزگاكان. چەندین هەوڵ و گرێبەستیشمان هەیە بۆ ئەوەی توانای مرۆیی فەرمانبەرانی خۆمان بەرز بكەینەوە و لە بری ئەوەی ڕۆتین و ڕێگر بن لە هاتنی وەبەرهێنەران، ببنە ڕێنیشاندەر بۆ وەبەرهێنان، هاوكات هێنانی كارمەند و شارەزایانی بیانی لەسەر بنەمای بەرزی توانا و پسپۆڕایەتی و سوودوەرگرتن بێت لە دەستی بیانی، واتا دەبێت لەسەر بنەمای پسپۆڕایەتی و شارەزایی كرێكار و كارمەندانی بیانی ڕابكێشرێنە نێوخۆی كوردستانەوە.

* لە دوادیدارتان لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، ئاماژەتان بەو وەرچەرخانە دا لە وەبەرهێنان كە جگە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، وەبەرهێنەرانتان ئاراستەی هەر سێ سێكتەری (پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری) كردووە، ئەمە هیچ پێشكەوتن و گۆڕانكاریی نوێی بەسەردا هاتووە؟

- ژمارەی ئەو پڕۆژانەی لە بواری پیشەسازی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا مۆڵەتیان پێ دراوە، گەیشتووەتە 95 پڕۆژە و پڕۆژەكانی گەشتیاری 42 پڕۆژە و كشتوكاڵی 15 پڕۆژە و تەندروستی 21 و فێركردن 31 و هونەری 2 و وەرزشی 7 و خزمەتگوزاری 2 و بانكەكان 2 و نیشتەجێبوونیش بۆ 32 پڕۆژە، خۆ ئەگەر سەیری قەبارەی ئەم پرۆژانەش بكەین، ئەوا تەنیا لەكەرتی پیشەسازی بە بەهای نزیكەی 2،5 ملیار دۆلار سەرمایە بەگەڕ خراوە و لە كەرتی گەشتیاری زیاتر لە 7 ملیار و 309 ملیۆن دۆلار بەگەڕ خراوە، واتا تەنیا لەم دوو سێكتەرە زیاتر لە نیوەی سەرمایەی بەگەڕخراوی وەبەرهێنان دەگرێتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت وەرچەرخان لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەرەو پڕۆژەكانی پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵی كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە بۆ ئەوەی ئەوەندە پشت بە داهاتی نەوتی نەبەستین، هەر لە بواری گەشتوگوزاریدا لە ئێستادا 67 پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری لەناو نەخشەی وەبەرهێنان ئامادەیە بدرێتە وەبەرهێنان و كاری لەسەر بكەن. 

* بەڵام دروستكردنی ژینگەیەكی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان پێویست بەوە دەكات، بەسەر كۆمەڵێك ئاستەنگ و بەربەستدا زاڵ بن. ئایا تا چ ڕاددەیەك دەتوانن زەمینەیەكی لەبارتر و گونجاوتر بۆ وەبەرهێنان دروست بكەن؟

- بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینە وەزارییەكەی خاوەنی دیدگایەكی ڕوون و باشی وەبەرهێنان و بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستانن، نەخشە ڕێگایەكیش دانراوە بۆ ئەوەی لە 2023 تاكو 2025 حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیجتاڵی و گۆڕانكاری لە سیستەمی بانكی بكرێت و ژێرخانی ئابووری بونیاد بنرێتەوە و یاساكان لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا بگونجێن و، زەوی بۆ ناوچە پیشەسازییەكان دابین بكرێت و، هەماهەنگیی زیاتری نێوان وەزارەتەكان و دەستە و فەرمانگەكان دروست بكرێت، لە دواكۆبوونەوەی وەبەرهێنانیشدا لە ئەنجومەنی وەزیران سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد، زەمینەیەكی گونجاوتر بۆ وەبەرهێنان و ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی كوردستان دروست بكەین، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەیەكی باڵای پەیوەندیدار لە زۆربەی وەزارەت و دامودەزگاكان پێكهاتووە و كار دەكەین بۆ ئەوەی نەخشەیەكی باشی وەبەرهێنان دروست بكەین، لەناو دەستەی وەبەرهێنانیش یەكەیەكی تایبەتمان بە وەبەرهێنانی دەرەكی دروست كردووە.

بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان كەشوهەوا و ئاوی سازگار و دروستكردنی پۆند و بەنداوەكان و ڕێڕەوەكانی ئاودێری و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی و بازاڕی فراوان و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی و كەلتووری پێكەوەژیان و ئاشتییانە و ئارامی و سەقامگیری و دەیان بنەمای دیكە وایان كردووە، ببینە خاوەنی ژینگەیەكی لەباری وەبەرهێنان، ئەمانە فاكتەری ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و بەگەڕخستنی سەرمایە و وەبەرهێنەرانی ناوخۆشن، پێویستە بە هەمووان پارێزگاری لێ بكەین و پەلە بكرێت لە دروستكردنی بەنداو و پۆندی زیاتر و هۆكاری گواستنەوەی پێشكەوتوو و دروستكردنی ناوچە پیشەسازییەكان و بەدیجیتاڵكردنی دامەزراوەكان و پێشخستنی كەرتی بانكی و زانیاری و هەژماری من و تەكنەلۆژیا و هەمووان پاڵپشتی حكومەت بن، تاوەكو لە ڕێگەی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگ و بەربەستەكان و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم و هەڵكشانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان هەلی كار بۆ گەنجەكان زامن بكرێت و كار و كەسابەت ڕوو لە باشی بكات و ڕێژەی بێكاری و هەژاری لە هەرێمەكەدا كەم بكرێتەوە. 

Top