دەنگدان بە 197 دەنگدانە بە خۆشگوزەرانی و ئایندەیەكی گەش لیستی 197 خزمەتكردنی هاووڵاتیانە بە بێ جیاوازی
پارتی دیموكراتی كوردستان بە كردەوە كاری كردووە لە پێناو پێكەوەژیان و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان، بۆیە دەنگدان بە لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگدانە بە پێكەوەژیان و ئارامی و خۆشگوزەرانی بە بێ جیاوازی، كاتێك دەنگدەر دەنگ بە لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدات، گەڕانەوەی شكۆیە بۆ ئەو ناوچانەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە داگیر كران و تۆپۆگرافیای ناوچەكانیان تێك دراوە. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە گوڕوتینێكی زۆرەوە ڕووی لەم ناوچانە كردووە. لیستی ژمارە 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی پێكەوەژیان و ئاوەدانی و بەدیهێنانی خواست و داواكارییەكانی گەلی كوردستانە. پارتی لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا كار بۆ كوردستانییەتی ئەم ناوچانە ناكات، بەڵكو كاری جددی دەكات لە پێناو پاراستنی پێكەوەژیان و قووڵكردنەوەی كەلتووری لێبووردەیی لە نێوان سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكاندا، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارەیەك كاندید لە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، لە پارێزگاكانی (كەركووك و نەینەوا و دیالە) بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا دەكات.
لەم ڕوانگەیەوە دەنگدەری كورد كاتێك دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، دەبێت تێڕوانین و بۆچوونی بەو ئاراستەیە بێت، كە چ پارتێك خاوەنی درووشم و ڕەفتار و كردەوەیە، پارتی كە سەرۆك بارزانی ڕێبەرایەتیی دەكات، هەرگیز ئامادە نەبووە، ژیان و بژێوی خەڵك بۆ مەرامی حزبایەتی و تایبەتی بەكار بهێنێت.
پارتی لە مێژووی پڕ خەبات و قوربانیدانیدا سەلماندوویەتی كە لە هەر كوێیەك هەبێت، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ڕوو لەو ناوچانە دەكات و ئارامی و ئاسایش باڵ بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەكێشێت. لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیشدا پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی لە سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بێ تەشهیر و ناوزڕاندن كار دەكەن. بۆیە دەنگدەری بەڕێز كاتێك دەنگ دەدات، دەبێت بە ویژدانەوە دەنگ بە لیستێك بدات كە گرووپە چەكدارەكان و میلیشیاكان و ئەوانەی بوونەتە هۆی نائارامی و تێكدانی دۆخی ناوچەكانیان، بەردەوام لە دژایەتیكردنی ئەو پارتە و كاندیدەكانیدا كار دەكەن، چونكە ئەوان نایانەوێت بە گەڕانەوەی پارتی و بەدەستهێنانی كورسیی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پارتی و بارزانی ڕێگر بن لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامان و گەندەڵییەكانیان. پارتی لەم هەڵبژاردنەدا كە بە لیستی 197 بەشدارە، چاوەڕێی دەنگی یەك بە یەكی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە و بێ جیاوازی كار بۆ خۆشگوزەرانی و پێكەوەژیان و ئارامیی تەواوی ئەو ناوچانە دەكات.
لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا ژمارەیەك كاندیدی دیكەی لیستی ژمارە 197 قسە بۆ گوڵان دەكەن.
دكتۆر ئامال عەلی ئەلمزووری كاندیدی ژمارە 20ی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا:
دەنگدان بە لیستی 197 واتا دەنگدان بە پێكەوەژیان و توندوتۆڵكردنی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و ڕەتكردنەوەی توندوتیژی و ناسەقامگیری
شانازییە بۆ من لەسەر لیستی پارتێك بم كە سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتی دەكات و كار بۆ پێكەوەژیان و ئاوەدانكردنەوە دەكات. مێژوو شاهیدی ئەوەی بۆ دەدەن كە بارزانی چۆن فریادڕەسی خەڵكی شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا و پارێزگاكە بوو، كاتێك بە كۆمەڵ ڕوومان لە دهۆك و هەولێر كرد، ئەو بەوپەڕی شانازییەوە دیفاعی لە هەموو پێكهاتەكانی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا كرد، لە ماوەكانی ڕابردوودا شەرەفی ئەوەم پێ درا كە لە كەرتی تەندروستیدا كار بكەم، وەكو پسپۆڕایەتییەكی پزیشكی و لەبەر توانا و خزمەتكردنی خەڵكی بەشەرەفی پارێزگای نەینەوا، ناو و ناوبانگێكی باشم هەیە و خزمەتێكی زۆری خەڵكی ئەم پارێزگایەم كردووە. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەنووسی خەڵكی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا دەردەكەوێت لە ڕێگەی دەنگدان بە كاندیدی ئەو پارتانەی كە ڕۆڵیان هەبوو لە ڕێزگرتن لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی دەشتی نەینەوا و شاری مووسڵ. سەردەمی ئاوارەیی و دەربەدەری و كۆچكردن بەرەو ئەو ناوچانەی بارزانی تێدا باڵادەستە، بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، لیستی ئەو پارتەی سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتی دەكات، كە لیستی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانە، هەر بە كرداریش سەلماندوویانە كە ئەوان چۆن ڕێز لە هەموو نەتەوەكان دەگرن، ئەوەتا زیاتر لە یەك ملیۆن عەرەب لە شار و شارۆچكەكانی كوردستانن و هیچ كێشە و گرفتێكی نەتەوەیی و مەزهەبی و تەنانەت كێشەی كاركردنیان نییە، بە پێچەوانەوە لە هەر ناوچەیەك پارتی هەبێت، پێكەوەژیان و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی هەیە، بۆیە داوا لە سەرجەم دەنگدەران دەكەم دەنگمان پێ بدەن و ئەو متمانەیەمان پێ ببەخشن، تاوەكو لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كار بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان و قەرەبووكردنەوەیان بكەین و ئارامی و ئاسایش لە تەواوی ناوچەكەماندا بەرقەرار بێت و هەلی كار زامن بكرێت و كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردەیی گرنگییان پێ بدرێت و مافی ئافرەتان زامن بكرێت. من كار دەكەم بۆ ئەوەی پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان كۆمەڵگەی مووسڵ و كۆمەڵگەی كوردستانی لە هەولێر و دهۆك پتەوتر بكەم و لەم ڕێگەیەوە پێكەوە تەكامولێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی دروست ببێت، بۆ خێر و خۆشیی تەواوی خەڵكی ناوچەكەمان، كە دراوسێیەتییەكی مێژوویی لە نێوان كورد و عەرەب و كۆمەڵگەكانی ناوچەكەدا هەیە و دەبێت نەك تەنیا پارێزگاری لێ بكەین، بەڵكو بیبووژێنینەوە.
حەسن بەكر عەبدۆ كاندیدی ژمارە 30 لە لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا:
ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای مووسڵ و قووڵكردنەوەی كەلتووری پێكەوەژیان لە پێشەنگی كارەكانم دەبێت لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا
من وەكو كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتیی لیستی 197 دەكات، ئەو سەركردە مێژووییەی كە پێگە و مەكانەتێكی گەورە و پیرۆزی لە ناو دڵی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی پارێزگای مووسڵدا هەیە، بارزانی و پێشمەرگەكانی خەبات و قوربانییەكی زۆریان بەخشییە ئازادكردنی چیای شنگال و شاری شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری، ئەوە بارزانی بوو چەندین ساڵ وێڕای قەیرانی دارایی بە هەزارەها خێزانی ئاوارەی ئێزدی و مەسیحی و مووسڵمانی لەخۆگرت و لە مردن و دەربەدەری ڕزگاری كردن، لە ئێستاشدا هەر سەرۆك بارزانی و پارتییە بە گەڕانەوەی بۆ ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەگەڕێنێتەوە ناو ماڵە مووسڵاوییەكان. كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور زامنی پێكەوەژیان و سەقامگیری و ئاوەدانی دەبەخشێتە خەڵكی ناوچەكانی ئەم ماددەیە، من دەمەوێت لە ڕێگەی چوونم بۆ ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواوە كار لەسەر ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانی بكەم، بەوەی خزمەتكاری میللەتی خۆم بم و ڕێگە نەدەم ناوچەكانمان ببێتە بارەگای سەربازی و گرووپی چەكداری، بە پێچەوانەوە دەمانەوێت لە ڕێگەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال پێشمەرگە شانبەشانی سوپای عێراق بگەڕێتەوە ناوچەكە و پارێزگاری لە كوردانی ئێزدی و سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دیكەی مووسڵ بە بێ جیاوازی بكەن، بۆیە ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای مووسڵ و قووڵكردنەوەی كلتووری پێكەوەژیان لە پێشەنگی كارەكانم دەبێت لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.
وەكو ئاگادارن ئێمە لە پارێزگای نەینەوا كێشەمان لە تەرخانكردنی پارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە نییە، بەڵكو كێشەمان لەسەر خراپیی بەكارهێنانی ئەو پارانەو بەفیڕۆدانی هەیە، لە كاتێكدا دەبووایە لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری و ڕێگەوبان و شەقام و پەرەپێدانی كەرتەكانی شارەوانی و تەندروستی و پەروەردەدا خەرج بكرایە، كەچی دیار نییە ئەو هەموو پارە و تەمویلانە چۆن خەرج كراوە. سەرۆك بارزانی گرنگییەكی زۆر بە كوردانی ئێزدی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور دەدات، ئەو خوازیارە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە نێوان هەر سێ پارێزگای دهۆك و هەولێر و مووسڵدا دروست ببێت و ڕێگە نەدات بیروبۆچوونی شۆڤێنی و توندوتیژی لەم ناوچانەدا دروست ببێت، خوازیاری خێروخۆشی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییە بۆ خەڵكی پارێزگای نەینەوا و لەم ڕوانگەیەشەوە دەیەوێت لە ڕێگەی كاندیدەكانی پارتییەوە زۆرترین كورسی لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەدەست بهێنێت.
ئێمەی پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا، كەس زیاتر لە بارزانی بە خەمخۆر نازانین، ئەوە بارزانییە بە كردار و ڕەفتار كار بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانكردنەوە دەكات، ئەمە وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەشی كە لە بەردەمی دادەنرێت، بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی سەرۆك بارزانی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەكان هەڵدەگرێت و كۆتایی بە مەینەتی و شەڕ و ئاشووپ دەهێنێت.
ئەندازیار ئاریان حەمید ئیبراهیم كاندیدی ژمارە 1ی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە:
دەنگدان بە لیستی 197 دەنگدانە بە گەڕانەوەی شكۆی كورد لە خانەقین و پارێزگای دیالە
سەرۆك بارزانی و ڕێبازی بارزانی بە درێژایی خەباتی مێژووی خۆی بەرگریكار و پارێزەری كوردستانییەتی ناوچەكانی خانەقین و دیالە بوو، مەلا مستەفا بارزانی بەرگریكاری سەرسەختی هەموو پێكهاتە ڕەسەنەكانی خەڵكی خانەقین و دیالە بوو، بە ڕاددەیەك بەگەورە و بچووكی ئەم ناوچەیەوە پاڵپشتیی شۆڕش و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی-یان دەكرد، ئەمە هەر وا لە خۆڕا نەهاتووە، خەڵكی لێقەوماو و بەشخوراوی خانەقین و دیالە زۆر دەمێكە كەوتوونەتە بەر شاڵاوی ڕاگواستن و گۆڕینی تۆپۆگرافیای ناوچەكانیان و چۆڵكردنی گوندەكانیان و لە دەستدانی خاك و نیشتمانەكەیان، هەربۆیە دوژمنانی كورد كاتێك گوێبستی ناوی بارزانی و پارتی دەبن، دەست بە دژایەتیكردنی دەكەن و ترسی لەدەستدانی پیلان و ڕەفتارە خراپەكانیان لا دروست دەبێت، من وەكو كاندیدی ژمارە 1ی لیستی 197 داوا دەكەم، دەنگدەری كورد دەنگمان پێ بدەن، تاوەكو ئێمەش لەڕووی گرنگیدان بە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییەوە لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای دیالەدا كار بكەین بۆ خزمەتكردنی خەڵكی خانەقین و تەواوی ناوچەی دیالە، ئێمە هەروەكو لە درووشم و پەیامی لیستەكەشماندا هاتووە، لیستی پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و سەقامگیرییە، من بەو پێیەی خۆم ئەندازیاری كشتوكاڵیم و لە هەمان كاتیشدا هونەرمەند و وەرزشكارم، زۆر گرنگی بە لایەنی جووتیاران دەدەم و لە هەوڵی ئەوەدا دەبم، گوندەكانی دیالە ئاوەدان بكرێنەوە و فریای جووتیارانی كورد بكەوین، تاوەكو چیتر شاڵاوی كۆچی گوندنیشنەكان بەردەوام نەبێت، لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر گوندی ناوچەكانی خانەقین و جەلەولا و دیالە لە ترسی چەكدارانی داعش و وشكەساڵی و بێ خزمەتی چۆڵ دەكرێن، ئەمەش تەنیا هەڕەشە نییە لەسەر كوردی ئەم گوندانە بەڵكو هەڕەشەیە لەسەر لەناوچوونی كورد لە خانەقین و تەواوی ناوچەكانی دەورووبەری، هەروەكو چۆن لە مێژوودا كوردانی پارێزگای دیلە ڕووبەڕووی شاڵاوی تەعریب و ڕاگواستن بوونەوە. گرنگیدان بە گەنج و بەدیهێنانی خواستەكانیان بەرنامەیەكی دیكەی هەڵبژاردنی منە و خۆم و لیستەكەم لەم پێناوەدا گرنگی بە گەنج و بەدیهێنانی خواستەكانیان لە ڕیزبەندی پێشەوەی بەرنامە و كارەكانماندایە.
ئەگەر دەنگدەران ئەو متمانەیەیان پێ بەخشیم، ئەوا وەكو بەڵێنێك لەسەر ڕێباز و عەقیدەی بارزان لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كار دەكەم لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی خانەقین و دەورووبەری و، بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابینكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی خانەقین، بەتایبەتی پێداویستیی جووتیارە بەڕێزەكان و چارەسەركردنی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان و خەرجكردن و بەكارهێنانی بودجەی پارێزگا بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا و دوور لە گەندەڵی و بەفیڕۆدان، نەتەوە و ئایین و ئایینزا و مەزهەبەكانی دیكەش لە ناو خانەقین، هەمووان بڕوای تەواویان لا دروست بووە، كە پارتی تاكە حزبێكە بڕوای بە پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكە هەیە، بۆیە ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا بڕوامان وایە لە نەتەوەكانی دیكەش دەنگ بە لیستی ژمارە 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن و، جێبەجێكردنی ماددەی 140 بۆ گەڕانەوەی شكۆ و سەقامگیری و ڕێزگرتنە لە كورد و سەرجەم نەتەوەكانی دیكە، لەو 15 كورسییە لیستەكەمان خوازیاری ژمارەیەك كورسی هەیە و لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی كورسییەكانەوە ئەو ناعەدالەتی و پەراوێزخستنەی خانەقین كۆتایی پێ بهێنێت.
تەنیا خەیروڵڵا عەبدوڵڵا كاندیدی ژمارە 15ی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:
كار بۆ گەڕانەوەی شكۆ و كەرامەت و ئاوەدانی بۆ گەڕەكە كوردنشینەكان و دامەزراندنی پێكهاتەی كوردی لە ناو پارێزگای كەركووك دەكەم
كەركووك و بارزانی مێژوویەكی دێرینیان هەیە و هەرگیز مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆك بارزانی سازشیان لەسەر كوردستانییەتی كەركووك نەكردووە و، پارێزگارییان لە شكۆ و كەرامەتی كەركووكییەكان كردووە، بەتایبەتی لە نەتەوەی كورد كە بە درێژایی مێژوو كوردی پارێزگای كەركووك كەوتوونەتە بەر شاڵاوی تەعریب و ڕاگواستن و ئازار و مەینەتی، بۆیە گەڕانەوەی پارتی و كادیرەكانی سەرۆك بارزانی، واتا گەڕانەوەی كورد بۆ ئەم پارێزگایە، هەر هۆكاری ئەمەش بوو كاتێك بەپێی یاسا و ڕێككەوتنی نێوان سەرۆك بارزانی و ئیدارەی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت، كە بارەگای سەركردایەتی پارتی تەسلیمی پارتی كرایەوە، شۆڤێنییەكان و قینلەدڵەكانی دژ بە كورد ئاژاوە و پشێوییان نایەوە، لەمەشدار سەرۆك بارزانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پیلان و مەرامی ناحەزان ئامادە نەبوو بارەگاكەی پێشكەشی زانكۆی كەركووك كرد، ئەو زانكۆیەی كە منداڵانی كەركووكییە ڕەسەنەكان تێیدا دەخوێنن.
من وەكو كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارە 15لەسەر لیستی ژمارە 197 بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بەڵێنم داوە كە لەسەر ڕێباز و عەقیدەی بارزان بم و ئامادەی سازش نەبم لەسەر كوردستانییەتی كەركووك و، لە ناو ئەنجومەنەكەدا خزمەتی خانەوادەی شەهیدان و خێزانە كوردەكان بكەم و، ڕێزیش لە هەموو نەتەوەكانی دیكە دەگرم، چونكە لیستەكەمان لیستی پێكەوەژیان و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییە، واتا بە شێوەیەكی دادوەری كار دەكەم بۆ خزمەتی هەرموو كەركووكییەكان، گەرچی ناوچە كوردنشینەكان، بەتایبەتی گەڕەكە كوردنشینەكان لە هەموو خزمەتگوزارییەك بێبەشن، بۆیە دەبێت لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا كار بۆ گەڕانەوەی شكۆ و كەرامەت و ئاوەدانی بۆ گەڕەكە كوردەكان و، دامەزراندنی پێكهاتەی كورد لە ناو پارێزگای كەركووك دەكەم. لە تەواوی ناوچەكانی ماددەی 140 بە دەیان ئاوایی و ناوچەی كوردستانیمان هەیە كە لە هەموو خزمەتگوزارییەك بێبەش بوون.
ئایا دەزانیت لە لیستی دامەزراندنی فەرمانبەراندا كورد وەكو نەتەوەیەكی سەرەكی و ڕەسەنی كەركووك چەند غەدریان لێ دەكرێت و ژمارەی پۆست و فەرمانبەرانی كورد لە ناو دامەزراوەكانی كەركووك، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر چەند كەم كراوەتەوە؟ بۆ نموونە ناوچەی ئاوەدانیمان هەیە لە ناوچەی حەفتەغار كە دوو هەزار ئاواییە، پێویستە كاری بۆ بكەین و خزمەت و كاری زیاتری بۆ بكەین و بكرێتە ناحیە، ئەم فەرامۆشكردنەش تەنیا لەبەر ئەوەیە ناوچەكە كوردییە، ئەمە و دەیان كاری خزمەتگوزاری و بەدواداچوونی دیكەمان هەیە، كە لە ناو ئەنجومەنەكەدا پەكی خراوە و جێبەجێ نەكراوە.
كاتێك لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی دانیشتین پێی گوتین: «با بەڵێنەكانتان لە ئاست كردارەكاندا بێت، چونكە كادیری پارتی درووشمەكان دەكاتە كردار و جێبەجێیان دەكات، بارزانی هەموو تەمەنی لە پێناو كورد و كوردستانییەتی كەركووكدا بووە». هەرچی بڕیار و كۆبوونەوە و ڕێككەوتن هەیە، بێ بابەتی كوردستانییەتی كەركووك و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەم پارێزگایە نەكراوە، سەرۆك بارزانی چەندین جار لەپێناو كەركووك و كەركووكییەكاندا سازشی لەسەر حیسابی حزبەكەی كردووە، بەڵام ئامادە نەبووە بۆ یەك جاریش بێت، لەسەر حیسابی كەركووك و كەركووكییەكان بڕیار بدات، ئەمەش جێگەی فەخر و شانازیی ئێمەی كەركووكییەكانە.