یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ڕەهەندە جیاوازەكانەوە ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەخاتەڕوو

یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ڕەهەندە جیاوازەكانەوە ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەخاتەڕوو

 

لە چوارچێوەی بەشداری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە هەڵمەتی نیشتمانی ١٦ رۆژ چالاكی دژی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەت، ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی نۆڤەمبەری٢٠٢٣، مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە ناوەندی رۆشنبیریی زین بە هەماهەنگی لەگەڵ پەیمانگای ئامێزی خێزان پانێڵێكی بەناونیشانی "ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لە ڕوانگە‌ی رەهەندە‌ جیاوازەكانەوە" ڕێكخست.
هەر یەك لەم بەڕێزانە وەك پانێڵست بەشداربوون:
د. ڤیان سلێمان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی و سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان.
- د.خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان.
- فێنك شەفیق بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان.

لە پانێڵینەكەدا باس لە پلان و نەخشەڕێی یەكێتی ئافرەتان و پەیمانگای ئامێزی خێزان و میكانیزمەكانی كار بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان كرا.
لە پانێڵەكەدا ژمارەیەكی بەرچاو لەچالاكان و رۆشنبیران وئەندامانی ئەنجومەنی ھەولێر و ھەڤاڵانی ئەنجومەنی سەفین و دەوروبەری ھەولێری رێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان ئامادەبوون.

سەرەتا د. ڤیان سلێمان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی و سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، وتەی بەخێرهاتنی پێشكەش كرد و لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە ڕێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ڕابردوو و لە ئێستادا كار بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی هەر كردەیەكی توندەتیژی دەرهەق بە تاكەكانی كۆمەڵگە دەكات و هاوكات گوتی:" هەرچەندە ڕێكخراوەكەمان لە كۆنگرەی نۆیەمی خۆی نزیك دەبێتەوە بەڵام یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وەك هەمیشە لەم هەڵمەتەدا هەوڵی ئەوەیداوە كە بە كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر لە هەڵمەتەكانی ڕووبەڕوو بوونەوەی تەندوتیژی بەشداربێت، ئەمڕۆش لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا جارێكی دیكە لە سەرتاسەری كوردستان زەنگی هەڵوەستەكردن لەسەر بارودۆخی ئافرەتانی كوردستان لێبداتەوە، ئەو زەنگی هەڵوەستەكردنە بە گوێی یەك بە یەكی تاكەكانی كۆمەڵگە و بە گوێی خودی ئافرەت و پیاو و كۆمەڵگەدا دووبارە لێبداتەوە، تا بە ئافرەت بڵێ دەبێ هەستیتەوە سەرپێ دەبێ بوێر تر كارا تر بەرهەمدار تر، بە پێگەیەكی بەهێز تر لەوەی كە ئێستا هەتە، ئەی ئافرەت ئایا قەت هەڵوەستەت لەسەر ئەوەی كە لە مافەكانت چیت بە دەستهێناوە و لە كوێی ئەركەكانتدای، ئایا هاوسەنگیت بە دەستهێناوە؟ ئەگەر ویستت بە دەستنەهێناوە پێویستە بگەڕێیتەوە و بە بەرنامە و پلان ئاراستەی ژیانت بگۆڕیت، چونكە خودی ئافرەت پێویستە لە خزمەتی خۆی و كۆمەڵگە و خاكەكەی بێت، پێویستە یەكسانی و هاوسەنگی لە ئەرك و مافدا بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە ڕۆڵەكانمان و نەوەی داهاتوو پەروەردە بكرێن".

 

 

ڕێكخراوی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە ئێستادا سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی خۆی.
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، لە ھەلومەرجێكی ناھەمواری سیاسی و كۆمەڵایەتی دامەزراوە، ناھەموار لە ڕووی سیاسیەوە، كە پشێوی لە ناوچەكەدا ھەبووە و داگیركەر تەنگی بە كوردستان و دانیشتوانەكەی ھەڵچنی بوو، سیاسەتی داپڵۆسین و قەڵاچۆكردنی پیادە دەكرد و دەنگی ئازادی كپ دەكرد، ناھەموار لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە كە كۆمەڵگەیەك بوو نەریتی پیاوسالاری، جیھانبینی زۆرینەی تاكەكانی تەنی بوو.
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە 11/12/1952 بە شێوەیەكی نھێنی دامەزرا. لەبەر نالەباری بارودۆخی سیاسی ئەو كاتە نەتوانرا كۆنگرە ببەسترێ بەڵكو بە شێوەی ڕاوێژكاری دەستەی بەرێوەبردن پێكھێنرا. بەئامادەبوونی 10 ئافرەت لەوانە: درەخشان جلال حەفید، سورەیای مەلا گەورە ، ناجیە خانی مستەفا فەندی موفتی ، ناجیە خانی میرزا غەفوور، ناھیدەخانی میرزا غەفوور ، ئەفتاو كەریم ، مەدیحە محەمەد كەریم) ، كە ھەتا ساڵی ١٩٥٨ بە شێوەی نھێنی و كۆمەڵ لە سنووری سلێمانی كاریان كردووە بێ ئەوەی كەسێكیان ناونیشانی سكرتێری یا خود بەرپرسی ھەبێت. لە ناوچەكانی دیكەش ھەندێ گرۆپی دیكە ھەبوون وەك خانەقین، كەركووك و زاخۆ.
لە ماوەی مێژووی خەباتیدا ئەم ڕێكخراوە بە ئامانجی خۆنوێكردنەوە و خۆسازان لەگەڵ سەردەم و بەردەوامیدان بە كارەكانی هەشت كۆنگرەی بەستووە و 25 ئەنجومەن و 159 ناوەندی لە سەرانسەری كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەیە.

Top