گرنگی بەشداری مەسرور بارزانی لە کۆنفڕانسی COP28 لە دوبەی

گرنگی بەشداری مەسرور بارزانی لە کۆنفڕانسی COP28 لە دوبەی

 

سەرەتا

 

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، یان پەیوەندییەکانی دەرەوە، میتۆدی سەرەکیی پێشکەوتن و مانەوە و بەھێزبوونی ھەر دەوڵەت و وڵاتێکن. بەبێ پەیوەندیی دروست و ھەماھەنگکارانەی بەردەوام، قورسە دۆخی ئابووری یان کەشی سیاسیی بەرەو ئاراستەی بەرز ھەنگاو بنێت یاخود بە جێگیری بمێنێتەوە، لە ھەموو ڕووە جیاوازەکانی دیکە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، فەرھەنگی ھتد..) پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەبێت ھەمیشە زیندوو بێت.

 

بەشداری (مەسرو بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفڕانسی COP28 لە شاری دووبەی لە وڵاتی ئیمارات، بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و وەک ئەکتەرێکی کارای نادەوڵەتی بەھا و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ھەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی کاریگەری ناوچەکەیە، پێگەی ھەرێم لەڕووی ئابووریی و سیاسییەوە پێودانگی خوێندنەوەی ڕۆڵە کاریگەرەکانییەتی، لە ڕووداو و گۆڕانکاریی ناوچەیی و جیھانییەکان لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراو و گرووپە جیھانییەکانەوە.

 

ڕاستە، ئەم کۆنفرانسە تایبەتە بە کەشوهەوا و لێکەوتەکانی، بەڵام بەشداری فراوانی سەرۆک و سەرکردە و شا و بەرپرسانی باڵای وڵاتان لەم کۆنفرانسەدا، بەهای و کاریگەرییەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر دەکات، مەسرور بارزانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا دیداری لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی جیهانیی هەبوو لەوانە (شای بەریتانیا، سەرۆک کۆماری تورکیا، سەرۆکی ئیمارات، سەرۆکی فەرەنسا، سکرتێری گشتیی Un، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرۆکی یەکێتیی ئەوروپا، سەرۆککۆماری میسر هتد..) 

 

کارنامەی کابینەی بۆیەم سەبارەت ژینگە و لێکەوتە نەرێنییەکانی کەشووهەوا

 

رۆژی (10ـی تەمموزی 2019) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی کابینەی نۆیەمی خوێندەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، "ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستانە و کاردەکەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی. کاردەکەین بۆ بەکارخستنی سیستمێکی پێشکەوتووی ریسایکل و چارەسەریی زبڵ و خاشاک و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان".

 

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا شەش ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانە سروشتییەکان دروستکراوە، هەروەها دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن پورەی هەنگ و زیاتر لە سێ ملیۆن داری دارستان و باخداری چێندراوە و کەمکردنەوەی لێدانی بیرە نایاساییەکانیش بە رێژەی 90٪ کەمی کردووە، جگە لەمانە ئێستا پاشماوە پزیشکییەکان بە ئامێری تایبەت دەسووێندرێن کە رێگری لە هاتنی دووکەڵ و پاشماوە ژەهراوەییەکان بۆ نێو کەشوهەوای کوردستان دەکات.

 

لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا ڕێژەی سەوزایی هەرێمی کوردستان لە 15% بۆ نزیکەی 20% بەرزبووەوە. هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژی بۆ چاندنی 100 ملیۆن نەمام لە سنووری پارێزگای هەولێر.

 

کاریگەری دیدارەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە دووبەی

 

سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دیدارەکانیدا لە دووبەی، ھەوڵی زێدەترکردنی ھاوئاھەنگی و نێوان ھەرێم و حکوومەتی ووڵاتان دەدات، بەشێوەیەک لە فراوانترکردنی ئەو پرۆژانەی کە تایبەتن بە ڕووبەڕوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەو تەنگژانەی کە دێنە پێش جیهان و چۆنیەتی کەمکردنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی.

 

لەلایەکی دیکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکانیدا لە شاری دوبەی لەگەڵ گەورە سەرکردەکانی جیهان جەختی لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی زلهێزی جیهان و پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتر لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.

 

پێگەی ھەرێمی کوردستانە لە دیدار و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا

 

ئەو پێکەوەژیان و ئاشتییەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە بووەتە نموونەیەکی بەھێز کە  وڵاتانی دیکەی جیھان بەردەوام ئاماژەی پێدەدەن، دەکرێت ئەوەشمان لە پێش چاو بێت کە 

پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی (مەسرور بارزانی) و کابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە. 

بەشداری مەسرور بارزانی لە کۆنفڕانسی COP28 لە دوبەی و ھەموو مانۆڕە دیپلۆماسییە کاریگەرەکانی جیا لەوەی خاڵێکی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکییە، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

 

Top