نارین فەقە بۆ گوڵان:خەم و ئازار هۆكاری ئەفراندنن بۆ هونەرمەند
نارین فەقە كە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە و ئێستا لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە، یەكێكە لەو خانمە هونەرمەندانەی كە هەمیشە بە دوای كاری جوان و ڕەسەندا دەگەڕێت و پێشكەشی دەكات بۆ خزمەتكردنی هونەری كوردی، گۆرانییەكانی زیاتر نیشتمانین، تەنانەت لە گۆرانیی ئەڤیندارییشدا هەست بە خۆشەویستیی نیشتمان دەكرێت، ئێستا خۆی بۆ بەرهەمێكی نوێ ئامادە دەكات، سەبارەت بەو بەرهەمە و چەند پرسێكی دیكەی هونەری، ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵی ئەنجام دا.
دیمانە/خەلیل بلەیی
*سەرەتا حەز دەكەین بزانین دوایین بەرهەمی هونەریت چییە؟
-پرۆژەی نوێی هونەریم بریتییە لە گۆرانییەك بە ناوی (دووری) هەوڵمان داوە ئەم جارە گۆرانییەكی كوردیی ڕەسەن پێشكەش بكەین، كە تا ڕادەیەك جیاوازتر بێ لە بەرهەمەكانی پێشترمان، گۆرانییەكە باس لە خۆشی و شادی دەكات، گۆرانییەكی كوردیی ڕەسەنە لە تێكستی مامۆستا ئەدیب چەلكی و ئاوازی موزیسیانی بە توانای باكووری كوردستان هارون ئەلكییە و موزیك پڕۆدەكشن لەلایەن سینان بۆزۆ ئەنجام دراون.
لەم بەرهەمە نوێیەدا نۆتە و ئامێری مۆسیقای كوردی بەكار هاتووە، لەوانەش دەهۆڵ و زوڕنا، ئەم گۆرانییە پەیامێكی خۆشەویستی و پەیامێكی نیشتمانپەروەری و دوورە وڵاتیی هەیە، واتە تێكەڵێكی لە نێوان خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری پەیامێكە كە ئێمەی كورد لە هەموو سەردەمەكاندا ژیاوین خۆشی و ناخۆشیمان بینیوە، بەڵام خۆشەویستیمان بۆ كوردستان و ژیان وای كردووە بەردەوام بین. (دووری) كە گۆرانییەكە كە تژییە لە وێژە و هونەری ڕەسەنی كوردی و لە شاری ستۆكهۆڵم و لە بازاڕی كۆنی ئەو شارە، بە سەرپەرشتی دەرهێنەری بە توانا هەژار دهۆكی گۆرانییەمان بە كلیپ تۆمار كرد و، هەوڵمان داوە دیمەنەكان هاوشێوەی كوردستان بن.
*چ پێوەرێكت هەیە بۆ هەڵبژاردنی گۆرانییەكان؟
-هونەرمەندانی كورد ئەرك و ماندووبوونێكی زۆر دەكێشن تا بەرهەمێك بەو شێوەی هەیە پێشكەشی دەكەن، من بەر لە ئەنجامدانی هەر پرۆژەیەكی هونەری بە وردی لەسەر گشت لایەنەكانی كار دەكەم، بەتایبەتی لەسەر تێكست و ئاوازەكەی، لە گشت لایەنەكانی دەكۆڵمەوە بۆ ئەوەی بتوانم بە باشترین شێوە پێشكەشی بكەم، ئامانجی سەرەكیی من ئەوەیە لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە خزمەتی گەلەكەم بكەم لە هەر شوێنێكی دنیا بێت، ئێمەی هونەرمەندانی كورد لە دەرەوە هەرچەندە لە وڵاتیش دوورین، بەڵام توانا و ئیمكانیاتمان هەیە كە بتوانین خزمەتی هونەری كوردی بكەین، بۆیە من كارەكان بە وردی هەڵدەسەنگێنم و ئامانجی سەرەكیم ئەوەیە تەنیا خزمەت بە هونەری كوردی بكەم و، دەمەوێت كارێك پێشكەش بكەم لە ئاستی قوربانییەكانی میللەتەكەمدا بێت، چونكە میللەتی كورد شایستەی ئەوەیە كاری جوانی پێشكەش بكەی.
*لە كارە هونەرییەكانتدا كێ هاوكاریت دەكات؟
-بێگومان كەسانێك هەن هاوكاریم دەكەن، من لە خێزانێكی هونەرمەنددا دەژیم، (جوودی)ی باوكم هونەرمەندێكی ناسراوی كوردە چەندین ساڵ خزمەتی هونەری كوردی و گۆرانی فۆلكلۆر و گۆرانی مۆدێرنی كوردی كردووە و پێشكەشی كردوون، لە هەڵبژاردنی تێكستەكاندا ڕاوێژی پێ دەكەم، تاكو بە تەواوی بزانین تێكستەكە تا چەند لەگەڵ شێواز و ستایلی من دەگونجێ و تا چەند تێیدا سەركەوتوو دەبم، لە بواری موسیقاش عەلیی هاوسەرم زۆر هاوكاریم دەكات، بوونی ئەو دوو كەسە لە كاروانی هونەریی مندا لە سەرەتاوە تا ئێستا كاریگەرییەكی زۆری هەبووە و، بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە من بەو شێوەیەی تا ئێستا بەردەوام بم.
سەرەڕای ئەوەش من خۆم لە تێكست و ئاوازەكان ورد دەبمەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابم ئایا ئەم ئاواز و تێكستە تا چەند لەگەڵ ستایلی من دەگونجێن و چۆن دەتوانم تێیدا سەركەوتوو بم، من پێموایە پێویستە هونەرمەند بە وردی لەو لایەنە بكۆڵێتەوە، چونكە خودی هونەرمەند خۆی زیاتر لەو كەسانەی كە هاوكاریی دەكەن ئاگاداری تواناكانی خۆیەتی لە گشت بوارێكدا و دەزانی لە چ بوارێكدا سەركەوتوو دەبێت.
*لە هەڵبژاردنی بەرهەمی (دووری)یش ئەو ڕێچكەیەت پیادە كرد؟
-بێگومان من ماوەی دوو ساڵ خەریكی ئامادەكردنی بەرهەمی (دووری) بووم، بەڵام هەندێك ڕووداو هاتنە ئاراوە بەتایبەتی ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونە ئەگەر نەتوانم لە كاتی خۆیدا بڵاوی بكەمەوە هەرچەندە لە ئێستاشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێكی سەخت و ناخۆشدا تێدەپەڕێت بێگومان ئێمە كوردیش لەم بارودۆخە بێبەش نین، بەڵام پێم وایە ئێستا كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم بەرهەمە، كە جگە لە خۆشەویستی پەیامێكی نیشتمان پەروەریشی تێدایە، ڕێزگرتن و بەرز ڕاگرتنی ئاڵای كوردستان بە تەواوی لە كلیپی گۆرانییەكەدا ڕەنگی داوەتەوە.
*لە ئێستادا كام پارچەی كوردستان هونەری كوردی پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە؟
-هونەرمەندبوون ناوێكی گرانە، كارێكی ئاسان نییە و هەر كەسێك ناتوانێت ناو لە خۆی بنێت هونەرمەند، یان بە هونەرمەند بانگ بكرێت، ئەگەر سەیری هەموو پارچەكانی كوردستان بكەین، دەبینین بە دەیان هونەرمەند هەیە، هەبوون كە زیاتر لە پەنجا ساڵ لەو بوارەدا كاریان كردووە و خزمەتی زۆریان كردووە و، هەوڵیان داوە هونەری كوردی بە گشتی پێش بكەوێت، بەڵام پێموایە لە ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژئاوای كوردستان هونەری كوردی پێشكەوتووترە و لە ئاستێكی باشدایە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە هونەر بە گشتی هەڵقوڵاوی خەم و ناخۆشی و نەهامەتییە، لە ئێستاشدا ئەم دوو پارچەی كوردستان بەم دەردەوە دەناڵێنن.
ئەمەش ئەوە ناگەینێت كە لە باكوور و باشووری كوردستان هونەرمەند یان بواری هونەری دواكەوتووە، نەخێر لەم پارچانەشدا هونەری كوردی بەردەوامە و سەركەوتووە، بەڵام لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستان پێشكەوتنێكی بەرچاوی بینەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە وەك گوتم لە دۆخی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕێخۆشكەرە بۆ ئەوەی هونەر پێش بكەوێت، لە ڕۆژئاوای كوردستان گرنگیی زۆر بە هونەر و كەلەپووری ڕەسەن و مێژووی هونەری كوردی دەدرێت، ئەمەش وای كردووە كە پێشكەوتنی باش بە خۆیەوە ببینێت و هونەرمەندە گەنجەكان هەوڵ دەدەن بە شێوەیەكی نوێ فۆلكلۆری كوردی بپارێزن و ئافراندن و نوێخوازیی تێدا بكەن، ئەم گرنگیدان و هەوڵانەی بۆ پاراستنی كەلتووری كوردەواری ڕەسەن لە ڕۆژئاوای كوردستان دەدرێن، مایەی دەستخۆشین.