سروشت و یادەوەری

سروشت و یادەوەری

لە تابلۆكانی هونەرمەند (حوسێن عەلی)دا، شەیداییەكی زۆر و هۆگرییەكی فراوان بە سروشت و وردەكارییەكەی، بەدی دەكەین. ئەو كە ژیانی دابەش دەبێتە سەر جوگرافیای زێد (كوردستان) و جوگرافیای تاراوگە (یۆنان كە دە ساڵ لەوێدا ژیاوە)، هۆگرییەكی بێ سنوور بە سروشت و ژینگە دەخاتە ڕوو. بەدەر لە دەریا كە لە یۆناندا هەیە و لە كوردستاندا نییە، سروشتی نیشتیمان و وڵاتی ئاوارەیی و تاراوگە چون یەكن، بە تایبەتی گوندەواری تێكەڵ بە سروشتی چیا و شاخ و داخ. لە نێوانی هەردوو گەلی یۆنان و كوردستانیشدا، هاوسۆزییەك هەیە كە لە سەردەمی عوسمانییەوە دەست پێ دەكات و تا ئەم سەردەمەش درێژەی كێشاوە. هەردوو گەل هەست بە نیگەرانییەك بەرانبەر بە تورك، وەك نەتەوەی دابڕ و نێوانیان و چەوسێنەری هەردوو لایان، دەكەن. هەڵبەت ئەمەیان باسێكی دیكەیە و لە نێو تابلۆی د. عەلی حوسێندا ڕەنگدانەوەی نییە.

سروشت و یادەوەری

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

ئەمە قسەی هونەرمەندە «خانووی گوندەكانی كوردستان لە تابلۆكانی مندا لارن، ئەمە نیشانەیە بەوەی گوندەكانی وڵاتمان بەرەو ڕووی شاڵاوی ئەنفال بوونەتەوە و خاپوور كراون، لەو شاڵاوەدا هەموو نیشانە و ئاماژە و ڕواڵەتێكی ژیان لە وڵاتمان، كەوتە بەر ڕەشەبای سڕینەوە و قڕ كردن.» ئنجا عەلی حوسێنی هونەرمەند دەچێتە سەر باسی گوندەواری یۆنان و دەڵێ «خانووی گوندەكانی یۆنان هەموو سپین، بە هەمان شێوەی گوندەكانی كوردستان، بە قەدپاڵی چیا و نزار و بە نێو دەشتدا پەرت و بڵاو بوونەتەوە.» كەش و ژینگەی گوندەواری هەردوو وڵات لە نێو تابلۆكانیدا ئامادەن.

سروشت و یادەوەری

لە خوێندنەوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ ستاتیك گوتاری ئەم هونەرمەندە تێ دەگەین، هۆگرییەكی زۆر (وەك گوتمان) بە سروشت وەك ژینگەیەك كە نقومی جوانییەكی فرە ڕەنگ و فرە فیگەرە، بەدی دەكرێت، بۆیە بەشی هەرە زۆری تابلۆكانی، گواستنەوەی دیمەن و دیاردە و وێنە و ڕواڵەتەكانی سروشتن بۆ نێو چوارچێوەی تابلۆ. ئەو ناچێتە سەر چنینەوەی وردەكاریی سروشت و گوند، بەڵكوو گرتەی نیگایەكی خێرا بە ئاراستەی سروشت دەگوازێتەوە سەر ڕووبەری تابلۆ. لەم شێوازی كار كردنەشدا، ڕەنگ بەسەر فیگەر و وردەكاریدا زاڵ دەبێت. لە بەكار هێنانی ڕەنگیشدا، ئەو دەست كراوەیە، گرفتی لەگەڵ هیچ ڕەنگێكدا نییە. ئەرخەیان هەموو ڕەنگێك جێی خۆی لە نێو تابلۆی ئەودا دەكاتەوە.

سروشت و یادەوەری

كەسێك، ئەگەر بۆ ماوەیەكی دیاری كراویش بێت، لە وڵاتی خۆی دابڕێت، بەدەست خۆی نییە، یادەوەریی ئەو كەسە تاو دەستێنێت و پەردەی خەیاڵی بارگاوی دەبێت، پەیوەست بە هونەرمەند د. عەلی، ئێمە لە پۆرترێتی چەند خانمێكی كوردەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، كاتێك ئەو لە یۆنان بووە، كزەی هەست و مەیلی جوانخوازانەی شۆخ و شەنگیی كچانی كوردستانی بە زەیندا هاتووە و پۆرترێتی بۆ كێشاون. لەم پۆرترێتانەشدا هونەرمەند ئاوڕی لە وردەكاری نەداوەتەوە، بەڵكوو بە سەرنج و نیگایەكی بە پەلە، بەو شێوەیەی خۆی خواستوویەتی و لە پەردەی یادگەی ئەودا نەخشاون، سیمای جوانیی كچە كورد و پۆشاكەكەی كردووە بە تابلۆ.

گرنگە ئەوەشمان لە بیر بێت، كە گوڵ فیگەرێكە لە هەندێك تابلۆدا بووە بە بابەت، لە تێكڕای تابلۆكانی سروشتیشدا، فیگەرێكی هەردەم ئامادەیە، لە چەند تابلۆیەكیشدا، لووتكەی چیا، وەك هێمایەك بۆ شكۆ و خۆڕاگری، كراوە بە سەری هەڵۆ، هەڵۆش لە نێو كوردەواریدا هێما و نیشانەیەكی فرە واتا و فرە ڕەهەندە. واش پێ دەچێت لە داڕشتنی تابلۆدا زۆر گورج و خێرا و پەلە بێت، فڵچە لە نێوانی پالێت و ڕووبەری تابلۆدا لە دەستی عەلی حوسێندا دەكەوێتە سەما، بۆیە پەڵە و پنتی ڕەنگ خێرا خێرا داباریونەتە سەر ڕوخساری تابلۆ.

Top