باشترین شێداركەرەوەی سرووشتیی ڕوخسار پێش خەوتن
پێكهاتە سرووشتییەكان گەنجینەیەكی بەنرخن بۆ تەندروستیی پێست، لێرەدا باشترین شێداركەرەوەی سرووشتیی ڕوخسارمان بۆ هەڵبژاردوون بۆكاتی پێش خەوتن، كە وا دەكات بە پێستێكی نەرمی شێدار و ئاوریشمییەوە لە خەو هەڵبستیت، وەك:
كەرەی شیا: كەرەی شیا بە تایبەتمەندیی شێداركەرەوە بۆ پێست بە گشتی و پێستی ڕوخسار بەتایبەتی بەناوبانگە، چونكە بڕێكی زۆر چەوریی سرووشتی تێدایە، كە پڕە لە دژە ئۆكسێنەر و ترشە چەورییەكان و ڤیتامینەكان، وەك ڤیتامینەكانی E و A كە پێستی ڕوخسار شێدار دەكەن و خۆراكیان پێ دەبەخشن.
كەوچكێك كەرەی شیا لەسەر ئاگرێكی كەم گەرم بكە، تا نەرم دەبێت، پاشان مەساج بۆ ڕوخسارت بكە و بۆ ماوەی ١٥-٢٠ خولەك لەسەر پێست بەجێی بهێڵە، پاشان ڕوخسارت بە ئاوی شلەتێن بشۆ.
زەیتی زەیتون: زەیتی زەیتون ڤیتامین E ی تێدایە، وەك شێداركەرەوەیەكی سرووشتی بۆ پێستی ڕوخسار كار دەكات، یارمەتی بەرهەمهێنانی كۆلاجین و كەمكردنەوەی دەركەوتنی پەڵە دەدات، پێش خەوتن بڕێكی كەم لە زەیتی زەیتون بهێنە و بە جووڵەی بازنەیی بۆ ماوەیەك ڕوخسارتی پێ مەساج بكە، بۆ ماوەی دە خولەك چاوەڕێ بكە، پاشان وەك هەمیشە ڕوخسارت بشۆ، دەشتوانیت بە درێژایی شەو زەیتی زەیتون لەسەر ڕوخسارت بەجێ بهێڵیت.
ئامادەكردنی: شیلان عەلی