دوای دوو ساڵ ئامادەکاری نارین فەقە (دووری)ی بڵاوکردەوە

دوای دوو ساڵ ئامادەکاری نارین فەقە (دووری)ی بڵاوکردەوە

 

ماوەی دوو ساڵە هونەرمەند "نارین فەقێ" کار بۆ بەرهەمێکی نوێ دەکات، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێکەوە لە بڵاوکردنەوەی ئەو گۆرانیەدا بێدەنگی هەڵبژاردبوو.

هونەرمەند نارین فەقێ لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 دەڵێت: هەوڵمداوە ئەمجارە گۆرانییەکی کوردی رەسەن پێشکەش بکەم، کە تا رادەیەک جیاوازتر بێ لە بەرهەمەکانی پێشووترمدا بۆیە گۆرانییەکەم ناو ناوە (دووری).

سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەرهەمەکەش گوتی: گۆرانییەکە باس لە خۆشی و شادی دەکات، لە تێکستی مامۆستا ئەدیب چەلکی و ئاوازی میوزیسیانی بە توانای باکووری کوردستان هارون ئەلکییە و میوزیک پڕۆدەکشن لەلایەن سینان بۆزۆ ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: لەم بەرهەمە نوێیەدا نۆتە و ئامێری مۆسیقای کوردی تێیدا بەکارهاتووە، لەوانەش دەهۆڵ و زوڕنا، گۆرانییەکە پەیامی خۆشەویستی و نیشتمانپەروەری و دوورە وڵاتی تێدایە، واتە تێکەڵکێشە لە نێوان خۆشەویستی و نیشتمان پەروەری، پەیامێکە کە ئێمەی کورد لە هەموو سەردەمەکاندا خۆشی و ناخۆشیمان بینیووە، بەڵام خۆشەویستیمان بۆ کوردستان و ژیان وایکردووە بەردەوام بین. (دووری) تەژییە لە ئەدەب و هونەری رەسەنی کوردی.

بەگوتەی ئەو هونەرمەندە، لە شاری ستۆکهۆڵم و لە بازاڕی کۆنی ئەو شارە دەرهێنەر هەژار دهۆکی کاری دەرهێنانی کلیپەکەی ئەنجامداوە و لە هەڵبژاردنی لۆکەیشنەکان هەوڵمانداوە دیمەنەکان هاوشێوەی کوردستان بن.

باسی لەوەشکرد، ماوەی دوو ساڵ خەریکی ئامادەکردنی بەرهەمی (دووری) بووم، بەڵام هەندێک رووداو هاتنە ئاراوە بەتایبەتی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وایانکرد، کە نەتوانم لە کاتی خۆیدا بڵاوی بکەمەوە، هەرچەندە لە ئێستاشدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی سەخت و ناخۆشدا تێدەپەڕێت، بێگومان ئێمەی کوردیش لەم بارودۆخە بێبەش نین، بەڵام پێم وایە ئێستا کاتێکی زۆر گونجاوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە، رێزگرتن و بەرز راگرتنی ئاڵای کوردستان بە تەواوی لە کلیپی گۆرانییەکەدا رەنگی داوەتەوە.

Top