پێویست گرنگی بەم یارییە بدرێت

پێویست گرنگی بەم یارییە بدرێت

سێوە خەسرۆ سلێمان ڕاهێنەری كۆنگفۆشاوڵینگ لە شاری سلێمانی

پێویست گرنگی بەم یارییە بدرێت
كوردستان دەیەوێت ببێتە یەكێك لە ووڵاتانە بەناوبانگەكانی جیهان لە یارییە بەرگرییە جەنگییەكان لە داهاتوودا یاریزانانی ئەم هونەرە بە ئاڵای كوردستان بەشداری پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتییەكان بكەن، یاریی كۆنگفۆشاوڵینگ یەكێك لە یارییەكانی بەرگری و وەك هونەرە جەنگییەكان بە ناوبانگە، هەر چەندە لە شارەكانی كوردستانیش وەكو پێویست تاكو ئێستا گرنگی بەم هونەرە بەرگرییە نەدراوە، بەڵام لە شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری گرنگی زۆر بەم یارییە دەدرێت، چەندین ڕاهێنەر و یاریزانی بەتوانا هەن كەوا خەمخۆری ئەم یارییەن و دەیانەوێ ئاستی ئەم یارییە وەرزشییە وەكو ووڵاتانی جیهانی لێ بكەن و چەندین یاریزانی بەتوانایان لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان بۆ شاری سلێمانی دروست كردوە بۆ داهاتوو دەتوانن كاری گەورە ئەنجام بدەین، یەكێك لە ئافرەتە بەتواناكانی ئەم یارییەش سێوە خەسرۆ سلێمان-ە ئەو ئێستا ڕاهێنەرە لە فێرگەی كۆنگفۆ شاوڵینگ، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1998ی شاری سلێمانییە،یاری بۆ هیچ یانەیەك ناكات تەنیا لە فێرگەكەی پاوەر فلایی مەشق و ڕاهێنانەكان دەداتەوە تیپێكی كچانەش بەرێوەدەبات، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*بۆچی یاری شاولێدانیت كردە یاری دیاری كراوی خۆت؟
- وەكو هەموو یاریزانێكی ئاسی دەستم بە یاری شاولێدان كرد و ماوەی حەوت ساڵە خەریكی مەشق و ڕاهێنانم لەم یارییە.
* لەم ماوەیە زۆرە كە ئەم وەرزشە ئەنجام دەدەیت بۆچی لەگەڵ هیچ یانەیەك كارناكەی؟
- ئێمە خۆمان هۆڵی وەرزشی یاری شاول بەرگری كۆنفۆمان هەیە پێویست ناكات لەگەڵ هیچ یانەیەك كاربكەم، لە فێرگەكەی خۆمان ڕاهێنەرم لە گروپی كچان و هەندێك كات هیچ منداڵانیش دەلێمەوە، كە خۆشمان هۆڵمان هەبێت ئەوە بە پێویست نازانم بچمە شوێنێكی تر بۆ ئەم یارییە، جگە لەوەش هیچ یانەیەك نییە تایبەت بێ بە یاری شاولینگ، یانەكان گرنگی بەم یارییە نادەن.
*وەكو ڕاهێنەرو مامۆستا لەم یارییە دۆزینەوەی یاریزانان بۆ تان كارێكی قورس نییە؟
- ئێمە بەدوای یاریزانان ناگەڕێن، بەڵكو یاریزانان بەدوای مامۆستایەكی باش و فێرگەیەكی باش دەگەڕێن بۆی، بۆ ئەوەی بتوانن مامۆستایەك بە شێوازی زانستی فێری ئەم هونەرەیان بكات، خۆیان لە ڤیدیۆ و شۆشال میدیا دەماندۆزنەوە ئەوان بەدوای ناوبانگی كەسێكی باش دەگەڕێن بۆ ئەم یارییە خۆیان ڕۆژانە دەمان دۆزنەوە.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- بەداخەوە وەكو ووڵاتانی تر نییە ئێمە لە كوردستان هیچ مامۆستایەكمان نییە هونەرەكە ڕاستەوخۆ لەلای خۆیان بهێنەوە یان لە ووڵاتی چینەوە بهێنەوە، ئەوانەی هەن بە شێوەی ڤیدیۆ فێربووە یان لە مامۆستاكانیان فێربووینە بە نا ئاكادیمی، ئێمە هەوڵمانداوە بە شێوازی زانستی و ئەكادیمی گۆڕانكاری تێدا بكەین، لە قوتابخانەكان ئەوان چۆن دەخوێندرێ لای ئێمەش بە هەمان شێوەیە، شێوازە زانستیەكەی بە خەڵك بگەینن، هیچ هەولێك نەدراوە لە ووڵاتی خۆمان بۆ ئەوەی پاڵەوانێتی بۆ هۆڵەكان بكرێتەوە یان كێبڕكێ نێودەوڵەتی هونەرەكە بكەن، لە ڕووی ماددی و هونەرەكەوە گوشاری زۆرمان لە خۆمان كردوە بۆ پێشخستنی ئەم یارییە و هەمووكاتەكانی خۆمانمان بۆ ئەم یارییە تەرخان كردوە بۆ ئەوەی بتوانین باشترین پێشكەشی گەنجام بكەین.
*بۆچی وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە هونەرە بەرگرییە نادرێت؟
-بێگومان پێویست بوو وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە بدرێت، بەڵام كە گرنگی پێ نادرێت ئەوە ناكەوێتە سەر ئێمە، ئێمە هەوڵی خۆمان داوە، بەڵام بەرامبەرەكەش دەكەوێتە سەر ئەتسۆی ئەو كە ئەویش دەبێ حەزی بۆ ئەم وەرزشە هەبێت هەر مامۆستایەك یان یاریزانێك حەزێكی باشی بۆ یارییە نەبێت تۆ ناتوانی بە زۆر حەزی لای دروست بكەیت.
*بڕیارت نەداوە لەم یارییە تیپێكی كچانە بۆ شاری سلێمانی دروست بكەیت؟
- بەلێ یەكەم كچ بوومە كە گروپی كچان دروست بكەم و ئەم هونەرە بلێمەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گروپەكەمان گەورەتر دەبێت ئافرەتی زیاتر دێتە ناوی، هیوادارم لە شوێنەكانی تریش هەمان گروپ ببینمەوە، لە فێرگەكانی تر ببینم مامۆستای كچ هەبێت وانەی تایبەت بلێـتەوە.
*وەكو ڕاهێنەرێكی ئافرەت بەرنامەت چیە بۆ داهاتوو؟
-هەموو ڕاهێنەرێك بەرنامەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە، ناتوانم لێرە هەموو پلانەكانی داهاتووی خۆم ئاشكرا بكەم بۆ ئەوەی نهێنی كارەكەم بپارێزم، حەز دەكەم لە داهاتوو هونەرەكە زیاتر بەرەووپێش بچێت و فێرگەكە زیاتر گەورە بكەین، بتوانین یارمەتی زیاتری گەنجان بدەین و منداڵان زیاتر بەم وەرزشە ئاشنا بكەین.
*بڕیارت نەداوە بەشداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەن؟
-بە خۆشحاڵیەوە یەكەم كەس بووم لەگەڵ هاوسەرەكەم بەشداری پاڵەوانێتی نێودەوڵتیم كردوە پلەی زۆر باشمان هێناوە، هاوسەرەكەم سێ‌ مندالیای زێر و منیش دوو مەدالیای زێر و زیوێكم بەدەست هێناوە، پیش ئێمە هیچ كەسێك بەشداری پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی نەكردوە بەهیوای ئەوەین لە داهاتووخۆمان و یاریزانانمان بەشداری پاڵەوانێتی نێودەوڵەتیەكان بكەین.
*كێشەو گرفتی ئەم یارییە لە چی ڕەنگ دەداتەوە زیاتر؟
-كێشەو گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە ڕاهێنەرەكانە، ئەگەر ڕاهێنەرەكان كێشەیان نەبێت هۆڵەكەش كێشەی نابێت، یاریزان هەبووە هاتۆتە لامان تووشی گرفتی ئێسك و جومگە بووە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە مەشقەكانی بە هەلە ئەنجام داوە، گرفتی ئەم یارییە لە ڕاهێنەرەكانە، هیوادارم بە شێوازی ئەكادیمی و زانستیانە ڕاهێنانەكان بلێنەوەو بۆ ئەوەی تووشی گرفتی دەروونیش نەبن، چونكە یاریزان هەبووە دووچاری گرفتی دەروونی بووە و لە رێگەی ڕاهێنانی نا تەندروست، ئەم هونەرە بۆ ئەوەیە كە كەسێك ڕقەكانی لە دڵیەتی دەری بكات ببێتە كەسێكی ئاشتی خواز.
*ئامانجت چیە لەم یارییە؟
-هیوادارم وەكو هەموو ووڵاتانی ترئێمەش بتوانین یارییەكە لە ئاستێكی بەرز ئەنجام بدەین و پێشكەشی بكەین، هیچ جیاوازییەكمان نیە لەگەڵ ووڵاتانی تر، بەهیوای ئەوەم هەموو مامۆستاكان و ڕاهێنەرانی فێرگەكانی تر گرنگی بەم یارییە بدەن و پێشی بخەن .
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
- لە بەر ئەوەی هونەرەكە چەند یاسایەكی توندی هەیە، ڕاهێنانەكانی قورسن ئەمەش وادەكات كچان ورزشێكی تر هەڵبژێرن لە بڕی ئەم یارییە، بەڵام من دڵنیایان دەكەمەوە زۆر بەهێز دەبن لە یاری شاولین و لای ئێمەش رێژەی كچان كەم نییە، لە شوێنەكانی تریش كچان ئاشنا نین بەم هونەرە، ئەگەر ئاشنابن پێ زیاتر حەزی پێ دەكەن.
*گەشتێكتان كرد بۆ وولاتانی ئاسیا بۆ چ مەبەستێكی وەرزشی بوو؟
- ئەم گەشتەمان بۆ ووڵاتی سەنگاپوورە بووە بۆ كێبڕكێ بوو لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی ئەنجامی زۆر باشمان بەدەست هێنا یەكەمین فێرگەبووین كە بەشداربووین لەم پاڵەوانێتیە.
*هەوڵتان نەداوە ئەم وەرزشە بگەینە شارەكانی تریش؟
-هەوڵمان داوە بەشداری بە شارەكانی تریش بكەین، بەڵام لە ئێستادا وا دەخوازێ تەنیا لە شاری سلێمانی وانەكان بلێنەوە، لە ساڵانی داهاتوو هەوڵ بدەین لە شارەكانی تریش لق بكەینەوە، تاكو نەتوانین ڕاهێنەری بەتوانا دروست بكەین لق ناكەینەوە، چونكە ئەم هونەرە بەرپرسیاریەتییە لە سەرمان بۆ یاریزانەكانیش بە هەمان شێوەیە كە بە زانستی فێری ئەم هونەرەی بكەین.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەموو دڵسۆزییەی بەرامبەر سەرجەم وەرزشە جۆراوجۆرەكان نموونەتان زۆر بێت.

 

Top