ڕێبەر ئەحمەد لە وتاری كردنەوەی  كۆنگرەی دەستپێخەریی عێراق لە چاتام هاوس:   20ساڵ بە سەر ڕووخانی دیكتاتۆریدا تێپەڕیوە هێشتا پرۆسەی فیدڕاڵی لە عێراقدا بە ناتەواوی ماوەتەوە

ڕێبەر ئەحمەد لە وتاری كردنەوەی  كۆنگرەی دەستپێخەریی عێراق لە چاتام هاوس:     20ساڵ بە سەر ڕووخانی دیكتاتۆریدا تێپەڕیوە هێشتا پرۆسەی فیدڕاڵی لە عێراقدا بە ناتەواوی ماوەتەوە

 

 

ڕۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2023، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە وتارێك كۆنگرەی دەستپێشخەریی عێراقی لە ئامۆژگای چاتام هاوس كردەوە و، لەم وتارەدا زۆر ڕاشكاوانە دەستی خستە سەر كێشەكان و، داوای لە بەشداربووانی ئەم كۆنگرەیە كرد، بە ڕاشكاوی گفتوگۆ لەسەر كێشەكان بكەن، ئەمەش دەقی وتارەكەیەتی.

 

خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشداری دەكەم لە كۆنفڕانسی دەستپێشخەریی عێراق لە ئەمساڵدا. پێش ئەوەی دیدگە و تێڕوانینی خۆم دەر ببڕم، خوازیارم گوزارشت لە سوپاسگوزاریی خۆم بكەم بۆ چاتام هاوس، بۆ بانگهێشتكردنم بۆ پێشكەشكردنی وتەكانم. پتر لە سەدەیەكە، چاتام هاوس ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە لە برەودان بە گفتوگۆیەكی كراوە، لەبارەی پرسەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەكی لە دەرەوەی شانشینی یەكگرتوو. لە ڕێی دیالۆگی كراوەوە دەتوانین پێكەوە چارەسەری ئەو ئاڵنگارییە هاوبەشانە بكەین، كە پەیوەستن بە بنیادنانی دەوڵەت و حوكمڕانییەوە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق.

ئامادەبوونمان لێرە و لە ئەمڕۆدا ئاماژەیە بە بوونی ئەو پرسانەی كە پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە و، جەختكردنەوەیە لەسەر پابەندبوونی هاوبەشمان لەسەر هێنانەئارای ئایندەیەك، كە تێیدا پێداویستییەكانی گرووپە جۆراوجۆرەكانی عێراق دەستەبەر بكات.

ئومێدی من ئەوەیە كە ئەمڕۆ بتوانین ئەم كارە ئەنجام بدەین: واتە بەو پەڕی ڕاشكاوییەوە گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانمانەوە بكەین و، پێویستە ئەو پرسانە تاوتوێ بكەین، كە بە زۆری لە پشت دەرگا داخراوەكانەوە باس كراون.

ئێمە لە سەروەختێكدا كۆ دەبینەوە، كە نادڵنیاییەكی گەورە باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە. لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، سەرۆك وەزیران، مەسرور بارزانی لەم سەكۆیەدا وتەیەكی پێشكەش كرد و هۆشداریی دا، لەوەی هێشتا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆكارێكی پێشبینی نەكراوی ڕووداوەكانی جیهانە و، ئەوەش سەلمێندراوە كە دەكرێت ببێتە سەرچاوەی شڵەژانێكی گەورەی جیهان. ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەی بە بیر هێناینەوە، كە تووشی چ دەرئەنجامێك دەبین، كاتێك ئاوڕ لەم ناوچەیە نادەینەوە و خۆ بە دوور دەگرین لە چارەسەركردنی كێشە ڕیشەییەكانی و، جەخت لەسەر چارەسەركردنی نیشانەكان دەكەینەوە، و هەوڵی بێدەنگكردنی ئەو پرسانە دەدەین، كە زۆربەی كات گفتوگۆكردنی ئاشكرا لەبارەیانەوە، حاڵەتێكی باو و بڵاو نەبووە.

عێراق بەدەر نەبووە لەم ئاڵنگارییە.

بیست ساڵ زیاتر تێپەڕیوە بەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆریدا، بەڵام هێشتا بەرەوپێشچوونی عێراق بە ئاراستەی سیستمێكی فیدڕاڵی تا ڕاددەیەكی زۆر بە ناتەواوەتی ماوەتەوە.

دەستەبەرییە دەستوورییەكانی پەیوەست بە بەرگرتن بە كارەساتەكانی ڕابردوو و نادڵنیاییەكانی ئایندە بۆ كورد و سوننە و شیعە، ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئاشكرا بوونەتەوە. تەنانەت هەندێ لەم بڕگانە بە تەواوەتی پێچەوانە كراونەتەوە، ئەمەش بووەتە هەڕەشە لەسەر هاوكێشەی دابەشكردنی دەسەڵات لەگەڵ هەرێمی كوردستان، و لاوازكردنی ئەو دەستوورەی كە تێكڕای لایەنەكان بە چەشنێكی ئارەزوومەندانە لە ساڵی 2005دا پەسەندیان كرد.

هێشتا كار و كۆششی زۆر ماوە بۆ هێنانەئارای ئاڵوگۆڕێكی تەواو لە مێژووی دوور و درێژی مەركەزییەت لە عێراقدا بەرەو سیستمێكی تەواو فیدڕاڵی. بۆی هەیە بەدەستهێنانی بەرەوپێشچوون لە پەیوەندی بە ناكۆكییەكانی پەیوەست بە خاكەوە، بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئاماژەی نییەتپاكی بە خێزانی كورد بدات، كە بەردەوام ڕووبەڕووی دەركردن دەبنەوە لە زێدی باوباپیرانیان لە كەركووك.

پێكهێنانی بەشی دووەمی دەسەڵاتی یاسادانان، یان ئەنجومەنی ئیتیحادی، دەبێتە هۆی پتەوكردنی سیستمی فیدڕاڵ، یاسای دابەشكردنی داهات دەبێتە هۆی ئەوەی هەر گرووپێك پشكی خۆی لە ئایندەدا دەستەبەر بكات، ئەمەش بۆی هەیە ئەو متمانەیە بهێنێتەئاراوە كە لە ئێستادا لە ئارادا نییە.

ئەم سووڕی بێ متمانەییە شایستەی ئەوەیە وردتر لێی بڕوانرێت.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئارامگر بووین، بەڵام ئەنجامدانی ئەركەكانمان نەبووەتە هۆی دەستەبەركردنی مافی مانادار بۆ ئێمە و بە بەردەوامی ئەو ڕێككەوتننانە پێشێل كراون، كە بە هۆیانەوە دەبوو پشكی مانگانە لە بودجەی فیدڕاڵی بەدەست بهێنین و لە ئەنجامدا مافە بنەڕەتییەكانی هاووڵاتیبوونمان لێ زەوت كراوە.

لە كاتێكدا من لێرەدا وەستاوم، دوای تێپەڕبوونی بیست ساڵ لە ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو، ناتوانم خۆم لەو هەستە لابدەم كە گەلەكەم، بە چەشنی سەرجەم عێراقییەكان، شایستەی باشترینە.

ئێمە هەموومان ئاواتەخوازی سیستمێكی فیدڕاڵی بووین، كە لە سایەیدا هەمووان بە چاوپۆشین لە پاشخانی ئیتنی، یان ئایینییان لەو مافانەی قابیلی زەوتكردن نین و لە سوودە ئابوورییەكان و لە ئاسایشی تاكەكەسی بەهرەمەند بن. بەڵام ئەمە ڕووی نەداوە.

لە هەندێ كاتدا، وا دەركەوتووە كە هەر گرووپێك ناچار بووە، بەرگری لە خۆی بكات، لە پێناو دەستەبەركردنی ئایندەی خۆیدا، ئەویش بە پشتبەستن بە نییەتپاكیی سیاسەتمەدارانی عێراق، یان تەنانەت خراپتر، سیاسەتمەدارانی دەوڵەتە دراوسێكان. ئەمە بەربەستی بۆ بەرەوپێشچوون بە ئاراستەی پتەوكردنی ئاسایشی عێراق دروست كردووە. ئەمەش بە ڕوونی بەرجەستە بووە، لەوەی لە ئێستادا بووەتە ڕۆتینێكی دووبارەبووەوەی هێرشەكانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەمە مەترسیشی دروست كردووە، لەسەر بەرەوپێشچوونی بارودۆخی دوای داعش، لەگەڵ مەترسیی ئەوەی ئاپۆڕای ئاوارەبوونی خێزانەكان دروست ببێتەوە.

پرسی ئێزدییەكان بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، ڕێككەوتنی شنگال كە زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر واژۆ كرا، تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، گرووپە چەكدارەكان و میلیشیاكان و پەكەكە، بەردەوامن لە داگیركردنی ناوچەكە، هێشتا حكومەتێكی لۆكاڵی هەڵنەبژێردراوە و ماوەیەكی دوور و درێژە ئێزدییەكان لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەدان بۆ سەر زێدی باوباپیرانیان و چاویان بڕیوەتە ئایندەیەك كە تێیدا بە شكۆ و سەلامەتییەوە ژیان بەسەر بەرن، ئایندەیەك كە بە پێی خواستی خۆیان دروستی بكەن.

ئاسانە بڵێین ئەگەرەكان دژی عێراقن، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستان هێشتا باوەڕمان وایە كە دەكرێت پێشكەوتنی ڕاستەقینە بەدەست بهێنرێت، ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین، كە نابێت خاڵی دەستپێك مشتومڕكردن بێت لەسەر گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ عێراقی پێش فیدڕاڵی، یان كۆتاییهێنان بەو پارێزگارییانەی دەستوور دەستەبەری كردوون، بەڵكو دەبێت خاڵی دەستپێك بیناكردن بێت لەسەر ئەوەی بەدەست هێنراوە. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین، بۆ ئەوەی بە لەخۆبوردووییەوە لەو شكستانە بڕوانین كە لە ساڵی 2005ـەوە ڕوویان داوە، و بە ڕاشكاوییەوە گفتوگۆ بكەین لەبارەی ئەوەی دەتوانرێت بگۆڕدرێت و، باشترین ڕێگەچارە بۆ ئەم مەبەستە دیاری بكەین. بێجگە لە چاتام هاوس ناتوانم بیر لە دامەزراوەیەكی دیكە بكەمەوە، كە بتوانێت سەكۆیەكی باشتر دەستەبەر بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەم پرس و بیرۆكانەوە.

من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەشداریكردنم لەوەی كە دڵنیام لە ماوەی یەك دوو كاتژمێری داهاتوودا مشتومڕێكی بەرهەمدار دەبێت.

زۆر سوپاس.

 

 

Top