روونکردنەوەیەک لە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە

روونکردنەوەیەک لە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە

 


بەر لە چەند ڕۆژێک پەیجێک بە ناوی (زەردەشتییەکان) قسەیەکیان بە ناوی من گوایە ژمارەی پێڕەوانی ئایینی زەردەشتی کردووە.

لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە کە بە هیچ شێوەیەک باسمان لە هیچ ژمارەیەک نەکردووە کە لە کوردستان ئایینی خۆیان گۆڕی بێت، ئاشکرایە لە هەرێم هیچ سەرژمێرییەک ئەنجام نەدراوە بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووان پێکهاتەکان بە فەرمی بزانرێت و ئەو ژمارانەی کە بڵاویش دەکرێنەوە فەرمی نین، بەڵکو پێڕەوانی ئایینەکان خۆیان بڵاویان دەکەنەوە.

ئێمە هەمیشە بە شانازییەوە دەڵێین هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە تیایدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بە ئازادی دەژین مافەکانیان بەپێی یاسا پارێزراوە.

لەرووی ئیدارییەوە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێکهاتە ئایینیەکانی (ئێزدی، كریستیان، جوو، كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی، سابیئە مەندائی) نوێنەرایەتییان هەیە، لەلایەکی دیکەو بەڕێوەبەرایەتی (پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکان) دامەزراوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکسانی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات.

لێرەوە داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەم بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکانیشەوە پابەندبن بە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە شێوەیەکی دروست و ورد.

یاسای کاری ڕۆژنامەوانی روون و ئاشکرایە لەم روانگەیەوە، لە هەمان کاتدا بوونی یاسایەک بۆ رۆژنامەنووسی ئەلیکتڕۆنی بە گرنگ دەزانین بە مەبەستی رێکخستنی ئەم بوارە.

Top