پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ... 197 لیستێكە بۆ پێكەوەژیان و ئارامی و خۆشگوزەرانی

پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان  ...  197 لیستێكە بۆ پێكەوەژیان و ئارامی و خۆشگوزەرانی

 

پارتی لەكوێ بێت خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری و پێكەوەژیان لەوێیە

 

 

 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە هاوكاتە لەگەڵ وەرگرتنەوەی بارەگا و لق و ناوچەكانی پارتی، گەرموگوڕییەكی زیاتر بە هەڵبژاردنەكان دەدات و، ئومێدێكیش بۆ هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەتایبەتیش لە ناو كورددا دروست بووە، بەوەی كۆتایی بەو زوڵم و پەراوێزخستنە بێت، كە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە خەڵكی كەركووك و تەواوی ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستووری تووشی بوون. پارتی دیموكراتی كوردستان كە مێژوویەكی دەوڵەمەندی لە خەبات و قوربانیدان لەپێناو ئازادی و ڕێزگرتن لە پێكەوەژیان و لێبووردەییدا هەبووە، سەلمێنەری ئەوەیە پارتی لە هەر ناوچەیەكدا دەسەڵاتی هەبووبێت، ئاوەدان و سەقامگیر و ئارام بووە، یاسا سەروەر بووە و، هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بە كورد و عەرەب و توركمان و كلد و ئاشووری و ئایینزاكان، موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی و...هتد، بێ هیچ گرفت و كێشەیەك مومارەسەی بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەكانیان كردووە. لە شارێكی وەكو كەركووك كە مەلا مستەفا بارزانی بە دڵی كوردستانی داناوە، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارێزگارێكی بە زۆر سەپێندراو دانراوە و، كورد لە هەموو ماف و ئازادییەك بێبەش كراوە، تەنانەت ڕێگە نەدراوە ئاڵای كوردستان لە قوتابخانە و دامەزراوەكان و بگرە بارەگا حزبییەكانیشدا هەڵبواسرێت.

ئەمڕۆ دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەناو لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا هەیە و، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەكی باشیان هەیە و ڕێگەیان نەداوە ئاستەنگەكانی بەردەم نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەمپەر بێت، لە بەردەم لێكتێگەیشتن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان، باشترین دەرفەت دەست كورد و پێكهاتە ڕەسەنەكانی كەركووك و مووسڵ و دیالە و تكریت و خانەقین كەوتووە، كە بە دەنگدان بە كاندیدەكانی پارتی، كۆتایی بەو هەموو زوڵم و تەعریب و گرفت و كێشانە بهێنن، كە ڕووبەڕووی خەڵكی بەشمەینەتی ئەو ناوچانە بووەتەوە.

لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە سەرجەم نەتەوەكانی كورد و عەرەب و توركمانی پێك هاتووە، ئەو پێكهاتانەش باش دەزانن كە پارتی هەڵگری پەیامی خۆشەویستی و برایەتی و ئاشتییە، پارتی لە هەر كوێیەك بێت، خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بۆیە لەم هەڵبژاردنەوە ئەنجومەنی پارێزگاكاندا پارتی پەیام و پڕۆژەی بۆ خەڵكی پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك و دیالە هەیە و، ناوی كاندیدەكانیشی لەو ڕوانگەیەوە هاتووە، كە پارتی بڕوای بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئاشتی هەیە، كەركووك و مووسڵ و دیالە لای پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگیی لە ڕاددە بەدەری هەیە و، بە درێژایی ئەو هەموو ساڵەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر تەنیا بۆ یەك ساتیش ئامادە نەبووە، سازش لەگەڵ كەسانێكدا بكات، كە شۆڤێنییانە هەڵسوكەوتیان دەكرد و، دامەزراوەكان و جومگە سەرەكییەكانی ئەم پارێزگا و شار و ناوچانەیان بۆ خۆیان كۆنتڕۆڵ و قۆرخ كردووە. پارتی لە پێناو دەستەبەركردنی مافەكان هەموو پێكهاتەكاندا تێدەكۆشێت، هەر بۆیە بە كردار لە ناو لیستی ژمارە 197دا كاندیدی كورد و عەرەب و توركمان هەیە، تەنانەت لەو سەردەمانەشدا كە پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی ئەم شارانە بووە، ڕۆڵی هەبووە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو سەردەمانەش زۆر لە جومگە سەرەكییەكانی دامەزراوەكان بەدەست حزب و لایەنی سیاسیی دیكەوە بوون.

پارتی بە درێژایی خەباتی دانەبڕاوە لە دەشتی نەینەوا و ئازار و مەینەتییەكانی كوردی ڕەسەنی ئێزدی و كەركووكییەكان و خانەقین و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی ماددەی 140ی دەستوور، لەو كاتانەشی پارتی دەنگی زۆرینە بووە، بڕوای بە كاری دەستەجەمعی و تەبایی و یەكگرتوویی هەبووە و، لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەدا پێكەوە كاری سیاسییان كردووە. بۆیە كاندیدەكانی پارتی هەرچەندە وێنە و پۆستەرەكانیان دەدڕێنن و بە تیرۆری فكری هێرش دەكرێتە سەریان، بەڵام ئەوان بە ئیرادە و بوێرییەكی پۆڵایینەوە ئومێدیان بە دەنگەكانی نیشتمانپەروەر و خەڵكی مافخوراوی ئەم ناوچانە زۆرە، كە جارێكی دیكە پارتی بگەڕێتەوە و خەباتی مەدەنییانە و خزمەت پێشكەشكردن ئەنجام بدات. پارتی مەبەستیەتی دەنگدەری كورد دەنگ بە كاندیدەكانی حزبێكی كوردستانی بدات، كە مێژووی خەبات و قوربانیدان سەلمێنەری ئەوەن دروشمەكانی دەكاتە كردار و، لە خزمەتی پێكەوەژیان و ئاشتی و كاری دەستەجەمعی و تەبایی نێوماڵی كورددایە، شانازییە بۆ پارتی كە لە هەركوێ بێت، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری و ئارامی لەوێیە.

گۆڤاری گوڵان لەم ژمارەیەدا چەند دیدارێكی لەگەڵ كاندیدەكانی لیستی ژمارە 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان سازداوە، لێرەدا پوختەی وتەكانیان بڵاو دەكەینەوە.

 

 

 

ڕاڤە عومەر ڕۆژبەیانی

كاندیدی ژمارە 1ی لیستی (197)ی

پارتی دیموكراتی كوردستان

لە پارێزگای نەینەوا:

 

پارتی قسە و كرداری یەكە، بۆیە داواكارم لە هاووڵاتیان بە دەنگی خۆیان خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و ئارامی بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن و دەنگ بە كاندیدەكانی لیستی ژمارە 197 بدەن

 

پارتی دیموكراتی كوردستان فریادڕەسی خەڵكی پارێزگا و دەشتی نەینەوایە و لە كاتی هێرشی داعشدا، لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی هەموو دەروازەكان بە ڕووی خەڵكی نەینەوادا واڵا كران و هاوكاری و یارمەتی دران. بارزانی بۆ كوردانی ئێزدی و شەبەك و تەواوی نەتەوەكانی دیكەی عەرەب و توركمان و مەسیحی، سەركردەیەكی مێژووییە و بە كردار سەلماندوویەتی تاچەند لەگەڵ ئاساییبوونەوە و ئاوەدانكردنەوەی شار و شارۆچكەكانی نەینەوادایە. ڕاڤە عومەر ڕۆژبەیانی كاندیدی ژمارە 1ی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم بارەیەوە گوتی: «پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا حزبێكی ئاسایی نییە، كە كاری سیاسی بكات، بەڵكو هەمووان لەم حزبەدا لە دەوری سەرۆك بارزانی كۆبووینەتەوە بۆ خزمەتكردن و هاوكاریكردنی خەڵكی لێقەوماو و پاراستنی ئارامی و ئاسایش، لە قۆناغە سەختەكاندا كە عێراق و ناوچەكە و كوردستان و بەتایبەتی پارێزگای مووسڵ پێیدا تێپەڕ بوو، ئەوە سەرۆك بارزانی بوو، بە كردەوە سەلماندی كە فریادڕەسی خەڵكی نەینەوا بووە، بەبێ جیاوازی، ئەو ئەندازیاری پێكەوەژیان و لێبووردەیییە و كار دەكات بۆ دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی، لەم ڕوانگەیەوە هەر لیستێك بارزانی و پارتی داینابێت، ڕەچاوی ئەم موزایكیەی نەتەوە و ئایین و ئاییینزاكانی كردووە و، كەسانی دەستپاك و دڵسۆزی تێدا بووە. من وەكو كاندیدی ژمارە (1) لە لیستی 197 لە پارێزگای نەینەوا، كە خۆم لە بواری خزمەتگوزاریدا كار دەكەم، باش ئەو ڕاستییە دەزانم، كە چاودێری و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان چەند گرنگە، چونكە كاتێك هاووڵاتیان ڕەخنە و داواكارییان هەیە، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، ئەوە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانە دەبێت ئەو خواست و داواكارییە بگەیەننە دامەزراوەكانی حكومەت و، بەردەوام چاودێری و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بكەن، بۆیە هەمووان ئەو ڕاستییە باش دەزانن، چەندە پارتی دیموكراتی كوردستان و كادیر و پێشمەرگەكانی لە ناوچەیەك زیاتر بن و نفووزیان هەبێت، ئەوا بێگومان ئەو ناوچەیە جیاوازترە لە ناوچەكانی دیكە و، خەڵكەكەشی هەست بە ئارامی و سەقامگیریی زیاتر دەكەن، ئەی ئەوە نییە هەرێمی كوردستان بووەتە پێگەیەك بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی و لە هەر ناوچەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قوربانی و ئاوارە هەبێت، ڕوو لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەكەن. پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرپرسیارێتی هەڵنایەت و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان دەدات، بە پێچەوانەی زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی دیكەوە كە تەنیا بە دروشم و فرمێسكی تیمساحی پڕوپاگەندە دەكەن و خەڵكی فریو دەدەن، پارتی قسە و كرداری یەك،ە بۆیە لەلایەن زۆر لەو حزب و لایەنە سیاسییانەوە كە بە درۆ بانگەشەی خزمەتی خەڵكی دەكەن، دژایەتیی توندی دەكرێت، دەنگدەر و هاووڵاتیان دەتوانن ئەم جارە ئەو دەرفەتەمان بدەنێ و دەنگمان بدەنێ، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین كە كادیرەكانی پارتی و كاندیدەكانی چ خزمەتكارێكی میللەتن، بەتایبەتی لە نەینەوا و دەشتی مووسڵ و گوێڕ و قەزا و ناحیەكانی پارێزگایەك، كە زەمەنێكی زۆرە بە دەست كەمیی خزمەتگوزاری و نائارامییەوە دەناڵێنێت و، پێویستی بەوە هەیە كە ئاوڕێكی لێ بدرێتەوە.

 

 

 

 

مامۆستا ئارەزوو جەبار شوانی

كاندیدی ژمارە 12ی لیستی 197ی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان:

 

لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی بارزانی وا چاوەڕوان دەكرێت، باشترین و زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدەست بهێنین

 

كەركووك و پارتی لەسەرجەم قۆناغە مێژووییەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستاندا ئاوێتەی یەكتر بوون، شۆڤێنییەكان و نەیارانی كورد مەترسییەكی زۆریان هەبوو لە گەڕانەوەی بارەگا و لق و ناوچەكانی پارتی، چونكە دەزانن تەنیا حزبێك لە كوردستاندا سازش لەسەر كوردستانییەتی ئەو شارە ناكات و لە 16ی ئۆكتۆبەر ئامادە نەبوو، لە ژێر دەسەڵاتی پارێزگارێكی سەپێندراو و میلیشیاتە چەكدارەكاندا بمێنێتەوە، پارتیی بوو، لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا ترسێكی زۆر لە نەیارانی كورد نیشتووە، بەوەی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگێكی زۆری ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بهێنن. بۆ قسەكردن لەسەر ڕۆڵی پارتی لە كەركووك و پەیامی كاندیدەكانی پارتی، گۆڤاری گوڵان لێدوانێكی لە مامۆستا ئارەزوو جەبار شوانی كاندیدی ژمارە 12ی لیستی 197ی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای كەركووك وەرگرت، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە كەركووك و كەركووكییەكان لە بارودۆخێكی نایاسایی و سەپێندراوی چەكداریدان و لە هەموو مافەكانیان بێبەش كراون، خزمەتگوزارییەكانی ئەم شارە پشتگوێ خراون، بەتایبەتی لە گەڕەكە كوردییەكان، ژمارەی فەرمانبەران و پۆستە ئیدارییەكان بۆ پێكهاتەی ڕەسەنی كورد لە كەركووك زۆر كەم بووەتەوە، هەمووشتان بینیتان كاتێك گەنجەكانی كورد لە ڕێپێوانێكی ئاشتیدا چۆن گوللەباران كران، ڕۆژانەش جووتیارانی كورد لەم پارێزگایە دەكەونە بەردەم هەڕەشە و لێسەندنەوەی زەوییەكانیان، ئەمەش هەمووی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ڕووی دا، ئەو دەمەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زەبری هێز داگیركران، لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت بۆ یەك ڕۆژ و لە هیچ وێستگە و ڕووداوێكدا نەبووە پارتی حزووری بەهێزی نەبێت، پارتی تەنانەت بەرگری لە مافی توركمان و عەرەب كردووە و ڕێزی زۆریشی لێ گرتوون، بەو پێیەی پارتی لەسەر ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانی كار دەكات و، بەرگریكارە لە سەرجەم پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی، بۆیە ئەركی سەرشانی هەموو كورد و كوردستانییەك و تەنانەت پێكهاتەكانیشە دەنگ بە حزبێك بدەن، كە سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتی دەكات و، كار بۆ پێكەوەژیان و ئارامی و سەقامگیری دەكات، ئەوەتا تەنانەت كاتێك بارەگای سەركردایەتی كە مافی خۆی بوو، بەپێی یاسا وەری بگرێتەوە، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی كەركووكییەكان و بە بێ جیاوازی پێشكەشی زانكۆی كەركووكی كرد.

ئەگەر كورد دەنگ بە منی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بدات، ئەوا گەڕانەوەی مافی كوردان و ڕێزگرتن لە هەموو پێكهاتەكان لە ڕیزبەندی كارەكانمدا دەبێت، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر ئەو متمانەیەم پێ بدەن، ئەوا لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا پارێزەری سەرسەختی باشبوونی باروگوزەرانی خەڵك و ئاوڕلێدانەوە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و دامەزراندنی گەنجەكان دەبم بەبێ جیاوازی. ئێمەی كادیرانی پارتی سەرۆك مەسعود بارزانی فێری كردووین لە خزمەتی هزری نەتەوایەتیدا بین، دۆسێی كەركووك لە پەرلەمان و لە ناو هێزە سیاسییەكان و لە دامەزراوەكانی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی سەرشانی سەرەكی ئێمەیە.

ئەوەندەی لە توانامدا بووبێت خزمەتی نەخۆشخانەی شێرپەنچەم كردووە، بۆیە لەم كاتی دەنگدانمدا گرنگییەكی زۆر بەم نەخۆشخانەیە و نەخۆشەكان دەدەم و پێم وایە كەرتی تەندروستی لەم شارەدا بە شێوەیەكی زۆر خراپ پشتگوێ خراوە. بەداخەوە لە پارێزگایەی كەركووكدا لەبەر نەبوونی دەرمان و چارەسەری لە نەخۆشخانەی شێرپەنچە، خەڵكی كەركووك ڕوویان لە نەخۆشخانەی هیوا و نانەكەلی كردووە. خۆشبەختانە تێكڕای كورد لە شاری كەركووك دڵخۆشە بە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی، دوای ئەوەی لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە لەبەر هەڵوێست و ڕۆڵی پارتی لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان داگیریان كردبوو. ئێمەی كاندیدانی لیستی ژمارە 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵێنمان داوە، چاونەترسانە و زۆر بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە خزمەتی پرسی نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بكەین، هەر بۆیە لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی سەرۆك بارزانی وا چاوەڕوان دەكرێت باشترین و زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدەست بهێنین. لەسەرجەم هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی كادیر و كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بە هێمنی و دوور لە هەموو گرژی و توندوتیژییەك بووە، پارتی ڕێز لە هەموو بیروبۆچوون و هەڵوێست و ئایدیۆلۆژیاكان دەگرێت، ئەوەتا بەرانبەر بە وێنە دڕاندنی پۆستەرەكانی كاندیدەكانی پارتی هیچ كاردانەوەیەكی توندوتیژمان نییە، ئێمە بڕوامان وایە لە ڕووی كردارەوە خزمەتكار بین، نەك تەنیا خۆمان سەرقاڵی دروشم و ڕێكلامكردن بكەین. من بڕیارم داوە هەرچی وێنەیەكم دڕاوە و لابراوە، چیتر وێنە و پۆستەر دانەنێمەوە، بەڵكو ماڵ بە ماڵ و ڕاستەوخۆ لەگەڵ كورد گفتوگۆیەكی هێمنانە بكەین و لە خزمەتی خەڵكی خۆماندا بین.

 

 

 

 

 

مامۆستا حەسەن مەجید 

كاندیدی ژمارە 1ی سەرۆكی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك بۆ گوڵان:

 

دەنگدان بە لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگدانە بۆ ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و پێكەوەژیان و ساڕ ێژكردنی برینەكانی 16ی ئۆكتۆبەر

 

ساڕێژكردنی برینەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ناسەقامگیری و نائارامی لە كەركووك بە دەنگدان دەبێت بە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پارتەی لە سەرجەم ناوەندەكان و دامەزراوە پەرلەمانی و حكومی و جەماوەرییەكاندا كار بۆ پێكەوەژیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری دەكات بۆ كەركووك، گۆڤاری گوڵان لێدوانێكی لە مامۆستا حەسەن مەجید كاندیدی ژمارە 1ی لیستی 197ی كەركووك وەرگرت. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

هیچ لایەن و حزبێكی سیاسی لە پێش پارتی قوربانیی بۆ كەركووك نەداوە. مەلا مستەفا بارزانی لەپێناو كەركووكدا ئامادە نەبوو سازش بۆ دەسەڵاتی ئەو كاتی عێراق بكات، كەركووك لای ڕێباز و عەقیدەی بارزاندا بووەتە ڕەمز، چونكە ئەو ڕێبازە لە هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و خزمەتكردنی خەڵكەوە سەرچاوەی گرتووە، سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆك و سیمبولی نەتەوەیی كورد، ئەو هەموو خەبات و قوربانییەی دا و ڕووبەڕووی گەورەترین هێز و نەیارانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەوە، هەمووی لەپێناو كەركووك و خەڵكەكەیدا بووە و، بارزانی ئامادە نەبوو، دەست لەسەر بستێك خاكی پیرۆزی كەركووك هەڵگرێت. خزمەتكردنی بارزانی بۆ كەركووكییەكان تەنیا بۆ گەلی كورد نەبووە، بگرە بۆ هەموو پێكهاتەكانی بە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەوە بووە، ئەوەتا لەناو لیستەكەیدا لە هەموو نەتەوەیەكی خەڵكی ناو كەركووك كاندید هەیە. هەموومان شەڕی داعشمان لەبیرە كە جەنابی بارزانی خۆی هاتە كەركووك بۆ بەرگریكردن لە خەڵك و ڕێگەی نەدا ئەو شارە بكەوێتە ژێر دەستی داعشەوە، بۆیە دروشم و پەیامی ئێمە لە لیستی 197 جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوورییە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی كەركووك و پاراستنی لە هەموو ململانێیەكی مەزهەبی و میلیشیاتی و گەڕانەوەی مافی خەڵكەكەی، ناكرێت چیتر جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە وا دوابخرێت و شاڵاوی تەعریبكردنی كەركووك بەردەوام بێت، جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستوورییە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ سەقامگیری و ئارامی لە هەموو عێراقدا، بۆیە پارتی ئەم جارە لە ڕێگەی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا كار بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكان دەكات و كار بۆ سەقامگیری و ئارامیی خەڵك دەكات.

خاڵێكی دیكەی گرنگ بابەتی جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانە كە كەركووك زۆر لێی بێبەش بووە و لە زۆر ڕووەوە فەرامۆش كراوە، هەروەها ئێمە لە لیستی ژمارە 197 پەیامی هاریكاری و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانمان پێیە، پەیامێك پارتی بە كردار سەلماندوویەتی كە پارێزەری پێكەوەژیان و لێبووردەییە، نەك تەنیا لە ناو كوردستاندا بەڵكو لەناو هەموو عێراقدا، ئامانجی لیستی 197ی پارتی خۆشگوزەرانی و دابینكردنی هەلی كارە بۆ هەمووان و گرنگیدانە بە خوێندنی كوردی لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، من لە بیرمە كاتێك كەركووك ئازاد كرا و ڕژێمی بەعس كۆتایی هات، ئەمریكییەكان پێیان دەگوتین نابێت ژمارەی قوتابخانە كوردییەكان لە شارەكەدا زیاد بێت، ئەوە پارتی بوو كە فشاری هێنا و لە ڕێگەی دامەزراندنی مامۆستایان و دابینكردنی پێداویستیی قوتابخانەكانەوە پەرەی بە خوێندنی كوردی لە كەركووك دا، كە 535 قوتابخانە لە شاری كەركووك و دەوروبەری بە زمانی كوردی كرایەوە، پێشكەشكردنی بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی بە زانكۆی كەركووك، جوانترین و نزیكترین بەڵگەیە بۆ خزمەتكردنی كەرتی خوێندن لە كەركووكدا لەلایەن خودی سەرۆك بارزانییەوە، بەڕێزیان خۆی بە پێشمەرگە و پارێزەری حەرەمی زانكۆ دەزانێت، بۆیە دەنگدان بە لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگدانە بۆ ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و پێكەوەژیان، با ئەوەی لە هەولێر و دهۆك و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كراوە، بگاتە كەركووك و كەركووكییەكان بۆ ساڕێژكردنی برینەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.

 

 

 

 

مافپەروەر جەمیل سەفوەك موراد 

كاندیدی ژمارە 21ی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا بۆ گوڵان:

 

داوا لە كوردانی ئێزدی دەكەم بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 197ی پارتی بدەن كە داكۆكیكار و پارێزەری مافەكانی كوردانی ئێزدییە

 

كوردانی ئێزدی سەرۆك بارزانی و پارتی بە داكۆكیكاری ڕاستەقینەیان دەزانن، ئەوان باش دەزانن پارتی واتا پارێزەری پێكهاتەكان و ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاكان و واتای پێكەوەژیان و لێبووردەییە، لە ژیانی ئاوارەیی و لە كاتی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدیدا، ئەوە بارزانی بوو هەموو سنوورەكانی واڵا كرد و خێزانەكانی كوردانی ئێزدیی لەئامێز گرت، لە ئێستاشدا بە گەڕانەوەی پارتی بۆ ناوچەكانیان و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان، شنگال و دەوروبەری ئاوەدانی و سەقامگیری بەخۆیانەوە دەبینن، چونكە تا گرووپ و هێزی نانیزامی و بیانی لە شنگالدا بێت، مەرگەساتی كوردانی ئێزدی بەردەوام دەبێت، گۆڤاری گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ مافپەروەر جەمیل سەفوەت موراد كاندیدی ژمارە 21ی لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا ساز دا. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

هەڵبژاردن لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە مومارەسەی دیموكراتی و مافی سرووشتی و ئاسایی تاكەكانە، بۆ دەنگدان بەو كاندید و لایەنەی كار دەكەن بۆ گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پاراستنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران، پارتیش لەم پێناوەدا سەلماندوویەتی كە لەسەر ڕێبازی بارزانی ڕێز و خۆشەویستی بۆ سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی لە كوردستان و عێراقدا هەیە. پارتی پەیوەندییەكی ڕۆحیی لەگەڵ خەڵكی نەینەوا و بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا هەیە، لە كاتی هێرشەكانی داعشدا سەرۆك بارزانی پارێزگاری لە سەرجەم خەڵكی مووسڵ كرد و جیاوازیی نەكرد لە نێوان كورد و عەرەب و مەسیحی و ئێزدی و موسڵمانێكدا، بۆیە خەڵكی مووسڵ بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵ و پێگەی بارزانی لە دەشتی نەینەوا و پارێزگاكە بەگشتی. لەم هەڵبژاردنەشدا كە پارتی بە لیستێكی بەهێز بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەكات، كە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێكهاتەكان لەخۆدەگرێت و چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری دەكات، بە هەمان شێوەش بەرگری لە چارەنووسی ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی نەینەوا و دەشتی مووسڵ دەكات، چونكە پارتی لە كوێ بێت، ئاوەدانی و هەلی كار و خۆشگوزەرانی لەوێ هەیە.

من وەكو كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێم: دەنگدان بە پارتی گەڕانەوەی ئەمن و ئاسایش و پاراستنی كوردانی ئێزدییە لە شنگال و ناوچەی دەشتی نەینەوا، پارتی لەپێناو گەڕانەوەی چیای شنگال و شاری شنگالدا شەهید و قوربانیی زۆری پێشكەش بە خەڵكی شنگال و دەشتی نەینەوا كرد، هەروەكو چۆن لە ژیانی ئاوارەییدا سنوورەكانی كوردستانی واڵا كرد، لە بەردەم كوردانی ئێزدی و پاراستنیاندا، لە ئێستاشدا پارتی لە ڕیزبەندی یەكەمی هێز و لایەنە سیاسییەكان دێت، كە بەرگری لە مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی شنگال و دەشتی نەینەوا دەكات.

دەنگدان بە لیستی پارتی، شنگال و تەواوی ناوچەكانی كوردانی ئێزدی ئاسایی دەكاتەوە و شوێنی ژیانیان ئاوەدان دەكاتەوە و ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی كوردانی ئێزدی دەكات بۆ ناوچەكانیان، كە گرووپی چەكدار و هێزی بیانی تێیدا ڕێگرن لە بەردەم ئەم خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئاساییكردنەوەیەدا، هەر بۆیە ئاستەنگیان لە بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال داناوە، ئەمەش وا دەكات، هەموو ئەو هێزە نانیزامی و بەدەر لە یاسایانە ناوچەكانمان پەلكێشی شەڕێكی ئیقلیی بكەن و ئەوەش وڵاتێكی وەكو توركیا وا لێ دەكات، بەردەوام بێت لە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی بۆ بۆمببارانكردن، كە یەكێكە لە گەورە وڵاتانی ئەندام لەناو هێزی ناتۆدا، ئێمە لە ژیانی ئاوارەیی و پڕمەینەتیدا پارتی فریامان كەوت، بۆیە داوا لە كوردانی ئێزدی دەكەم بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 197ی پارتی بدەن، كە داكۆكیكار و پارێزەری مافەكانی كوردانی ئێزدییە، كاندیدەكانی پارتی دەتوانن ڕۆڵی پارێزەر و بەرگریكار لە كوردانی ئێزدی و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكە بگێڕن، چەندە كاندیدەكانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ژمارەیان زیاتر بێت، ڕۆڵیان لە ناو حكومەتی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا زیاتر دەبێت و كاری زیاتر دەكەن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و بۆ گەیاندنی دەنگ و داواكاریی كوردانی ئێزدی بە پارێزگا و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ.

 

Top