لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكەوە ژیان هاوبەشی خۆشگوزەرانی  

لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان  پێكەوە ژیان هاوبەشی خۆشگوزەرانی   

 

هەڵبژاردنی ئەم جارەی پارێزگاكان، بە پارێزگا و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیشەوە، هەڵبژاردنێكی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، بەتایبەتی كە ماوەی دوو ساڵە بە بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشێندراونەتەوە و پارێزگاكان بە بێ سەرپەرشتیی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوە دەچن، نەبوونی ئەم ئەنجومەنەش وای كردووە، كە دەسەڵاتی پارێزگاكان وەك حكومەتێكی لۆكاڵ لە ناو دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا كەم بكاتەوە، بۆ یەكەیەكی كارگێڕی لە ناو دەوڵەتێكی سەنتراڵیدا.

لە ئێستادا كە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەم پرۆسە گرنگە دەستی پێكردووە و جارێكی دیكە هەر پارێزگایەك سیمای حكومەتێكی لۆكاڵی وەردەگرێتەوە، ئەم حكومەتە لۆكاڵەش لەبەر ڕۆشنایی ئاكامی ئەو هەڵبژاردنە پێك دەهێنرێت، كە هاووڵاتیان دەنگی پێ دەدەن و، هەر لایەن و نەتەوە و پێكهاتەیەكیش قەوارەی دەردەكەوێت و بەپێی ئەو قەوارەیە بەشداری لە حكومەتە لۆكاڵەكاندا دەكات و، جیاوازیی ئەقڵییەتی شۆڤێنی تا ڕاددەیەكی زۆر كەم دەبێتەوە، كە ئێستا بە دەستی ئەنقەست دژی هاووڵاتیانی كوردستانی ئەو ناوچانە پیادەی دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەم هەڵبژاردنانەدا بە لیستی ژمارە 197 بەشداری دەكات، لە هەموو پارێزگا و لە ناوچە كوردستانییەكان كاندیدی خۆی ناساندووە و بەشداریی ئەم پرۆسە گرنگە دەكات و، ئامانجی ئەوەیە بە شێوەیەكی ئازاد و دیموكراتییانە و بە ئیرادەی خەڵك، هەڵە و چەوتییەكان ڕاست بكرێتەوە و ئەو زوڵمەی لە كوردستانیان دەكرێت، هەڵبگیرێت و نەمێنێت.

كوردستانییانی بەشداربووی ئەم پرۆسە گرنگە لە پارێزگاكانی (كەركووك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین) زۆر باش شاهێدی ئەو ڕاستییەن، كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی مێژووی سیاسیی خۆی، نەك هەر سازشی لەسەر مافی سەرجەم كوردستانییان بە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكانەوە نەكردووە، بەڵكو هەموو توانای خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بە هاوشانی مافەكانی كورد، داكۆكی لە مافی تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بكات، ئەمەش هەر لە داڕشتنی ڕێككەوتننامەی ئاداری 1970ـەوە تا دەگاتە نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005، هەروەها كوردستانییان بە هەموو جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینەوە خۆیان لە ناو ئەو مێژووەدا ژیاون «هەر كاتێك پارتی بەهێز و خاوەن دەسەڵات بووبێت، ئەوا كوردستانییان بێ جیاوازی سەربەرز و سەرفراز بوون، هەركاتێكش ئەوجا لەبەر هۆكارێك بێت، هێز و دەسەڵاتی پارتی لەو ناوچانە لاواز بووبێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی ئەقڵییەتی شۆڤێنی و پاوانخوازی زوڵمی ناهەقیان لە كوردستانییانی ئەو پارێزگا و ناوچانە كردووە».

هەر بۆیە ئەم مێژووە پڕشكۆیەی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای بەشداریی فراوانی كوردستانییانی پارێزگاكانی (كەركووك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین) و دەكات و ئەوەش مانایەكی گەورەتر بە هەڵبژاردنەكە دەبەخشێت، زیاتر لەوەی تەنیا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایەك بێت.

ئەوەی گرنگە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەدا بە وردی دیقەتی لەسەر بدەین و هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە كە دەبێت جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان لەوە دڵنیا بن، كە ئەو هێز و لایەنانەی كە نایانەوێت كوردستانییەتی ئەو ناوچانە بسەلمێنن و ئەو هێز و لایەنانەشی كە خۆیان بوونە هۆكار بۆ ئەوەی كوردستانییەتی ئەو ناوچە كوردستانییانە وەك ئەمڕۆی لێ بەسەر بێت، چاویان بە شكۆ و كاندید و دروشم و هەڵمەتەكانی پارتی هەڵنایەت و، كاتێك دەبینن كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنەرایەتیی تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەكەن، بەشداریی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك مەترسییەك بۆ خەونە زڕەكانیان دەبینن و، لەوانەیە گوشار و كێشەی لابەلاتان بۆ دروست بكەن، بەڵام سیاسەت و لۆژیكی سەرۆك بارزانی بەو شێوەیەیە، ڕێگەی سەلماندنی مافەكانمان هەر دەبێت بە ڕێگەی ئاشتی و دیموكراتی و ئیرادەی گەلی كوردستان بێتە دی، بۆیە دەبێت ئەم واقیعە سوورترتان بكات لەسەر ئەوەی هەم بەشداریی زۆر فراوان لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن، هەمیش دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، ئەمەش دەبێتە بەشێك لە وەفا و دڵسۆزیتان بۆ ڕێبازی بارزانی، ئەو ڕێبازەی شۆڕشێكی گەورەی وەك شۆڕشی ئەیلوولی كردە قوربانی لە پێناو سازش نەكردن لە ناسنامەی كوردستانیبوونی هەموو ئەو ناوچانە بە كەركووكی دڵی كوردستانیشەوە، هەر بۆیە دەنگدانتان بە لیستی 197ی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەك و خەمخۆریتان پیشان دەدات بۆ داهاتووی خۆتان، بە دەنگدانتان بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی كوردستانییەتی شارەكانتان و ناوچەكانتان دەدەن. بۆ هەمووانی دەیسەلمێننەوە كە بەلای ئێوەوە ژیانی بە كەرامەت و سەربەرزانە، مافەكانتان و خۆشگوزەرانیی خۆتان و نەوەكانتان لە دەنگدان بە كاندیدانی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستاندا دەبیننەوە.

 

Top