زیندان ئامەد ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: پەكەكە دژی سەربەخۆیی كوردستانە و چاوی بە سەقامگیری و پێشكەوتنی باشووری كوردستان هەڵنایەت

زیندان ئامەد  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:  پەكەكە دژی سەربەخۆیی كوردستانە و چاوی بە سەقامگیری و پێشكەوتنی باشووری كوردستان هەڵنایەت

 

 

پەكەكە لەو كاتەوەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دژایەتی خۆیان بۆ هەرێمەكە و خەڵكی كوردستان نەشاردووەتەوە، ئەوان بوونەتە هۆكاری كێشە و گرفتی گەورە بۆ خەڵكی كوردستان و پەلكێشكردنی سوپای توركیا، گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە دیدارێكی لەگەڵ زیندان ئامەد ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا.

 

* پەكەكە ماوەیەكە جموجووڵە گوماناوییەكانی دژی هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە، ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە و كێ لە پشت ئەم كار و مەرامەیانەوەیە؟

- بەو پێیەی ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ پەكەكە بووم، لە نزیكەوە شارەزاییم لە هەڵسوكەوت و مەرامی پەكەكە هەیە، جموجووڵی سەركردەكانیان لە قەندیل دژی هەرێمی كوردستان گوماناوییە و ڕق و قینێكی زۆریان بەرانبەر خەڵكی كوردستان و حزبە كوردستانییەكان هەیە، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەم پارتە لە ڕووی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەوە بە بەربەست دادەنێن لە بەردەم مەرامەكانیان، تەنانەت پارتی بووەتە لەمپەڕ لە بەردەم هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان. خەڵكی كوردستان دەبێت باش بزانن، بەتایبەتی خەڵكی دەڤەری ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و تەواوی پارێزگای سلێمانی، پەكەكە چاوی بە سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستان هەڵنایەت و پەكەكەی لە هەركوێ بێت شەڕ و ئاژاوە و پشێوییان بۆ دەهێنێت. لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵێك بخەمە ڕوو، بە حوكمی ئەوەی ماوەیەكی زۆر لە ناو ڕیزەكانی پەكەكەدا بووم، ئەو دەمە ئێمەیان فریو دابوو، بەوەی پەكەكە هێزێكی كوردپەروەرە، كەچی وا دەرنەچوو، لە ئێستاشدا دەبینین جموجووڵەكانیان دژی هزری نەتەوەیی و هەرێمی كوردستان و خەڵكی ئەم بەشەی كوردستانە و بەم شێوەیە كار دەكەن:

یەكەم: چەكدارانی پەكەكە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت بە شێوەی گرووپ گرووپ دەردەكەون، كردەوەی ڕفاندنی مێرمنداڵ ئەنجام دەدەن و كەسانی خوار تەمەنی پێگەیشتوو هەڵدەخەڵەتێن، ئەمەش بە مەبەستی چەكداركردنیان و دابڕانیان لە خێزانەكانیان، بۆ ئەوەی سۆز و ئینتیمایان بۆ ئەوان دروست ببێت و لە كۆمەڵگەی باشووری كوردستان دایانببڕن، ئەو كردەوە نامرۆڤایەتی و قێزەوەنەشیان لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكە لە باكوور و ڕۆژئاوی كوردستان پەیڕەویان كردووە.

دووەم: كار بۆ نانەوەی پشێوی و نائارامی دەكەن لە هەرێمی كوردستان، تاوەكو لە ناو ئەم پشێوی و نائارامییەدا باروگوزەرانی خەڵك تێك بچێت و مێرمنداڵانی زیاتر ڕوو لە ڕیزەكانی پەكەكە بكەن و ناڕەزایەتیی خەڵكی بقۆزنەوە و بۆ مەرام و مەبەستە خراپەكانی خۆیان بەكاری بهێنن.

سێیەم: نانەوەی دووبەرەكی و ناكۆكی لە نێوان شار و ناوچەكانی كوردستاندا، بەوەی گوایە ئەوان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەڤەرێكدا هەیە و تەنیا دژی دەڤەرێكی دیكە كار دەكەن، كە لە ڕاستیدا ئەمە ڕاست نییە و خێروخۆشییان بۆ دەڤەری پارێزگای سلێمانی نییە و دژی حزب و لایەنە سیاسییەكانی ئەوێشن.

چوارەم: پەكەكە بە فیت و فەرمانی وڵاتانی هەرێمی و بەتایبەت داگیركەرانی كوردستان وەك بەكرێگیراو كردەوە و جووڵەی ناڕەوا و نەخوازراو ئەنجام دەدەن.

پێنجەم: ئەوان بە ئاشكرا و بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە كە دژی سەربەخۆیی و قەوارەی هەرێمی كوردستانن و دەیانەوێت لێرەش هاوشێوەی شەڕی خەندەق و باكووری كوردستان ئەم بەشەی كوردستانیش وێران بكەن.

شەشەم: چەكدارانی پەكەكە هەر وەك چۆن سوپا و هێزیی توركیا و فڕۆكەی جەنگییان ڕاكێشایە ناو سنووری هەرێمی كوردستان، كە بەم هۆیەوە تا ئێستا بە درێژییەكی زۆر و بە قووڵایی چەندین كیلۆمەتر لە سنووری نێوان باشوورو باكووری كوردستان زیاتر لە (600) گوند چۆڵ بوون و ئاوەدان نەكراونەتەوە، ئێستاش وایان كردووە درۆنی توركیا پەلكێش بكەن بۆ قووڵایی باشووری كوردستان، بەم كارەشیان چەندین شوێن و كەسی سڤیل كەوتوونەتە بەر بۆردومانی درۆنەكان و شەهید و برینداری لێ كەوتووەتەوە.

حەوتەم: چەكدارانی پەكەكە بە هۆی ئەو ڕق و كێنەی بەرانبەر حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان هەیانە، بە هۆی ئەو جووڵە و گەڕیدەییان، دەیانەوێت بە دونیا و وڵاتانی دەوروبەر بڵێن ئێمە زاڵین بەسەر هەرێمی كوردستاندا و دەتوانین كاری تیرۆریستی و تەقینەوە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان ئەنجام بدەین. هەر وەك ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوو لە هەولێر ڕووی دا، كە تەقینەوەیەكی ترسنۆكانەیان لەسەر پردێكی پەڕینەوەی شاری هەولێر ئەنجام دا.

* پەكەكە كاتێك خۆی ناساند و بووە هێزێكی چەكدار لە باكووری كوردستان، ئەو لەگەڵ ئەم كارە تێكدەرانە و دوژمنكارییانەدا نەبوو، كەچی كار و چالاكییان لە ئێستادا نەك تەنیا لە ناو خاكی كوردستانی باكوور و توركیا نییە، بگرە لە هەرێمی كوردستانیش توانای سەربازییان زۆر كەم بووەتەوە، ئایا هۆكاری ئەمە چییە؟

-  چەكدارانی پەكەكە لە دوای گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە بیانووی ئەوەی كە ژیانیی سەركردەكەیان بپارێزن، بڕیاریان دا بێنە باشووری كوردستان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی قەندیل و چەند شوێنێكی دیكەی باشوور داگیر بكەن، هاوكات چەكدارانی پەكەكە بوونە داردەستی چەندین لایەن و وڵات، بەتایبەت وڵاتانی هەرێمیی ناوچەكە، بۆ ئەوەی نائارامی و ناسەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا دروست بكەن، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە لە دوای شەڕی خەندەق كە زیانێكی زۆری لە كوردانی باكووری كوردستان دا، لە باشووری كوردستانیش ئەوەی نابێت بكرێت، ئەوە چەكدارانی پەكەكە لە دژی كورد، بەتایبەت خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیكەن، ئەم كردەوە چەكدارییانەش وای كردووە، ڕووی ڕاستەقینەی پەكەكە دەر بكەوێت، كە بیر و هزری نەتەوەییان نییە، بەڵكو بەرنامە و پیلانەكانیان دوژمنكارانەیە دەرهەق بە كورد بەگشتی و گەلی باشووری كوردستان بەتایبەتی، ئەوەتا لە دژی كورد دەستیان لەگەڵ حەشدی شەعبی تێكەڵاو كردووە.

* هێزێكی كوردی بووەتە داردەستی ئەو حەشدی شەعبییانەی دژی هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵین، ئایا تاچەند ئەم كارە زیان بە مۆركی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگەیەنێت؟

- نەك لە ئێستادا، بەڵكو ماوەی چەندین ساڵە پەكەكە پەیوەندیی توندوتۆڵیان لەگەڵ حەشدی شەعبی و بەتایبەتیش ئەو ملیشیانەی سەر بە وڵاتانی دیكەن هەیە، هەموو هاوكارییەكی دارایی و لۆجستی، بەتایبەت سەربازییان لەلایەن حەشدەوە بۆ پەكەكە دابین دەكرێت، مانگانە چەكدارانیی پەكەكە مووچەیان لەلایەن حەشدیی شەعبیەوە پێ دەدرێت، هەموو ئەو پەیوەندییانەی پەكەكە لەگەڵ حەشد بە پیلان و فیتیی وڵاتانی ئیقلیمییە، ئەمەش وای كردووە، چەكدارانی پەكەكە چیا و سنووری شنگال چۆڵ نەكەن، مانەوەی ئەو چەكدارنە وای كردووە، ڕێككەوتنی شنگال كە لە نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق بە چاودێری و ئامادەیی هاوپەیمانان كراوە، جێبەجێ نەكرێت و ناوچەكە وەك وێرانەیەك بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو مەبەستەی حەشد و میلیشیا و داگیركەران هەیانە جێبەجێی بكەن، بەتایبەت سوودوەرگرتن لە چیای شنگال.

* قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتێكی زۆری پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانە، نەك تەنیا بووەتە پێگەیەك بۆ لەخۆگرتنی قوربانییان و لێقەوماوان، بەڵكو تاكە ئومێدی گەلی كوردستانە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لایەنگران و ئەندامانی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانیان ئەم ڕاستییە نازانن؟

- چەكدارانی پەكەكە زۆر باش دەزانن كە هەرێمی كوردستان ئەو شوێن و كیان و ناوچەیەیە كە لە سایەی حكومەت و سەروەریی یاساوە ژیان تیدا پارێزراوە، كوردی هەر پارچەیەك بێت، دەتوانێت وەك ماڵی خۆی تێیدا كار بكات و ئازادی و ئاواتەكانی مومارەسە بكات، بەڵام پەكەكە نەك لە ئێستادا بەڵكو لە كۆنەوە لەو كاتەی دامەزراوە، جگە لەوەی مەبەست و دروشمی نەتەوەیی و سەربەخۆی كوردستانی نییە، هاوكات تەنیا خۆی پێ ڕاستە و هیچ لایەن و حزبێكی كوردستانی قبووڵ نییە، بەتایبەت خۆی بە دوژمنی سەرسەختی پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانێت، چونكە لەوە دڵنیایە كە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان و بیر و هزری بارزانیی نەمرە لە ئێستادا لە لای جەنابی سەرۆك بارزانی پیادە دەكرێت، نزیكەی سەد ساڵە ماڵباتی بارزانی خۆیان كردووەتە قوربانی بۆ هاتنەدیی خەونی هەمیشەیی گەلی كورد و كوردستان، كە ئەویش دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە.

* كاتیك حكومەتی هەریمی كوردستان دەیەوێت بە ڕێگەی ئاشتی كیشەی چەكدارانی پەكەكە چارەسەر بكات، چەكدارانی پەكەكە كەمین بۆ هێزی پیشمەرگە دادەنین و پیشمەرگە شەهید دەكەن، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ پەكەكە بكرێت كە لە زمانی ئاشتی و دیالۆگ تێناگەن؟

- ڕۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا و گەیشتن بە ڕێگەچارەیەكی ئاشتییانە هەرگیز لەبیر ناكرێت، بەڵام پەكەكە لە ئێستادا بوونەتە داردەستی وڵاتی ئێران، ئیتر چۆن چارەسەری كێشەی كوردی دەوێت، ئێستا لە هەموو كات زیاتر كوردانی باكوور دەزانن بارزانی و پارتی كار بۆ بەهێزبوونی هزری نەتەوەیی و پاراستنی كورد دەكەن. بارزانی شەڕی كورد لەگەڵ كوردی حەرام كردووە، ئەمەش لەلایەن پەكەكەوە ئیستغلال كراوە و دژایەتییان بۆ باشووری كوردستان زیاتر كردووە، بەتایبەتی دژی هێزی پارێزەری هەرێمی كوردستان كە پێشمەرگەیە. ئەوان گوێ بە شەهیدبوون و برینداركردنی پێشمەرگە نادەن، كە ڕۆڵەی ئەم نەتەوەیەیە و ڕەمز و هێمای بەرخۆدانە، لە ئێستادا سەران و چەكدارانی پەكەكە كەوتوونەتە ناو شكستێكی گەورەوە، ئەویش بەكرێگیراویی دوژمنانی كوردە و تێكەڵاوكردنی دەستیانە لەگەڵ ئەو هێز و كەسانەی دژی هزری نەتەوەیین، بەڕای من ئەمە شكستە گەورە مێژوویی و نەتەوەییەكەیە كە پەكەكە تێی كەوتووە، ئەوان چاویان بەم پێشكەوتن و سەقامگیرییەی كوردستان هەڵنایەت و خەڵكی باكووری كوردستانیش حاشایان لێ دەكەن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەماوەریان لە دەست دەدەن.

 

Top