بوومەلەرزەیەک لە نیپاڵ بووە هۆی گیان لەدەسدانی 128 کەس
ئێوارەی دوێنێ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلە لە نیپاڵ ڕوویدا و 128 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە دوێنێ ئێوارە بە گوڕی ٥.٦ پلە لە ناوچەی جۆملا لە نیپاڵ ڕوویدا، ١٢٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
کاربەدەستانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند: کە بوومەلەرزەکە بە گوڕی ٥.٦ پلە و ناوەندی بوومەلەرزەکەی ٤٢ کیلۆمەتر لە باشووری ناوچەی جۆملا لە نیپاڵ بوو، پێشبینی دەکرێت زیانی گیانی و دارایی بەرزببێتەوە و پەیوەندییەکان لە زۆربەی شوێن پچڕاوە.
بەرپرسان ڕایانگەیاند، تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە ناوچە شاخاوییەکان هاوشانی خەڵکی گوندەکە تەرمەکان و بریندارەکانیان لە ژێرداروپەردووی خانووە داڕوخاوەکان دەرهێنا و جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێگاکان داخراون بەهۆی زەوی لەرزین، ناتوانرێت بچنە هەندێک لە گوندەكان .
بەرپرسانی نیپاڵ ڕایانگەیاند، لە ناحیەی جاجارکۆتی نیپاڵ 92 کەس گیانیان لەدەستداوە و 55 کەسیش برینداربوون، هەروەها گیان لەدەستدانی 36 کەس و برینداربوونی 85 کەسیش لە ناوچەی ڕێکوم کە هاوکات هاوتەریبە لەگەڵ ناوچەی بوومەلەرزەکە.
بە ئاماژەدان بەوەی کە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاکەوتن بەردەوامە، بەرپرسان ڕایانگەیاند، کە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێم کوبەر کادایت، وتەبێژی پۆلیسی نیپاڵ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هەلیکۆپتەرەکانیش بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردندا.
لە کاتێکدا سەنتەری نیشتمانی بۆ چاودێری و لێکۆڵینەوە لە بوومەلەرزە لە نیپاڵ قەبارەی ئەم بوومەلەرزەیەی بە ٦.٤ لەسەر پێوەرەکانی ڕێختەر ڕاگەیاندووە، ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا قەبارەی ئەم بوومەلەرزەیەی بە ٥.٦ لەسەر پێوەری ڕێختەر هەڵسەنگاندووە.
گوڵان: سەردار خەلیل