بەهیوای ئەوەم وەرزش بچێتە قۆناغێكی باشتر

بەهیوای ئەوەم وەرزش بچێتە قۆناغێكی باشتر

دینا موحسین یاریزانی تۆپی بالەی یانەی ئافرەتانی هەولێر

بەهیوای ئەوەم وەرزش بچێتە قۆناغێكی باشتر
تیپی بالەی ئافرەتانی هەولێر یەكێك لەم تیپانەی كوردستانە كە بەردەوام بەشدارن لە خولەكانی بالەی كوردستان و عێراق، ئەم تیپەكە خاوەنی كۆمەلێك كچە یاریزانی بەتوانان لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق كە پاشەڕۆژێكی باش لە چاوەڕوانی ئەواندان، ماوەی چەند سالێكە یانەكە گرنگی زۆر بە یاری بالەی لاوان دەدات لە ئاستی كچان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بەم تیپە كێبڕكێ لە سەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان بكەن ، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش دینا موحسین-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006ی پارێزگای هەولێر پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتوو، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو وەرزشی تۆپی بالەت هەڵبژارد؟
- هەر لە مندال یەوە خولیای وەرزشم هەبووە و هۆكاری هەڵبژاردنی بالە بۆ خێزانەكەم دەگەرێنمەوە، چونكە زۆربەیان یاریزانی بالەن.
* هەست ناكەی یاری بالە وەرزشێكی قورسە بۆ ئافرەتان؟
- بە بۆچوونی من هەڵبژاردنی ئەم وەرزشەی كە خولیانە قورس نابێت بۆت،وە چەند ماندوو بیت ئەو یاریكردنەت لا بە چێژتر دەبێت.
*بۆچی لە ئێستادا یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- بەهۆی بوونی كۆمەلێك بەربەست و گیروگرفت و نەبوونی یاریگای پَویست، نەبوونی كەلوپەلی مەشق كردن، نەبوونی پشتگیری لە رووی ماددی و مەعنەویەوە و كۆمەلێك هۆكاری تریش هەن.
*هۆكاری چیە ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
-بەڵێ بێگومان لە شارێك بۆ شارێكی تر دەگۆرێت، بەڵام دڵنیام لە ساڵانی دهاتوو باشتر دەبێت پشتیوان بە خوای گەورە.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- بە پێی پێویست لە ئاستێكی باش نییە، پێویستە زیاتر پەرە بەم وەرزە بدرێـت، چونكە تا بڵێی وەرزشێكی خۆش و لە سەر خۆو و كەم پێكانترە لە چاو وەرزشەكانی تر.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی كچانی وەرزشكار ئەم یارییە؟
- پێویستە بۆیان ڕوون بكرێتەوە كە وەرزش چییە و چیی پێویستە، چونكە زۆرێك لە خانمان بە هەلە لە وەرزش گەیشتوون، وە پێویستە پشتگیری بكرێن.
*پلانی داهاتووت چیە لە داهاتوو؟
- بەرنامەی زۆرم هەیە بە پشتیوانی خودای گەورە بە جێیان دەگەێنم.
*یانەی ئافرەتانی هەولێر بە چ شێوازێك هاوكاریتان دەكات؟
- تا ڕادەیەك هاوكارمانە، بەڵام بە ڕاستی پێویستمان بە پشتگیری زیاترە، چونكە چۆن دەبێ ڕاهێنەر لە سەر گیرفانی خۆی هاتووچۆ بە یارزانان بكات و تۆپ و پێداویستی تری بۆ دابین بكات.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- نەبوونی یاریگای پێویست و كەلوپەل و پێداویستیەكان و پشتگیری كردن لە ڕووی ماددی و مەعنەوی ئەوانە هەمووی گرفتە بۆ یاریزانان.
* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنم لە بوارەكەم و ئەو خەونانەی كە هەمە بە دیبهێنم پەنا بەخودا.
* بەهیوای ئەوەیت هەڵبژاردەی كوردستان دروست بكرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
-بێگومان ئەوە نەك خەونی من، بەڵكو خەونی هەموو یاریزانێكە كە لە بوارەكەی خۆیدا بتوانی بۆ هەڵبژارەی ووڵاتەكەی یاری بكات.
* چی هیوایەك بۆ وەرزش دەخوازی؟
-بەهیوای ئەوەم وەرزش بچێتە قۆناغێكی باشتر، دەبێ یاریزان زیاتر پشتگیری بكرێ و لەلایەم هەر لایەنێك بێت كە لەتوانایەتی، چونكە بە ڕاستی ئێمە وەك یاریزان پێویستمان بەوەیە پشتگیری بكرێن، گوناحە یاریزانێك تەمەنی 15 بۆ16 ساڵ بێت هیوای وەرزش كردنی هەبێ و گیروگرفت بێتە بەردەمی ساردی بكاتەوە، بەهۆی نەبوونی پشتگیری چەند جارێك ساردبوومەتەوە لە وەرزش كردن، هیچ لایەنێك سەپۆرتی وەرزش ناكات لە یانەكانی كوردستان، ئەوەی بیەوێ وەرزش بكات دەبێ بۆ حەزی خۆی بكات.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتانن بۆ وەرزش كردن؟
-بێگومان پشتگیری تەواوم دەكەن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەوهەموو خزمەتەی وەرزشی ناوەخۆ.

 

Top