ڕێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ گوڵان: دوای گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی بەشە نەوتی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان درا
لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێش هاتنی وەرزی زستان دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێ كرد، لەلایەكی دیكەوە شاندێكی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ كۆبوونەوە و، لەسەر ناردنی بەشە نەوتی سپیی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن، لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار بە دابەشكردنی بەنزین و كوالێتی و هەناردەكردنی نەوت، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ڕێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان سازدا، لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* با سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین، لەگەلأ بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و كانزاكان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان سەردانی بەغداتان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وەزارەتە لەسەر بەشە نەوتی سپیی هاووڵاتیانی كوردستان كۆبوونەوە، ئایا هیچ ڕێككەوتنێكتان ئەنجام دا؟
- دوای ئەوەی وەكو شاندێكی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەسەر داوای بەڕێز وەزیری سامانە سرووشتییەكان سەردانی بەغدامان كرد، لەگەڵ دوو بریكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ كۆ بووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر پێویستی باپەندبوونیان بە ناردنی بەشە نەوتی سپی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كرد و، ڕێككەوتین لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ تەواوی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش وەكو مافێكی سرووشتی و یاسایی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی هاووڵاتیانی دیكەی عێراق بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن، ئەوە بوو لەگەڵ بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتینە دەرئەنجامێك، بەوەی وەزارەتەكەیان پابەند بكەین بە ناردنی تەواوی بەشە نەوتی هاووڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بڕیارە بە چەند وەجبەیەك هەر وەجبەی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بنێرن. لەلایەكی دیكەشەوە لە سەر بڕیاری بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان چاوەڕێی بڕیارەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقی نەكرد و ڕاستەوخۆ دەستی بە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان كردووە.
* بەڵام لە ئێستادا بەهای نەوتی سپی لە بازاڕەكانی كوردستاندا ڕووی لە هەڵكشان كردووە، ئایا چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ هاتنی ئەو بەشە نەوتەی عێراق پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان و دەوروبەر خێراتر دەست پێ بكات؟
- حكومەتی عێراق وەكو زۆر لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بابەتی نەوتی سپییش كەمتەرخەم بووە، ساڵانی ڕابردوو وەكو پێویست نەوتی سپی نەناردووە، ئێمە وەك وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت گرێبەستمان كردووە و بە نرخێكی پاڵپشتیكراو ئەو نەوتەمان بەسەر ناوچە شاخاوییەكان و دەوروبەردا دابەش كردووە، لەمەشدا زۆر لە هاووڵاتیان بەشە نەوتەكەیان وەرنەگرتووە، لە ئەمساڵدا هەر لە مانگی تەمووزەوە چەندین جار نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە، تاوەكو هاوشێوەی ساڵانی پێشوو نەبێت و بەغدا پابەند بكەین بە ناردنی بڕە نەوتی پێویست هاوشێوەی هاووڵاتیان لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەبێ جیاوازی، ئەوە بوو، دواجار لە گفتوگۆكانی ئەم جارەماندا بەرهەمدار بوو، ڕەزامەندی لەسەر ناردنی بەشە نەوتی هاووڵاتیانی كوردستان درا، لەمەشدا پێویست ناكات، هەندێك كەسایەتی و لایەنی سیاسی بیكەنە دەستكەوتی خۆیان، كە سەردانێكی بەغدا دەكەن و هیچی لێ ناكەوێتەوە، كەچی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان دەیانەوێت ڕای گشتی چەواشە بكەن و وا نیشانی دەدەن ئەوە دەستكەوتی ئەوانە. نووسراوەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە 3ی7 و 6ی9 و 1ی 10ی 2023 ڕاستەوخۆ داواكارییەكانی وەزیری سامانە سرووشتییەكان ئەنجامی باشی لێكەوتەوە و بڕیارە لەم نزیكانە وەجبەی یەكەمی نەوتی سپی كە 50 ملیۆن لیترە، بگاتە هەرێمی كوردستان، بەمەش پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی خێراتر دەكەین، كە تاكو ئێستا زیاتر لە 19 ملیۆن لیتر دابەش كراوە و 94 هەزار خێزان لێی سوودمەند بوون، لەگەڵ گەیشتنی ئەم وەجبەیەش پرۆسەكە خێراتر دەكرێت و دەرئەنجامی باشی دەبێت لەسەر دابەزینی نرخەكەی، چونكە پێشتر ئەو بڕە كەمەی نەوت كە وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەرێمی كوردستانی دەدا، نرخەكەشی جیاواز بوو لە نەوتی دیكە كە بەسەر هاووڵاتیانی پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا دابەشی دەكرد، واتا بە نرخی فرۆشتن هەژمار دەكرا.
* یەكێك لە كێشە ئاڵۆزەكانی دیكە بابەتی بەنزینە، ئایا تاچەند لە هەردوو بواری دابینكردنی بەنزین و كوالێتی وەكو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كارتان لەسەر كردووە؟ ئایا دەكرێت ئومێدێك بە هاووڵاتیان بدرێت كە لە ڕووی نرخ و كوالێتییەوە بارودۆخەكە ڕوو لە باشی دەكات؟
- نرخی بەنزین و گاز كێشەیەكی گەورەی جیهانییە و لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا نرخەكان پشت بە نرخی نەوتی برینت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی ئەم نرخە لە هەموو جیهان وەكو یەكە، تەنانەت ئەم گرفتە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقیشدا سەری هەڵداوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەشی پێداویستییەكانی پارێزگاكان ناكات، ئەوەتا بەپێی ڕێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕۆژانە زیاتر لە 90 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پاڵاوتگەكانی كوردستانەوە دەكرێتە بەنزین و ڕەوانەی عێراق دەكرێت. سەبارەت بە بەشە بەنزین، حكومەتی عێراق تاكو ئێستا پابەند نەبووە بە ناردنی ئەو بڕە بەنزینەی كە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، ئێمە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆمان كردووە، بەڵێن دراوە، بڕی پێویست بەپێی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتمان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بنێرن، ئومێدەوارم بەغدا پابەندی ڕێككەوتن و بەڵێنەكانی بێت، بە مەبەستی داشكانی نرخی بەنزینیش، ئێمە لە وەزارەت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین مۆڵەتی هاوردەكردنی بەنزینمان داوەتە بەنزینخانەكان. سەبارەت بە كوالێتیش تیمەكانی چاودێری و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان لە سەرجەم پارێزگاكان بەردەوام بەدواداچوون و چاودێریی توندی بەنزینخانەكان دەكەن و بە دەیان بەنزینخانە، كە سەرپێچییان كردووە، غەرامە كراون، یان داخراون و سزای توندمان داون، داوا لە بەنزیخانەكان دەكەم پابەندی كوالێتی و مەرجەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بن، بە پێچەوانەوە سزاكان توندتر دەكەین.
* لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە زۆر باس لە نزیكبوونەوەی لێكتێگەیشتنی نێوان عێراق و توركیا دەكرێت، بەوەی بۆڕیی نەوتەكە ئامادەیە و ڕەنگە بەم نزیكانە هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی جەیهانەوە دەست پێ بكاتەوە، ئایا ئومێدێك هەیە بەم نزیكانە پرۆسەكە دەست پێ بكات؟
- هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بابەتێكی كاتییە، چونكە لە ڕاوەستانی زیانێكی گەورە بەر داهات و ئابووریی عێراق و توركیا و هەرێمی كوردستان كەوتووە، لە چوار ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە هەرێمی كوردستان خۆی نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، ئاستی هەناردەكەی بەرز بوو، هاوكات پێدانی مووچەكان بۆ فەرمانبەران بەردەوام بوو، لە ئێستادا هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە و تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەتی ناوەندی عێراقدایە، كە هەموو پابەندبوونەكانی خۆی و تەنانەت ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و پشكی هەرێمی كوردستان لە مووچە و بەنزین و نەوتی سپی و غاز و هەموو بەشەكانی دیكەی كە لەلای خۆی لە خەرجی حاكیمە و سیادی خەرجی دەكات، بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش بنێرێت.
بۆیە ئێمە گەشبینین بەوەی هەر دەبێت هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە و ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت، بەتایبەتی لە ئێستادا كە تادێت بەهای بەرمیلێك نەوت لە 90 دۆلار تێپەڕی كردووە و ڕاوەستانی زیانێكی گەورەی دارایی و ئابوورییە لە هەرسێ لایەنی عێراقی و توركی و هەرێمی كوردستان و نابێت ئەم بابەتە تێكەڵ بە بابەتی دیكەی سیاسی بكرێت.
لەلایەكی دیكەوە دانوستانەكانی نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر كۆمەڵێك دۆسێی گرنگ و هەستیار بەردەوامە، بەڕێز وەزیری سامانە سرووشتییەكان لە دوا كۆبوونەوەماندا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق، تیمەكەمانی ڕاسپارد لە گفتوگۆكانماندا بە شێوەیەكی شەفاف و بە پێی بڕگەكانی دەستوور و یاسا بەردەوام بین، ئەوەتا ڕۆژانە لە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانماندا ماف و پشكەكانی خەڵكی كوردستان زامن دەكەین. یەكێك لەو دۆسێیانەی كە زۆر گرنگە بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكیی كێشەی نەوت و غاز لەنێوان هەرێم و عێراق، بابەتی داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵە، لەمەشدا ئەنجومەنی وەزیران جەخت لەسەر بنەماكانی دەستوور دەكاتەوە لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز بە شێوەی هاوبەش لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت و گاز لە عێراقدا و، سەرۆك وەزیرانیش جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە لە گەڵاڵەكردنەوەی یاسای نەوت و گاز ماددەكانی دەستووری عێراق تایبەت بە كەرتی نەوت و گاز بكرێنە بنەما هەروەكو لە دەستووردا بە ڕوونی هاتووە، دەبێت پرۆسەكەش بە ڕەزامەندیی حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بێت.
بە شێوەیەكی گشتی پرۆژە و هەوڵەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت.