هەڵمەتی یەك مانگەی (ئۆكتۆبەر) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمك لە سەرانسەری جیهان

هەڵمەتی یەك مانگەی (ئۆكتۆبەر) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمك لە سەرانسەری جیهان

 

ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە تا كۆتایی مانگەكە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمك لە سەرانسەری جیهان دەست پێ دەكات. شێرپەنجەی مەمك لە ڕووی ژمارەی تووشبوونەوە بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە، كە لە هەر هەشت ژنێك یەكێكیان تووشی دەبێت، بەڵام لە ڕووی هۆكاری مردن بەهۆی شێرپەنجە لە ژناندا بە دووەم جۆر دادەنرێت لە پاش شێرپەنجەی سییەكان.

بەپێی ئاماری ڕێكخراوی تەندرووستیی جیهانیی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا دوو ملیۆن و 200 هەزار ئافرەت لە سەرانسەری جیهاندا شێرپەنجەی مەمكیان هەبووە، هەروەها بەپێی لێكۆڵێنەوەكانی بۆردی «كانسەر نێت» ساڵانە بە ڕێژەی 50% ئەو نەخۆشییە زیاد دەكات.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2020) لە هەرێمی كوردستان (6293) تووشبووی شێرپەنجە تۆمار كراون. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەو نەخۆشییە و ڕێكارەكانی چارەسەری دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سروە عوسمان مستەفا، ڕزگاربوویەكی شێرپەنجەیە و بەمجۆرە باسی نەخۆشییەكەی و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە دەكات: «ژنێكی خێزاندارم و دایكی سێ منداڵم (دوو كچ و كوڕێك)، پیشەم مامۆستایە و هاوسەرەكەشم هەر مامۆستایە. ژیانێكی مام ناوەندی دەژین وەكو هەر خێزانێكی كورد لەم هەرێمە. من لە ماوەی دە ساڵ  ڕووبەڕووی ئەو دەردە نەگریسە بوومەوە، بەڵام وا دەژیم و بوومە یەكێك لەوانەی كە بە شێرە ژنی «شێرپەنجە بەزێن» ناو دەبرێم.

لە كۆتایی ساڵی 2009 بوو، كاتێ هەست، گرێیەكی نامۆ لە ژێر گۆی مەمكی چەپەم خۆی گرمۆڵە كردووە. بە زووترین كات لەگەڵ هاوسەرەكەم خۆم گەیاندە دكتۆرێكی تایبەت بەگرێ، ئەویش پشكنینی بۆ نووسیم. هەمان كات چوومە تاقیگە و پشكنینەكەیان بۆ ئەنجام دام، هەر لەو پشكنینە ترسناكە دڵم داخورپا و هەستم بە مەترسییەك كرد، چونكە جۆری پشكنینەكە وەرگرتنی نموونەی خانەیی بوو لە شوێنی گرێیەكە و ئازارێكی زۆری دام. دەبوو هەتا سبەی ئێوارە چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەكە بم. ئەو كاتەی یەكەم زەنگی مەترسی لەسەر ژیانم لێی دا، ئەو ئێوارەیە بوو، كە ئەنجامی پشكنینەكانم بردەوە بۆ لای دكتۆر و یەكسەر بێ هیچ پێشەكییەك وتی: پیسە و خانەی شێرپەنجەییە و دەبێت زوو نەشتەرگەریت بۆ بكەم و لایبەرم. تۆ بڵێی لەو خەبەرە ناخۆشترم بیستبێ لە ژیانم؟ ئێستاش ڕقم لە گوێیەكانمە، چونكە هەواڵێكی ئەوتۆی پێ گەیاندم وەكو برووسكە كاسی كردم . بەسەر دونیاوە نەمام و كەوتبوومە خەیاڵاتی مردن و بەجێهێشتنی كوڕە تاقانە بچكۆڵانەكەم كە ئەو كاتە تەمەنی چوار ساڵان بوو. كچەكانیشم لە تەمەنێكی هەستیاردا بوون، هەموویان پێویستیان بە دایك هەبوو. بیرم دەكردەوە چی بكەم؟ ترس و دڵەڕاوكێ و چارەنووسی نادیار هەموو لێم ببوونە دێوەزمە و مۆتەكەی ژیان؛ تاوێك دەگریام و تاوێك مات و مەلوول بڕوام نەدەكرد، ئەوە منم دەردێكی ئاوا قورس بەرۆكی گرتووم. ئێوە دەزانن هەندێ دەرد تەنیا ناوی گەورە و ترسناكە، بەڵام كە دەچیتە ژێر باری ئیتر ئاسایی دەبێتەوە، منیش سەردانی چەند دكتۆری دیكەم كرد بۆ دڵنیابوون و شێوازی چارەسەرەكە. دواتر دوای سێ ڕۆژ بریاری گەورەترین و مەترسیدارترین نەشتەگەریم دا، كە لە ژیانم كردبێتم .ئەوە یەكەم هەنگاو بوو بۆ چارەسەر. هەنگاوە ترسناكەكان دواتر دەستیان پێكرد، ئەو كاتانەی تووشی چارەسەری كیمیاوی و لێزەری بووم. بەڕاستی ڕۆژگارێكی یەكجار ناخۆش بوو، چونكە نەخۆشخانەكانمان پڕ بوون لە تووشبووان بەو دەردە. ئەوەی ئازاری دەدام، كەموكووڕییەكانی نەخۆشخانە و شێوازی چارەسەر و بێ شوێنی بوو. نەخۆش دەبوو هەموو ژیانی لە نەخۆشخانە بەسەر ببات تا چارەسەرەكانی وەردەگرت. دووای مانگێك لە نەشتەرگەری بە ناچاری چوومە وڵاتی ئەردەن بۆ دووبارە پشكنین و دڵنیابوون لە جۆری كیمیاوی كە وەری دەگرم. چونكە ئەو كاتە ئامێری باشمان نەبوو لە نەخۆشخانەكانی هەرێم. لەوێ دیسان هەموو پشكنینەكانم بۆ دووبارە كرایەوە لە نەخۆشخانەی خالیدی و نەخۆشخانەی حسێن بۆ شێرپەنجە. نەشتەرگەری دووەمم لەوێ بۆ ئەنجام درا، دواتر چارەسەرم بۆ دەسنیشان كرا و گەڕامەوە كوردستان. 25 جەلەسەی لیزەرم لە نەخۆشخانەی ڕزگاری وەرگرت، ناخۆشترین ڕۆژگارم لەوێ بەڕێ كرد. لەو كاتانە لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی كە قژ بە سەریانەوە نەمابوو، لەگەڵ ئەوانەی ڕەنگیان هەڵبزڕكابوو، لەگەڵ ئەوانەی هێز لە لەشیاندا نەمابوو، لەسەر عارەبانە پاڵیان پێوە دەنان، ئیتر دڵم ببوو بە پارچە خەڵووزێكی ڕەش .

دواتر ڤیزەی وڵاتی ئەڵمانیام وەرگرت و بە دیداری خوشك و براكانم شاد بوومەوە و لەوێ چومە نەخۆشخانەی شاری هانۆڤەر. دەستم بە چارەسەر كرد، نازانم چی بڵێم و چی باس بكەم دەربارەی جیاوازیی دكتۆر و نەخۆشخانەو كارمەندی وڵاتی ئەڵمانیا و ئەوانەی لای خۆمان. بەڕاستی ئێستاش دڵم بۆ توشبووانی ئەو دەردە نەگریسە لەم كوردستانە بەپەرۆشە. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دوایی ئامێری باش و چارەسەری باش گەیشتە كوردستان، بەڵام خەڵكی لە ژێر فشارێكی دەروونیی گەورەدایە. لەبێ دەرامەتی و بێ خزمەتی و كەمی و خراپیی دەرمان و چارەسەر. لە ساڵی 2013 ئازیزترین كەس لە ژیانم كە دایكم بوو، بەو دەردە وەفاتی كرد. بە بەرچاومەوە دایكم دەپووكایەوە. بەداخەوە گەیشتبووە دوا قۆناغ لەو نەخۆشییە، بۆیە بە كەمتر لە دوو مانگ گیانی سپارد. ڕۆحی شاد بێت، ئەو كارەساتە كاریگەریی خراپی لەسەر دەروونم دروست كرد و دوای چەند مانگێك دیسان تووشی بوومەوە. ئەمجارە لە زێ (رەحم)م وردە گرێ و كیسی ئاو لەسەر هەر هێلكەدانەكانم پەیدا بوون و بوونە مایەی ترس و دڵەڕاوكێم. دیسان بە زووترین كات خۆم گەیاندەوە وڵاتی ئەڵمانیا. دیسان نەشتەرگەری و چارەسەری خێرا وای كرد ئەو دەردە ببێتە هەڵامەتێك لەلای من. كەوتمە گەڕان و گەشت بە وڵاتانی ئەوروپادا. دكتۆرەكەم پێشنیاری ئەوەی بۆ كردم دەیزانی لە كۆمەڵگەیەكی پڕ دەردەسەرییەوە بارگەم تێكناوە بە مەبەستی دووبارە ژیانكردن. ئەڵمانیا دووەم دایكمە، چونكە باوەشی میهری و خۆشەویستی بۆ كردمەوە، لەوێ بۆ دووەم جار ژیانیان پێم بەخشییەوە. لەوێ تێگەیشتم كە ئەم دەردە بە تۆزێ حەسانەوە و پشوودان و چارەسەر كۆتایی دێت. بەڵام دیسانەوە جارێكی دی لە ساڵی 2019 ترسی ئەوەم لێ نیشت، شێرپەنجە بەرۆكی گرتبم. غوودەكانم سست بوون و لەكار كەوتبوون. سەردانی هەندێ پزیشكم كرد لێرە و هەندێ ڕێنماییان كردم تا گەیشتمەوە وڵاتی ئەڵمانیا و چارەسەرم بۆ كرا، ئێستاش بەردەوام لەژێر چاودێریی پزیشكدام و چارەسەرم هەیە، بەڵام ژیانێكی زۆر ئاسایی بەسەر دەبەم، چونكە تامی مردنم كردووە، ئێستا ژیانم لە لا خۆشەویستتر بووە».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئەو هێزە زۆرەت لە كوێ هێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر نەخۆشیەكەتدا؟ سروە عوسمان گوتی: «كاتێ جەستەم بەر شاڵاوی دەردی نەگریسی شێرپەنجە كەوت؛ بێ بەزەییانە هەرجارەو بە تیغێك دادڕیان كرد، ڕۆحیشم پارچە پارچە بوو؛ پارچەیەك نێژرا؛ پارچەیەك هەتیو؛ پارچەیەك سزادراو و لە جەستەدا بەجێماو؛ فرمێسكە خوێناوییەكانی چاوی دایكم و خەم و پەژارەی باوكم و ڕەنگ زەردی و دڵەڕاوكێی خوشك و براكانم و سەرسوڕمانی جگەرگۆشەكانم لەم دەردە كتوپڕەی دایكیان؛ بێنازی و هەناسەی ساردی هاوسەرەكەم و ڕووانینی ئازیزان؛ هەموو ئەوانە هەژاندمی لە ناخەوە؛ نەمویست ڕێز و خۆشەویستیی هەموویان ببێتە بەزەیی و لەو گۆشە نیگایەوە لێم بڕوانن ـ ویستم پێیان بڵێم: دەمەوێت بۆ ئێوە بژیم. بۆیە هەموو ئیرادەی نوستووم بە گەڕخست و هەزاران هەزار نەفرەتم لە تەوێڵی ئەو قەدەرە كرد؛ هەزاران هەزار نەفرەتم لە دیداری مەرگ كرد؛ سوێندم بە پاكی فرمێسكەكانی چاوی دایكم خوارد؛ كە بەهێز و ئیرادەوە هەردووكیان بنێژم (دەرد و مەرگ) بۆیە زۆر ئازایانە بەرەنگاری خانەی شێرپەنجەیی بوومەوە و بە ورەی بەرز و پۆڵایینەوە؛ بە خۆشەویستی و پشتگیریی هاوسەر خێزان و براكانم و خۆشەویستیی هەمووان و دڵسۆزی هاوڕێیان، توانیم زاڵ بم بەسەر ئەو پەتایەی ناوی نراوە شێرپەنجە».

وەك پەیامیشی بۆ توشبووانی شێرپەنجە و بەتایبەت خانمانی توشبوو گوتی: «ئێستا من پاڵەوانێكی شێرپەنجە بەزێنم. ژنێكی مرۆڤدۆستم. یارمەتیی هەموو تووشبووان دەدەم. سەردانیان دەكەم. قسەیان بۆ دەكەم. لێرەوە دەنگم بەرز دەكەمەوە و بە هەموو تووشبووان دەڵێم و بەتایبەتی خانمان . شێرپەنجە نەخۆشییەكە وەكو هەر نەخۆشییەكی دیكە و چارەسەری هەیە و ئەو مەترسیدارە نییە. كاتێ تۆ بڕیار دەدەیت بیبەزێنیت، تۆ گەورەترین هێز لە خۆتدا دەبینییەوە. ژیان شایانی ئەوەیە بۆی بجەنگیت. بەوەش ژیان جوانتر دەبینیت، چونكە ڕووبەڕووی نەخۆشییەك دەبیتەوە، كە فێرت دەكات ڕێز لە مرۆڤبوونی خۆت بگریت. ئەگەر تۆ بە دەروونێكی فراوانەوە بەرەنگاری ببیتەوە، ئەو كاتە دەبینیت شێرپەنجە چەند بچووكە لەچاو گەورەیی تۆی مرۆڤ.

تەنیا هۆشیاری و دڵنیابوون لە تەندروستیت بە پشكنینی بەردەوام زامنی ژیانێكی ئاسوودەیە و ئومێد دەكەم شێرپەنجە وەكو پەتایەك سەیر بكەن و نەهێڵن ژیانتان تێك بدات. ئێوە لە هەموو دەردێك گەورەترن .بە هیوای سەلامەتی و چاكبوونەوەی هەموو تووشبووان».

د. سەركەوت مەجید خۆشناو پزیشكی ڕاوێژكار بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «شێرپەنجەی مەمك باوترین شێرپەنجەی ئافرەتانە و دووەم هۆكاری مردنی ئافرەتانە لە دوای شێرپەنجەی سییەكان. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە هەر هەشت ئافرەت یەكێك تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبێت. ساڵانەش زیاتر لە یەك ملیۆن كەس تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن.

شێرپەنجە بریتییە لە نەخۆشكەوتنی جینەكان. خانەكانی لەشی مرۆڤ بە سیستەمێك بەڕێوە دەچن، كە لەلایەن جینەكانەوە دیاری دەكرێت. بۆیە ئەگەر هەڵە لە كاری جینەكان دروست بوو، ئەوا هەڵە لە سیستەمی بەڕێوەچوونی خانەكان دروست دەبێت.

چەند هۆكارێكی بۆماوەیی و ژینگەیی بە یەكەوە دەچنە پاڵ یەك و دەبنە هۆی دروستبوونی بازدان لە جینەكان، كە دیارترینیان ئەمانەن:

هەتا تەمەن زیاتر بێت، ئەگەری ڕوودانی هەڵە لە كاری جینەكان زیاتر دەبێت، چونكە لە ناو خانەكانی لەش سیستەمی ڕێگریكردن لە ڕوودانی هەڵەی جینەكان هەیە، ئەو سیستەمە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن بەرەو لاوازی دەڕوات. بە ڕێژەی 80% شێرپەنجەی مەمك لەو ئافرەتانە ڕوو دەدات كە تەمەنیان لە پەنجا ساڵ زیاترە.

- ڕەنگی پێست: لە ئەمریكا و ئەوروپا ئافرەتە سپی پێستەكان زیاتر تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن، بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتە ڕەش پێستەكان.

قەڵەوی: دوای تەمەنی پەنجا ساڵی، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك دوو جار زیاترە لە ئافرەتانی قەڵەو بەراورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی كە قەڵەو نین.

- درێژیی باڵا: لە توێژینەوەیەك تێبینی كرا، كە ئەو ئافرەتانەی درێژیی باڵایان لە 175سم زیاترە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك بیست لە سەد زیاترە بەراورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی درێژییان لە 165سم كەمترە.

- هۆكارە هۆڕمۆنییەكان: ئەو هۆكارانەی كە وادەكەن خانەكانی مەمك زۆرتر بكەونە ژێر كاریگەریی هۆڕمۆنەكان، بریتین لە:

دەستپێكردنی سووڕی مانگانە لە تەمەنێكی بچووك، ڕاوەستانی سووڕی مانگانە لە تەمەنێكی گەورە، شیرنەدان، منداڵ نەبوون و بەكارهێنانی هۆڕمۆنی ژنانە.

هاوكات تێبینی كراوە كە ئەو ئافرەتانەی بە شێوەیەكی بەردەوام وەرزش دەكەن، ئەگەری تووشبوونیان 10% كەمترە.

خواردنێك كە دەوڵەمەند بێت بە سەوزە و میوە، ماسی و ڕۆنی زەیتوون ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك كەم دەكاتەوە، بەڵام كاریگەریی چەوری و گۆشت یەكلا نەبووەتەوە.

هۆكارە هەڵسوكەوتییەكان:

- خواردنەوەی كحول

- جگەرە كێشان

- كاركردن بە شەوان بۆ ماوەیەكی زۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات.

- وەرگرتنی چارەسەری تیشكی بۆ گرێ لیمفاوییەكانی سنگ (بۆ نموونە بۆ چارەسەری لیمفۆما) ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات.

هۆكارە بۆماوەییەكان:

ئەو ژنانەی كە كەسێكی نزیكیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە، ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. بەڵكو شێرپەنجەی هێلكەدانیش لە كەسێكی نزیك ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات. .

(لەگەڵ ئەوەی كە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە لە ڕووی زانستی پزیشكییەوە)، تەنانەت زۆربەی ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون، هیچ كەسێكی نزیكیان پێشتر تووش نەبووە.

پێشتر ئەو گومانە بڵاو ببووەوە كە گوایە ستیان جووڵە و تێپەڕبوونی شلەی لیمف لە بۆڕیە لیمفاوییەكانی ناو مەمك سست دەكات، یان ڕای دەگرێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ كە زیاتر لە 1500 ئافرەت باشدارییان تێدا كردبوو، پیشانی دا كە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان شێرپەنجەی مەمك و لەبەركردنی ستیان نییە.

هاوكات بەپێی ئەو توێژینەوانەی هەتا ئێستا كراون، پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان بەكارهێنانی حەبی مەنعی سكپڕی و شێرپەنجەی مەمك تێبینی نەكراوە».

د. سەركەوت خۆشناو لە درێژەی وتەكانیدا ئامۆژگاری خانمان دەكات و دەڵێت: «پشكنینی پێشوەختە(Screening) ڕێژەی مردن كەم دەكاتەوە و شێرپەنجەی مەمك لە قۆناغێكی زۆر سەرەتایی دەستنیشان بكرێت، چارەسەری ئاسانتر دەبێت.

بەداخەوە شێرپەنجەی مەمك پاش چارەسەركردن توانای گەڕانەوەی هەیە، بۆیە ئەو نەخۆشانەی كە بە سەركەوتوویی شێرپەنجەكەیان چارەسەر كراوە، دەبێت لەلایەن پزیشكێكی پسپۆڕی شێرپەنجە ناوە ناوە ببیندرێنەوە و پشكنینیان بۆ بكرێت بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆشییەكە گەڕاوە، زوو بزانرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بكرێت».

Top