ئەمیل ئیستیفان ڕاوێژكاری كاروباری پێكهاتەی مەسیحی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان:   مسعود بارزانی پارێزەری پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزا و نەتەوەكانە  

ئەمیل ئیستیفان  ڕاوێژكاری كاروباری پێكهاتەی مەسیحی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان:     مسعود بارزانی پارێزەری پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزا و نەتەوەكانە   

 

مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، لە ماوەی ڕابردووشدا بە هۆی ئاگركەوتنەوە لە هۆڵێكی بووك گواستنەوەی مەسیحییەكان لە حەمدانییە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا سێ ڕۆژ ماتەمینی و هاوخەمی بۆ قوربانییەكان ڕاگەیاند و، هەموو دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیش كەوتنە ئامادەباشی بۆ هاریكاری و چارەسەری قوربانییەكان، بەمەش جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان سەلماندییەوە كە پارێزەری كەلتووری پێكەوەژیانن و كوردستان نموونەیەكی جوانی كۆكردنەوەی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەكانی ناوچەكەیە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەمیل ئیستیفان ڕاوێژكاری كاروباری پێكهاتەی مەسیحی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەنجام دا.

 

* پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بە یەكێك لە سیما جوانەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و جیهان بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە ئەم كەلتوورە، ئایا ئێوە وەك پێكهاتەی مەسیحی چۆن دەڕواننە ئەم پێكەوەژیانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە؟

- پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا بووەتە كەلتوور و بنەمایەكی ژیان و بەختەوەری، بنەما لە تێڕوانینی هزرییەوە دەكەوێتە سەرووی ئازادی و دیموكراتییەوە، چونكە پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە هەر وڵات و شوێنێك هاوشێوەی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوو، ئەوە مانای بوونی ئاشتی و لێبووردەییە، هەر پێكەوەژیانە وا دەكات، هێمنی و ئاسایش و یاسا بەرقەرار بێت، ئەمەی وای كردووە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەم پێكەوەژیانە لە هەرێمی كوردستان بەهێزتر و قووڵتر ببێتەوە. ئەو مێژووە دێرینەیە كە وای كردووە پێكەوەژیان لای پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان ببێتە بنەمایەك، تەنانەت سەركردە گەورەكانی كورد لە شۆڕش و خەبات و وێستگەكانی مێژووی ئەم نەتەوانە و ئایینزایانە سەلماندوویانە چۆن ڕێز لە ئایین و ئایینزاكان دەگرن و پارێزگاری لێ دەكەن، بەتایبەت جەنابی مەلا مستەفا بارزانی و لە دوای ئەویش سەركردە و ڕێبەری نەتەوەیی گەلی كوردستان جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، كە وایان كردووە، ئێستا لە ناوچەكە و هەموو دونیا بە چاوێكی سەرنجڕاكێشەوە تەماشای ئەو پێكەوەژیانە سەركەوتووەی هەرێمی كوردستان بكەن. ئێمە وەك مەسیحییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگی و ڕێزەوە كار بۆ گەشەكردنی ئەو پێكەوەژیانەی هەرێمی كوردستان دەكەین، لە سایەی ئەم پێكەوەژیانەیە كە مەسیحییەكانی عێراقیش كۆچیان بۆ هەرێمی كوردستان كردووە و تێیدا بە ئازادی هەموو بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەكانمان دەگێڕین، بگرە ژیان و مومارەسەی كەلتوور و دینەكەمان بووەتە بەشێك لەو كەلتوورانەی لەم هەرێمەدا هەیە، ئێمە ڕایدەگەیەنین ئێستا لە دونیادا جوانترین نموونەی پێكەوەژیان هەرێمی كوردستانە و ئەمەش وای كردووە 85%ی مەسیحییەكانی عێراقیش ڕوو بكەنە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت مەسیحییەكان ڕوویان لە هەولێری پایتەختی كوردستان كردووە و ئایین و ئایینزاكانی دیكەش وەك سابییەی مەندائیی و بەهائییەكان و...هتد، بە هەمان شێوە بەشی هەرە زۆریان ئێستا لە هەرێمی كوردستانن.

* لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا قەداسەتی پاپای ڤاتیكان سەردانی هەولێری كرد، ئەمەش ڕووداوێكی گەورە بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئایا ستراتیژیی كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستان چییە؟

- هەر لە یەكەم ڕۆژدا كە مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی نویەمدا دەستبەكار بوو و كارنامەكەی لە پەرلەمانی كوردستان خستە ڕوو، ئەو دەمە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە چەندین خاڵ و شوێندا جەختی لەسەر گەشەپێدان و زیاتر قووڵبوونەوەی ئەو پێكەوەژیانە كرد كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، سوپاس بۆ خودا بە شێوەیەكی كردەیی پۆست و بەرپرسیاریەتیی بۆ هەموو پێكهاتەكان و بەتایبەت بۆ ئێمەی مەسیحی لە دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەماندا دەستنیشان كرد، ئەمەش وای كرد، دەنگی مەسیحییەكان و هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بگاتە لای جەنابی سەرۆكی حكومەت، ئەویش ڕاستەوخۆ و شەخسی بە دەنگی ئێمە و داواكارییەكانمانەوە هاتووە، ئەو كارانەی كابینەی نۆیەم كە بۆ گەشەكردنی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان كراوە، لەگەڵ ئەو پێكەوەژیانەی لە مێژووی گەلی كوردستاندا هەیە، بووەتە جێی سەرنجی هەموو وڵاتانی دونیا، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بوو كە قەداسەتیی پاپا خۆی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و گەورەترین نوێژ و قەداسی لە گۆڕەپانی شەهید فرەنسۆ هەریری لە هەولێری پایتەختی كوردستان ئەنجام بدات، سەردانەكەی پاپا جگە لەوەی بۆ ئەوە بوو كە لە نزیكەوە بە چاوی خۆی ئەو پێكەوەژیانە سەركەوتوو و جوانە ببینێت، هاوكات هاتنی قەداسەتیی پاپا زۆر گرنگ و مێژووییە و پشتگیری و كاركردنە بۆ گەشەكردن و سەركەوتن و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان. پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان و دنیاش بزانن كە جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی كابینەی نۆیەم زۆر پاڵپشت و بەرنامەدانەرن بۆ بەرجەستەبوون و گەشەكردنی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە.

* لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان خۆیان مافەكانی خۆیان لە دەستووری كوردستاندا بنووسنەوە، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان ئەم هەڵویستەی جەنابی سەرۆك چۆن دەبینن؟

- بۆ ئەوەی كوردستان بگاتە دوائامانجی خۆی و هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان پێكەوە بە شادی و كامەرانی بژین و كوردستان بۆ هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەكانی بێت، سەرۆك بارزانی بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان هەوڵ دەدات، هەر ئەو بیر و عەقیدە و ئیمانەی سەرۆك مسعود بارزانی بوو، وای كرد هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە عێراقی فیدڕاڵیشدا لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بەشدار بن، جەنابیان هەر بڕگە و یاسایەك لە دەستووردا لەلای پێكهاتەكان پەسەند نەبووایە، ئەوە پێداگری و پاڵپشتیی لەوە دەكرد، كە دەبێت بەپێی بەرژەوەندی و مافەكانی هەموو پێكهاتەكان بێت، لە نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا جەنابیان ڕایگەیاند و كردیە یاسایەك كە دەبێت نوێنەری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە لێژنەكانی نووسینەوەی دەستووری كوردستاندا بەشدار بن و خۆیان شاهێد بن لەسەر نووسینەوەی ماف و بەرژەوەندییەكانیان، هەر جەنابی سەرۆك بارزانی بوو وەك جاڕنامەیەك بە هەموو دونیای ڕاگەیاند كە لە كوردستان هیچ نەتەوەیەك كەمینە نییە، بەڵكو هەموو پێكهاتە نەتەوەییەكان نەتەوەی ڕەسەنی كوردستانن، ئەمەش بەو پێیەی كە جەنابیان فەرمووی، نەتەوە بەژمارە نییە، بەڵكو نەتەوە پێكهاتەی ڕاستەقینەن.

* ئایا بوونی عەنكاوە لە ناحیەوە بۆ قەزا، لای مەسیحییەكان مانای چییە و تا چەند كاریگەریی لەسەر پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان هەیە؟

- بوونی عەنكاوە بە قەزا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا واتە زیاتربوونی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی بۆ ئەو قەزایە و، گرنگیدانی زیاتر و گەورە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوەی عەنكاوە، كە شوێنێكی نموونەیی مەسیحییەكانە لە هەرێم و ناوچەكەدا.

* ڕووداوی حەمدانییە زۆر خەمباری كردین، بەتایبەتی كە بۆنەیەكی ئاهەنگگێڕان بوو بە ماتەم و شیوەن، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان سێ ڕۆژ ماتەمێنی و هاوخەمی بۆ قوربانییەكان ڕاگەیەندرا و، هەموو دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیش كەوتنە ئامادەباشی بۆ هاریكاری و چارەسەری قوربانییەكان، ئایا چۆن سەیری ئەو هاریكاری و هەماهەنگی و خەمخۆرییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن لەو كارەساتە دڵتەزێنەدا؟

- لێرەدا دووبارە هاوخەمی خۆمان بۆ ئەو كارەساتە خەفەتبار و نەخوازراوە دەردەبڕین، ئاگركەوتنەوە لە هۆڵی بووك گواستنەوەی حەمەدانییە وای كرد، هەموو گەلی كوردستان بە سەركردایەتیی سیاسی و حكومەت و خەڵكەوە، خەفەتبار و دڵتەنگ بن، بەم هۆیەوە لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە سێ ڕۆژ ماتەمێنی ڕاگەیەندرا و لە یەكەم ساتی ڕووداوەكە و تا ئێستاش حكومەتی هەرێم یەكەم لایەن بوو كە بەهانای خەڵك و بریندارەكانی حەمدانییەوە هاتووە، زیاتر لە 60 بریندار كە هەندێكیان سووتانەكانیان ڕێژەی بەرز بوو، گەیەندرانە نەخۆشخانەكانی هەولێر و دهۆك، هەرچی لە توانا و چارەسەر هەبوو بۆیان ئەنجام درا. جەنابی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتیش بەو پەڕی جددییەتەوە هاوكار و هەماهەنگ بوون، سەرۆكی هەرێم سەردانی یەكە یەكەی بریندارەكانی لە نەخۆشخانە كرد و ئامادەیی نیشان دا، هەرچی پێویست بێت تەنانەت لە دەرەوەی كوردستانیش بۆیان دەستەبەر دەكەن و، سەرۆكی حكومەت لە مەراسیمی پرسەكەدا هاوخەم و بەشدار بوو، هەموو ئەمانە بەشێكی دیكەیە لەوەی كە لە كوردستان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكان لە خۆشی و ناخۆشیدا هەماهەنگ و هاوبەشی یەكترن و حكومەتی كوردستانیش خۆی بە خاوەنی هەموو لایەك دەزانێت، ئەو ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی كە بۆ هەموو لایەك دەركەوێت كە دەشتی نەینەوا بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستانە، چونكە عێراق و ئیدارەی مووسڵ لەو كارەساتە جەرگبڕەی حەمدانییەدا بە یەك ئەمبۆڵانسیش بە دەنگی خەڵكەكەوە نەهاتن.

* مەسیحییەكانی كوردستان بەشدارن لە حكومەت و پەرلەمان و چەندین جومگەی سەرەكیی دامەزراوەكاندا، تا چەند لە كوردستان هەست بە هاووڵاتیبوونی خۆتان دەكەن؟

- بێگومان ئێمە نەك لە ئێستادا، پێش ساڵی 1991یش وەك نەتەوە و ئایینیش بەشدار بووین لە شۆڕشەكانی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، ئێستاكەش بە شێوەیەكی كارا و ڕاستەوخۆ لە حكومەت و پەرلەمان و سەقامگیریی كوردستاندا بەشدارین، ئەمانەش بەڵگەن كە ئێمە هاووڵاتی ئەو هەرێمەین و لە خۆشی و ناخۆشیی یەكتردا بەشدارین و، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمدا بۆ ئێمەی مەسیحی كراوە، لە هیچ كات و مێژوو و سەردەمێكدا بۆمان نەكراوە.

* بە دەگمەن پیاوانی ئایینی مەسیحی خۆیان تێكەڵی كاروباری سیاسی دەكەن، بەڵام لە پرسێكدا كە ئەویش مانەوەی سەرۆك بارزانی بوو وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كەنیسەكانی كوردستان هەڵوێستی سیاسییان هەبوو لەسەر ئەوەی سەرۆك بارزانی كۆڵەگەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانە و پێوەیستە هەر لەو پێگەیەدا بێت، ئایا ئەم هەڵوێستە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- ئێمە وەك مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەرگیز ناتوانین چاكەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بدەینەوە، لەوەی بە چاوی نەتەوەیی هاوبەش لە كوردستان سەیرمان دەكات، هەر ئەوەش بوو وای كرد لە نووسینەوەی دەستووری عێراق و كوردستانیشدا بەشدار بین و، لە هەموو دامودەزگاكانی حكومەتیش بەشداریی كارامان هەبێت، هەموو ئەوانەش وای كرد كە لەلای مەسیحییەكان و پیاوانی ئایینی مەسیحی دەنگمان بۆ جەنابی سەرۆك بێت، كە هەر خۆی سەرۆك و ڕابەر و مەرجەعی گەلی كوردستان بێت.

 

Top