ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كتێبی یەكەمی بازنەی گفتۆگۆ گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك  

ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كتێبی یەكەمی بازنەی گفتۆگۆ  گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك   

 

ڕۆژی 11ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ 2023، بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی و كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و د.سالار عوسمان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كتێبی یەكەمی بازنەی گفتوگۆ كە شەش گفتوگۆی خولی یەكەمی لە خۆی گرتبوو، بە ناونیشانی «گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك» بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتیی سیاسی و وەزیر و پەرلەمانتاران و نوێنەری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەكادیمیست و دەستەبژێری نیشتمانپەروەر و كەسایەتی و دەستەبژێرانی بەشداربووی ئەڵقەكانی (1تا6)ی بازنەی گفتوگۆ ئامادە بوون، لە سەرەتای ڕێورەسمەكەدا د.سالار عوسمان وتاری بەشی ڕۆشنبیری و بازنەی گفتوگۆی خوێندەوە، دوای بەخێرهاتنی میوانەكان، تیشكی خستە سەر ئەوەی بۆچی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بیری لەوە كردەوە كە هاوشانی ئۆرگانەكانی دیكەی، بازنەی گفتوگۆش وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆ دابمەزرێنێت؟ بۆچی لێژنەی بازنەی گفتوگۆ بڕیاری دا، پوختەی ئەم گفتوگۆیانە بە شێوەی ڕاپۆرت لە گۆڤاری گوڵان بڵاو بكرێتەوە؟ بۆچی بڕیارمان دا لە دوو كتێبدا بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی ئەو گفتوگۆیانە كۆ بكەینەوە و چاپی بكەین؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند :

«گفتوگۆ بۆ هەر كۆمەڵگەیەك زۆر گرنگ و پێویستە، هەستمان كردووە، بە داخەوە ژینگەی دیالۆگی ساغڵەم و سپی و بەرهەمهێن لە كوردستان لە مەترسیدایە و خەڵكانێكی نابەرپرس، تا ڕاددەیەكی زۆر میدیا و سۆشیال میدیایان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆرخ كردووە، حزبە سیاسییەكانیش بە داخەوە لەبەر ململانێی سیاسیی خۆیان، ناتوانن كەشێكی پێویست بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێكی باش فەراهەم بكەن، ئەو كەشی گفتوگۆیەی كە هەموو كۆمەڵگەكان پێویستیانە.

ئامانجمان ئەوە بوو، لە یەك ئاراستەی سیاسییەوە گفتوگۆ نەكەین و، بازنەی گفتوگۆ بكەینە پلاتفۆرمێكی كراوە بۆ كۆكردنەوەی تێكڕای بیروبۆچوونە جیاوازەكان و، لەم ڕوانگە جیاوازانەوە گفتوگۆ بكەین و خاڵی هاوبەشی لێكتێگەیشتن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی كێشەكانی كۆمەڵگە دروست بكەین».

سەبارەت بە چاپكردنی ئەم گفتوگۆیانە وەك كتێب، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە كرد، ئەم گفتوگۆیانە لەبەر ڕۆشنایی ڕاپرسیی ناو خەڵك و ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییانە كراون، كە لێژنەی بازنەی گفتوگۆ بۆ هەر گفتوگۆیەك ئامادەی كردوون، بەرنامەی گفتوگۆكانیش بەو شێوە داڕێژراون كە هەموو پرس و كێشەكانی خەڵك و كۆمەڵگە و نیشتمانی خۆمانی گرتووەتەوە و، ئەو دەستەبژێرانەشی كە لەم گفتوگۆیانەدا بەشدارییان كردووە، جیا لەوەی لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بوون، لە هەمان كاتدا باكگراوندی سیاسیی جیاوازیشیان هەبووە و لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان بوون و، لە ناو هەناوی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەكانەوە ڕایەڵەی پێكەوە گرێدانەوەی بۆچوونەكان دروست كراوە و، پێشنیار و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خراونەتە ڕوو و، پێشكەشی پرۆسەی سیاسیی كوردستان و تەواوی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی خۆمان لە كوردستان كراوە.

 لەم كتێبەدا (گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك) شەش گفتوگۆی ڕاشكاوانە بڵاو كراوەتەوە، كە بریتین لە:

1. گەنج و ڕەخنە سیاسییەكانی.

2. ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا.

3. ئینتمای نیشتمانی پرس و گەنگەشە.

4. میدیای كوردی قۆناغ و بەرپرسیاریەتی.

5. خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری.

6. ئاڵنگارییەكانی بەردەم سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەم شەش پرسەی لەم كتێبەدا گفتوگۆیان لەسەر كراوە، پێكەوە بەشێكی گرنگی كێشەكانی خەڵك و كۆمەڵگەی خۆمان پیشان دەدات و پەیوەندیی بە هەموو هاووڵاتیانی كوردستانەوە هەیە، بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە، لەم ڕوانگەیەوە بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەكەی ڕاگەیاند: «ئێمە لەو ڕوانگەیەوە بیرمان كردەوە كە بە زمانی عەرەبییش ئەم كتێبە چاپ بكەین، لەبەر ئەوەیە هەرێمی كوردستان بە درێژایی مێژوو لانكەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بووە و، لەم ساڵانەی دواییشدا كە بە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنییەوە لە عێراق، هەروەها كاری توندوتیژی گرووپە تیرۆریستییەكان، جیا لەوەی پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەكانی تەواوی عێراق هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ئێستا لە كوردستان نیشتەجێن، هاوكات ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی پارێزگاكانی عێراقیش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئێستا وەك هاووڵاتیانی كوردستان لەم هەرێمەدا دەژین و پەیوەندیی بە كاروباری ڕۆژانەی ئەوانیشەوە هەیە، بۆیە بڕیارمان دا، ئەم كتێبە بە زمانی عەرەبییش چاپ بكەین».

لە بەشێكی دیكەی ئەم ڕێورەسمەدا، لیژنەی بازنەی گفتوگۆ دیدارێكی لەسەر گرنگیی گفتوگۆ بە ناونیشانی (هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی سیاسی) بۆ فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێك خست، لەم دیدارەدا میرانی وێڕای ئەوەی بە شێوەیەكی هزری و سیاسی زۆر بە بایەخەوە هەڵوەستەی لەسەر گرنگیی گفتوگۆ و دانوستاندن كرد، لە هەمان كاتدا لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی كوردستانیش چەند پرسێكی گرنگی ورووژاند، پاشانیش لەلایەن ئامادەبووانەوە چەند پرسیارێكی لێ كرا و زۆر بە ڕاشكاوانە لەلایەن فازڵ میرانی وەڵام درانەوە. (لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتە پوختەی قسەكانی بەڕێزیان بڵاو كراوەتەوە).

لە كۆتایی ڕێوڕەسمەكەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەشداربووانی هەر شەش ئەڵقەی گفتوگۆكانی بازنەی گفتوگۆ و بازنەی گفتوگۆكە بەخشرا،كە ئەم بەڕێزانە بوون:

 بەشداربووانی گفتوگۆی گەنج و ڕەخنە سیاسییەكانی

د. چنار سەعد عەبدوڵڵا

عەبدولسەلام مەدەنی

د. بەهات حەسیب قەرەداغی

كەژان محەمەد 

پ. د. سەردار قادر

 بەشداربووانی گفتوگۆی ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەتان لە كایەی سیاسیدا

د. كوردستان موكریانی 

پڕۆفیسۆر د. ڕەشاد میران  

د.خانزاد ئەحمەد  

كنێر عەبدوڵڵا  

د.شیرین حسنی ڕەمەزان  

د. تاهیرە عەبدولڕەزاق سادق  

ئاوات حوسامەدین  

 بەشداربووانی گفتوگۆی ئینتیمای نیشتمانی پرس و گەنگەشە

پ. د.كامەران ساڵحی

د. دلێر ئیسماعیل حەقی شاوەیس

د. مەهاباد سەعدی

د.فازڵ عومەر    

د. ئیبراهیم مەلا زادە

 بەشداربووانی گفتوگۆی میدیای كوردی قۆناغ و بەرپرسیاریەتی

ئازاد جندیانی

ئازاد حەمەدەمین

د.سادق حەمە غەریب

نەرمین سندی

د.سامان جەلال

بەفرین سەلمان

 بەشداربووانی گفتوگۆی خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری

ئازاد تۆفیق

ئومێد خۆشناو

د.هەڤاڵ ئەبووبەكر

پ.د. عەلی تەتەر

هەڵگورد شێخ نەجیب

فارس یوحەننا

 ئالنگارییەكانی بەردەم سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا

د. ڤالا فەرید

حاكم ڕزگار محەمەد ئەمین

د.مونا یوخەنا یاقۆ

د.محەمەد شەریف

د. ئیسماعیل نامیق

د.محەمەد ڕێكانی

بەختیار حەیدەر 

 بازنەی گفتوگۆ

د.سالار عوسمان

شڤان حەمدی

د.نەزاكەت حسێن

عەبدولڕەزاق عەلی

د.جەلال ئەحمەد

فەرهاد محەمەد

جێگەی ئاماژەپێكردنە بازنەی گفتوگۆ وەك ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە 2023 دەستبەكار بووە، لە ماوەی ئەو شەش ئەڵقەیەی كە لەم دوو كتێبەدا بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لەو ڕێوڕەسمەدا دابەشمان كرد، ستراتیژیەتی كاركردنی بەو ئاراستەیە تۆمار كردووە كە «هەمووكات خەڵك و هاووڵاتی خاوەن مافە»، بۆیە دەبێت گوێ بۆ خواست و داخوازییەكانیان بگرین و كۆدی ئەو سایكۆلۆژییەتە ناڕازییە بدۆزینەوە كە بۆشایی نێوان خەڵك و حزبەكان و دامەزراوەكانی حكومەت دروستیان كردووە.

 بازنەی گفتوگۆ بەردەوامە لە ئەنجامدانی گفتوگۆكانی و هەتا ئێستا نۆ ئەڵقەی لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو كراوەتەوە و لە ئامادەكاریدایە بۆ ئەوەی هەر لەم مانگەدا ئەڵقەی دەیەمی بازنەی گفتوگۆ ئەنجام بدات، دوای تەواوبوونی ئەم شەش ئەڵقەیەی خولی دووەمیش، بە هاوشێوەی شەش ئەڵقەكەی خولی یەكەم لە چوارچێوەی دوو كتێبدا و بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپی دەكەین و لە ڕێورەسمێكی شایستەدا پێشكەشی دەكەین.

ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كتێبی یەكەمی بازنەی گفتۆگۆ  گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك   
ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كتێبی یەكەمی بازنەی گفتۆگۆ  گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك   
ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كتێبی یەكەمی بازنەی گفتۆگۆ  گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك   
ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كتێبی یەكەمی بازنەی گفتۆگۆ  گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك   
Top