پڕۆفیسۆر ستیڤن زونێس بۆ گوڵان:   زۆرێك لەو ئیسرائیلییانەی حەماس كوشتنی بەرهەڵستكاری نەتانیاهۆ بوون

پڕۆفیسۆر ستیڤن زونێس بۆ گوڵان:     زۆرێك لەو ئیسرائیلییانەی حەماس كوشتنی بەرهەڵستكاری نەتانیاهۆ بوون

 

 

پڕۆفیسۆر ستیڤن زونێس، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پڕۆفیسۆری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی سان فرانسیسكۆ، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك (پرسی ناتوندوتیژی، چارەسەركردنی ناكۆكی، سیاسەتی دەرەكیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و جیهانگەرایی)، دامەزرێنەر و یەكەم بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە زانكۆی سان فرانسیسكۆ، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پتر پەیوەست بوون بە هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن ئیسرائیل و چەند پرس و بابەتێكی پەیوەندیدار.

 

* سەرەتا دەمانەوێت بپرسین چۆن وەسفی ئەوە دەكەن لە هەفتەی ڕابروودا لە ئیسرائیل ڕووی دا، كاتێك بزووتنەوەی حەماس هێرشێكی كتوپڕی كردە سەر ئەو وڵاتە؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی ڕووی دا مەترسیدار بوو، ڕەنگە ئەمە گەورەترین ڕووداوی توندوتیژی و كارەسات بێت كە ڕووبەڕووی دەوڵەتی ئیسرائیل بووبێتەوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەو كاریگەری و ئاكامانەی دروستی دەكات لەسەر كۆمەڵگەی ئیسرائیل. كەواتە ئەمانە پەرەسەندنێكی دراماتیكی بوون و زۆركەس -خۆم لە نێوانیاندا- تووشی سەرسوڕمان بووین لە ئاست ئەوەی ڕووی دا، بەتایبەتی كە چەكدارەكانی حەماس توانییان بەو ژمارە زۆرە بچنە نێو سنووری ئیسرائیل و ژمارەیەكی زۆری خەڵك بكوژن، كە ڕەنگە یەكێكیش لە هۆكارەكان ئەوە بووبێت كە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین نەتانیاهۆ) زۆرێك لە سوپای وڵاتەكەی كە پارێزگارییان لە سنووری ئیسرائیل لەگەڵ كەرتی غەززە دەكرد، كشاندەوە و لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ كەناری ڕۆژئاوا جێگیری كردن، بۆ پشتگیركردن لەو نیشتەجێبووە جوولەكانەی كە دەستیان بەسەر خاكی دانیشتووانی فەلەستیندا دەگرت. مەبەستم لێرەدا ئەوەیە كە بنیامین نەتانیاهۆ پتر سەرقاڵ بوو بە داگیركردنی خاكی خەڵكانی دیكەوە، لەبری ئەوەی خەم لە پاراستنی خاك و وڵاتەكەی خۆی بخوات.

* حكومەت و دەسەڵاتەكانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا تیشك دەخەنەسەر ئەوەی كە حەماس لە هێرشەكەیدا هێرشی كردووتە سەر خەڵكانی مەدەنی، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- من پێم وایە ئەوەی حەماس ئەنجامی دا، نەك هەر هەڵە بوو، بەڵكو پێشێلكاری یاسای نێودەوڵەتی بوو، لە ڕووی سیاسیشەوە دەرەئەنجام و دەرهاویشتەی پێچەوانەی دەبێت لەسەر ئەم بزووتنەوەیە، چونكە دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕای گشتیی جیهان و بەتایبەتی ڕای گشتیی نێو ڕۆژئاوا، كە هاوسۆز بوون لەگەڵ ئێش و ئازاری فەلەستینییەكان لە سایەی داگیركاریدا، واتە ئاراستەی ڕای گشتی بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەگۆڕێت، كە داگیركارەكەیە. مەبەستم ئەوەیە دۆخێكی دژوار بۆ ئەو كەسانە دروست دەكات كە پشتیوانییان لە مافی فەلەستینییەكان دەكرد بۆ بەدیهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و بۆ گەیشتن بە مافەكانیان، بەتایبەتی ئەگەر ڕێكخراوێكی فەلەستینی هەبێت و دەستی بچێتە ئەم توندوتیژییە مەترسیدارە. هەروەها ئەوەی دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە كە زۆرینەی ئەو خەڵكانەی لە نێو ئیسرائیلدا و لەسەر دەستی حەماس كوژران لە ناوچەی كیبوتس كە ئۆردۆگایەكی جوولەكەنشینە و لە كرێكاران و جووتیاران پێكدێن، بە هەمان شێوە ئەو كەسانەی لە فیستیڤاڵی موسیقاكەدا كوژران، كە ئەوانیش لە كیبوتسەوە چووبوون، كەسانی لیبراڵ و میانڕەو بوون و بەرهەڵستی سیاسەتەكانی نەتانیاهۆ و داگیركارییان دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بوونە قوربانیی سەرەكیی ئەم هێرشە تیرۆریستییە.

* بەڵام ڕەخنەی ئەوەش دەگیرێت كە ئیسرائیلیش لە میانەی كاردانەوە و تۆڵەسەندنەوەكانیدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی بە شێوەیەك ئەنجام دەدات، كە لە كۆتاییدا خەڵكی مەدەنی لە نێو فەلەستینییەكاندا دەبنە قوربانی، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- ئەوە ڕاستییەكە كە لە مێژووی ململانێی سەربازیی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا، ژمارەی كوژراوانی خەڵكانی مەدەنی نێو فەلەستینییەكان زۆر زیاترە لە ژمارەی كوژراوانی خەڵكانی مەدەنی نێو ئیسرائیل، ئەمەمان بەدی كرد لە ساڵی 2009 و 2014 و 2018، كە ئەگەر هێرشێكی مووشەكی حەماس 10 قوربانی لە نێو خەڵكی ئاسایی ئیسرائیلدا لێ بكەوتایەتەوە، ئەوا لە هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیلدا سەتان خەڵكی ئاسایی فەلەستینی دەكوژران، كەواتە ئەگەر ئەم ڕێژەیە لەبەر چاو بگرین، ئەوا لەبەر ئەوەی ئەمجارە 1000 هاووڵاتی ئیسرائیلی كوژران، ئەوا لە كاردانەوەدا دەیان هەزار فەلەستینی گیان لە دەست دەدەن، بەتایبەتی لە حاڵەتی هێرشی زەمینی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ نێو غەززە، كە ناوچەیەكە دانیشتووانێكی زۆر چڕی هەیە و كاتێكیش شەڕەكە دەگۆڕێت بۆ شەڕی نێو شار و ماڵ بە ماڵ، ئەوا نەك ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی حەماس و سەربازە ئیسرائیلییەكان گیان لەدەست دەدەن، بەڵكو خەڵكێكی زۆری مەدەنی دەبنە قوربانی و گیان لەدەست دەدەن. بەتایبەتی ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین كە كەرتی غەززە ناوچەیەكی داخراوە و هیچ دەروازەیەكی نییە و بۆی هەیە كارەساتێكی مرۆیی گەورە و مەترسیداری لێ بكەوێتەوە. نیگەرانیی من لەوەدایە كە چەندین جار ئەمەشمان بەدی كردووە لە ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ڕۆژئاوا، كە پشتیوانی لە ئیسرائیل بكەن لە هێرشەكانیدا بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەكان، بەو پاساوەی كە ئەمە بەرگری لەخۆكردنە و شەرعییەت و ڕەوایەتی هەیە.

* بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە حەماس پێشوەختە دڵنیا بووە لەوەی كە ئیسرائیل كاردانەوەیەكی توندی دەبێت و لە ئەنجامدا چەندین خەڵكی نێو غەززە دەبنە قوربانی، ئایا بۆچی پەنای بۆ كردەوەیەكی لەم جۆرە برد؟

- لە ڕاستیدا ئەگەر لۆژیكێك هەبێت لەم كارەدا هەر ئەوەیە كە حەماس دەیەوێت ئەو پەیامە بخاتەڕوو كە تاوەكو داگیركاری درێژەی هەبێت، ئەوا بارودۆخەكە ئاسایی و ئارام نابێت، واتە ڕەنگە زۆرێك لە ئیسرائیلییەكان وا بیریان كردبێتەوە كە ئێمە وڵاتێكی بەهێزین و ئەگەر داگیركاریشمان كردبێت، ئەوا دەتوانین ژیانێكی ئاسایی ببەینە سەر و لەم ڕوانگەیەوە پێویست ناكات نیگەران بین لە بەرانبەر ئێش و ئازاری فەلەستینییەكان، كەواتە ڕەنگە ئەمە پەیامی حەماس بووبێت، كە مەسەلەكە بەو شێوەیە نییە كە بیری لێ دەكرێتەوە و تاوەكو داگیركارییەكە كۆتایی نەیەت، ئەوا ئێوەش سەلامەت نابن و ناتوانن ژیانێكی ئاساییتان هەبێت و پەرەسەندنی لەم شێوەیەش- مەبەست لە هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی حەماسە بۆ سەر ئیسرائیلییەكان- ڕوو دەدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من هاوڕام لەگەڵ ئەوەی كە ئەو هێرشانەی حەماس ئەنجامی دان، سەرەڕای ئەوەی كە نائەخلاقی و نایاسایین، ئەوا ستراتیژییش نین، بەڵكو ئەمە بڕیارێكی زۆر خراپ بوو، نەك تەنیا بۆ ئەو ئیسرائیلییانەی كە دەستبەجێ بوونە قوربانی، بەڵكو بۆ ئەو فەلەستینییانەش كە بوونە قوربانی و بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسیی گیان لەدەستدان دەبنەوە.

* هەندێ لە چاودێران سەرنج دەخەنە سەر كاتی هێرشەكە و پێیان وایە گرێ دراوەتەوە بە هەوڵەكانی لەباربردنی هەر ئەگەرێك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟

- ئەمە ڕێی تێدەچێت، بەڵام نابێت ئێمە ئەوە لە یاد بكەین كە حەماس بۆ ماوەیەكی دوور و درێژە پلانی بۆ ئەم هێرشە داڕشتووە و ڕەنگە ئەمە مەسەلەیەك نەبێت، كە تەنیا لە دوای هەوڵەكانی هێنانەئارای ئاشتەوایی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل دروست ببن. هەروەها هەندێك لە چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێران لەم هێرشەی حەماسدا بەشدار بووە، بەڵام دەبێت ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ڕاستە ئێران پشتیوانی لە چەندین گرووپی میلیشیای نێو عێراق و سووریا دەكات و پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی هەیە و هاوكاریی حوسییەكان دەكات، بەڵام ڕەنگە نەتوانین بڵێین كە حەماس وەكیلی ئێرانە، دواتر ئێران پشتیوانییەكی گەورەی بزووتنەوەی جیهاد دەكات لە نێو غەززەدا، بەڵام بینیمان حەماس ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەنجام دا. كەواتە ئەگەر بێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەكەتان، ئەوا من تا ڕاددەیەك بە گومانم لەوەی ئەم هێرشانە و كاتی هێرشەكە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان هەبێت بە پرس و ئەگەری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، ئەگەرچی كوژرانی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی مەدەنی لە نێو غەززەدا دەبێتە هۆی ئەوەی سعودیە پتر دوودڵ بێت بۆ ئەوەی هەنگاو هەڵبگرێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا.

Top