ئۆکرانیا: 49 هاووڵاتی مەدەنی لە بۆردومانکردنی ڕووسیادا کوژران

ئۆکرانیا: 49 هاووڵاتی مەدەنی لە بۆردومانکردنی ڕووسیادا کوژران

 

دوای ئەوەی ڕووسیا ناوەندێکی مەدەنی لە گوندی گرۆزا لە هەرێمی کۆپیانسک بۆردومان کرد ٤٩ کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەندری یەرماک، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ناوەندێکی مەدەنی لە گوندی گرۆزا لە شاری کوپیانسک لە ناوچەی خارکیڤ لەلایەن ڕووسیاوە ٤٩ کەس گیانیان لەدەستدا.

یەرماک ئاماژەی بەوەدا کە لەم هێرشەدا ٤٩ کەس گیانیان لەدەستداوە کە منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵانی لەگەڵە  و ٦ کەسی دیکەش برینداربوون و گوتی: هەوڵەکان بۆ لابردنی پاشماوەکان لە شوێنەکەدا بەردەوامە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ڕووسیەکان تیرۆریستن کە بە ڕق و کینییەوە خەڵکی ئاشتیخواز دەکوژن.

ئۆلێگ سینگوبۆڤ، بەرپرسی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی خارکیڤ، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سوپای ڕووسیا قاوەخانە و دوکانێکی لە گوندی گرۆزا بۆردومان کردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل تێیدا ئامادەبوون.

هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی هێرشە مووشەکییەکەی ڕووسیا دەربڕی.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top