دۆزینەوەی تەرمی ٦٤ قوربانی دیکەی لافاوەکەی ئەم دواییەی لیبیا
حکومەتی یەکێتی نیشتمانی لیبیا ڕایگەیاند: کە تەرمی ٦٤ قوربانی دیکەی لافاوەکەی ئەم دواییە لەم وڵاتە دۆزراونەتەوە.
محەمەد کابلان، وتەبێژی ناوەندی فریاکەوتنی یەکێتی نیشتمانی حکومەتی لیبیا پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەرمی ٦٤ قوربانی دیکەی لافاوەکەی ئەم دواییە لەم وڵاتە دۆزراونەتەوە.
تیمەکانی گەڕان فریاكەوتن توانیویانە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی ٦٤ قوربانی لافاوە گەورەكەی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا بدۆزنەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گەردەلولی "دانیال" لە 10ی ئەیلولدا دەریای ناوەڕاستی گرتەوە و بارانبارینی زۆر بووە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لافاوەکەی ئەم دواییەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا زیاتر لە چوار هەزار قوربانی لێکەوتووەتەوە.
هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر لافاوەکەی لیبیا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی هەشت هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی مەدەنی لەبەردەستدا نییە.
گوڵان: سەردار خەلیل