پڕۆفیسۆر جەیمس لیبۆڤیج بۆ گوڵان: ڕووسیا پێی وایە بە درێژەپێدانی شەڕەكە دۆخەكە لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلا دەكاتەوە

پڕۆفیسۆر جەیمس لیبۆڤیج بۆ گوڵان:  ڕووسیا پێی وایە بە درێژەپێدانی شەڕەكە دۆخەكە لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلا دەكاتەوە

 

جەیمس لیبۆڤیج، پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان و كاروباری نێودەوڵەتییە لە قوتابخانەی ئیلییۆت بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، كە وانەكانی تیۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی، داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی، ململانێ نێودەوڵەتییەكان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئاسایشی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دەڵێتەوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرهاویشتە و ئاكامەكانی ئەم شەڕە و ئەگەری یەكلابوونەوەی بە شێوەی گفتوگۆی و دانوستاندن و سازشكردن و ئەگەری دروستبوونی بەرەی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە نێو ڕووسیا لە دژی شەڕەكە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* وەك ئاشكرایە لە ئێستادا جگە لە بەردەوامبوون و درێژەكێشانی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئاسۆیەك بۆ چارەسەر، یان یەكلابوونەوەی ئەم شەڕە بەدی ناكرێت، لە هەمان كاتدا پێناچێت هیچ لایەك بتوانن بەم نزیكانە شەڕەكە لە ڕووی سەربازییەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان یەكلا بكەنەوە، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- ئەوە ڕوونە كە لە ئێستادا شەڕەكە تووشی جۆرێك لە چەقبەستن بووەتەوە، ئەوەتا بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پێناچێت دژەهێرشەكانی ئۆكرانیا بتوانێت ئامانجەكانی خۆی بەدی بهێنێت، ئەمە لە كاتێكدا ئومێد و چاوەڕوانییەكی زۆر هەبوو لە نێو ئەوروپا و ئەمریكادا لە پەیوەندی بەم دژە هێرشانەوە، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەو سیناریۆیەی زیاتر ڕێی تێ دەچێت، ئەوەیە كە هێزەكانی هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوو (ڕووسیا و ئۆكرانیا) لە پێگە و شوێنەكانی خۆیاندا بمێننەوە.

* ئەگەر ڕووسیا نەتوانێت بەرەوپێشچوونی زیاتر بەدەست بهێنێت و بگرە زۆرێك لەو خاكانەی كە لە سەرەتای هێرشەكەیدا (كە خۆی ناوی ناوە ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی) كۆنتڕۆڵی كردبوون، لە دەستی دا، ئەوا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی سەرۆكی ڕووسیا هێندە پێداگرە لەسەر درێژەدان بەم شەڕە؟

- لە ڕاستیدا دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە گرەوی سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئەوە بوو كە لە كۆتاییدا و لە میانەی درێژەكێشانی شەڕەكەدا وڵاتانی ناتۆ و لە نێویاندا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تووشی شەكەتبوون دەبنەوە و دەگەنە ئەو قەناعەت و باوەڕەی كە چیتر ئەو هاوكارییانەی دەستەبەر و دابینی دەكەن، نابنە هۆی گۆڕینی هەلومەرجە سەربازییەكە لە نێو ئۆكرانیادا. نەك هەر ئەوە، بگرە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی دروست ببێت، بە چەشنی ئەوەی لە نێو پارتی كۆمارییەكانی ئەمریكادا بەدی دەكرێت و ئەو هەستەش لە هەڵكشاندایە كە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو سەرچاوە و داراییانە بۆ نێو خودی وڵاتەكەی خۆی بەكار بهێنێت و، دەستەبەركردنی چەكەكانیش دەبنە هۆی خاڵیكردنەوەی جبەخانە سەربازییەكانی ئەمریكا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریكا لە بارێكی نائامادەییدا بێت، ئەگەر هاتوو بارودۆخێكی كتوپڕ و لەناكاو هاتەئاراوە لە ئەوروپا، یان هەر بەشێكی دیكەی جیهان.

* كەواتە دەكرێت بڵێین سەرۆك پوتین گرەو لەسەر كات و لەسەر ددانبەخۆداگرتن و پشوودرێژی دەكات، بۆ ئەوەی دەرئەنجامی شەڕەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە؟

- من پێم وایە دەكرێت بڵێین پوتین لەسەر دوو ئاراستە كار دەكات، یەكەمیان ئاراستەیەك، یان گەمەیەكی درێژخایەنە، كە تێیدا پێشبینی و چاوەڕوانییەكەی ئەوەیە كە هەلومەرجەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت، ئەویش نەك تەنیا لەبەر ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆكرانیا تووشی شەكەتبوون دەبنەوە لە هاوكاریكردنی ئۆكرانیا، بەڵكو لەبەر ئەوەی ڕووسیا هێزێكی یەدەگی زیاتر و گەورەتری هەیە، چونكە دانیشتووانێكی زیاتری هەیە، هەروەها ئێران هاوكاری دەكات لە پیشەسازیی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا. واتە پۆتین پێی وایە ڕووسیا چەكی زیاتری هەیە و ئەو چەكانەشی كە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆ ئۆكرانیای دابین دەكەن، بەرەو كەمبوونەوە و سنورداربوون دەچن و ئەو كاتەش ڕووسیا لە پێگەیەكی باشتر و بەهێزتردا دەبێت. ئاراستەی دووەم ئەوەیە كە ڕاستە ڕووسیا لە سەرەتادا ڕووبەڕووی شكست بووەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی چەند مانگێك ئامادەكاریی كردبوو بۆ بەرگریكردن لە دژی هێرشە پێچەوانەكانی ئۆكرانیا، وەك چاندنی بەرەكانی شەڕ بە مین و هەڵكەندنی خەندەق، بە چەشنێك كە هێرشیكردنەسەر ئەم هێڵی بەرگرییانە تێچوو و خەسارەتێكی زۆری لێ دەكەوێتەوە بۆ ئۆكرانیا، دەرئەنجامەكەش ئەوەتا كە ئۆكرانیا پێشڕەوییەكی زۆر خاوی كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەدەستهێنانی ئامانجەكان كارێكی سەخت و دژوار بێت بۆ ئۆكرانیا. لە دەرئەنجامی هەموو ئەوانەوە دۆخێك دروست بووە، كە هێڵەكانی شەڕ وەك خۆیان ماونەتەوە و تێڕوانینی سەرۆك ڤلادمیر پوتینیش ئەوەیە كە تاوەكو دۆخەكە بەم شێوەیە درێژە بكێشێت، ئەوا لە كۆتاییدا هەلومەرجێك دێتەپێشەوە كە تێیدا دەتوانێت دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت.

* باشە ئەگەر دژەهێرشەكانی ئۆكرانیا نەیاتوانیبێت پێشڕەویی بەرچاو بەدەست بهێنن و، ئەگەر دۆخە سەربازییەكە جۆرێك لە چەقبەستوویی بەخۆیەوە بینیبێت، كە تێیدا هەردوولا جگە لە خەسارەت و زیانی سەربازی نەتوانن پێشڕەوی بكەن، ئایا ئەمە هەلومەرجێك دروست ناكات، بۆ ئەوەی بیر لە ڕێگەچارەیەكی دیكە و پەنابردنەبەر گفتوگۆ بكەنەوە؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە لێرەدا ناهاوسەنگییەك هەیە، چونكە ئۆكرانیا بەشێكی بەرچاوی خاكەكەی لە دەست داوە، لە هەمان كاتدا ئامادە نییە سازش لەسەر هیچ خاكێكی بكات بۆ ڕووسیا، لە نێویاندا هەرێمی كریمیا لە بەشی باشوور، لە هەمان كاتدا ڕووسەكان و خودی سەرۆك ڤلادمی پوتینیش ئامادەی هیچ جۆرە سازشێك نین و، بگرە خودی سەرۆك پوتین لە ڕووی سیاسییەوە گرەوێكی زۆری لەسەر ئەم شەڕە كردووە، بە چەشنێك كە جگە لە یەكگرتنەوەی ئۆكرانیا بە دەربڕینی خۆیان «ڕووسیای بچووك» لەگەڵ ڕووسیای گەورەدا، هیچ شتێكی دیكە بۆ ڕووسیا مایەی ڕەزامەندی نابێت. هەرچۆنێك بێت زەحمەتە بتوانین بزانین بیركردنەوەی ڤلادمیر پوتین چۆنە بۆ ئەوەی بزانین پاڵنەرەكانی چین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەر لە سەرەتاوە نەیشاردووەتەوە كە خەونی ئەوەیە دووبارە ئیپمراتۆریەتی یەكێتیی سۆڤییەت بنیاد بنێتەوە لەژێر حوكمڕانیی خۆیدا. لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بڵێین كە زەحمەتە ئەم خەون و ئامانجانە یەك بگرنەوە لەگەڵ بیركردنەوە لە پەنابردن بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن و سازشكردن، چونكە پرسەكە بەلای ڕووسیاوە تەنیا پەیوەست نییە بە خاكێكی دیاریكراوەوە، بەڵكو ئەوەی دەستی داوەتێ كۆششێكە (لە ڕوانگەی خۆیەوە) بۆ بەدیهێنانی خەونەكانی.

*  ئایا پێت وایە چ پەرەسەندن و پێشهاتێك دەبێتەهۆی ناچاركردنی سەرۆك ڤلادمیر پوتین بۆ گۆڕینی هەڵوێست و بڕیارەكانی لە ئاست شەڕەكەدا، بۆ نموونە ئایا دروستبوونی بەرەیەكی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی، وا دەكات سەرۆك پوتین پێداچوونەوە بە بڕیارەكەیدا بكاتەوە لە پەیوەندی بە سووربوونی لەسەر درێژەدان بە شەڕەكە؟

- لەوانەیە بتوانین بیر لە ڕوودانی پێشهاتێكی لەم شێوەیە بكەینەوە (ئەوەی لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەی پێ كراوە)، بەڵام نابێت ئەوەش لە یاد بكەین كە ڕووسیا خۆی لە خۆیدا سیستمێكی خۆسەپێنە و دەسەڵاتی یاسادانانی ئەو وڵاتە تەنیا كاری پەسەندكردن و تێپەڕاندنی سیاسەتەكانی سەرۆكی ئەو وڵاتەیە، هەروەها هێشتا پشتیوانییەكی گەورەی ڕای گشتی وڵاتەكەی لەگەڵدایە و، تا ئێستا توانیویەتی هەر بۆچوونێكی ناڕەزایەتی سەركوت بكات، كە تا ئێستا گوزارشتیان لێ كراوە، ئیدی لە رۆژنامەدا بووبێت، یان لە ڕێی ئامرازێكی دیكەوە بووبێت. هەرچۆنێك بێت ڕەنگە پێشبینی ئەوە بكرێت، كە ناڕەزاییەكی بەرفراوان دروست ببێت لە ئاست حوكمڕانییەكەیدا، بەتایبەتی لە نێوان ئەو كەسانەی كە توانیویانە لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا سەورەت و سامان كەڵەكە بكەن، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە ئێستا هەست دەكەن ئەم شەڕە لە داهات و دارایی ئەوان كەم دەكاتەوە، ئەویش لە ئەنجامی سزاكان و دەستبەرداگرتنی سامانەكانیانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو پارێزراوە بەهۆی پشتیوانیكردنی لەلایەن ڕای گشتییەوە، هەروەها بە هۆی دامەزراوە ئەمنییەكانی نێو وڵاتەكەیەوە كە پارێزگاری لێ دەكەن، چونكە تۆ كاتێك بیر لە شەڕێك دەكەیتەوە كە پشتیوانیی جەماوەری نەبێت، ئەوا ئەمە لە دەرئەنجامی گۆڕینی ڕژێمەكە و جڵەوگرتنەدەستی دەسەڵاتی لەلایەن موعارەزەوە لێ دەكەوێتەوە، چەندین ژەنەڕاڵیش بیر لە كوشتنی سەرۆك دەكەنەوە، بەڵام تا ئێستا پوتین ژیرانە كاری كردووە لەم ڕووەوە، چونكە خۆی لە دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەوە هاتووە (كەی جی بی)، ئێستاش كەسانی نێو ئەم دەزگایە لە دەوروبەریدان، چارەنووسی ئەم كەسانەش گرێ دراوە بە چارەنووسی خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتینەوە.

Top