ڕیفراندۆمی گەلی كورد هەنگاوێكی شەرعی و دەستكەوتێكی كەم وێنە

ڕیفراندۆمی گەلی كورد هەنگاوێكی شەرعی و دەستكەوتێكی كەم وێنە

 

  

ڕیفراندۆمی گەلی كورد یەكێكە لەو دەستكەوتە گرنگانەی تا ئێستاش هەموومان شانازی پێوە دەكەین، چونكە لە 25ی ئەیلوولی2017 و لە پرۆسەیەكی دیموكراسییانە و لە چوارچێوەی یاسا و مافی نەتەوەیی، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، پەیامێكی مەدەنی و ڕاشكاوانەی ئاراستەی سەرتاسەری جیهان كرد، كە بریتی بوو لە ویستی سەربەخۆیی، ئەمەش زادەی بەرهەمداركردنی خەبات و قوربانیدان و كۆششی سەدان ساڵەی ڕەنجی ئەم میللەتە بوو، وەك یەكێ لە دیارترین و مەزڵوومترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە، كە هەمیشە حەزی لە ئاشتی بووە و ئاواتی لەمێژینەشی گەیشتن بووە بە مافی چارەی خۆنووسین، بوونی ئەو ویست و هەنگاوە بەڵگەنامەیەكی یاسایی و داخوازییەكی هەمیشەیی و شەرعییانەی گەلی كوردستان بوو، ئیدی ئومێدی گەل وایە، هەرچیەك ببێ و ڕۆژگار بە هەر تەرزێ بڕوات و باجەكەی چەندە گەورەش بێت، ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم دەنگانەی ڕیفراندۆم بەرهەمیان دەبێت.

لە ڕوانگەی شەرعەوە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە و پەروەردگار ئەم مافەی پێ بەخشیوە، لەناو ئەم دەوڵەتەشدا مافی خۆیەتی حكومەتی هەبێت، ئیسلام مافی گەلانی ڕەچاو كردووە و هیچ گەل و وڵاتێكیش بۆی نییە، ئەو مافە لە گەلێكی دیكە زەوت بكات، چونكە خوای گەورە هەر گەل و نەتەوەیەكی بە تایبەتمەندی و لە چوارچێوەیەكی تایبەت خوڵقاندووە، كە سەرەنجام میتۆدی هاوكاری و پاڵپشتی و تەعاروف، دەبێتە سەنگی مەحەك لە ئەدای هەر كار و هەنگاوێكی پەیوەست بە خاڵی هاوبەشی نەتەوە و وڵاتانەوە.

پاڵپشت بەم تێڕوانینە زانایانی ئایینی لە كوردستان لە ڕوانگەی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و تێگەیشتنی دروستیان لە دەقەكانی ئیسلام، تەواو پاڵپشتی ئەم هەنگاوە مەزنە بوون، لەبەر گرنگی و پێگەی هەستیاری مامۆستایانی ئایینی وەرگرتنی هەڵوێستیان بوو، یەكەمین دانیشتن و كۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ زانایانی ئایینی لە كوردستان لە بەرواری 9ی8ی2017 ئەنجام دا و بۆچوونی ئەوانی سەبارەت بەم پرسە گرنگە وەرگرت، كە بە لای ئەوانەوە ڕیفراندۆم تەواو مافێكی شەرعییە و هیچ ئیشكالیەتێك لە ئەنجامدانی نییە، ئەم تێگەیشتنە زادەی ئەو ڕاستییەیە كە هیچ ئایینێك هێندەی ئیسلام جەخت لەسەر سەربەخۆیی ناكاتەوە، هەر بۆ نموونە خودا لە قورئاندا دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَي وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ) الحجرات:13، ئەمەش واتە ئێمە ئێوەمان لە نێر و مێ دروست كردووە و كردوومانن بە گەل و هۆز بۆ ئەوەی یەكتری بناسن، بە واتای ئەوەیە كاتێك من یەكتری ناسین لەگەڵ گەلێكی دیكە دەكەم، ئەو سەروەریی خۆی هەیە و دەبێت گەلی منیش سەروەریی خۆی هەبێت، پاشان لەناو دەوڵەتی ئیسلامیدا جۆرێك لە فیدڕاڵی هەیە، هەر هەرێمێك داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی بۆ خۆیەتی و بۆ ئەوەیە گەلەكەی خۆشگوزەران بكات، بۆیە دەكرێت لەم لایەنەوە بڵێین ئیسلام نەك ڕێگر نەبووە، بگرە پشتیوانی لە مافی ڕەوای گەلەكەشمان دەكات، بۆ موماسەكردنی ئەو مافەی بۆ مرۆڤ و گەل و نەتەوەكانی دیاری كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە هەرچی فەرموودەی پیرۆزی پێغەمبەرە (دروودی خوای لەسەر بێت)، هەمووی لایەنگریی كورد وەك گەلێكی موسڵمان دەكات، كە بەرگریكارە لە خاك و گەل و نامووسی خۆی، بە درێژایی مێژوو لە سەر خاكی خۆی ستەمی زۆری دەرهەق كراوە و بە مافی چارەنووس نەگەیشتووە!

بەداخەوە، بارودۆخ و هەلومەرجی نێودەوڵەتی بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگر بووە لەوەی كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت. مافی دامەزرانی دەوڵەت بۆ كورد وەك هەر گەلێكی دیكەی ئەم زەمینە مافێكی زۆر ئاسایی خۆیەتی كە بڕیاری لە سەر بدات، هەروەها هیچ ئایەتێكی قورئانیش نییە كە فەرزی كردبێت، ئیللا كورد هەر دەبێت لەگەڵ عەرەب بژی، لەبەر ئەوەی هەر نەتەوەیەك بە شێوەیەك بیردەكاتەوە و هەر یەكەشیان هیوا و ئامانجی خۆی هەیە، لەمەش زیاتر ئەگەر سەیری ڕوانگەی ئاساییشی ئەم جیهانەوە بكەین و مەبەست پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ئەم سەرزەمینە بێت، ئەوا ئاشتی و ئاسایش پێویستیان بەوە هەیە كە هەر گەلێك خاوەنی قەوارەیەكی سیاسیی خۆی بێت و خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت، بۆ ئەوەیە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش ڕێز لە یەكتری بگرن، لە بەرانبەر ئەمەدا ئەگەر سەیری مێژوو بكەین، دەبینین لەو كاتەوە بە زۆر كورد بەو دەوڵەتانەوە لكێندراوە، هەمیشە ئاژاوە و ناسەقامگیری بەردەوام بووە، سەرەنجامیش ژینۆساید و ئەنفال و زەبر و زەنگ و ئاوارەیی و دەربەدەری و نەهامەتی و كارەساتیان خوڵقاندووە، ڕەنگە پێچەوانە نەبێت كە بڵێم لە 10 ساڵی ڕابردوو كاتێ میللەتەكەمان ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بوویەوە و قوربانیی زۆریشی دا، بەڵام دواجار نەیهێشت كوردستان بكەوێتە دەست هەژموون و دەستی ڕەش و توندڕەویی ئەم گرووپە، یەكێ لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش لە ناوچەكە بۆ دوورخستنەوەی میللەتی كورد بوو، لەم ماف و داوا ڕەوایەی سەربەخۆیی، بەڵام دواجار میللەتی كورد پرۆسەكەی وەك گەورەترین دەرفەتی مێژوویی وەرگرت و لە سەدا 93ی گەل بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.

 بەداخەوە، مامەڵەی بەشێكی وڵاتانی دەوروبەر و جیهان لە سیاسەتكردن بەرانبەر كورد لە جێی خۆی نییە و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامیش كە باش دەزانن ئەم مافە خوا بە هەموو گەل و نەتەوەیەكی داوە، بێدەنگییان هەڵبژاردووە، وەك بڵێی كۆدەنگییەكی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە نەگەیشتنی كورد بە مافەكانی لە ئارا دایە، بۆیە ناكرێت ئەم فەرهەنگەی بە ڕەوا نەبینینی مافی كورد بەردەوام بێت، كوردیش وەك باقی گەلان مافی شەرعیی خۆیەتی خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت.

لەم پێناوە، ئەركە سەرجەم چین و توێژەكانی كوردستان بە هەموو توانایەكانیانەوە دەنگ هەڵبڕن بۆ پاراستنی یەكڕێزی و برایەتی و پێكەوەژیان و وەلاوەنانی دووبەرەكی و ململانێی حزبی و ئایدیۆلۆژی وێرانكارانە، چونكە خاڵی بەهێزی دەرچوون لەم تەنگژە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و پێشهاتەكان و وەستان لە سەنگەری بەرگریی كوردستان و گەیشتن بە مافی چارەنووس، بەوە دەبێ پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان بە هەر نرخ و باجێك بێت، یەكڕیزی خۆیان و یەكهەڵوێستی نیشتمانی بپارێزن.

بە كورتی ڕیفراندۆم وەك گەورەترین دەستكەوتی نەتەوەیی بووەتە ئیرادەی بەرهەمهاتووی میللەتێك و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەموو میللەتی كورد بە جیاوازی ئایدیا و ئینتیماوە بە ئیرادەی خۆیان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە (بەڵێ) دەنگیان داوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەم ڕیفراندۆمە بۆتە دیكۆمێنتێكی گەورەی مێژوویی و بۆتە بەشێك لە مێژووی گەلی كوردستان كە لە ڕیفراندۆمێكی ئازادانەدا دەنگی بۆ سەربەخۆیی داوە، بەڵام بە شێوازی عەسكەرتاری و پیلانی دەوڵەتانی ناوچەكە ڕێگەیان نەدا ئەم خەونەی كورد بێتە دی.

 

بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان

 

Top