پـــەیـــامـــی ســـەرۆك بـــارزانــــی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

پـــەیـــامـــی ســـەرۆك بـــارزانــــی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و سێ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
ئامانجی سەرەكیی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە لایەن بارزانیی نەمر لە 21ی ئەیلوولی 1970 دووپاتكردنەوەی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان و قووڵكردنەوەی بنەماكانی دینداری و خواناسی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان بوو. بە درێژایی مێژووی گەلەكەمان مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەیان لە بەهێزكردنی نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری و ڕێگەگرتن لە بیری توندڕۆیی و تاییفەگەریدا هەبووە.
ئەو چاوەڕوانییە لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی هەیە كە وەك هەمیشە لەو ڕۆڵە پیرۆزەیاندا بەردەوام بن و، ڕێنیشاندەری هەموو لایەكمان بن. لە ساڵیادی ئەو بۆنە مێژووییەدا هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستا بەڕێزەكان دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.
مسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2023

Top