هانی بۆ گوڵان: ئەنجامدانی كاری هونەری بۆ كچێكی كورد لە ئەوروپا بەبێ پاڵپشتی ئاسان نییە

هانی بۆ گوڵان: ئەنجامدانی كاری هونەری بۆ كچێكی كورد لە ئەوروپا بەبێ پاڵپشتی ئاسان نییە

هانی لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە، لە قۆناغی سەرەیتاییەوە هەر لەو شارە خوێندویەتی تا گەورە بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە، لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا كردووە و لەوێ نیشتەجێ بووە، بەشداریی لە چەندین فیستیڤاڵی جیهانیدا كردووە و چەندین كۆنسێرتی لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان ئەنجام داوە.
هانی كە بە كچێكی بوێر و ڕچەشكێن ناوبانگی دەركردووە، یەكەمین ئەلبوومی گۆرانیی خۆی بە ناوی (ساندرێلا) لە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاو كردەوە، كە لە ١١ تراك پێك هاتبوو، هەروەها ئەلبوومی دووەمی بەناوی (دایك) لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاو كرایەوە، كە سەرجەم ئاوازەكانی لەلایەن هانی خۆیەوە داندراوە، ئەم ئەلبوومەشی لە ١١ تراك پێك هاتبوو. لە دەرفەتێكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

هانی بۆ گوڵان: ئەنجامدانی كاری هونەری بۆ كچێكی كورد لە ئەوروپا بەبێ پاڵپشتی ئاسان نییە

* كێ زیاتر هاندەرت بوو بۆ ئەوەی ڕوو لە بواری گۆرانی و موزیك بكەیت؟
- دایكم هاندەری سەرەكیم بوو، ئەو بۆ ئێمە گۆرانیی دەگوت، سەرەڕای ئەوەی خاوەن دەنگێكی خۆش بوو، بەڵام نەیدەتوانی بە ئازادی گۆرانی بڵێت، هەمیشە بەو حەسرەتەوە ژیاوە، دوای ئەوەی ژیانی هاوژینی پێك دەهێنێت ناچار بوو واز لەم بیرۆكەیە بهێنێت، چونكە لە خێزانێكی ئایینی و ناسراو بووین، ئیدی ئەو حەزەی دایكم لەگەڵ دایكم خرایە ژێر گڵ، دایكم كە گۆرانیی بۆ دەگوتین تك تك فرمێسكی دەهاتە خوارەوە و دڵتەنگ و خەمبار بوو چونكە نەیدەتوانی بە ئازادی گۆرانی بڵێت، بۆیە من دەنگ خۆشی و ئەو حەزەی گۆرانیگوتنم لە دایكمەوە بۆ ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی باوكیشم دەنگیان زۆر خۆش بووە، ڕەنگە ئەوانیش تا ڕادەیەك كاریگەرییان لەسەر من هەبووبێت.
* سەرەڕای سەردانەكانت بۆ كوردستان، بەڵام ماوەیەكی زۆرە لە غوربەتدا دەژیت، وەك هونەرمەندێك ژیانی غوربەتی بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
- دەبێ لە هۆكاری دووركەوتنەوەم لە وڵات دەست پێبكەم، كاتێكدا كە نەتوانم دەنگ و هەستی خۆم بۆ نەتەوە و گەلەكەم بەئازادی هەڵبڕم، ناچارم ژیانی غوربەت هەڵبژێرم، بۆیە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ بووم، بۆ ئەوە هاتمە ئەڵمانیا تا وەك كچێكی كورد بە ئازادی لە فێستیڤاڵە جیهانییەكاندا پەیام و كلتوور وفەرهەنگی میللەتێكی بەشخوراو بەخەڵكی بناسێنم، هەمیشەش چاوم لەوە بووە داهێنان و بەهرەی كچی كورد لە بواری هونەر و موزیك بە جیهان نیشان بدەم، لەو بوارەشدا جێپەنجەمان دیارە، كە لە چەندین فێستیڤاڵ و شوێنی جیهانیدا كۆنسێرت دەكەم و دەنگ و سەدای كوردی بە هەموو كووچە و كۆڵانەكانی ئەوروپا دەگەڕێنم، هەڵبەتە بۆ كچێكی كورد بەتەنیا لە ئەوروپا بەبێ پاڵپشتی بۆ ئەنجامدانی ئەم كارانە هێندە ئاسان نەبوو، هەمیشە دەمگوت هانی تۆ كەسێك نیت دابنیشیت، تۆ پێشمەرگەی، ئەبێ وەكو پێشمەرگە لە ئەڵمانیا بجەنگی و بەردەوامبیت تاوەكو پەیام و ئامانجەكانی گەلەكە و نیشتمانەكەت دێنییە دی.
لە ساڵی 2018 گرووپێكی میوزیكیم لە ئەڵمانیا ناسی، توانیم لەگەڵیان كۆنتاكێكی زۆر باش بكەم و چەند ستایلێكی جوان پێشكەش بكەین، ئێستاش لەگەڵ ئەو گرووپە بەردەوامم، ماوەیەكە خەریكی ئەلبوومێكی ئەلیكترۆنیم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاو دەكرێتەوە، بە شێوازی كۆلاژ، كە هەموو بیرەورییەكانی منداڵیی منە، بە ساوند سسیتمێكە بەناوی (هەژیرۆك) لە ئارت هاوس بڵاو دەكرێتەوە، ئەمە دەبێتە دەستپێكی ناوێكی هونەریی من كە هەر لەگەڵ ئەو گرووپە میوزیكەدا جێبەجێی دەكەین.
* وەكو ئەكتەر ڕۆڵێكی سەرەكی و سەركەوتووت بینی لە فیلمی (بێ نیشتمان)ی تورەج ئەسڵانی، ئەم هەنگاوە چ گۆڕانكارییەكی لە ژیانی هونەریتدا درووست كرد و ئایا پرۆژەی نوێت هەیە؟
- من شەیدای جیهانی سینەمام، بۆیە حەزم كرد ئەم بوارەش لە ژیانی خۆمدا تاقی بكەمەوە، پێموایە ئەزموونێكی زۆر باش بوو، ئەگەر كارێكی دیكەی جوان و بەهێز هەبێت پێمخۆشە بەردەوام بم لە بواری سینەما و وەكو ئەكتەر بەشداری دەكەم. فیلمی(بێ نیشتمان) لە نووسین و دەرهێنانی تورەج ئەسڵانی دەرهێنەری كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، لەسەر چیرۆكێكی ڕاستەقینە بەرهەم هاتووە، چیرۆكەكە باس لە ژیانی دوو هاوژینی هونەرمەند دەكات، كە بەهۆی بارودۆخی خراپی كوردستان كۆچ دەكەن و دەچنە ئەورووپا، بەگشتی ئەو فیلمە باس لە‌ سە‌رهە‌ڵدانی داعش و ئاوارە‌بوونی هەزاران كەس و نە‌هامە‌تی كورد لەو سەردەمەدا دە‌كات.
* حەز دەكەیت منداڵەكانی خۆت یان كەسوكارت ڕوو لە كاری هونەری بكەن و ئەم بوارە هەڵبژێرن؟
- منداڵەكانم ئازادن لەوەی چی هەڵدەبژێرن و لە چ بوارێك كار دەكەن، بەڵام سیامەندی كوڕم دەمێكە لە بواری هونەریدا كاردەكات و ئیشی زۆر باشیشی كردووە، دوایین بەرهەمی من كە بەناوی (رۆحی هەتاو) بوو كاری دەرهێنانی لەلایەن سیامەندی كوڕم ئەنجام دراوە، سیامەند دەرهێنەری سینەماییە و میوزیك پرۆدیوسەریشە، لە بەرلین دەژیت، ئەو تەنیا لەگەڵ من ئیشی نەكردووە، بەڵكو لە ئێران ئیشی زۆری كردووە، بۆ نموونە بۆ سوهراب پوور نازەری، هۆمایۆنی شەجەریان بۆ ئەمانە ئیشی كردووە و بەردەوام ئیشیش دەكات، لە نێو كوردیشدا دوایین ئەلبوومی بانە ئەو پرۆدیوسی كردووە.
* هیوا ئارەزووەكانی هانی بۆ ئایندە چین؟
- هیوا و ئاواتی من ئەوەیە، كە گەنجان و لاوانی وڵاتەكەم باوەڕ بە خۆیان دروست بكەن، وەكو هەموو گەنجانی وڵاتی پێشكەوتوو بژین و كار بۆ ئایندەیان بكەن، هیوادارم گەنجانی ئێمە ڕێچكەی نوێ بۆ خۆیان و وڵاتەكەیان لە بوارەكانی میوزیك و هونەر و زانستدا دروست بكەن، ئێمەش دەبێت دەستیان بگرین و هاوكاریان بین، بۆ ئەوەی ئایندەیەكی پڕشنگداریان بۆ ساز بكەین، تەنیا هیواو ئاواتی من ئەوەیە كە ببینم گەنجەكانمان بەدوای پێشكەوتن و سەركەوتنی كوردستانەوەن.

Top