باڵوێز دانیاڵ كورتزەر پڕۆفیسۆری دیراساتی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی پرینستۆن بۆ گوڵان: ڕێككەوتنی نێوان ئێران و سعودیە گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە ناوچەكەدا دروست ناكات
دانیاڵ كورتزەر پڕۆفیسۆری دیراساتی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە سكووڵی كاروبارە گشتی و نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی پرینستۆن، لە ماوەی 29 ساڵ خزمەتكردن لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە ئیسڕائیل، هەروەها باڵیۆز بووە لە میسر و جێگری یاریدەدەری وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك بووە. ئەندامی تیمی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە سەردەمێكدا كە «جەیمس بێكەر» وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە. كورتزەر، ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە لە داڕشتن و جێبەجێكردنی سیاسەتی ئەمریكا، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە هاوكاریكردن بۆ ئەنجامدانی كۆنفڕانسی ئاشتیی مەدرید. هەروەها نوێنەری ئەمریكا بووە بۆ گفتوگۆی دوولایەنەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین و ئیسڕائیل و سووریا. بۆ هەڵسەنگاندنی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا ئاشتەوایی و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران و دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم ڕێككەوتنە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* وەك ئاشكرایە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی پڕ لە تەنگژە و ئاڵۆزی و شەڕی ناوخۆیی و دەوڵەتی شكستخواردووە، بەڵام سەرباری ئەو هەموو كێشە و قەیرانانە، بەم دواییە چەند پێشهات و پەرەسەندنێكی ئەرێنی ڕوویان دا، كە ڕەنگە لە ئەنجامدا ببنەهۆی خاوكردنەوەی گرژییەكان و كەمكردنەوەی ناكۆكی و كێشەكان، بۆ نموونە: دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە ئاشتەوایی و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران بكەین، دید و تێڕوانینی ئێوە چییە لەم بارەیەوە و ئایا پاڵنەری هەردوولا بۆ هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە چییە؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی دەكرێت لەم بارەیەوە بگوترێت و ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە كە ئەم دوو وڵاتە (كۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودیە) بە ڕوونی ئەوەیان بەدی كردووە و بە بەرژەوەندیی خۆیان زانیوە كە پێویستە كار و كۆشش بكەن و هەنگاو بنێن بۆ كەمكردنەوەی مەودا و بواری بارگرژییەكان و، هەوڵدان بۆ ئارامكردنەوە و سەقامگیركردنی بارودۆخی ناوچەی كەنداو، ئەویش لە ڕوانگەی ئەو ڕاستییەوە، یان لەبەر ئەو گرنگییەی كە ئەم ناوچەیە هەیەتی، لە ڕووی ئەوەی بووەتە ڕێڕەوی گواستنەوەی وزە بۆ جیهان، هەروەها دەبێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوەش بكرێت كە ئەو شەڕە هەڵگیرساوەی لە وڵاتی یەمەن لەئارادایە، بووەتە مایەی هەڕەشە و مەترسی لەسەر وشككردنی سەرچاوەكانی وڵاتە هەرێمایەتییەكان، كەواتە لە ڕوانگەی ئەوانەی ئاماژەمان پێ كرد، ئەوا دەتوانین بڵێین كۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعودیە لە ڕێگەچارەیەك دەگەڕان بۆ خاوكردنەوە و كەمكردنەوەی بارگرژییەكان لە یەمەن.
* بەڵام هەندێ كەس گوزارشت لە گومانی خۆیان دەكەن و پێیان وایە ئێران و سعودیە ناتوانن بە ئاسانی بەسەر مێژووی دوور و درێژی پۆلە ناكۆكیی خۆیاندا زاڵ بن، بۆیە لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەكرێت بڵێین ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەم ڕێككەوتن و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییانە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا (كە مێژووییەكی دووری كێشە و ناكۆكی و بێ متمانەیی هەیە لە نێوانیاندا) سەركەوتوو دەبێت و درێژە دەكێشێت؟ ئایا بە تێڕوانینی ئێوە دەبێتە هۆی بەدیهێنانی بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە بۆ كردنەوەی زۆرێك لە گرێ كوێرە و تەنگژەكانی ئەم ناوچەیە، یان ناكرێت ئەم چەشنە چاوەڕوانییەمان لێی هەبێت؟
- لە ڕاستیدا من بە گومانم لەوەی ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆی ئەوەی، یان سەربكێشێت بۆ گۆڕانكاری و وەرچەرخانی ڕیشەیی و بنەڕەتی لەم ناوچەیەدا، هەروەها سەرباری ئەوەی كە ئەم ناوچەیە پێویستی بەوەیە كە جۆرێك لە ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەوەش ئاشكرایە كە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی هەر دوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و ئێران بەردەوام دژ و پێك ناكۆك دەبن.
* ئاشكرایە كە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئێران ڕەهەندێكی نێودەوڵەتی هەیە، واتە ئەوەی لەم ڕووەوە جێی سەرنجە لەم ڕێككەوتنەدا، ئەوەیە كە وڵاتی چین (وەك هێزێكی هەڵكشاوی جیهانی) ناوبژیوانی كردووە و توانیویەتی ئەم دوو وڵاتە لێك نزیك بكاتەوە و بیانگەیەنێتە حاڵەتی ئاشتەوایی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چەند ئەمە ئاماژەیە بە هەڵكشانی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی چین و، تا چەند ئەمە بووەتە هۆی ناڕەحەتكردن و نیگەرانكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؟
- من لێرەدا دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابكێشم كە هەڵوێستی فەرمیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشوازیكردن بوو لە گەیشتن بەو ڕێككەوتنە، ئەم هەڵوێستەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لە خەم و نیگەرانیدایە و لەگەڵ تێكچوونی بارودۆخە ئەمنییەكەدا نییە، سەرباری ئەوەش نابێت ئەوە لە یاد بكرێت یان نابێت ئەوە نادیدە بگرین كە هەڵكشان و زیادبوونی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی جۆرێك لە نیگەرانی و ناڕەحەتی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
* باشە ئەگەر ئەمە هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێت، واتە پێشوازیكردن بێت لەم ئاشتەوایی و ڕێككەوتنە، ئایا ناكرێت بڵێین كە خودی نزیكبوونەوەی عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوبژیوانیی وڵاتی چین، گومان لەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئەمریكا دروست ناكات؟ ئایا ئێوە چۆن لە ئاقار و ئاراستەی ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەڕوانن؟
- بە تێڕوانینی من ئەم ڕێككەوتنەی نێوان ئێران و سعودیە نەبووەتە مایەی تەحەددی و گرفتی دروست نەكردووە بۆ پەیوەندییە دوور و درێژەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عەرەبستانی سعودیە، لەم بارەیەوە و بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم گریمانەیە، دەكرێت باس لەوە بكەین كە یەكێك لە ئاماژەكان (واتە ئاماژەی بەردەوامبوونی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوان ئەمریكا و سعودیە) ئەوەیە كە سەرلەنوێ ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن لە هەوڵ و كۆششدایە بۆ برەودان بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسڕائیل و عەرەبستانی سعودیە، كە دەكرێت بڵێین، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پرۆسەیەكە كە ئەگەر سەركەوتوو بێت، ئەوا لە ئەنجامدا سەردەكێشێت بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندییە دوولایەنەكانی نێوان ئەمریكا و سعودیە.
* لە پەیوەندی بە كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینەوە، كە كێشەیەكی درێژخایەن و خوێناوی بووە، لێرەدا دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین، بۆچی ئەم كێشەیە هێندە سەخت و ئاڵۆزە و بۆچی هەمیشە پرۆسەی ئاشتی ڕووبەڕووی ئاستەنگ و كۆسپی گەورە دەبێتەوە، كە ڕێگری دەكات لەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە چارەسەرێكی درێژخایەن؟
- لە ڕاستیدا من پێم وایە ئەم پرسیارە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی كە من بتوانم لە چاوپێكەوتنێكی كورتدا باس لە وردەكارییەكانی بكەم و وەڵامی تێروسەل بدەمەوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، لەم ڕووەوە و بۆ تێگەیشتنی باشتر لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەم كێشە و ناكۆكییە هێندە درێژخایەنە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ كتێبەكەم بە ناوی «The Peace Puzzle».