قەشە ئیشایا داود فیلیبس  لە كەنیسەی (مارگورگیس/ شۆڕش) بۆ گوڵان:     پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان لەسەر دەستی مەلا مستەفای بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوول زۆر بە باشی و ڕۆشنی دەركەوت

قەشە ئیشایا داود فیلیبس   لە كەنیسەی (مارگورگیس/ شۆڕش) بۆ گوڵان:        پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان لەسەر دەستی مەلا مستەفای بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوول زۆر بە باشی و ڕۆشنی دەركەوت

 

 

 

جێی شانازیی ئێمەی مەسیحییەكانە بارەگای بارزانی وەكو جاران لەسەر بیر و هزر و عەقیدەی مەلا مستەفا بارزانی و بارزان بەڕێوە دەچێت

 

 

پێكەوەژیان و ڕێزگرتنی ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستاندا مێژوویەكی دەوڵەمەند و قووڵی هەیە، مەلا مستەفا بارزانی لەسەر هزر و عەقدەی بارزان لە شۆڕشی ئەیلوول كۆكەرەوەی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان بوو، بۆیە هەموو نەتەوە و ئایینزا و چین و توێژەكانی كوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا بەشدار بوون. مەسیحییەكانی كوردستانیش وەكو پێكهاتەیەكی ڕەسەنی هەرێمەكە بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە ئەم كەلتوورە بەرزەی بارزانی و كوردایەتی، گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكی ئاراستەی ئیشایا داود فیلیبس قەشەی كەنیسەی مارگورگیس لە هەولێر كرد.

 

 

 

 

* هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو پێكەوەژیانەی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان، بووەتە جێی سەرنجی وڵاتانی دنیا، كە پێكەوەژیانێكی ئاشتییانە و سەركەوتوو لە ناوچەكەدا تیدا بەرجەستە بووە، ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكانی هەرێم و عێراق و دونیاش چۆن سەیری پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان دەكەن؟

- ئێمە وەكو مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان بە كەلتوورێكی دەوڵەمەند و گرنگ دەبینین، ئەمەش مێژوویەكی قووڵی هەیە و بنەمای ئاسوودەیی كۆمەڵگەی كوردستانییە، ئەم پێكەوەژیانە تەنانەت شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێم. پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ شۆڕشی ڕزگاریخوازی ئەیلوولی پیرۆز لە سەر دەستی جەنابی مەلا مستەفای بارزانی زۆر بە باشی و ڕۆشنی دەركەوت، شۆڕشەكە وەك شۆڕشێكی جەماوەری و چەترێك بوو بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كۆمەڵگەی كوردستانی، بەشداریی كەسایەتی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینزاكان و چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە كە لە ناو شۆڕشی ئەیلوولدا كورد و مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی و تادوایی، بەشدارییەكی كارای شۆڕشەكەیان كرد.

ئەم كەلتوورە جوانەی كوردستان و مەلا مستەفا بارزانی وەكو زنجیرەیەكی دانەبڕاوە لەگەڵ سەردەمی سەرۆك مسعود بارزانی كە بە ڕابەرایەتیی جەنابیان پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان قووڵتر بووەوە و، بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی لە كارنامەكانی حكومەت جەختی لەسەر دەكرایەوە و چووە قۆناغێكی زیاتر گەشەكردوو. هەموو ئەمانە وایان كردووە، ئێمەی مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان بە چاوێكی گرنگ و شانازی و سەرنجێكی جوانەوە تەماشای پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ژیانی ئاشتییانەی هەرێمی كوردستان دەكەین، تەنانەت بووەتە جێگەی سەرنجی وڵاتانی هەموو ناوچەكە و دونیاش، ئەم پێكەوە ژیانەی كوردستان بە ڕاددەیەك سەرنجی قەداسەتی پاپای ڤاتیكانی ڕاكێشا، كە لە كاتێكی زۆر ناخۆشدا كە پەتای كۆرۆنا بڵاو بووەوە، سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد و لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی حەشاماتێكی زۆری مەسیحییەكانی هەموو هەرێمی كوردستان و جەماوەری پێكهاتەكانی دیكە، نوێژی قەداسی لە گۆڕەپانی شەهید فرەنسۆ هەریری بەجێ گەیاند، هاتنی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان بۆ ئەوە بوو بە چاوی خۆی ئەو پێكەوەژیانە جوانە ببینێت كە باسی دەكرا و، ئیعترافێكی سیاسی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بوو بۆ ئەو قەوارەیەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێكەوەژیان، پێشكەوتن و ئاشتی و متمانە و دڵنییاییە بەرانبەر یەكتر و سەقامگیری و مافە بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان، بۆیە دەبێت بەردەوام لە پەرەپێداندا بێت و ڕێگە نەدرێت كەسان و گرووپێك بۆ مەبەست و مەرامی تایبەتی خۆیان ئەم پێكەوەژیانە بشێوێنن.

* ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان چۆن سەیری ئەو بڕیار و هەڵوێستەی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن، كە ڕایگەیاند دەبێت هەموو پێكهاتەكان ئەندامیان لە لێژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستاندا هەبێت، تاوەكو خۆیان ماف و بەرژەوەندییەكانیان لە دەستووردا جێگیر بكەن؟

- ئەو بڕیارە حەكیمانە و خەمخۆریی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان، لە هەمان كات داواكاریی ئێمەشە وەك پێكهاتەكانی كریستیان و ئەوانی دیكە لە كوردستاندا، بە تەئكید بوونی نوێنەر و ئەندامی پێكهاتەكان لە لێژنەكانی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور زۆر پێویست و گرنگە، چونكە خۆمان دەزانین ماف و بەرژەوەندییەكانمان چییە، كە وا پێویستە لە دەستوورەكەدا هەبێت و جێگیر بكرێت، هەروەها لەو كاتەی كە دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵیش ئامادە دەكرا، جەنابی سەرۆك وای كرد كە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق ئەندام و نوێنەریان لە لێژنەكانی نووسینەوەی دەستوورەكەدا هەبێت، ئەگەرچی جەنابی سەرۆك لە هەموومان زیاتر بەرگریكار و داكۆكیكارێكی سەرسەختی هەموو پێكهاتەكان بوو، بۆ ئەوەی ماف و بەرژەوەندییەكانمان لە دستووری عێراقدا جێگیر بكرێت، چونكە بەلای جەنابی سەرۆكەوە دەستوور بەڵگە و سەنەد و بنەمایەكی هەمیشەییە كە دەتوانێت بەرگری لە ژیان و مافەكانمان بكات، بۆیە بەپێویستی دەزانم لێرەدا ستایش و پێزانینی خۆمان ئاراستەی مەرجەعی گەلی كوردستان جەنابی سەرۆك بارزانی بكەم، ئەگەرچی زۆرجار و لە كاتی خۆیشیدا ئەو هەڵوێست و بڕیارەی جەنابیانمان زۆر بە هەند و گرنگ وەرگرتووە .

* ئایا ئێوە چۆن سەیری ئەو بۆچوونە دەكەن، كە جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی هیچ كەمە نەتەوەیەك لە هەرێمی كوردستان نییە و نەتەوە بە ژمارە نییە، بەتایبەتی لە لایەنی ماف و ئەو حەقانەی كە پێویستە پێیان بدرێت؟

- دەستەواژەی كەمە نەتەوەیی ئێمەش پێمان خۆش نییە، وەك جەنابی سەرۆك بارزانی فەرموویەتیی نەتەوە بە ژمارە نییە، بەڵكو دەبێت بە ڕەسەنایەتی و بەشداری و بوونی نەتەوەكان سەیری پێكهاتەكان بكرێت، ئەمەش هەقیقەتێكە جەنابی سەرۆك بازرانی بە درێژایی مێژووی تەمەنی خۆی تەئكیدی لەسەر كردووەتەوە، ئەو پەیامەی جەنابیان بۆ ئێمە بووە جێگای شانازی و زۆر ئاسوودەیی و متمانەی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە دروست كردووە، كە بە وڵات و نیشتمانی خۆمانی بزانین و بەرگری لێ بكەین و هەوڵی بۆ بدەین، تاوەكو زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.

* پێكەوەژیانی ئاشتییانە یەكێكە لەو سیما جوانانەی كە هەرێمی كوردستان شانازیی پێوە دەكات، لەمەش زیاتر لەو كاتەوەی دووبارە بارەگای بارزانی دامەزراوەتەوە، دەبینین هەموو پێكهاتە جیاوازەكان بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە لەژێر چەتری بارەگای بارزانیدا كۆبوونەتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا بارەگای بارزانی تا چەند كاریگەریی هەیە بۆ پاراستنی مافی پێكهاتە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستاندا؟

- ئێمە هەموومان پێزانین و شانازی بە بارەگای بارزانییەوە دەكەین و شانازی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت كابینەی نۆیەم دەكەین، كە بووەتە هۆكارێكی گرنگ و كاریگەر بۆ زیاتر گەشەكردنی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەرنامە و كار و پڕۆژەی پێویست و گرنگ بۆ هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان ئەنجام دەدەن، بەبێ جیاوازی، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ڕووی پێكەوەژیانەوە ببێتە نموونەیەكی سەركەوتوو لەناوچەكەدا، بێگومان بارەگای بارزانی پاش ئەوەی بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆك دامەزراوەتەوە، ڕۆڵێكی زۆر باش و كاریگەری هەیە، كە وای كردووە دەنگ و داواكاریی ئێمە بگاتە جەنابی سەرۆك بارزانی و، هەر كێشە و داواكارییەكمان هەبووە، لە ڕێگەی ئەو بارەگا پیرۆزەوە جەنابی سەرۆك ڕەتی نەكردووەتەوە و بۆمانی چارەسەر و جێبەجێ كردووە، بارەگای بارزانی وەكو جاران لەسەر بیر و هزر و عەقیدەی بارزان و مەلا مستەفا بارزانی بەڕێوە دەچێت، كە ئەو عەقیدەیەش جگە لەوەی چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، كار دەكات بۆ بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندیی هەموو لایەكمان، باوەڕمان وایە بارەگای پیرۆزی بارزانی بەدرەوامیی گەشەكردن بەو پێكەوەژیانە لێبوردەییەی هەرێمی كوردستان دەدات و ناهێڵێت پێكەوەژیان ڕابوەستێت، بەڵكو كار و پەیامی زیاتر گەشەكردن و بەرجەستەبوونی پێكەوەژیانی كۆمەڵگەی كوردستانیشە، بەتایبەت لەسەر دەستی مەرجەعی گەلی كوردستان و كاریزمایی ئەو سەركردە بوێر و ئاشتیخوازە كە جەنابی سەرۆك بارزانییە.

* پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوەوە، جیا لەوەی بە سیستمی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان نوینەریان هەیە، لە هەمان كاتدا لە ناو حكومەتی كوردستانیشدا وەزیریان هەیە و لە دامەزراوەكانیشدا چەندین پۆستی باڵایان هەیە، ئایا تا چەند حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتی خزمەتی هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی گەلی كوردستانی كردووە؟

- هەرچەندە من كەسێكی سیاسی نیم، بەڵام وەك پێكهاتەی مەسیحییەكان كە لەگەڵ نەتەوەكانی كورد و توركمان و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان نەتەوەی ڕەسەن و سەرەكین، بۆیە بەشداریمان لە پەرلەمان و حكومەت و هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان پێویست و گرنگە، بێگومان لەو قۆناغەی ئێستادا كورسیی كۆتا یەكێكە لەو متمانە و دڵنیاییەی بۆ بەرگریكردن لە ماف و بەرژەوەندییەكانمان لە دانانی یاسا لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا كە زۆر گرنگە، مەسیحییەكان بۆ ئەوەی دەنگ و ڕەنگیان بزر و پەرشوبڵاو نەبێتەوە، دەیانەوێت سیستمی یەك بازنەیی و كۆتا هەر بمێنێت، لە لایەكی دیكەوە بە بوونی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان و سكرتێری پەرلەمان و بەشداریمان لە چەندین جومگە و دەزگای باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و، هەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بۆ ئێمە و بۆ ئیزدی و ئایین و ئایینزاكانی دیكە دڵنیایەكی بەڵگە نەویستە، كە ئێمە وەك نەتەوە و ئایین بە فیعلی لە هەرێمی كوردستاندا مومارەسەی ژیان و ماف و بۆنە و كەلتووری خۆمان دەكەین. ئەگەرچی بوونی نوێنەر لە هەر شوێنێك چ پەرلەمان، چ لە حكومەت، چ لە وەزارەتی ئەوقاف، گرنگیی لەوەدایە ئەو نوێنەرە تا چەند بە جددی بۆ نەتەوە و ئایین و ئایینزاكەی كار دەكات و تا چەند كاریگەریی لەسەر مسۆگەربوونی ماف و ئیمتیازاتی پێكهاتەكەی هەیە.

* ئایا ئێوە وەك مەسیحییەكان چۆن خۆتان ئامادە كردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان و، هاوكات لەگەڵ ئەم پرسیارە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام دەدرێت، ئایا بەشداری لەو هەڵبژاردنانەش دەكەن، بەتایبەتی لە كەركووك؟

- ئەو پرسیارەش زیاتر سیاسییەكان دەتوانن وەڵامی بدەنەوە، بەڵام بە بۆچوونی من، ئێمە وەك مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەش لە هەرێمی كوردستان پێویستە ئامادە بین بۆ ئەو پرۆسە دیموكراتییەی كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بە هەمان ئەو سیستمەی پێشوو كە بە كورسیی كۆتا بۆمان دیاری كراوە، بە هەقی خۆمانی دەزانین لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كە لە مانگی 12ی ئەمساڵ بڕیارە ئەنجام بدرێت، بەشداری بكەین، چونكە مەسیحییەكانی كەركووك بەشێكی ڕەسەن و سەرەكی و مێژوویی ئەو شارەن، هەروەها لای ئێمە كەركووك شاری پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە.

* ئێستا هەرێمی كوردستان بووەتە ئەو ناوچە ئارامەی عێراق كە خەڵكانێكی زۆر لە نەتەوەی عەرەب و ئایینە جیاوازەكان، لە ترسی ناسەقامگیریی بارودۆخی پارێزگاكانی عێراق و هەروەها هەڕەشەی تیرۆر ڕوودەكەنە هەرێمی كوردستان، ئایا چۆن سەیری ئەم دەرگاكردنەوەی هەرێمی كوردستان دەكەن بە ڕووی ئاوارەكاندا كە دێنە كوردستان؟

- زۆرجار ئاماژەمان بەو كار و هەڵویستەی هەرێمی كوردستان داوە، بەتایبەت جەنابی سەرۆك لەو كاتەی كە داعشی تیرۆریست هێرشیان كردە سەر عێراق و ناوچە كوردستانییەكان، بڕیاری دا كە هەموو سنوور و دەروازەكانی هەرێمی كوردستان بە ڕووی ئاوارەكانی شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا و ئاوارەكانی ناوەڕاست و هەر شوێنێكی عێراقدا بكرێتەوە، كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییە گەورەیەی لەسەر هەرێمی كوردستان بوو، حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە هەموو شار و شارۆچكەكان دەرگای مزگەوت و ماڵ قوتابخانەكانیان بە ڕووی ئاوارەكاندا كردەوە و خزمەتی بەردەوام و جوانی ئاوارەكان كرا، بە تەئكید ئەو هەڵوێست و بڕیارەی جەنابی سەرۆك و پێشوازیی خەڵكی كوردستان لەبیر ناكەین و بە گرنگ و ڕەوشتبەرزی دەینرخێنین.

* ئایا بوونی عەنكاوە بە قەزا تا چەند گرنگە و تمووحی ئێوە لێردا ڕادەوەستێت، یان داواكاری دیكەتان هەیە؟

- بە تەئكید بوونی عەنكاوە بە قەزا یەكێكە لەو كارانەی كە كابینەی نۆیەم بۆ زیاتر گەشەكردنی پێكەوەژیان ئەنجامی داوە، چونكە ئەو بڕیارە واتە لە ڕووی ئیداریی و داراییەوە دەسەڵاتی بەرفراوانتر و زیاتر دەبێت و ئەو گەشەكردنەی چەندین ساڵە بەخۆیەوەی بینیوە، زیاتر پەرە دەسێنێت، ئەگەرچی ئێمە تمووحی زیاترمان هەیە، كە پێشتریش داوامان ئەوە بووە كە دەشتی نەینەوا بكرێتە پارێزگایەكی سەربەخۆ بۆ مەسیحییەكان و دڵنیاین ئەگەر بارودۆخ گونجاو و لەبار بێت، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆك بازرانی جگە لەو گرنگیدانە تایبەتانە، ئەوا ئۆتۆنۆمییش لە دەشتی نەینەوا بۆ مەسیحییەكان بە ڕەوا دەزانێت.

 

Top