ئارینا مۆرێسان بەڕێوەبەری پڕۆژەی «ئەفریقای باشوور لە جیهان» لە ئەنستیوتی دیالۆگی جیهانی بۆ گوڵان: لە ئێستادا ناتوانرێت ئەزموونی بۆتسوانا لە وڵاتانی دیكەی ئەفریقا دووبارە بكرێتەوە
ئارینا مۆرێسان، توێژەری باڵا و بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئەفریقای باشوور لە جیهان»ـە لە ئەنستیوتی دیالۆگی جیهانی و لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێك دەدات، وەك سیاسەتی دەرەكی و شرۆڤەكردنی مەترسییە جیۆپۆلەتیكییەكانی پەیوەست بە ئەفریقا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە پێگەی وڵاتانی ئەفریقا لە نێو سیستمی جیهانی و كاریگەریی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لەسەر ئەم كیشوەرە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* ئەگەر بە وڵاتانی ئەفریقا بوترێت «وڵاتانی باشوور»، ئەوا ئاشكرایە كە ئەم وڵاتانە سوودمەند نەبوون لەو سیستمەی پێی دەوترێت «سیستمی نوێی جیهان» یان «سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی»، لەم ڕوانگەیەوە دەمانەوێت ئەو پرسیارە بكەین، ئایا بۆچی سیستمە لیبڕاڵییە نێودەوڵەتییەكە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی باشووری نییە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە سیستمە لیبڕاڵییەكە لە ڕۆژگار و سەردەمێكی دیاریكراوی مێژووی جیهاندا بنیاد نرا و دروست كرا. ئەویش كاتێك كۆبوونەوە بەنێوبانگەكە لە بریتوون وودز لە ساڵی 1944 ئەنجام درا و، بە هۆی ئەوە هەلومەرجێك خوڵقێنرا بۆ دامەزراندنی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو و بانكی جیهانی بۆ سەقامگیركردنی سیستمە جیهانییەكە، لەو كاتەدا تەنیا 44 وڵات لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بوون. بەڵام وڵاتانی ئەفریقا لە ساڵی 1956 بە دواوە دەستیان بە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كرد، واتە لەو كاتەدا سیستمەكە بە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بوو كە بواریان پێ دەدرا، تاوەكو بە شێوەیەكی سەربەخۆ بەشدار بن لە سیستمە نێودەوڵەتییەكە و بە ڕاددەیەكی زۆریش سوودمەند ببوون لە سیستمە كۆڵۆنیاڵییەكە. هەروەها لەو كاتەدا كۆمەڵێك ڕێسا هاتنە داڕشتن، بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا گۆڕینی ئەم ڕێسایانە كارێكی دژوارە، لەبەر ئەوەی ئەم گۆڕانكارییە بە مانای كەمكردنەوی ئەو هەلومەرجە دەبێت بۆ ئەو وڵاتانەی لە ئێستادا سوودمەندن لە سیستمە نێودەوڵەتییەكە.
* لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئایا كاریگەریی ئەم شەڕە چی بووە لەسەر وڵاتانی ئەفریقا و بۆچی بەم دواییە سەركردەكانی ئەفریقا برەویان بە پلانێكی ئاشتی دا بۆ كۆتاییهێنان بەم شەڕە؟
- لە ڕاستیدا ئێمە بینیمان كە وڵاتانی ئەفریقا كەوتوونەتە ژێر زەبری شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە پەیوەندی بە پرسی بازرگانییەوە. بۆیە دەستپێشخەرییەكەیان بۆ ئاشتی دەستپێشخەرییەكی سیاسیی گرنگ بوو، بۆ ئەوەش بوو كە ئەوە پیشان بدرێت، چۆن ئەم شەڕە لەسەر وڵاتانی ئەفریقا كاریگەر بووە. ئەگەرچی ئەم وڵاتانە بەكارهێنەری سەرەكیی دانەوێڵەی ئۆكرانیا نین، بەڵام نرخی خۆراك زۆر بەرز بووە و بە ئەستەم دەتوانرێت ئیدارەی هەڵئاوسان بكرێت، بە شێوەیەكی گشتی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرانبەر دراوەكانیاندا بووە هۆی ئەوەی وڵاتانی ئەفریقا بكەونە بارودۆخێكی دژواری ئابوورییەوە، لە هەمووش گرنگتر ئەوە بوو ئەم وڵاتانە داوای دیالۆگیان كرد.
* ئەوە ڕوونە كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا زۆنێكی ناسەقامگیر بووە و سەرچاوەی چەندین گرووپی تیرۆریستی بوون، كە بوونەتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان، بە تێڕوانینی ئێوە هۆكارە ڕیشەییەكانی سەرهەڵدانی ئەم گرووپانە لەم ناوچەیەدا چین؟
- لە ڕاستیدا لەم ڕووەوە دەكرێت بڵێین، بە بێ پەرەسەندن ئاشتی بەرپا نابێت و نایەتەدی. خەڵكی بە ئاسانی بەرەو توندڕەوی دەڕۆن، ئەگەر هیچ بژارەیەك، یان پاشەڕۆژێكی باشیان لەبەردەمدا نەبێت. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان هێرشی كوێرانە دەكەن بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان و كارێكی دووڕووانەیە ئەگەر بڵێین ئەم كارانەش بۆ بەرژەوەندیی گشتییە.
* لە ئێستادا چەند وڵاتی ئەفریقا، وەك نەیجەریی و سوودان تووشی پشێوی و ئاڵۆزی بوون، ئێوە چۆن لەم پەرەسەندن و پێشهاتانە دەڕوانن؟
- لە ڕاستیدا لەم دوو وڵاتەدا هۆكاری ئاڵۆز لە ئارادان كە سەردەكێشن بۆ ناسەقامگیریی سیاسی. هەرچۆنێك بێت، ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە، بریتییە لە هەڵكشانی مەترسییەكانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراكەوە، كە دەبێت ئەفریقییەكان لەگەڵ ئەم پرسەدا هاوسۆز بن.
* ڕەنگە شتێكی نادادپەروەرانە بێت كە بڵێین تێكڕای وڵاتانی ئەفریقا نوقمی قەیران و گەندەڵی و تەنگژەن، ئەوەتا چیرۆكی سەركەوتن هەیە لەم كیشوەرەدا، كە دەكرێت لێرەدا ئاماژە بە ئەزموونی وڵاتانی بۆتسوانا بكەین، ئایا دەكرێت ئەم ئەزموونە سەركەوتووە ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ وڵاتانی دیكەی ئەم كیشوەرە؟
- لە ڕاستیدا ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی بۆتسوانا زۆر كەمترە بەراورد بە وڵاتانی دیكەی ئەفریقا. هەروەها مێژووی ئەم وڵاتە چەندین هەلومەرجی جیاوازی خوڵقاندووە، كە سەریان كێشاوە بۆ هێنانەئارای ئەم بارودۆخەی ئێستا. كەواتە كاتێك ڕووبەڕووی تەحەددایەكی كەمتر دەبیتەوە، كە سەرچاوە دەگرن لە بوونی ژمارەیەكی زۆری دانیشتووان كە توانای دەستڕاگەیشتنیان نییە بە خوێندن و بیمەی كۆمەڵایەتی، ئەوا ئەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی حوكمڕانییەكە دەبێتەوە، كەمتر ئاڵۆزن. پێویستە حكومەتەكان ژیرانە هەڵسوكەوت بكەن و خاوەنی ئەو دیدگا درێژخایەنانە بن، كە دەتوانرێت بە ئاسانی جێبەجێ بكرێن. هەروەها چەند پیشەسازییەكی سەرەكی هەن لەم وڵاتەدا، كە بە ئاستێكی زۆر باش بەڕێوە براون و بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان دۆزراوەتەوە (گەشتیاری، بەخێوكردنی ئاژەڵ و كانگاكردنی ئەڵماس). هەرچۆنێك بێت، ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە كەلێنی پەیوەست بە هەژاری لە ئارادا نییە، یان ئەوەی كۆمەڵگەی مەدەنی هەست ناكات لەلایەن پارتێكی سیاسییەوە نوێنەرایەتی دەكرێت. من پێم وانییە بتوانرێت لە ئێستادا ئەزموونی بۆتسوانا دووبارە بكرێتەوە.
* بەم دواییە وڵاتانی بریكس (بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور) هەوڵیان دا كە پشتبەستن بە مامەڵەكردن بە دۆلاری ئەمریكی كەم بكەنەوە، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- لە ڕاستیدا ئەمە هەلومەرجێكی گەشبینیانەی خوڵقاندووە بۆ ئەو وڵاتانەی كە بە ڕاددەیەكی گەورە پشت بە دۆلاری ئەمریكی دەبەستن، ئەمریكا وەك هێزێكی باڵادەستی جیهان چەندین ئیمتیازی هەیە، بەڵام بە توندی لە هەوڵی بەدیهێنان و هێنانەئارای بەرژەوەندییەكانیدایە. دواتر دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت، كە دۆلاری ئەمریكی وەك ئامرازێكی تۆڵەسەندنەوە بەكارهێنراوە بۆ جێبەجێكردنی سزای تاكلایەنانە، كاتێكیش وڵاتان بە خێرایی بەرەو گەشەكردن چوون، ئەوا لەلایەن ئەمریكاوە ئاستەنگیان بۆ دروست كراوە، یان ئیحتیوا كراون. كەواتە ئەم كاردانەوەیە لە ئاست دۆلاردا شتێكی حەتمی بوو. لە كاتێكدا دەستهەڵگرتن لە مامەڵەكردن بە دۆلار لە شەو و ڕۆژێكدا ڕوو نادات، ماوەی دەیەیەك دەبێت كە وڵاتانی بریكس پێكەوە كاریان كردووە بە ئاراستەی سیستمێكی بەدیلی پارەدان، ئێستاش ئەركەكەیان ئەوەیە كە پتر لەگەڵ یەكدا هاوكار بن.
* كەواتە ئایا دەكرێت وڵاتانی بریكس بەشدار بن و لە گۆڕینی سیستمە ئابووری و سیاسییەكەی جیهان لە بەرژەوەندیی خۆیان ڕۆڵیان هەبێت؟
- وڵاتانی بریكس ڕێچكەیەكی پڕاگماتی دەگرنەبەر و دەیانەوێت زیاتر لە بژارەیەكیان لەبەردەستدا بێت، هەروەها وڵاتانی بریكس دەتوانن لەگەڵ ئەو بەشانەی جیهاندا بكەونە گفتوگۆوە كە ڕۆژئاوا ناتوانێت. ئێوە بڕواننە ناوبژیوانیی چین لە نێوان ئێران و سعودیەدا. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی زۆر ئاڵۆزە و وڵاتانی بریكس دیدگای خۆیان خستووەتەڕوو بۆ ئایندەیەك كە پاڵنەری بەهێزتری ئابووری لەخۆ بگرێت.