لە یادی 62 ساڵەی ئەیلوولی مەزن دا مەسعود بارزانی فریادرەسی بێکەسترین نەتەوەی دونیا گوتاری سەرکەوتن ڕادەگەینێ
لەکاتێکدا چین وتوێژەکانی گەلی کوردستان لەگەڵ لایەن و پارتە تێکۆشەرەکانی گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی و جەماوەری لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا یادی 62 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەنەوە وبەشکۆوە رێزلە قوربانییەکانی گەلەکەیان دەگرن . ئەم شۆڕشە لە یادەوەری تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانی دا بە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی گرنگ دادەنێن چ بۆ کوردستانی مەزن چ بۆ کوردستانی عێراق لە زاخۆوە تا خانەقین .
ئەیلوول ئەو شۆرشە بوو، مافە بنەڕەتییەکانی تاکی کوردی لە وڵاتێکی بە سیستەم و هزر شۆڤینی چەسپاند وشوناسوناسنامەی نەتەوەیی ونیشتمانسازی بۆ کورد و کوردستانیان لە ناوچەکە و لەهەرێمێکی نێودەوڵەتی تەژی لە هزری شۆڤینی وتاک ڕەوی وباڵادەستی نەتەوەیی وجوگرافی پاراست .
هەروا ئەیلوول شکستی دەروونی تاکی کورد وکوردستانی لەیاری و گەمەی نێو دەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد – 1946 لە نێوڕەهەندو گەمەی نێودەوڵەتیەکە دا بە باوەڕ بەخۆبوونەوە گۆڕی بە دەرفەت و نشووستی بە هەڵسانەوە و بەرخودان بۆ سەرکەوتنی خواستەکانی تاکی کورد، بۆ سەربەخۆیی و ئازادی وبەردەوامی و ئایندە خوازی .
لەبەر ئەوەی ئەیلوول ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی شۆرش و ڕاپەڕینەکانی پێش خۆی بوو هەر لە شۆرش و ڕاپەڕینی شێخ عەبدوسەلامی بارزانی و شۆرشەکانی بارزان و کۆماری کوردستان- مەهاباد وپەڕینەوەی سەرفرازی لە روباری ئاراس وژیانی یەکێتیی سۆڤیەتی ئاوارەیی مستەفا بارزانی، بۆیە بە بەخشش و بەخشندەییەوە هاتە پێش ودرێژەی بە خەباتی ڕەوا دا بۆچەسپاندنی مافی سەرەکی وبنەڕەتی نەتەوەیی ونیشتمانی .
لەدایک بوون و پەرەوردە بوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە نێو رووداوەکانی ئەیلوول و نسکۆوگوڵاندا بۆ ئێستایی نێو قەیران وئاستەنگ وئاریشە وکێشە وگرفتە دروستکراوەکان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وکابینەی نۆیەم و جەماوەری خۆراگرو تێکۆشەری کوردستان دا چ لە عێراق چ لە ناوچەکەدا، وێرای سەرۆکایەتی ورابەرایەتی کردنی مێژووکردەی پرس و دۆزی بزاڤە نیشتیمانییە رزگاریخوازە شۆڕشگێڕییەکەیە ئەوا بەرێزیان کاریزماو فریادرەسن .
ئەوهەموو پێشەکییەمان بۆ ئەوە بوولەم چەند دێرەدا باس لە سالرۆژی 62 وەمینی شۆڕشی ئەیلوول بکەین و ڕووداوە گرنگەکانی ڕۆژی دووشەممەی 11-9-2023 بارەگای بارزانی لە سەلاحەدین دێنینەوە نێوگۆڕەپانی رووداوو ڕۆژەڤە هەرە گرنگەکانی ئەمڕۆی نێوان هەولێرو بەغدا .
ئاخر رۆژی دووشەمە 11ی ئەیلوولی 2023 کاتێ سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد کازم ئال سادق ، بالیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و شاندی یاوەری کرد،هەرلەهەمان رۆژدا دوای چەند کاژێرێک پێشوازی لە
خاتووئەلینا ڕۆمەناوسکی بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق وشاندی یاوەری دەکا .
ئەم دوو پێشوازییەی لە نوێنەرانی ئێران و ئەمریکادا لەو کات و ساتەدا رێککەوتە لەگەڵ چەندین بابەتی گرنگ لەسەرووی هەموویانە رێککەوتە لەگەڵ ئەو پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانەی بەغدا بەرامبەر هەولێرو خۆڕاگری حکومەتی هەرێمی کوردستان دا یە هەروا بەرامبەر ئاین وئۆینەکانی بەغدا وهەژموون وفشاری گروپە هەجۆرە وەلائییەکان
پیادەی دەکەن هەروا یادی 62ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ویادی
48 ساڵەی نسکۆی پێهێنان وڕێککەوتنی خیانەتکارانەی نێوان تارانی سەردەمی شا رەزا پەهلەوی و بەغدای سەردەمی سەدام حوسێن و جەزائیری سەردەمی هەواری بۆمیدیەن دایە ، بە چاوپۆشی کردن ودەست بەرداربوونی ئەمریکییەکان لە پرسی کورد لە رێککەوتنی خیانەتکارانەی نێودەوڵەتی ناسراو بە رێککەوتنی 6ی ئازاری 1975 .
ڕۆژی یەکشەممەی 11ی ئەیلوولی 2023لە دیداری سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ هەردووبایلۆزانی ئێران وئەمریکا بەجیا وەک لە هەواڵەکان بڵاوکراوەتەو، بۆ مێژووی ئێستای گەلی کوردستان چۆن یادکردنەوە و هاتنەوە بیری مێژووی62 ساڵەی مەزنترین شۆڕشی کوردە لەناوچەکەدا کە بە رێککەوتن وسازشی وڵاتانی ئێران و عێراق و خیانەتی سیاسیی نسکۆی کاتی بە شۆڕشەکە هێنرا، دیدارەکە لە ئان وساتێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وخەڵکە خۆڕاگرو شەرفمەندە تێکۆشەرەکەی ڕووبەڕووی سیاسەتی برسی کردن و شەڕی دەروونی ومیدیایی هەمەجۆر بوونەتەوە وبەغدای باغ و باخچە ووشکەڵانەکەی ئەم و ئەو،وا دەیەوێ ئەو پێشکەوتنە ئابووری و سیاسیی و دیموکراتییەی لە هەرێمی کوردستان لە ئارادایە بەجۆرێ لە جۆرەکان ڕاگیرێ وهەولێروهەرێمی کوردستان بە هزری
شۆفینی وئەقڵیەتی تۆتالیتاری گەمارۆ بدرێ وبگەڕێتەوە سەردەمی ژێردەستەیی و بێ ئیرادەیی .
لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن ئەزموونی پێشکەوتنی سیاسیی و دیموکراتی وبوژانەوە و پێشکەوتنی سێکتەرەکانی ژیانە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی جگە لەرێز گرتن بەڕەوابینی ژیانی شەڕەفمەندانەی کەرامەت و ئیرادە پارێزراو ، شایانی ماندووکردن و شەری دەروونی و برسی کردن نین ، دەبێ نەک هەر تاران و واشنتۆن،بەڵکو بەغداش لەو راستییە تێگەیشتبن کە گوتاری بینراوی سەرۆک بارزانی لە دیداری رۆژی یەکشەممەی 11ی ئەیلوولی 2023دا خۆی لەوەدا دەبینییەوە کە :
هەولێرو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەر کۆی پیلان و نەخشەو مانۆرو ئاین و ئۆینەکان سەردەکەوێ و ببڕای ببڕاش سازش لەسەر پرس وحەقیقەت وڕەوایی دۆزی گەلەکەی ناکات . هەروا دەبێ لەوە تێگەیشتبن کە بەغدا بە هەربڕوبیانۆیێ
بێ ،چەندە درەنگتر باوەڕی بە بنەما دەستوورییەکان هەبێ وچەندە درەنگتربنەمای شەراکەت ورێککەوتنی سیاسی پێکهێنانی حکومەتی بەغدا جێ بەجێ بکات ، ئەوەندە زووتربەختەوەری و شادی، سەرکەوتن و سەر فرازی هەر یارو یاوەری هەرێمی کوردستان دەبێ و پرۆسەی سیاسیی لە وڵاتی عێراقیش زووتر گڵۆڵەی دەکەوێتە لێژی و خودی پرۆسەکە وردە وردە بەڕە وئالۆزی و تێکگیربوون و توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوە و نادیاری دۆڵاو دۆڵ غلۆدەبێتەوە .
هەولێر 11-9-2023