ســۆلـیـن عـوسـمــان: دڵــخۆشم بە کارەکانم ڕەنگە کاری بچووک بچووک بن، بەڵام لانی کەم لەوە باشترە لە ماڵەوە دەست لە ژێر چەناگە دابنیشم

ســۆلـیـن عـوسـمــان:  دڵــخۆشم بە کارەکانم ڕەنگە کاری بچووک بچووک بن، بەڵام لانی کەم لەوە باشترە لە ماڵەوە دەست لە ژێر چەناگە دابنیشم

زۆرن ئەو خانمە گەنجانەی كە لەسەر پێی خۆیان وەستاون و پشتیان بە تواناكانیان بەستووە، بێ ئەوەی چاوەڕێی دەستی كەس بكەن، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە ئافرەتی كورد لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا هێمای هێز و خۆڕاگرین. سۆلین عوسمان خانمە گەنجێكی پڕ وزە و داهێنانە، ئەو لە ئێستادا قوتابیی زانكۆیە و دایكی منداڵێكی یەك ساڵانە و لە هەمان كاتیشدا كاردەكات و لە پەنای ئەو هەموو ئەركەدا خەریكی نووسینی ڕۆمانێكە، لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

سۆلین عوسمان، تەمەنی ٢٣ ساڵە و لە شاری سلێمانی لە دایك بووە و دانیشتووی هەمان شارە، قوتابیی بەشی زمانی عەرەبییە لە زانكۆی سلێمانی، هاوسەرگیری كردووە دایكی منداڵێكی تەمەن یەك ساڵانە سەبارەت بە ژیانی خۆی دەڵێت: «قوربانی هەموو شارەكانی كوردستان بم، من وڵاتەكەی خۆمم خۆش دەوێت، بەڵام خۆم لە سلێمانی لە دایك بووم، هەر لەو شارەش دەژیم، هەرگیز ڕێم بە خۆم نەداوە قەیران و دۆخی سیاسی وام لێ بكات شار و وڵاتی خۆم لا ناشیرین بێت. سەبارەت بەو كارانەش كە دەیانكەم، هەمەچەشنن، بەڵام زۆرینەیان لە چوارچێوەی هونەردان. كاری چنین و دروومانی جلی كوردی و دروستكردنی ئێكسسوارات و بابەتی جوانكاری و تەزبیح دەكەم، لەگەڵ ئەوەشدا تابلۆش دەكێشم، هەندێ جاریش خواردن و شیرینی دروست دەكەم و دەیانفرۆشم، لەلایەكی دیكەوە سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانەكەمم بە ناوی (هەنجیر١٩٩١) كە چیرۆكێكی خۆشەویستیە لە كاتی كۆڕەوە مەزنەكەی گەلی كورد ١٩٩١. دڵخۆشم بە كارەكانم، ڕەنگە تا ڕاددەیەك كاری بچووك بچووك بن، بەڵام لانی كەم باشترە لەوەی لەماڵەوە دەست بخەمە ژێر چەناكەم و دۆش داماو دانیشم و بزانم دۆخم بەرەو كوێ دەڕوات. لێرەوە قەرارە خۆمان كار بۆ باشتر كردنی دۆخەكەمان بكەین

كاتێك پەیامنێری گۆڤاری گوڵان لێی پرسی: وەك دەبینین لە تەمەنێكی گەورەدا نیت، بەڵام هەستی بەرپرسیارێتی و وزەیەكی زۆرت بۆ تێكۆشان هەیە، چی شتێك وای كرد بێیتە مەیدانی كار؟ لە وەڵامدا گوتی: «چەند هۆكارم هەیە بۆ ئەوەی كار بكەم، گرنگترینیان هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی و ویستی یارمەتیدانی هاوسەرم، جگە لەوەش لە ڕۆژگارێكی قورساین و ژیانەكە بە ئاسانی ناڕوات، ئەگەر كرێنشین بیت و خوێندكار بیت و زۆر شتی دی. بۆیە بەر لەوەی هەژاری بمانخنكێنێ، دەمەوێت ئێمە ئەو بخنكێنین و خۆم و هاوسەرەكەم لە پێناو منداڵەكەمان و دابینكردنی ژیانێكی باشتر شەڕ لەگەڵ هەژاری بكەین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نامەوێت بوەستم و شەرم لە وەستان دەكەم، مرۆڤ بە جووڵەوە جوانە».

سەبارەت بە كاركردن و خوێندن و ئەركی دایكایەتی و هاوسەرداری و چۆنیەتی ڕێكخستنیان گوتی: «ئەو ئەركانە ناڵێم ئاسانە، بێگومان سەختە ئەو هەموو كارە بەسەر یەكەوە ئەگەر تەنیا بام، شتە باشەكە ئەوەیە محەمەدی هاوسەرم زۆر هاوكارمە و هەستاوین بە ڕێكخستنی كاتەكانمان و بەرنامەمان داناوە بۆ ژیانمان، هاوسەرەكەم شەفتی كاركردنی خۆی كردووە بە شەوان لەبەر ئەوەی ئەو كاتەی من لە زانكۆم ئەو لای (ڕۆژ)ی كوڕمان بێت، كە من گەڕامەوە بۆ ماڵەوە پاشان ئەو بڕواتە سەر كار، بەم شێوەیە . پاشان لە سەرووی هەموو ئەمانەوە هێزمان لە خواوە وەرگرتووە و توانای بەرگەگرتنیش بەهرەیەكە و خوای گەورە پێی داوین».

ئەو خاتوونە دەستڕەنگینە لەوە نیگەرانە كە دووكان و شوێن تایبەتی نییە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی، هاوكات دەڵێت: «نەبوونی دووكان و شوێنی كار نەیتوانیوە لە كاركردن سستم بكات، پەیجێكی بچووكم هەیە و بە ئۆنڵاین بەرهەمەكانم دەفرۆشم، ساڵانەش كاتێك فیستیڤاڵ دەكرێتەوە، خێرا بەشداری دەكەم و وەك هەلێك دەیقۆزمەوە بۆ ساغكردنەوەی شتەكانم. لەڕاستیدا فرۆشمان لە ئێستادا زۆر سستە بە هۆی بچووكی پەیجەكەم و گرانیی كورسیی بەشداریكردن لە هەندێ لە فیستیڤاڵەكان، بەڵام پشتیوان بە خوا كارمان بۆ ئاسان دەكات، گرنگ ئەوەیە جووڵەیەك بكەین، خۆی دەستپێكردنیش تەواوكردنی نیوەی كارەكانە، من گومانم لە دەسەڵاتی خوا نییە و ژیانیش پڕە لە دەرفەت و شتی چاوەڕوان نەكراو».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە وەكو خانمێكی گەنج بۆ داهاتووی كارەكەت چ ئامانجێكی دیاریكراوت هەیە؟ گوتی: «بێگومان ئامانجی گەورەم ئەوەیە كار لەسەر ژیانی خۆم و ماڵ و منداڵم بكەم و بەرەو باشتربوونی ببەم، خەون و ئاواتی گەورەم ئەوەیە ڕۆژێك خاوەن شوێنێكی كاركردنی خۆم بم و خانمانی دیكەش دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێنم، هەروەها دەمەوێت نموونەیەكی جوان بم بۆ چوار دەورەكەم و وزە ببەخشمەوە».

لە كۆتایی لێدوانەكانیدا ویستی پەیامێكی بۆ خەڵكی وڵاتەكەمان هەبێت و گوتی: «تكایە مەهێڵن خەفەت زاڵ بێت بەسەرتاندا و وزەی نەرێنی مێشكتان بخوات، زاڵ بن بەسەر دۆخەكاندا و پشت بە خوا ببەستن، ڕق لە دڵتاندا دەر بێنن و خۆشەویستی بچێنن، بەر لە تووڕەبوون لە یەكتری با بیرمان بێتەوە ڕۆژێك مەرگ ئێخەمان پێ دەگرێت و دەبین بە گرێ لە دڵی یەكدا، خەڵكە جوانەكەی كوردستان با چاوەڕێ نەكەین بزانین ئاخۆ سبەینێ چی پێیە بۆمان، با خۆمان بڕیار بدەین كە سبەینێ چی دەكەین، خۆشەویستیی خاك و خۆڵی وڵاتەكەمان با ون نەكەین بە هیچ هۆكارێك. با خۆشەویستی بڵاو بكەینەوەو وەك ئەو خەڵكە قەدیمییەی باوە حەمەی باپیرم بۆی باس دەكردم، یەكمان خۆش بوێتەوە و لەگەڵ خۆمان و خاك و نیشتمانەكەماندا ئاشت ببینەوە .سڵاویشم بۆ خوێنەرانی گۆڤارە جوانەكەی گوڵان هەیە.

Top