ئۆکرانیا: لە هێرشەکانی ڕووسیادا، دامەزراوە کشتوکاڵییەکان و بەندەری ئۆدێسا زیانیان بەرکەوت
بەرپرسێکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: کە دامەزراوە کشتوکاڵی و ژێرخانییەکانی بەندەری ئۆدێسا بەهۆی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئۆلێگ کیپەر، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی پارێزگای ئۆدێسا لە ئۆکرانیا لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕایگەیاند، بەرەبەیانی دوێنێ سوپای ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر شاری ئیزمائیلی باشووری ئۆدێسایان کردە ئامانج.
کیپەر گوتی، کرێکارێکی کشتوکاڵی لە هێرشە ئاماژەپێکراوەکاندا گیانی لەدەستداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە: لە چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون ئاگر و وێرانکاری هەبووە. هەروەها لەم هێرشەدا ژێرخانی کشتوکاڵی و بەندەری ئۆدێسا زیانیان بەرکەوت.
هەروەها سێرگی پۆپکۆ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازی کیێڤ، هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیای بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
گوڵان: سەردار خەلیل