د.نه‌زاكه‌ت حوسێن ئه‌ندامی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە چوارچێوەی هزری ئیخوان موسلمیندا هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌یه نه‌ته‌وه و ئایین لێك جیابكاته‌وه و ناسنامه و بوونی نه‌ته‌وه‌ییمان بسڕێته‌وه
د. نه‌زاكه‌ت حسێن كه ئێستا مامۆستایه له زانكۆی سلێمانی و پسپۆره له بواری ڕاگه‌یاندن، یه‌كێكه له ژنه سیاسه‌تمه‌داره‌كانی كوردستان و ئه‌ندامی به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پێشتر یه‌كێك بووه له‌و ژنانه‌ی كه له‌سه‌ركردایه‌تی بزاڤه ئیسلامییه‌كانی كوردستان خۆی بینیوه‌ته‌وه، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ی بۆ ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، گه‌یاندییه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی له‌ناو پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا درێژه به كاروانی سیاسی خۆی بدا و، له بواری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی زۆر چالاكانه به‌رده‌وام چالاكی ئه‌كادیمی و سیاسی و جه‌ماوه‌ری هه‌یه و ئامانجی ئه‌وه‌یه كەلتووری ڕه‌سه‌نی كوردی له ده‌رهاویشته نه‌رێنیە‌كانی فیكری هاورده‌ی دژ به‌كورد پاك بكاته‌وه، له گفتوگۆی ئه‌مجار «ئیسلامی سیاسی و به‌دگومانی له‌سه‌ر كەلتوور و ناسنامه» به‌مجۆره له ڕوانگه‌ی ئه‌زموونی سیاسیی خۆیه‌وه مه‌ترسییه‌كانی هزی ئیسلامی سیاسی به‌گشتی و هزری ئیخوان موسلمینی بۆ خستینه ڕوو.
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم باشتر له‌سه‌ر كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی ئیسلامی سیاسیی هه‌ڵوه‌سته بكه‌م، زۆر ناچمه ناو كتێب و ئه‌و پێناسانه‌ی بۆ ئیسلامی سیاسی كراون، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ له‌و ئه‌زموونه‌ی خۆمه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌م كه ساڵانێكی زۆر له‌ناو بزاڤی ئیسلامی سیاسیی كارم كردووه كه ئه‌ویش یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانه.
ئه‌وه‌ی له‌میانه‌ی كاركردنم له‌ناو ئه‌و بزاڤه سیاسییه له ئیسلامی سیاسیی تێگه‌یشتووم ئه‌وه‌یه كه دروستبوونی گروپ یان حزبێكی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی، ئه‌وا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه بەشێک لە ده‌سه‌ڵاته‌كانی پەر‌وه‌ردگار و قورئان و فه‌رمووده‌كان هه‌مووی ده‌بێته موڵكی ئه‌و حزبه سیاسییه و، ئیدی ئه‌و حزبه ناڵێت من به نوێنه‌رایه‌تیی خوا سیاسه‌ت ده‌كه‌م، به‌ڵكو له‌بری خودا حوكم ده‌ده‌ن و سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌و فەتوایه‌ی ئه‌وان ده‌یده‌ن، بەشێک لە ئایین ده‌كاته ئه‌و ئایینه‌ی كه خۆیان مه‌به‌ستیانه نه‌ك ئایینه پیرۆزه‌كه وه‌ك خۆی.
من ئه‌م تێڕوانینه‌م له ئه‌زموونی ژیانی خۆمه‌وه بۆ دروست بووه كه له ته‌مه‌نی گه‌نجیمه‌وه به ڕێكه‌وت خۆم له‌ناو حزبێكی ئیسلامی سیاسیی بینیه‌وه، ئه‌گه‌ر نا بنه‌ماڵه‌ی ئێمه باوه‌ڕدارن به ئایینی كورده‌واری و له‌خێزانی ئێمه‌دا ئیسلامی شێوه‌ی ئیخوان موسلمین بوونی نه‌بووه و، هه‌موو كاتێك وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موسڵمان كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێناسه كراوه، به‌ڵام له‌وه‌تەی ئه‌م ڕه‌وته‌ی ئیسلامی سیاسی هاتوونه كوردستان، دەیانەوێت سەرلەنوێ کۆمەڵگە موسڵمان بکەنەوەوە بە فۆڕمێکی تر، ئه‌مه له كاتیكدا 97% كورد موسڵمانن، پارته‌كانی دیكه جگه له پارته ئیسلامیه‌كان ئه‌وانیش هه‌موویان موسڵمانن و ته‌نانه‌ت پیاوانی ئایینیش له سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارته سیاسیه كوردستانیانه هه‌ن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه له تێڕوانینی ئیسلامی سیاسییه‌وه یان كافرن یان لە ڕێگەی ئیسلام لایان داوە، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی ئه‌م تێڕوانینه‌یان هه‌یه، هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی كادرێك له‌ناو حزبێكی ئیسلامی سیاسی بۆ ناو حزبێكی كوردستانی و نیشتمانی، بۆ ده‌بێت ئه‌و كه‌سه ته‌كفیر بكرێت و به‌كافر له قه‌ڵه‌م بدرێت و، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵبدرێت كه‌سایه‌تی ئه‌و كه‌سه تیرۆر بكرێت.
ئه‌م دیوه‌ی سیاسه‌تی حزبه ئیسلامییه‌كان كه خه‌ڵكی له دیوی ده‌ره‌وه كه‌متر ده‌یبینێت و ئێمه كه له‌و حزبانه كارمان كردووه له‌دیوی ناوه‌وه باشتر ده‌یبنین، زۆر جاران له ڕووی فیكری و بیركردنه‌وه، ئیحراجیه‌كی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا دروست ده‌كات كه بیرده‌كه‌نه‌وه و بیركردنه‌وه‌یان ئه‌وه قبوڵ ناكات سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه ته‌كفیر بكرێت و هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه بن كەلتوور ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یمان بشێوێنن، بۆیه وه‌ك د.سۆران سێوكانیش ئاماژه‌ی پێكرد، ئێمه كه له‌ناو یه‌كگرتووی ئیسلامی بووین هیچ كێشه‌یه‌كی پله و پۆستمان نه‌بووه، هه‌موو پله‌كانمان تا ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بڕیبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئێمه‌ی والێكرد ئه‌و حزبه به‌جێ بهێڵین بیركردنه‌وه بوو له نه‌ته‌وه‌و نیشتمان له ده‌ره‌وه‌ی هزری ئیسلامی سیاسی ، لێره‌دا ڕووداوێكی ژیانی خۆم به نموونه باس ده‌كه‌م: من كاتێك له به‌ریتانیا بووم بۆ وه‌رگرتنی دكتۆرا، به‌شێكی نامه‌ی دكتۆراكه‌م له‌سه‌ر» ناسنامه و كەلتوور» بوو، كاتێك توێژینه‌وه‌م ده‌كرد له‌سه‌ر یه‌كپۆشی جیهان به‌هۆی جیهانگه‌راییه‌وه، گه‌یشتمه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌و گروپ و حزبه ئیسلامیانه‌ی كه من كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، ئه‌وانیش خه‌رێكی یه‌كپۆشییه‌كی ئیخوانین بۆ سڕینه‌وه‌ی ناسنامه و كەلتووری هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانن.
سڕینه‌وه‌ی ناسنامه و كەلتور غه‌درێكه په‌روه‌ردگاریش قبوڵی ناكات له‌به‌ر ئه‌وه په‌روه‌ردگار له قورئاندا ده‌فه‌رمووێت « يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ» ، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه په‌روه‌ردگار ئێمەی به گه‌ل و هۆز دروستكردووه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتری بناسین و یه‌كتری قبوڵ بكه‌ین، به‌ڵام هزری ئیخوان موسلمین ڕه‌تیده‌كاته‌وه و ده‌یسڕێته‌وه.
له مێژوویی فتوحاتی ئیسلامیشدا وه‌ك د.نازناز ئاماژه‌ی پێكرد، كه چۆن ئیسلامێكی جوان و بێگه‌رد له نیه‌تی پاكی باوه‌شگرتنه‌وه‌ی كورد بۆ ئه‌م ئایینه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، ئه‌مه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت له‌و سه‌رده‌مه‌شدا كه هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ببنه ئیسلام و خواپه‌رستی بكه‌ن، جۆرێكی تایبه‌تی خواپه‌رستی و ئیسلامه‌تییان به‌سه‌ردا فه‌رز نه‌كردوون، هه‌ربۆیه ئه‌م ئیسلامه‌تییه‌ی تێكه‌ڵاوی كەلتور و ناسنامه‌ی ئێمه بووه وه‌ك نه‌ته‌وه به‌رده‌وام هه‌ردوو بیری نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تی له‌ته‌ك ئه‌ركه ئایینه‌كاندا زۆر جوان پێكه‌وه گرێداوه، پێكه‌وه هاوشانی یه‌كتری ده‌روونی یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، له‌م مێژووه‌دا ده‌كرێت سه‌یری زانایه‌كی ئایینی وه‌ك قازی محه‌مه‌د یان شێخ سه‌عید بكه‌ین كه چۆن بیری نه‌ته‌وه و كوردایه‌تی و ئایینیان پێكه‌وه گرێداوه‌ته‌وه و، به‌ڵام كه سه‌یری هزری ئیخوان موسلمین ده‌كه‌ین، هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه‌یه نه‌ته‌وه و ئایین لێك جیابكاته‌وه و ناسنامه و بوونی نه‌ته‌وه‌یمان بسڕێته‌وه.
ڕیفۆرم و دووباره خوێندنه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام به شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه ئه‌ركی هه‌موو زانایانی ئیسلامی كوردستانه و زۆر گرنگه له‌م سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی خێرای ته‌كنه‌لۆژیا ئه‌م ڕیفۆرم و خوێندنه‌وه تازانه ده‌ستیان پێبكرێت، ده‌بێت ئه‌مه‌ش به‌جۆرێك بێت كه هه‌موو تایبه‌تمه‌ندی و كەلتور و ڕه‌سه‌نایه‌تی له نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌خۆی بگرێت و له‌به‌ر چاو بگیرێت، به‌ڵام ئه‌و خوێندنه‌وه جیاوازه‌ی وه‌ك خوێندنه‌وه‌ی ئیخوان موسلمین ڕه‌تده‌كه‌مه‌وه كه نه‌ك هه‌ر تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه و ناسنامه و كەلتووری نه‌ته‌وه‌ییمان له‌به‌ر چاو ناگرێت، به‌ڵكو هه‌وڵیش ده‌دات بیسڕێته‌وه، ئه‌وه نه‌قبوڵ ده‌كرێت نه ده‌بێت ڕێگه‌ش بدرێت له كوردستاندا ڕه‌گ دابكوتێت. له‌مه‌ش زیاتر یان پێت بڵێت، تۆ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌م هزره‌ت قبوڵه باشه ئه‌وا تۆ ئیسلامیت، به‌ڵام له‌و چوارچێوه‌یه چوویته ده‌ره‌وه‌ی تۆ قەبوڵ نیت وەک موسڵمان، یان هیدایه‌تت لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه، بۆیه ئه‌م تێڕوانینه كه زۆر به نه‌رمی ئیخوان موسلیمین» و گروپە ئیسلامییەکان» له كوردستان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، زۆر له‌و گروپ و تاقمه ئیسلامییانه ترسناكتره كه به چه‌ك شه‌ڕیان له كوردستان پێفرۆشتووین، ئه‌و گروپ و تاقمانه‌ی په‌یان بۆ چه‌ك برد، توانرا قه‌واره‌یان بچووك بكرێته‌وه و مه‌ترسییه‌كانیان بڕه‌وێنرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به نه‌رمی و هێمنی به‌جۆرێك ڕیشه‌ی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه، له‌پڕیكدا ده‌بینین، وه‌ك ئێستاش ده‌یبینین حه‌شامه‌تێكت له سۆشیال میدیای لێده‌رده‌په‌ڕێت كه بێجگه له زمانی جنێودان هیچ شتێكی تر نازانێت، كاتێك ده‌ته‌وێت كۆمێنتێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بڵاو بكه‌ینه‌وه، به‌هه‌زاران كەس ته‌كفیرت ده‌كه‌ن و جنێوی ناشیرینی بازاڕیت پێده‌ده‌ن.
ئیخوان موسلمین له‌هه‌ر وڵاتیكی ئه‌م جیهانه به‌و ئاڕاسته‌یه ئیش ده‌كات كه ئه‌ندامه‌كانی به‌و جۆره په‌روه‌رده ده‌كات ئه‌و کەسانە ڕەت بکەنەوە کە لە ڕیزەکانی ئەودا نین یان دەردەچن لە ڕیزەکانی، بۆ نموونه« كه‌ناڵی بی بی سی به‌ریتانی به‌نامه‌یه‌كی به‌دواداچوونی هه‌بوو له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی كه گروپێكی ئیخوان موسلمین له به‌ریتانیا بۆ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان كردبوویانه‌وه، ئه‌م كه‌ناڵه پێش ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بۆ ئه‌م دامه‌زراوه‌یه بكات، داوای كردبوو پرۆگرامی ئه‌و دامه‌زراوه‌ی بده‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی دیراسه‌تی بكات بزانێت به چ پرۆگرام و وانه‌یەک ئه‌م منداڵانه په‌روه‌رده ده‌كرێن، دوای ئه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كه‌ی دیراسه‌ت كردبوو ده‌ستی به به‌دواداچوونه‌كه‌ی كردبوو و چووبووه ناو ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له‌وێ پرسیاری له مامۆستایانی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه كردبوو پێی گووتبوون «ئێوه ئه‌م منداڵانه بۆ كام وڵات په‌روه‌رده ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه لێی ده‌ژین؟، پێی گوتبوون من پرۆگرامه‌كه‌ی ئێوه‌م خوێنده‌وه و دیراسه‌تمكرد، هه‌مووی باسی «دار الكف و دار الاسلام»ە، پرۆگرامه‌كه‌ت ده‌خوێنهمه‌وه ئه‌م منداڵه‌ی لێره پەر‌وه‌رده ده‌كرێت منی قبوڵ نییه، وه‌ك به‌ریتانییه‌ك ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا ڕه‌تده‌كاته‌وه و به‌كافری ده‌زانێت، سبه‌ی ئه‌م منداڵانه خوێندن ته‌واو ده‌كه‌ن ده‌بنه مامۆستا و پارێزه‌ر و كارمه‌ندی ئه‌م ده‌وڵه‌ته، ئایا ئه‌مانه ده‌توانن خۆیان بگونجێنن و له‌گه‌ڵ ئێمه بژین، یان تۆ دڕنده‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه په‌روه‌رده ده‌كه‌یت.
له دوماهیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌مه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه پێویستی به ئایینه، ئایینی ئێمه ئایینی پیرۆزی ئیسلامه، باوه‌ڕمان به‌م ئایینه هه‌یه و فه‌رزه‌كانی سه‌رشانمان جێ به‌جێ ده‌كه‌ین، ئێمه پێویستمان به ئایینێكه كه كەلتور و ناسنامه و بوونی خۆمانی وه‌ك نه‌ته‌وه تێدا ببینه‌وه، ئه‌و ئایینه‌ی ڕێگه‌ی هێدایه‌تمان پیشانده‌دات به‌و ئاسته‌ی كه ده‌بینین زانایانی ئایینی ئیسلامی له كوردستان ئاماده‌یە لەپێناوی پاراستنی خاكی كوردستان خۆی شه‌هید بێت و، له هه‌مانكاتدا له حوجره‌ی مزگه‌وته‌كه‌شیدا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی قورئانێكی پیرۆزه‌و به تام و بۆی كوردبوون و كوردایه‌تی بۆ ئێمه‌ی ته‌فسییر ده‌كات.