شـۆخ نــەســریــن فــەتــاح : ڕۆژێك منداڵەكەم بۆ پەشمەك گریا، پارەم پێ نەبوو، بۆی بكڕم، بۆيه بڕيارم دا كار بكهم
شۆخ نەسرین فەتاح، خانمێكى كارامه و بەتوانای شاری سلێمانییە و لەسەر شەقامەكانی شار نانەكانی خۆی لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلەكەیەوە دەفرۆشێت، وەك خۆی باسی دەكات، بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان و پەروەردەكردنی منداڵەكانی چەندین كاری سەربەرزانەی ئەنجام داوە. لهم گفتوگۆيهشى لهگهڵ گۆڤارى گوڵان باسى ژيانى تايبهتيى خۆى و ئاريشهكانى ڕابردووى دهكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
شۆخ نەسرین فەتاح، ساڵی 1985 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، ئەو دایكی چوار منداڵە(دوو كچ و دوو كوڕ) و هەر چواریان قوتابین، وهك خۆى باسى كرد، بەڕێوەبردنی ماڵ و دابینكردنی بژێوی خێزانەكەى لە ئەستۆی خۆيدایە، سهبارەت به كاركردنيشى دهڵێت: «ماوەی هەشت ساڵە كارى نانكردن دەكەم، پێشتریش ماوەی نۆ ساڵ كارى خەیاتی و چنینم كردووە، بەڵام ئەم نانكردنەم لە سەرەتادا وەك كرێكارێك لە كارگەكاندا كارم دەكرد، دواتر لە ماڵەكەی خۆمدا هۆدەیەكی بچووكم هەبوو، هەر خۆم بە سەقفی دار بۆ نانكردنی ماڵی خۆم دروستم كردبوو، ئیتر لەوێوە دەستم بە ئیشەكەم كرد. بۆ فرۆشتنی نانەكەم دەچمە سەر جادە و شەقام، وەك ئەو كاسبكارانەی كە ڕۆژانە میوە و شووتی و سەوزە دەفرۆشن، يان كاڵەكیان پێیە لە جادەكان وەستاون. منیش لە شەقامی زەرگەتە و ڕەعایە دەوەستم، بەڵام تا ئەم كارهم بووە كار و تۆزێ باش بوو، ناچار كارى ديكهشم دەكرد، یەكێك لە كارهكانم پاككردنەوەی ماڵان بوو، هەروەها هاوەڵی نەخۆشانی دەروونی لە سەنتەری دەروونیى سلێمانی بووم، لەگەڵ ئەوەشدا گوێز شكاندن، جار جارەش دەبوومەوە كرێكاری كارگە، چونكە پێشتر ئۆتۆمبێلهكهم بچووك بوو، بەڵام زۆر زۆر سپاس بۆ خوای گەورە لە ئێستادا ئۆتۆمبێلهكهم گۆڕیوە، كارى نانەكەم دەكەم و هاوكات لە چێشتخانهيهك لە بەشی ئامادەكردنی نانی بەیانیان هەفتەی سێ ڕۆژ شێفم، بەڵام مشتەری ماڵپاكردنەوەكانم هەر كارەكەمیان بەدڵە و تێلم بۆ دەكەنەوە، منیش ئەو ماڵانەی كە زۆر لەگەڵم باش بوون، دەچم ماڵيان بۆ خاوێن دهكهمهوه، لە ئێستادا بە بەردەوامی ئەو سێ كاره دەكەم».
ئهو خاتوونه ئهوهشى خسته ڕوو كه كارهكانى به هاوكاريى منداڵەكانى دهكات و ههر لهو بارهيهوه گوتى: «دووكچ و دوو كوڕم هەیە، نانم لەگەڵ دەكەن و نانیشم بۆ دەبرژێنن، زۆر جاریش كوڕەكانم نیوە نانم بۆ دەكەن، وێڕای ئەوەی هەر چواریان قوتابین و لە خوێندن بەردەوامن.
له وهڵامى ئهو پرسيارهشدا كه ئەو هەموو هێزەت چۆن پەیدا كردووە و چی پاڵی پێوەناوی هێندە هەوڵ بدەیت؟ گوتى: «سەرەتا لە بەر خاتری منداڵەكانم و بە هۆی بێكەسیمەوە هێز و وزەی كاركردنم خستەگەڕ و له كاركردن بهردهوام بووم. ئێستا زۆر ئاسوودەم، چونكە منەتی كەسم لەسەر نییە، هیلاكەتی زۆری تیایە، باس ناكرێت و ناشبیندرێت، بەڵام تا زیاتر هیلاك بم، خۆم بە حەساوە دەزانم، ئەگەر یەك دوو ڕۆژ نەچمە سەر جادە بۆ كارهكهم، وادەزانم شتێكم لێ ون بووە و بیری ماندووبوونەكەم دەكەم، چونكە ئەوانەی منیان بێكەس كرد، ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە چاوپێكەوتنەكانم دەبینن، زۆر خەجاڵەتن، یان زۆر بە لاوازی و پەشیمانی دێنە خەوم، بەڵام من بۆ لەمەودوا هەست بە بوونیان ناكەمەوە، خوێنی خۆم دەكەم بە ئاوی ژیان بۆ منداڵەكانم، هەموو ئامانجم ئەوەیە منداڵەكانم خوێندنیان بە سەركەوتوویی تەواو بكەن، تاوەكو لە ژیانیان وەك من چەوساوە نەبن، خۆم بە بوونی ئەوانەوە دەبینم».
سهبارهت بهوهش كه چ كهسێ بۆ كاركردن هانى داوه و پشتيوانى كردووه، گوتى: «هیچ كەسێك هاوكارم نەبووە لەكاركردن، من خۆم هێز و قوەت و توانای خۆم بووم، ڕووبەڕووی زۆر شەڕ و فەرتەنەش بوومەوە لەسەر كاركردن، بەڵام به سهر كێشهكاندا زاڵ بووم. ڕۆژێك منداڵەكەم بۆ پەشمەك گریا، پارەم پێ نەبوو، بۆی بكڕم، بۆيه بڕيارم دا كارى زياتر بكهم. له كارگهى نانكردن هێلەكێ نان سی نان بوو دەم كردە نان بە 15000 دينار، 300نانی تیریم بە 12 كاتژمێر دەكرد، بۆ سهر كارهكهشم بەپێ دەچووم، نە پاس نە تاكسیم نەدەگرت، بۆ ئەوەی پارەكەم بۆ بمێنێتەوە. ئێستا شوكر بۆ خوا بۆ خۆم كاردهكهم و ئۆتۆمبێلهكهشم كرده كياى دوو تهنى، لە شهقامهكان زۆربەی زۆری خەڵكەكە ئافرەت و پیاوەكانیش دەستم بۆ هەڵدەبڕن و ستایشی كارەكەم دەكەن، ئەوە زۆر زۆر خۆشحاڵم دەكات».
سهبارهت به بهرنامهشى بۆ داهاتووى خۆى گوتى: «سەرەتا مۆڵەتی شوفێری تايبهتم دەركرد بە گێڕ عادی، ئێستا كردوومەتە عموومی، لە داهاتووشدا ئهگەر نەمتوانی ئەم كارى نانكردنە بكەم، تەكسی دەگێڕم، یان نووسینگەی فێركردنی شۆفێری دادەنێم».
له وهڵامى ئهو پرسيارهش كه پهيام و ئامۆژگاریت بۆ ئافرەتان چییە؟ گوتى: «ئامۆژگاریم بۆ ئافرهتان ئەوەیە هەتا دەتوانن لە ڕێگەی هەر كار و پیشەیەكى سهربهرزانهوه بێت، بێنە ناو كۆمەڵگە و كار بكەن، تامی هەزار دینارییەكی بهرههمى كارى خۆیان زۆر خۆشترە لە یەك ملیۆنی كەسێكی ديكه، ڕۆژێك بوو من دووسەد و پەنجاییەكی تەبعم بۆ منداڵەكەم پێ نەبوو، ئێستا لە خوا بە زیاد بێت هەموو ژیانی خۆم و منداڵەكانم گۆڕیوە».