شەڕە سەختەكەی نووسینەوەی دەستووری 2005 و ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و پێشێلكارییە دەستوورییەكان
بەشی دووەم
عێراقی فیدڕاڵی دیموكراتی پەرلەمانی
لە گۆڕینی ئاڵاكەیەوە بونیاد دەنرێتەوە
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن و پاشانیش دوای ئەوەی ئەمریكا خۆی كردە داگیركار و پۆل بریمەری وەك حاكمی مەدەنیی عێراق دامەزراند، هاوكات ئەنجومەنێكیش بە ناوی «ئەنجومەنی حوكم» لە سەركردە عێراقییەكان پێكهات و لە ماوەی 10 مانگی ئەنجومەنی حوكم، ئەم سەركردانە «محەمەد بەحرئەلعلووم، ئیبراهیم جەعفەری، ئەحمەد چەلەبی، ئەیاد عەلاوی، جەلال تاڵەبانی، عەبدولعەزیز حەكیم، عەدنان پاچەچی، موحسین عەبدولحەمید، مسعود بارزانی، عێزەدین سەلیم و غازی مەشعەل» هەر یەكەیان بۆ ماوەی مانگێك سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی حوكمیان دەكرد و، یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی حوكمیش لە ڕۆژانی 14-16 تەمموزی 2003 دەستی پێ كرد، دوای ئەویش لە ئەیلوولی 2003 حكومەتێكی كاتی لە 25 وەزارەت دامەزرا و لە 1ی حوزەیرانی 2004 بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ئینتیقالی كاری ئەم ئەنجومەنە كۆتایی هات.
ئەم ئەنجومەنە لە ماوەی كاركردنی لەگەڵ حكومەتی كاتیی بریمەر چەند كارێكی گرنگی ئەنجام دا:
2. بڕیاری دا، ئاڵای ڕژێمی بەعس بگۆڕێت و بە شێوەیەكی كاتی ئاڵایەكی نوێ بۆ عێراق دروست بكرێت، بۆ ئەمەش دیزاینی ئاڵایەكی نوێ لەلایەن ئەندازیار «ڕەفعەت چادرچی»یەوە پێشنیار كرا و ئەنجومەنی حوكم پەسەندی كرد، بەڵام وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كردووە و نووسیویەتی «ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نازانم كێ و چۆن ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە».
2. نووسینەوەی «یاسای كاتیی بەڕێوەبردنی وڵات»، یاسایەكی گرنگی بنەڕەتی بوو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دامەزراندنی كاتیی «ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دامەزراندنی لێژنەیەك بۆ نووسینەوەی دەستوور»، وا بڕیار بوو، ئەو حكومەتە ئینتیقالییەی كە بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی دامەزرابوو، كاربكات بۆ ئەوەی ئەم یاسا گرنگە كە تێیدا هاتووە «عێراقێكی دیموكراتی و یەكگرتوو» لە بڕیاری 1546ی ئەنجومەنی ئاسایش بنووسرێت و، بەرواری دەرچوونی ئەم بڕیارەش 8ی حوزەیرانی 2004 بوو، واتە هەفتەیەك دوای دامەزراندنی حكومەتی ئینتیقالیی عێراق، بەڵام وەك سەرۆك بارزانی لەلایەن غازی یاوەر سەركۆمار لە قۆناغی ئینتیقالی ئاگادار كراوەتەوە، غازی یاوەر لەگەڵ جۆرج دەبلیو بووشی سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا، باسی ئەوەی كردووە كە یاسای كاتیی ئیدارەی دەوڵەت بخرێتە ناو بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەڵام بووش بە غازی یاوەری گوتووە «لەبەر سیستانی یاسای كاتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نەخراوەتە ناو بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە.
سەبارەت بەم دوو ڕووداوەی ئەنجومەنی حوكم، سەرۆك بارزانی لە بەرگی شەشەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد»، ئاماژەی بەوە كردووە، دوای ئەوەی بڕیاری گۆڕینی ئاڵای عێراق بە نادیاری هەڵوەشێندرایەوە، بڕیاری داوە ئاڵاكەی «بەعس و سەدام» چیدیكە لە هەرێمی كوردستان هەڵنەكرێت، لەمبارەیەوە نووسیویەتی «لە كوردستان بڕیارماندا، ئێمە بە هێچ شێوەیەك ئاڵای سەردەمی بەعس هەڵناكەین، بەڵكو دەگەڕێینەوە بۆ ئاڵای سەردەمی كۆماری 14ی تەمموز كە كاتی خۆی پێشنیار كرابوو، هەتا ئەو كاتەی ئاڵایەكی نوێ بۆ عێراق دروست و پەسەند دەكرێت. دوای بڕیارەكەمان سەبارەت بە هەڵنەكردنی ئاڵای سەردەمی بەعس، ژمارەیەك دەستخۆشییان لێ كردین و، ژمارەیەكی تریش بابەتەكەیان كردە ماددەیەكی چەور بۆ هەڵڕشتنی ڕق و كینە بەرانبەر كوردستان و خودی من».
سەرۆك بارزانی سەبارەت بەم هێرشە ناڕەوایەی دەكرانە سەر كوردستان و شەخسی خۆی، لە وەڵامی نامەیەكی مام جەلالدا كە لەم هێرشە شۆڤێنییانە ئاگاداری دەكاتەوە، بەمجۆرە وەڵامی مام جەلالی داوەتەوە «لە ڕاگەیاندنەكاندا زۆر بە ڕق و كینە و بە شێوەیەكی چەواشەكارانە هەواڵەكە بڵاو كراوەتەوە، بڕیارە بەیانی بچمە پەرلەمانی كوردستان و لە پەرلەمان ڕوونكردنەوەی پێویست بدەم».
دوای ڕوونكردنەوەكەی سەرۆك بارزانی و ئاشكرادنی ڕاستییەكان لەوەی كە ئەم ئاڵایەی ئێستای عێراق بە پشتبەستن بە بڕیارێكی «ئەنجومەنی سەركردایەتیی شۆڕش هەڵوەشاوە «یاسای بۆ دەركراوە و ئاڵایەكە شەڕی قادسیەی لە سایەدا كراوە و سێ ئەستێرەی ناو ئاڵاكە بە دروشمی بەعس «وەحدە حوڕییە ئیشتراكییە» تەفسیر كراوە و، لە هۆیە نەرێنییەكانی ئەم یاسایەدا هاتووە «ئەم یاسایە شانازیی شۆڕشی حەڤدە و سی تەمموزە».
دوای ئاشكراكردنی ئەم ڕاستییانە، وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كردووە و نووسیویەتی «دیار بوو بەرپرسانی عێراق هەستیان بە هەڵەكەیان كرد، بۆیە زوو هەوڵی چارەسەركردنیان دا، ئەویش بە هەڵكردنی ئاڵای ئێستای عێراق كە بە بێ ئەستێرە و تەنیا بە خەتی كوفی «اللە اكبر»ی لەسەر نووسراوە، تا ئێستاش ئاڵاكە كاتییە، نەك ئاڵایەك لە دەستووردا ئاماژەی پێ كرابێت و بڕیاری لەسەر درابێت».
سەبارەت بە نووسینەوەی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش، هەر لە سەرەتاوە عەدنان پاچەچی پڕۆژەیەكی ئامادە كردبوو، هەوڵ دەدرا، ئەو پڕۆژەیەی پاچەچی پەسەند بكرێت، كە چەندین خاڵی نەرێنی و دژی مافەكانی گەلی بە كۆكردنەوەی ئیمزای هاووڵاتیان باس كردبوو، توانیبوویان «1732535» ئیمزا كۆبكەنەوە، كە داوای سەربەخۆییان كردبوو، پاشان ئەم بزووتنەوەیە ئەم ئیمزایانەی بردە ئەنجومەنی حوكم بۆ ئەوەی بزانرێت كە داوای سەرەكیی گەلی كوردستان سەربەخۆیی كوردستانە، بەڵام كاتێك سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان باسی عێراقێكی فیدڕاڵی دەكات، دەبێت ئەوە بزانرێت گەلی كوردستان بە سەربەخۆیی كەمتر ڕازی نابێت، هەر بۆیە دوای بردنی ئەم ئیمزایانە، ڕۆژی 29ی شوباتی 2004 لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی حوكمدا ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر یاساكە كرا و ڕۆژی 5ی ئاداری 2004 یاساكە ئیمزا كرا.
ئەم دوو ڕووداوە گرنگەی سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەی ئاماژەی پێ كردوون، ئاماژەن بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە 2003وە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بەتایبەتی ئەو لایەنە سەرەكییانەی كە ڕێككەوتنی لەندەنیان ئیمزا كردووە، بەوەی دەبێت عێراقی دوای ڕژێمی سەدام حوسێن «عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی و فرەیی» بێت، نییەتیان پاك نەبووە و هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بووە كە ناوەرۆكی ئەو ڕێككەوتنە لە چوارچێوەی «فیدڕاڵیی پارێزگاكان»دا، پووچەڵ بكەنەوە، لەمەش زیاتر ئەمریكاش پابەند نەبووە بە بەڵێنەكانی، بەتایبەتی كە خۆی لە ڕزگاركەرەوە گۆڕی بۆ داگیركار و پاشانیش لە سەردەمی حوكمی حاكمە مەدەنییەكەی «پۆل بریمەر» زۆر بە ڕاشكاوی داوای ئەوەیان دەكرد كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە، بۆیە سەرۆك بارزانی لەم كتێبەدا پەردەی لەسەر ڕووی هەموو ئەو ڕاستییانە هەڵداوەتەوە و جارێكی دیكەش ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە، كە ئێستاش هەمان ئەقڵییەتی شۆڤێنی و هەمان نییەتی خراپ بوونی هەیە، كە دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان بچووك بكەنەوە و، ئەگەر بۆیان بكرێت لەناویشی بەرن.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئینیتقالی- عێراق
دامەزراندنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
دوای پەسەندكردنی یاسای بەڕێوەبردنی وڵات، حكومەتێكی كاتی بە سەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی لە حوزەیرانی 2004 دامەزرا و، نوێنەرێكی عەرەبی سوننە (غازی یاوەر) وەك سەرۆك كۆماری كاتیی عێراق هەڵبژێردرا، ئەركی سەرەكیی ئەم حكومەتە ئەوە بوو، كە زەمینەسازی بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە عێراقدا ئەنجام بدرێت و لەبەر ڕۆشنایی ئاكامی ئەو هەڵبژاردنەدا «ئەنجومەنی نوێنەرانی ئینتیقالی – عێراق» دابمەزرێت، بۆ ئەوەی ئەم ئەنجومەنە هەم حكومەتێكی ئینتیقاڵی دابمەزرێنێت، هەمیش لێژنەیەك بۆ نووسینەوەی دەستووری عێراق پێكبهێنێت.
یەكەمین هەڵبژاردنی ئازاد لە عێراقدا و دووەمین هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە 30ی كانوونی دووەمی 2005 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئینتیقاڵیی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بەڕێوە چوو.
لە ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی عێراق، ئەنجومەنێكی نوێنەرانی ئینتیقالی بە 270 كورسی پێكهات لە 275 ئەندام و فراكسیۆنی كوردستانیش 70 كورسی بە دەست هێنابوو، ئەم ئەنجومەنە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام بوو، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش پەرلەمانێكی تازە هەڵبژێردرا، كە ئەركی سەرەكیی ئەوە بوو یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەر بكات و هەردوو ئیدارەی «هەولێر و سلێمانی» لە چوارچێوەی دامەزراندنی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك بگرێتەوە.
لە چوارچێوەی پرۆسەی تازەی سیاسیی عێراقدا، سەرۆك بارزانی پێداگرییەكی زۆری كرد، كە دەبێت یەكێك لە پۆستە سەروەرییەكانی سەرۆكایەتییەكانی دەوڵەتی عێراق بدرێتە كورد، بۆ ئەمەش جەختی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كرد، ئەم پێداگرییەی سەرۆك بارزانی لەبەر ئەوە نەبوو كە پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستێكی زۆر گرنگە، بە پێچەوانەوە لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە پۆستی سەرۆك كۆمار لە عێراقدا پۆستێكی تەشریفییە و ئەگەر زۆر گرنگ بوایە عەرەبی شیعەی عێراق بواریان نەدەدا هیچ لایەكی دیكە وەری بگرێت، بەڵام گرنگیی ئەم پۆستە لای سەرۆك بارزانی، بەتایبەتی پێش نووسینەوەی دەستووری عێراق لە هەمان ساڵدا، زەمینەخۆشكردن بوو بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕگەیەی كە دەڵێت «عێراق بەشێكە لە نەتەوەی عەرەب»و دواتریش لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا بەمجۆرە چەسپێندرا «عەرەبی عێراق بەشێكن لە نەتەوەی عەرەب» نەك عێراق وەك دەوڵەت، بەمجۆرەش سەرۆك بارزانی، مام جەلالی وەك نوێنەری كورد بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كرد و بۆ یەكەمین جار لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا مام جەلال وەك كاندیدی گەلی كورد لە 6ی نیسانی 2005 بووە سەرۆك كۆماری عێراق.
بوونی كوردێك بە سەرۆك كۆماری عێراق كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەو لە ساڵی 1920ـەوە هەموو هەوڵەكانی عەرەبی عێراق بۆ ئەوە بووە، عێراق وەك دەوڵەت بكەنە بەشێك لە نیشتمانی عەرەبی و بە یاسا و دیكۆمێنت خاكێك بسڕنەوە كە ناوی كوردستانە، مەغزا سیاسییەكەی زۆر لەو موزایەدە حزبییانە گەورەتر بوو، كە دوای هەڵبژاردنی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەلایەن میدیا حزبییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هاشوهۆشی پێوە كرا، هەر بۆیە جارێكی دیكە سەرۆك بارزانی گشتاندنێكی بۆ هەموو میدیاكان پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند «بە هیچ شێوەیەك نابێت بە هەمان ئاست و شێواز وەڵامی میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بدرێتەوە و نابێت ئەم دەستكەوتە گەورەیەی گەلی كوردستان بشێوێندرێت»، لەمەش زیاتر سەرۆك بارزانی ئەوەشی لەسەر میدیا و ڕاگەیاندنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان فەرز كرد، كە دەبێت لە داڕشتنی هەواڵەكاندا، هەواڵەكانی مام جەلال لە پێش هەواڵەكانی خۆی بڵاو بكرێتەوە.
دامەزراندنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە لە كابینەی پێنجەمدا
دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان و ڕاسپاردنی ئیبراهیم جەعفەری بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئینتیقالی، لە هەرێمی كوردستانیش جارێكی دیكە كۆبوونەوەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی بۆ دامەزراندنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك و دەركردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەستیان پێ كردەوە، بەڵام ئەوەی لەم زنجیرە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی هەردوولا تێبینی دەكرا، ئەوە بوو دوای هەڵبژاردنی مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عێراق، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان 180 پلە هەڵوێست و ڕوانگەیان گۆڕانكاری بەسەردا هات و لە ناو ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیدا پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاو دەكردەوە، بەوەی گوایە لە پێناوی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماردا یەكێتی تەنازولی زۆری بۆ پارتی كردووە، چونكە لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا دەسەڵاتێكی زۆر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دراوە. بۆیە پێویستە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری عێراق پڕۆتۆكۆڵی بێت.
سەرۆك بارزانی لە بەرگی شەشەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد»، لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستەی كردووە و «دكتۆر مەحموود عوسمان و فەخری كەریم»ی ناردووە بۆ سلێمانی و لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی چەندین كۆبوونەوەیان كردبوو، سەرەنجامی ئەو كۆبوونەوانە ئەوەیان بۆ دەركەوتبوو، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی جیاوازی و ناكۆكییەكی قووڵیان لەگەڵ مام جەلال هەیە و دەیانەوێت مام جەلال ئازار بدەن، لەسەر ئەم تێڕوانین و هەڵوێستە سەرۆك بارزانی بەم شێوەیە هەواڵی بۆ سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناردووە و پێی گوتوون «من نە داوای پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانم كردووە، نە بڕیاری وەرگرتنی ئەو پۆستەكەم داوە. حەز دەكەم پێتان بڵێم، ئەگەر من ئامادە بم پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەربگرم، بەبێ ئێوەش دەكرێت. هەموو لایەنەكان داوایان كرد، كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرم، من قبووڵم نەكرد و پۆستەكەم ڕەت كردەوە، بەڵام ئەگەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەربگرم، سەرۆكێكی پڕۆتۆكۆڵی نابم، بۆیە بڕیاری خۆتان بدەن...».
ئەم هەڵوێستەی بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، تەواو تەواو مام جەلالی نیگەران كردبوو، هەر بۆیە لە 28ی ئایاری 2005 خۆی سەردانی سەرۆك بارزانی كرد و، ناوەڕۆكی قسەكانی مام جەلال بۆ سەرۆك بارزانی ئەمانە بوون:
1. هاتووم و ناگەڕێمەوە، تا بەڵێنی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانم پێ نەدەیت.
2. پێم گوتوون هەرچی لە دەستتان هات، دژی من و هێرۆ و منداڵەكان و كەسوكارەكانم كردتان. ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات و ئێوە دەیكەن، قبووڵ ناكرێت و كارەساتی لێ دەكەوێتەوە.
3. ئێستاش لە هەموو بابەت و پرسەكاندا پشتگیریتان دەكەم و هاوڕام لە گەڵتان، جگە لە دژایەتیكردنی پارتی و تێكدانی نێوان من و مسعود بارزانی.
لەو دانیشتنە دوو قۆڵییەی نێوانیان مام جەلال لە بەشێكی قسەكانیدا ئەمەشی بە سەرۆك بارزانی گوتووە «جگە لەوەی كوڕی مەلا مستەفای، گەورەی بارزانییەكانی و سەلماندووشتە كە پیاوی ڕۆژانی تەنگانەی. حەزدەكەم ڕێوشوێنی پێویست بگریتە بەر بۆ ئەوەی پێكەوە سەردانی مەزاری بارزانیی نەمر و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بكەین و پێیان ڕابگەیەنین كە ماندووبوون و قوربانیدانیان بەفیڕۆ نەچووە».
دوای ئەم سەردانەی مام جەلال بۆ لای سەرۆك بارزانی، ڕۆژی 29ی ئایاری 2005 جارێكی دیكە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات، ڕۆژی 4ی حوزەیران پەرلەمانی كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی دوای هەڵبژاردنەكانی كانوونی دووەمی 2005 گرێ بدات و ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن و دەست بەكار بن. دوای دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كاروبارە یاساییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 12ی حوزەیرانی 2005 پەرلەمانی كوردستاندا، بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان مسعود مستەفا بارزانی وەك یەكەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا و، بڕیار بوو هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بەبەرچاوی ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی و میوانەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام بە هۆی خراپیی كەشوهەواوە میوانەكان نەیانتوانیبوو ئامادەی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان بن، بۆیە لە ڕۆژی 14ی حوزەیرانی 2005 بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆماری عێراق، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و سەرۆك و سكرتێری حزبە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق، ژمارەیەكی زۆر لە دیپلۆمات و باڵیۆزی وڵاتان ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو.
سەرۆك بارزانی لە بەرگی شەشەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی كوردستان» بەمجۆرە وێنای ساتی سوێندخواردنەكەیمان بۆ دەكات «لە چركە ساتەكانی سوێندخواردنمدا، وێنە و یادی باوكم و كاك ئیدریس و هەموو ئەو هەڤاڵانەی سەردەمێك پێكەوە پێشمەرگە بووین و شەهید بوون، ئێش و ئازاری گەلەكەمان و كیمیابارانكردنی كوردستان و ئەنفال و كۆڕەو و ئاوارەبوونی میللەتەكەمان بە زەین و بەرچاومدا تێدەپەڕین، ئەمە دەستكەوت و ماندووبوون و خەبات و قوربانیدانی ئەوان بوو، زۆر هەوڵم دا ددان بە خۆمدا بگرم و بەسەر هەستەكانمدا زاڵ بم، بەڵام چاو هەر پڕ لە فرمێسك بوو..».
دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان هەڵبژێردرا و دەستبەكار بوو، هاوكات كۆبوونەوە و هەوڵەكانی هەر دوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی بۆ یەكخستنەوەی هەر دوو ئیدارە لە هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتێكی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان چڕ كرانەوە، بەڵام ئەم پرسە لەگەڵ ئەوەی پرسێكی زۆر گرنگ بوو و ئامانج و خواستی تەواوی خەڵكی كوردستان بوو، بەڵام بەردەوام لە كۆبوونەوەكاندا كۆسپ و كێشەی نوێ دەهاتنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوە، هەر بۆیە ئەم كێشانە وای كرد كە مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەلەفۆن بۆ عەدنان موفتی سەرۆكی ئەو كاتی پەرلەمانی كوردستان بكات و داوای كۆبوونەوەیەكی بە پەلەی پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم هەموو ڕاستییەكان سەبارەت بە هۆكاری یەكنەگرتنەوەی حكومەت و شكستی كۆبوونەوەكان بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكات. سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە جددییەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم كۆبوونەوەیە تێ دەگات، بۆیە پەیوەندی بە مام جەلالەوە دەكات، مام جەلالیش گوشارە دەخاتە سەر مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ سەرخستنی كۆبوونەوەكان و یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە و دامەزراندنی حكومەتی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان ڕابگەیەندرێت. ئەم گوشارانە وای كرد، دانوستاندن و كۆبوونەوەكان بۆ یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە كۆتاییان بێت و لە ڕۆژی 21ی كانوونی دووەمی 2006 پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە و یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندرا، ئەم هەنگاوە مێژووییە گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە پێشوازییان لێ كرد.
ئەوەی لەم دوو ڕووداوە مێژووییە سەرۆك بارزانی وەك دیكۆمێنت تۆماری كردوون، خستنە ڕووی ئەو ڕاستییانەیە كە پێویستە نەوەكانی ئێستا و داهاتوو پەند و وانەی لێ وەربگرن، سەرۆك بارزانی پێمان دەڵێت «بە تەبایی و یەكڕیزی زۆر دەستكەوتی گەورە لەو ڕۆژانە بەدەست هاتن، وەك بوونی مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عێراق، دانانی ماددەی 58 لە یاسای كاتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ماددەی 140 لە دەستووری عێراقی ساڵی 2005، بوونی پێشمەرگە بە پاسەوانی كوردستان و دانانی ماددەی 111 و 112 سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ سامانە سرووشتییەكان و...هتد»، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوەشمان پێ دەڵێت كە چۆن «نەبوونی هاودەنگی و هەمانگی و تێڕوانینی تەسكی حزبییانە دەستكەوتە گرنگەكانی نەتەوەكەمان دەباتەوە سەر لێواری هەڵدێر، وەك ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی بۆ دامەزراندنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و یەكخستنەوەی هەر دوو ئیدارە و یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوویان دا و، ئێستاش هەمان سنیاریۆی بیركردنەوەی تەسكی حزبیانە ئاستەنگ و كێشەی گەورە لە بەردەم دەستكەوتە نیشمانییەكانمان دروست دەكەن».
شەڕە سەختەكەی دەستوور
چەسپاندنی فیدڕاڵیی جوگرافی و مێژوویی
پێداگریی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەوەی كە دەبێت یاسای بەڕێوەبردنی وڵات لە بڕیاری 1456ی ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی پێ بكرێت، بۆ چەسپاندنی ناسنامە نوێیەكەی دەوڵەتی عێراقە كە یاساكەدا ئاماژەی پێ كراوە «عێراقی دیموكراتی و فیدڕاڵی و فرەیی» بێت، هەروەها قەوارەی هەرێمی كوردستان پارێزراو و پرسی پێشمەرگە چارەسەر بكرێت و شەراكەتی ڕاستەقینە بوونی هەبێت. بەڵام بەداخەوە بۆ ڕازیكردنی دڵی ئایەتوڵا سیستانی «عەرەبی شیعە» جۆرج دەبلیو بوش سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا ڕێگەی نەدابوو ئەو یاسایە لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێ بكرێت.
لەم ڕووداوەوە، سەرۆك بارزانی ئەو ترسەی لا دروست بوو، ئەمریكییەكان دەیانەوێت لەسەر حیسابی مافەكانی گەلی كوردستان خەڵكی دیكە ڕازی بكرێت و، ئەم ترسەی سەرۆك بارزانی لە جێگەی خۆیدا بوو، هەر بۆیە كاتێك زۆر بە جددی پێداگری لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان دەكرد، ئەمریكییەكان و لایەنەكانی دیكەش جار و بار دەیانگوت لەسەر فڵان بڕگە و ماددە هەموو لایەك ڕازین، تەنیا مسعود بارزانی ناڕازییە.
لە بەرگی شەشەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد»، سەرۆك بارزانی سەردانی شاندێكی ئەمریكیمان بۆ دەگێڕێتەوە كە پێش نووسینەوەی دەستوور ئەم داواكارییەیانەیان هەبووە:
1. چوار كورسیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە بەرەی توركمانی و كۆمەڵەی عەرەبی بدرێت.
2. لەم قۆناغەدا پێداگری و داكۆكیەكی زۆر لەسەر ماددەی 58 و 140ی دەستوور نەكرێت.
سەرۆك بارزانی بەمجۆرە وەڵامی ئەمریكییەكانی داوەتەوە «پێ دەچێت پاشگەزبوونەوەیەك لە هەڵوێستەكانتاندا هەبێت و، هەوڵ دەدەن لەسەر حیسابی كورد كێشەكان چارەسەر بكەن، ئێمە هەوڵ دەدەین نەرمی بنوێنین، بەڵام بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافەكانمان ناكەین».
كەواتە پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوە چڕەكان لە 8ی ئاب تا 28ی ئابی 2005 بۆ نووسینەوەی دەستوور، ژینگەیەكی ئاڵۆز و ناتەندروست هەبووە كە لەسەر حیسابی مافەكانی گەلی كوردستان لایەنەكانی دیكە بەتایبەتی عەرەبی شیعە و سوننە ڕازی بكرێن، ئەمەش لە كاتێكدا بەشێك لەو عەرەبە سوننەیانەی كە ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستوور بوون، زۆر شۆڤێنییانە ڕەفتاریان كردووە، زۆربەی ئەندامانی عەرەبی شیعەش كە ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستوور بوون، دەیانویست هەر لە سەرەتای نووسینەوەی دەستووردا هەژموون و باڵادەستیی خۆیان لە دەستوورەكەدا بسەپێنن، بۆیە پێش ئەوەی كۆبوونەوەكانی لێژنەی نووسینەوەی دەستوور دەست پێ بكات، سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوونی ئەیاد عەلاوی ئەم مەرجانەی بۆ نووسینەوەی دەستوور بە زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی ئەوكاتی ئەمریكا لە عێراق ڕاگەیاندووە:
1. وەك پێشتر ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، پێویستە ناسنامەی عێراق وەك خۆی بپارێزرێت و بە هیچ شێوەیەك گۆڕانكاری تێدا نەكرێت، كە بریتییە لە» عێراقی دیموكراتی و فیدڕاڵی و فرەیی».
2. بۆ كورد دەرفەتێكی مێژووییە و نابێت لە دەستووردا كەمتر لە یاسای بەڕێوەبردنی وڵات، باس لە مافەكانی كورد بكرێت.
3. پشتگیری لە دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهات و سەرچاوە سرووشتیەكان دەكەین، بەڵام گەرووی خۆمان ڕادەستی بەغدا ناكەین.
4. پێویستە چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ پێشمەرگە لە دەستووردا بدۆزرێتەوە.
5. بەپێی ڕێككەوتن، سنووری هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ڕاستییە مێژوویی و جوگرافیەكان دەستنیشان و دیاری بكرێت.
6. ئێمە بە پێچەوانەی هەموو خەڵكی تر، خوێنمان بۆ ڕزگاری و ئازادی عێراق داوە، بە هیچ شێوەیەك نابێت خەڵكی تر لەسەر حیسابی كورد ڕازی بكرێن.
ئەم هۆشدارییانەی سەرۆك بارزانی بۆ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لەو باكگراوەندەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەمریكییەكان دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لەو بەڵێنانە پاشگەز بوونەوە كە پێشتر بە كوردیان دابوو، لەوانە:
ئەمریكیەكان دوای ڕای گشتیی ئەمریكا و دروستكردنی هاوپەیمانی، پێویستیان بەوە بوو ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كۆنگرەیەك ببەستێت و لەسەر شێوازی سیستمی داهاتووی عێراق ڕێك بكەون، ئەم گۆنگرە كە بە كۆنگرەی لەندەن ناسراوە، بە هەوڵی سەرۆك بارزانی سەركەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام ئەمریكا هەر دوای 40 ڕۆژ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس پابەندی بەڵێنەكانی خۆی نەبوو.
ئەمریكا بەڵێنی دابوو، وەك وەفایەك بۆ بەشداریی كارای پێشمەرگە لە شەڕی ئازادی و ڕزگاریی عێراقدا، مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە بكات و پڕ چەكی بكات، بەڵام ئەم بەڵێنەشی نەبردە سەر.
ئەمریكا بەڵێنی دابوو، یاسای بەڕێوەبردنی وڵات لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێ بكرێت، كە ناسنامەی عێراقی بە «عێراقی دیموكراتی و فیدڕاڵی و فرەیی» پێناسە كردبوو، بەڵام بۆ ڕازیكردنی عەرەبی شیعە سەرۆكی ئەمریكا ئەم كارەی نەكرد.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە كە ناتوانرێت لەم پرسە هەستیارەی نووسینەوەی دەستوور بە تەواوەتی پشت بە ئەمرییكەكان ببەسترێت، سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتاوە و بە ڕاویژ و كۆبوونەوەی تایبەتی لەگەڵ مام جەلال، هەوڵی ئەوەی دابوو كە تەبایی و یەكڕیزی لەسەر پرسی دەستوور لەناو گەلی كوردستان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی دروست بكات، ئەو لێژنەیەی بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور و مافەكانی گەلی كوردستان دروست دەكرێت، دەبێت وەك یەك تیم كار بۆ ئەم پرسە بكەن.
ئەم تەبایی و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییەی پارتی و یەكێتی بووە هۆكاری ئەوەی، ئەو خاڵانەی سەرۆك بارزانی پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی لێژنەی دەستوور، لەگەڵ ئەمریكییەكان باسی كردبوو، توانرا لە ناو دەستوورەكەدا بچەسپێندرین، ئەمە لەگەڵ ئەوەی خواستی گەلی كوردستان زۆر لەو مافانە زیاترە كە لە دەستوورەكە دیاری كراون، ئاكامی ڕاپرسییە نافەرمییەكەی كانوونی دووەمی 2005یش كە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی عێراق بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئینتیقالی، لەلایەن كۆمەڵێك خۆبەخشەوە ئەنجام درا، ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە كە گەلی كوردستان بە هاوشێوەی ڕێفراندۆمەكەی ئەیلوولی 2017 بە ڕێژەی زۆر و لە سەرووی 90% دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دابوو.
خاڵی هەرە گرنگ كە توانرا لە دیباجەی دەستوورەكەدا ئاماژەی پێ بكرت، ئەوە بوو كە بە هەوڵی سەرۆك بارزانی دیباجەی دەستوورەكە بەم شێوەیە كۆتاییەكەی نووسرا «ئێمەی گەلی عێراق بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە بە تەواوەتی ویستی خۆمان بە ئازادانە و ئارەزوومەندانە بڕیاری یەكگرتنی ئارەزوومەندانەمان داوە و دەرس وەردەگرین لە ڕابردوومان بۆ داهاتوومان و لە بەها باڵاكانی پەیامە ئاسمانییەكان و دۆزینەوەی زانست و شارستانیەتی مرۆڤەوە ئەم دەستوورەمان دانا. پابەندبوون بەم دەستوورەش یەكێتیی ئازادانەی گەل و خاك و سەروەریی عێراق دەپارێزێت».
لەم چوارچێوەیەدا كە سەرنج لە پەیامەكانی سەرۆك بارزانی دەدەین سەبارەت بە داهاتووی عێراق و پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان، دەبینین كە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێت ئەم دەستوورە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و جێبەجێكردنی ئەم دەستوورە ئایندەی كوردستان و عێراقیش پڕشنگدارتر دەكات، هەر بۆیە بەر لەوەی ئەم دەستوورە لە 15ی تشرینی یەكەمی 2005 بخرێتە دەنگدانەوە، سەرۆك بارزانی سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و داوای لە هەموو لایەك كرد كە دەنگ بەم دەستوورە بدەن.
لابردنی ئیبراهیم جەعفەری وەك سەرۆك وەزیران - باڵادەستبوونی ئەقڵییەتی شیعەگەرایی لە حوكمڕانیدا
لە ڕۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2005 دووهەمین هەڵبژاردنی گشتی لە عێراقدا بۆ هەڵبژاردنی «ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق» ئەنجام درا و، لە سەرەتای كانوونی دووەمی 2006یشەوە، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی عێراق دەستی پێ كرا، لەلای كوردەوە مام جەلال كاندیدی سەرۆك بارزانی بوو بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، لەلایەن لایەنەكانی شیعەشەوە ئیبراهیم جەعفەری كاندید بوو بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە، بۆ ئەمەش ئیبراهیم جەعفەری زۆر پێویستی بە پشتگیریی سەرۆك بارزانی بوو، چونكە دەیزانی پشتگیریی سەرۆك بارزانی واتە پشتگیریی تەواوی فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراقدا، هەر بۆیە لەو ماوەیەدا چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و، لە بەغداش لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوە و بە فەرمی داوای لە سەرۆك بارزانی كردبوو، كە پشتگیری بكات بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، بۆ ئەمەش بەرگرییەكی زۆری لە خۆی كردبوو، بەوەی هەوڵی داوە، ماددە 58ی یاسای بەڕێوەبردنی وڵات تایبەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات و ئۆباڵی جێبەجێنەكردنی ماددەی 58ی خستبووە ئەستۆی ئەو لێژنەیەی كە بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە دامەزرابوو، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دوای دەنگدان بە دەستوور بەڵێنێكی دیكەی ئیبراهیم جەعفەری بوو، وەك پیشاندانی پابەندبوونێك بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور كە دەیزانی زۆر لای سەرۆك بارزانی جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانە.
بەڵام دووڕوویی و نیفاقی ئیبراهیم جەعفەری كە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ئینتیقاڵی بوو و هەوڵی دەدا بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق بێت، لەوەدا بوو لەو كاتەی هەوڵی دەدا كە پشتگیریی سەرۆك بارزانی بەدەست بهێنیت، لە هەمان كاتدا لە ژێرەوەش پیلانی داڕشتبوو سەردانی توركیا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لە دژی فیدڕاڵییەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن بكات، لە پێناوی ئەوەی توركیا گوشار لە عەرەبی سوننە بكات، پشتگیری لە ئیبراهیم جەعفەری بكەن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران. لەسەر ئەو ڕووداوە سەرۆك بارزانی نووسیویەتی «ڕۆژی 28ی شوباتی 2006 ئیبراهیم جەعفەری بەبێ پرس و ڕاوێژ بە لایەنەكان، لە ناكاو سەردانی توركیای كرد، سەردانەكەی لەو بارودۆخەدا بۆ هەموو لایەنەكان جێگەی سەرسوڕمان بوو، بەتایبەتی كە حكومەتەكەی، حكومەتێكی كاربەڕێكەر بوو. سەبارەت بەم كۆبوونەوەیە چەندان سەرچاوە ئاگاداریان كردمەوە و زانیارییان بۆ ناردم كە مەبەستی سەرەكیی جەعفەری لە سەردانەكەی بۆ توركیا، ئیمزاكردنی چەند ڕێككەوتنێكە لەگەڵ ئەو وڵاتە و لە دژی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان، لە بەرانبەریشدا توركیا هەوڵی ڕازیكردنی سوننەكان بدات، بۆ پشتگیری لە جەعفەری و بەشداری لە حكومەتدا. لەم چوار چێوەیەدا، كۆبوونەوەیەك لە ماڵی مام جەلال – لە بەغدا- ساز درا . دوای تاوتوێكردنی پێشهات و گۆڕانكارییەكان، ئێمە وەك هاوپەیمانیی كوردستان بڕیارماندا بە هیچ شێوەیەك جەعفەری لە پۆستی سەرۆك وەزیران نەمێنێتەوە و نابێت جارێكی تر پۆستەكە وەربگرێتەوە».
دوای ئەم بڕیار و هەڵوێستە مێژووییەی هاوپەیمانیی كوردستانی، هاوپەیمانیی شیعەكان ناچار بوو كەسێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكەن، بەڵام لەسەر ناوێكی دیكە بە ئاسانی ڕێك نەدەكەوتن و هەر ڕۆژەی ناوێكیان كاندید دەكرد، هەتا لە كۆتاییدا لەسەر كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ ئەو پۆستە ڕێككەوتن، سەبارەت بە مالیكی سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە كردووە كە زاڵمای خەلیل زاد ڕاوێژی پێ كردووە و سەرۆك بارزانی پشتگیری لە مالیكی كردووە، ئەمەش لەو بۆچوونەوە بووە كە ماوەیەكی زۆر بووە سەرۆك بارزانی مالیكی ناسیوە و رای وا بووە كە زۆر لە جەعفەری باشتر دەبێت و ئەو ساڵانەشی لە كوردستان بووە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ كورد لەبیر ماوە. بەڵام دیسان بەداخەوە كە مالیكیش پۆستەكەی وەرگرت، ئەویش بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ نەكرد. سەرۆك بارزانی لەبەرگی شەشەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد» بەم شێوەیە ڕای خۆی نووسیوە سەبارەت بە بارودۆخەكانی دوای دامەزراندنی كابینەكەی نووری مالیكی «دوای تەواوبوونی هەنگاوەكانی پێكهێنانی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و ڕاسپاردنی نووری مالیكی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.. وێنەیەكی وا لەبەر چاومان دروست بوو كە عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی دامەزراوە و تێیدا ئەرك و مافی هەموو لایەن و پێكهاتە و هاووڵاتیان لە ناو دەستووردا نووسراوە و دیاری كراوە، بە نیاز و مەبەست و نییەتێكی پاكەوە هەوڵی سەركەوتن و سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراقمان دا، بەڵام زۆر بەداخەوە دواتر دەركەوت كە فەرهەنگ و ئەقڵییەتی خۆسەپاندن و قبووڵنەكردنی بەرانبەر و.. هتد، هەمان فەرهەنگ و ئەقڵییەتی ڕابردووە و تەنیا دەموچاوەكان گۆڕدراون».
دەركەوتنی بیری تاكڕەوی و
پێشێلكردنی ماددە دەستوورییەكان
لە 20ی ئایاری 2006 كابینەی حكومەتەكەی نووری مالیكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی پێ درا و مالیكی بوو بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی، وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ كردووە ڕۆژانە گازندە و گلەییەكی زۆری لەلایەن كەسایەتی و لایەنە عێراقییەكانەوە لەسەر هەڵسوكەوت و ڕەفتاری تاكڕۆیانەی مالیكی پێگەیشتووە، سەرەنجامیش لایەنە سیاسییەكان لەناو خۆیاندا بڕیاریان دابوو، پێویستە مالیكی بگۆڕدرێت، بەڵام تەنیا ڕێگەش بۆ ئەم گۆڕانكارییە ئەوە بوو كە دەبێت لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بكرێت، بەڵام ئەمریكا و ئێران بەو بیانووەی بۆشایی دروست دەبێت، پشتگیریی لادانی مالیكییان نەكرد.
بۆ ڕاستەڕێكردنی پرۆسەی سیاسی ڕێككەوتنێكی پێنج قۆڵی لە نێوان «پارتی، یەكێتی، ئەنجومەنی باڵا، حزبی دەعوە، حزبی ئیسلامی» ئیمزا كرا، بۆ ئەوەی نووری مالیكی پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بێت و لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنە ڕەفتار و هەڵسوكەوت بكات، بەڵام لادانی مالیكی بەرەو تاكڕۆیی كارەكەی گەیاندبووە ئەوەی كە ڕایان كرۆكەر باڵیۆزی ئەمریكاش لە عێراق گلەیی و گازندەی خۆی گەیاندبووە سەرۆك بارزانی و داوای لێ كردبوو سەردانی بەغدا بكات و هەوڵ بدات كە مالیكی پابەندی ڕێككەوتنە پێنج قۆڵییەكە بێت، نەك لاببرێت.
سەرۆك بارزانی پێش ئەوەی سەردانی بەغدا بكات، بەشداری كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی دەكات، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار دەدرێت كە بە ناوی هاوپەیمانیی كوردستانەوە یاداشتنامەیەك ئاراستەی مالیكی بكرێت و تێیدا زۆر ڕاشكاوانە نیگەرانی و دڵگرانیی هاوپەیمانیی كوردستانی نیشان بدرێت، داوای چارەسەرێكی بنەڕەتیی كێشەكان بكرێت، ئەگینا هاوپەیمانیی كوردستانی هەڵوێستێكی دیكەی دەبێت.
سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم یاداشتنامەیە نووسیویەتی «لە كاتی خستنە ڕووی یاداشتنامەكە منیش ڕازی بووم، چونكە منیش لەسەر هەڵسوكەوتی مالیكی هەر ئەو بۆچوونەم هەبوو، بەر لەوانیش هەستم بە مەترسییەكە كردبوو، بەڵام دەستپێشخەرییەكە لەلای منەوە نەبوو، كەچی بەداخەوە چەند كەسێك بە مالیكییان ڕاگەیاندبوو كە یادداشتنامەكە لەژێر گوشاری مەسعود بارزانیدا نووسراوە و ئێمە لەگەڵی نین، لەسەر ئەم بابەتە مالیكی ئەم بابەتەی كردە گرێیكی شەخسی و دوژمنكارییەكی تەواو لەگەڵ من».
ئەم بەروارەی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێ دەكات، كۆتاییەكانی ساڵی 2007 و سەرەتای ساڵی 2008ـە، لەم بەروارەشدا یەكڕیزی و تەبایی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا پەرتەوازە ببوو، بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیا بووەوە، ڕاستە سەرۆك بارزانی و مام جەلال پابەندی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی بوون و هەوڵەكانیان بۆ ئەوە بوو كە نێوماڵی كورد ناسەقامگیر نەبێت، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع «ڕێككەوتنامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی» هەر بە ناو مابوو، ببووە ڕێككەوتنێكی ناوەرۆك بەتاڵ و ئەو هێزەی نەمابوو كە پێش جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی هەیبوو، زیاد لەمەش «كۆمپانیای وشە» كە پاشان خۆی كرد بە « گۆڕان»، هەر لە ساڵی 2006ـەوە و دوای پێكهێنانی كابینەی پێنجەم، كەوتە دژایەتیكردنی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی و بەشی هەرە زۆری ئەندامان و لایەنگران و تەنانەت سەركردایەتیی یەكێتیش، پشتیوانیی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفایان دەكرد، هەڵبژاردنەكانی 2009ش ئەو ڕاستییەیان دەرخست كە لیستی كوردستانی «پارتی و یەكێتی» تەنیا 59 كورسی هێنا و بە تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان 25 كورسیی پەرلەمانی كوردستانی بە دەست هێنا.
ئەو پەرتەوازەییە سیاسییە كە بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا هاتە ئاراوە، هیچ بەها و پیرۆزییەكی نەهێشت، تەنانەت پەنایان بۆ سیخوڕیی ژەنڕاڵەكانی سوپای ئەمریكا برد، بۆ نموونە «مایكل ڕۆبن» كە هەرێمی كوردستان لە میدیاكانی ئەمریكا ناشیرین بكات و هەموو پیرۆزییەكانی خاك و نیشتمان بخاتە ژێر پێ و پێشێلی بكات، لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی عێراقی، وەك مەلا بەختیار لە دوایین دیداری لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو ئاماژەی پێ كرد، بڕی دوو ملیۆن دۆلار نێردراوە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی بە حیساب ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بكات.
ئەم واقیعە ئاڵۆزە وای كرد، جڵەوی سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەستی مام جەلال دەربچێت و، گەیشتە ئەوەی لەلایەن ئەمریكییەكانیشەوە بیر لەوە بكرێتەوە كە پۆستی سەرۆك كۆمار لە كورد بسەندرێتەوە و، ئەگەر پێداگریی سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئەوا وا دانرابوو كە لە دوای هەڵبژاردنەكانی 2010ی پەرلەمانی عێراق، عەرەبێكی سوننە بكرێتە سەرۆك كۆماری عێراق.
ئەم لەتبوونەی نێوماڵی كورد وای كرد، پێگەی كورد لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا لاواز بێت و حیسابێكی ئەوتۆی بۆ نەكرێت، هەر بۆ نموونە سەرۆك بارزانی لە كێشەی قەرەتەپەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق زۆر ڕاشكاوانە نووسیویەتی «كاتێك ئەمریكا داوای ناردنی پێشمەرگەیان لێ كردین بۆ دیالە، بە مەرجێك ئامادە بووین پێشمەرگە بنێرین، بۆ هەمیشە پێشمەرگە لە ناوچەكە نەمێننەوە، لە كاتی ئامادەكردنی فیرقەی سوپای عێراق ئێمە سەردانی دەرەوەمان كردبوو، فەرماندەی فیرقە نامەیەكی بۆ فەرماندەی پێشمەرگەكان ناردبوو كە لە ماوەی 24 كاتژمێردا ناوچەكە چۆڵ بكرێت و لە ئەگەری چۆڵنەكردنی هەموو بەرپرسیاریەتییەك دەكەوێتە سەرشانتان. فەرماندەی پێشمەرگەش مەردانە وەڵامی دابووەوە كە «ئێمە نە بە بڕیار و فەرمانی تۆ لێرەین و نە بەفەرمانی تۆش ناوچەكە چۆڵ دەكەین»، دوای ئەوە مالیكی فەرمانی بە تانكەكان كردبوو بۆ دەركردنی پێشمەرگە جووڵە بكەن». زیاتریش لەمە كە سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم بابەتە ئاماژەی پێ كردووە ئەو گوتەیەی مالیكییە كە لە كۆبوونەوەیەكی سەربازیدا گازندەی لە هەڵسوكەوتی هەرێمی كوردستان كردووە، دەستبەجێ عەلی غەیدان فەرماندەی هێزی زەمینیی عێراق هەستابوو گوتبووی «سەیدی، فەرمان بدە لە چەند كاتژمێرێكدا هەولێر دەگرم»، مالیكیش لە بەرانبەردا گوتبووی «خۆت بگرە، با ئێف شانزەكان بگەن، ئینجا ئەركتان ئاسان دەكەم».
ئەم قسانەی كە لە كتێبی بەرگی شەشەمی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد» وەك دیكۆمێنت و ڕاستی تۆمار كراون، ئەگەر لە لایەنێكەوە ئەقڵییەتی شۆڤێنیی ڕابردوو و بەرانبەر قبووڵنەكردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە وێنا بكات، ئەوا لە لایەكی دیكەوە مەترسییەكانی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەكڕیزی لە نێوماڵی كورددا چەندین مەترسیی گەورە لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. سەرۆك بارزانی زۆر باش ئاماژەی پێ كردووە، تەنیا عەلی غەیدان نەبووە كە پێشنیاری بۆ مالیكی كردووە، هێز دژی كوردستان بەكار بهێنێت، بەڵكو وەك سەرۆك بارزانی نووسیویەتی «لە ساڵی 2013 حزبە ئیسلامییەكانی شیعە بە دوای ڕێگە و دەرفەتێكدا دەگەڕان، بۆ ئەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی ببڕن. لە ڕاستیدا نابێت هەموو ئۆباڵەكە بخەینە سەرشانی ئیئتلاف و گازندەیان لێ بكەین، چونكە عادل موراد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی سەردانی مالیكی و هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەی كردبوو، پێشنیاری كردبوو كە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، بۆ ئەوەی پارتی تووشی شكست بێت، دوا بە دوای ئەوە، بەرهەم ساڵح ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی پێشنیاری بە مالیكی كردبوو، هێز دژی هەرێمی كوردستان بەكار بهێنێت و بە زەبری هێزی سەربازی نەوتی كوردستان لە دەستی هەرێمی كوردستان دەربهێنێت».
لە دوماهی ئەم بەشەدا دەڵێین، هێندەی ناتەبایی و پەرتەوازەیی نێوماڵی كورد هۆكارە بۆ ئەوەی نەگەینە ئامانجەكانمان، هێندە دوژمنەكانمان بەو ئاستە بەهێز نین