غەفوور مەخموورى لە سیمینارێکیدا لە بەشى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان: *به‌یه‌كڕیزیمان ده‌توانین پیلانه‌كان پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه*

غەفوور مەخموورى لە سیمینارێکیدا لە بەشى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان:  *به‌یه‌كڕیزیمان ده‌توانین پیلانه‌كان پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه*

 

‌‌

 

 میدیا - هەولێر :

 پێشنیوەڕۆى ڕۆژى 24 / 8 / 2023، سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن دیسكی راهێنان و سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كانى بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان میواندارى کرا بۆ پێشکەشکردنى سمینارێک سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان و، لەسیمینارەکەدا بابەتێکى سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان و گرنگى یەکڕیزى نێوان لایەتە سیاسییەکانى کوردستان کرد.

 پێشنیوەڕۆى ڕۆژى چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، لەلایەن لەلایەن دیسكی راهێنان و سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كانى بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان میواندارى کرا بۆ پێشکەشکردنى سمینارێک سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان و, بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (د. جەعفەر ئێمینکى بەرپرسى بەشى پەیوەندى گشتیى پارتى دیموکراتى کوردستان و تریفە ساڵەیى بەرپرسى دیسكی راهێنان و سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان و کارگێڕان و ئه‌ندامانی بەشى پەیوەندى گشتیى PDK)ەوە پێشوازیكران, غەفوور مەخموورى لەسیمینارەکەدا بابەتێکى سەبارەت بە رەوشیى سیاسیى کوردستان و و عێراق و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و چەند پرسێکى سیاسیى دیکەو ئەو کێشانەى بەرۆکى کوردستانیان کردووە و, خستەرووى چارەسەرى بۆ گرفتەکان پێشکەشکرد و، جەختیکردەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەو گۆڕانکارییانەدا.

 سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان غەفوور مەخموورى وتى:

(کوردستان و ناوچەکە لە رەوشێکى ناسک و هەستیاردان و، گەلى کوردستان بە قۆناخێکى زۆر چارەنووسسازدا دەرباز دەبێت، ئەم قۆناخە چارەنووسسازە پێویستى بە یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى هەیە، لایەنە سیاسییەکانى بەشدار لە دەسەڵاتى باشوورى کوردستان ناکۆکن و ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حیزبى دەکەن نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکەن.

 ناوەندى سیاسى باشوورى کوردستان پەرش و بڵاو و لێکترازاوە، بە پێویستى دەزانین لەم رووەوە روانینى خۆمان سەبارەت بەم پرسە بخەینەڕوو؛ باشوورى کوردستان لەدواى راپەڕینى بەهارى ١٩٩١ بە کۆمەڵێ هەورازو نشێودا تێپەڕیوە، وەکو ئەزموونى حوکمدارى گەلى کوردستان بێ کێشەو بێ گرفت نەبووە، بەڵام سەرەڕاى ئاستەنگەکان توانیویەتى لەسەر پێى خۆى بوەستێ، بێگومان لە تەواوى جیهاندا حکومەت نیە بێ گرفت و بێ کێشە بێت، بەڵام کێشەو گرفتەکان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى دیکە جیان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستى تێگەشتن لە سیستەمى حوکمدارى لە هەر کۆمەڵگایەکدا.

 کێشە و گرفتەکانى ئێستاى کوردستان باکگراوندێکى سیاسى و مێژووییان هەیە، رەنگدانەوەى واقیعى دووبەرەکى وناکۆکى سیاسى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستانن، بۆیە چارەسەرى ئەم پرسە پەیوەستە بە چارەسەرى گرفت و ناکۆکى مێژوویى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان، بۆئەمەش پێویستە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان قۆناخى ساڵانى رابردوو دەربازبکەن و بە شێوازێکى سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ یەکدا بکەن و، بە دیدگایەکى سەردەمییانە سیاسەتى نوێى جیهان بخوێننەوە و لەجیاتى بەرژەوەندى تەسکى حیزبى رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن.

 ئێمە لەسەر هەموو ئاستەکاندا پێویستیمان بە بەخۆداچوونەوەیە بۆ چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ بوویەر و رووداوەکاندا، پێویستە بۆ چارەسەرى کێشەکان رەخنە لە ناتەواوییەکان بگرین و، رەخنە وەک میکانیزمى پێشکەوتنى پرۆسەى سیاسى و کۆمەڵایەتى سەیر بکەین، کە راشکاوانە رەخنەمان گرت؛ کێشە و ناتەواوییەکان دەبینین، کە کێشە و ناتەواوییەکانمان بینى بەدواى چارەسەردا دەگەڕێین، بەمەش دەتوانین پەیوەندییەکى تەندروست و کۆمەڵگایەکى تەندروست بینا بکەین.

 پێویستە لایەنە ناکۆکەکانى باشوورى کوردستان رەچاوى هەستیارى بارودۆخى کوردستان بکەن و، وەکو رێزگرتن لە خوێنى پاکى شەهیدان و قارەمانێتى پێشمەرگە و خۆڕاگرى گەلى کوردستان؛ ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و بگەڕێنەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، لەبەرئەوەى سەردەم سەردەمى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن و لەهەڤهاتنە.)، هەروەها مەخموورى وتى: (تەنها به‌یه‌كڕیزیمان ده‌توانین پیلانه‌كانى دوژمنان و ناحەزان پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌‌.).

 غەفوور مەخموورى لە درێژەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیدا، سەبارەت بە کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و رەوشى ئابوورى کوردستان و ژیان و گوزەرانى خەڵک و پرسى کەرکووک و مەخموورو شنگاڵ و ناوچە دابڕێنراوەکانى دیکەى کوردستان و راوێژى سیاسى و شێوازى حوکمڕانى کوردستان و پەیوەندییەکانى کوردو ئەمریکا و ئەو کێشانەى بەرۆکى کوردستانیان گرتووە، قسەیکردو روانینى خۆى خستەڕوو، هەروەها کۆمەڵێ چارەسەریشى بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و باشترکردنى رەوشى سیاسى و ئابوورى کوردستان خستەڕوو.

غەفوور مەخموورى دواى ئەوەى خاڵ بە خاڵى کێشەکانى شیکردەوەو روانینى خۆى خستەڕوو، هاتە سەر خستنەڕووى چارەسەرى و لەم رووەوەش لە چەند خاڵێکدا چارەسەرییەکانى خستەڕوو، وتى: (دواى ئەوەى باسى پرسى و سیاسى و ئەو کێشانەمان کرد کە بەرۆکى کوردستانیان گرتووە، پێویستە باسى لە چارەسەریش بکەین بۆیە ئەو چەند خاڵە وەک سەرەتایەک بۆ چارەسەرى کێشەکان دەخەمەڕوو:

یەکەم : بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و دەربازکردنى لەو  پەرش و بڵاوییەى کە تێیدایە پێویستە كۆبوونەوەیەكی لووتكە لەنێوان هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجام بدەین،  کاربکەین بۆ ئەوەى بەزووترین کات (ئەنجوومەنى سیاسى کوردستان) لە تەواوى هێز و لایەنە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان پێکبهێندرێت و، ئەم ئەنجوومەنە وەکو پاڵپشتێکى سیاسى بۆ دەسەڵاتى سیاسى کوردستان لە کاردابێت و رۆڵى راوێژکارى ببینێت و، لە کاتى هاتنەپێشى قەیرانەکاندا بە پرۆژە و کارنامەى هاوبەشى سیاسى هاوکاربێت.

 دووەم : کۆنگرەیەکى راوێژکارى بۆ شارەزا و پسپۆڕان ئەنجامبدرێت، بۆ داڕشتنى نەخشەڕێگایەکى گشتگیر بۆ دەربازکردنى باشوورى کوردستان لەو قەیرانانەى کە تێیکەوتووە.

 سێیەم : بێگومان گەورەترین كێشە لە وڵاتی ئێمەدا ئەوەیە كە دەزگا و دامەزراوەكانی ئێمە سیستەماتیك نین و ئیش و كارەكان لەسەر بنەمای میزاجی شەخسی بەڕێوەدەچن، بۆیە تا ئێستاش ئەو حزبانەی كە دەگەنە دەسەڵات بەهەمان شێوازی پێشوو مامەڵە دەكەن، پێویستە کاربکرێت بۆ سیستماتیکردنى دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان و، دوورخستنەوەى کارى حیزبى لە دەزگاو دامەزراوەکان، بۆئەوەى حکومەتى کوردستان ببێتە حکومەتى خەڵکى کوردستان نەک حکومەتى ئەم حیزب و ئەو حیزب.

 چوارەم : قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و یەکدى قبوڵکردن لە ناوەندى سیاسى کوردستان و تەواوى ناوەندەکانى کار و بوارەکانى ژیاندا.

 پێنجەم : لە جیاتى حزبەکان؛ پێویستە پەرلەمان و حکومەتى کوردستان وەکو دوو دامەزراوەى نەتەوەیى و نیشتمانى نوێنەرایەتى گەلى کوردستان لە تەواوى ناوەندەکانى ناوخۆ و ناوچەکە و جیهان بکەن.

 شەشەم : گوێگرتن لە داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان و باشترکردنى ژیان و گوزەرانیان.

 حەوتەم : یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بە کردەیى و باشترکردنى ژیان و گوزەرانیان.

 هەشتەم : یەکخستنەوەى دەزگا ئەمنى و هەواڵگرییەکان بەکردەیى و کردنیان بە دامەزراوەى نەتەوەیى و نیشتمانى و دوور لە دەستتێوەردانى حیزبى و، دەوڵەمەندکردنیان بە ئەزموون و ئامێرى پێشکەوتوو و کەسانى پسپۆڕ و شارەزا.

 نۆیەم : بەشدارکردنى تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لە داڕشتنى بڕیارى سیاسى و وازهێنان لە پەراوێزخستنى ئەم لایەن و ئەو لایەن.

 دەیەم : پێویستە لایەنە ناکۆکەکان واز  لەیەکدى ناشیرینکردن و شەڕى راگەیاندن بهێنن و بە زمانى سەردەم؛ زمانى لۆژیک لەگەڵ یەکدى بدوێن و دیالۆگ بکەن.

 یازدەهەم : پێکهێنانى (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان) کەوا کار بکات بۆ جولاندنى ئەنجامى ریفراندۆم و چۆنیەتى هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیى کوردستان، ئەم پرسە پرسێکى نەتەوەیى و نیشتمانییە و پێویستە هەموو لایەکمان لەسەرى هاوکار و یەکدەنگ بین.

دوانزەهەم : پەسەندکردنى دەستوور ؛ ئێمە دەبێ وەكو پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانی سەیری دەستوور بكەین، نەك وەك مەسەلەیەكی حزبی، كەبەداخەوە زۆربەی پرسەكان و بابەتەكان بەحزبی كراون و لەدیدگای حزبییەوە تەماشای پرسەكان دەكرێت، پرسى دەستووریشیان خستۆتە ئەم چوارچێوەیە، کە ئەوەش هەلەیەکى ستراتیژییە و پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت.

 هەوەها مەخموورى سەبارەت بە گرنگى هەبوونى دەستوورى کوردستان وتى: (پرسى دەستوور پرسێکى گرنگە بۆیە پێویستە خولى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان پرسى دەستوورى کوردستان یەکلابکاتەوە، لەبەئەوەى پرۆژەی دەستوور هەردوو قۆناخی نووسینەوە و قۆناخی دەنگدان لەسەری لە پەرلەمانی تێپەڕاندووە، قۆناخی سێیەم ماوە كە بریتییە لە قۆناخی راپرسى، بوونی دەستوور بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی لەرووی یاساییەوە دەبێتە هۆكارێك بۆ رێكخستنەوە و دیاریكردنی ئەرك و مافی تاكەكان و داڕشتنى بنەما و سیستمی بەڕێوەبردنى وڵات و بەدامەزراوەییكردنی دەزگا و دامەزراوەكان، ئەمانەش هەمووى لە (پرۆژەى دەستوورى کوردستان) جێگیرکراون، بۆیە هەتا رۆژێك زووتر ببینە خاوەنی دەستووری خۆمان باشترە لەوەی كە بەهۆی هەندێك مەرامی سیاسییەوە دوایبخەین، لەهەموو دنیادا وایە كاتێك دەستوور ریفۆراندۆمی لەسەر دەكرێ و تەنانەت پەسەندیش دەكرێ، ئەوا بەپێی گۆڕانی بارودۆخەكە گۆڕانگاری تێدادەكرێت و هەموار دەكرێتەوە، زۆر ئاساییە پرۆژەی دەستووری كوردستانیش کە ریفۆراندۆمی لەسەر کرا و کەوتە واری جێبەجێكردنەوە، دواتر بەپێی پێویستی سەردەم هەموار بكرێتەوە.

 ئەم خاڵانە وەکو هەنگاوێک بەرەو هێورکردنەوەى ناکۆکى نیوان لایەنەکانى دەسەڵات دەخەینەڕوو، بۆئەوەى ببێتە فاکتەرێک بۆ لەهەڤهاتن و ئاشتبوونەوەى نیشتمانى و ئەنجامدانى چاکسازى بۆ دەربازکردنى باشوورى کوردستان لەو قەیرانانەى تێیکەوتووە، ئەمەش پێویستى بە نیەت پاکى و هاوکارى و کارى هاوبەشى هەموو لایەکمانە، ئومێد دەکەین هەموو لایەکمان بۆ راستە رێى یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان و زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و بەیەکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن و بەیەکەوە کارکردن و گوێ لەیەکترگرتن بگەڕێینەوە و رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و بەرژەوەندى خۆمان لە بەرژەوەندى باڵاى گەلى کوردستاندا ببینینەوەو کار بۆ یەکڕیزى یەکهەڵوێستى بکەین لەبەرئەوەى تەنها به‌یه‌كڕیزیمان ده‌توانین پیلانه‌كان پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌‌.).

دوای خستنه‌ڕووی ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌, کارگێڕان و ئەندامان و کادیرانى به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى دیموکراتى کوردستان گفتوگۆیەکى چڕیان سەبارەت بە بابەتەکە كرد، شایانى باسە سمینارەکە نزیکەى سێ کاتژمێرى خایاند.

غەفوور مەخموورى لە سیمینارێکیدا لە بەشى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان:  *به‌یه‌كڕیزیمان ده‌توانین پیلانه‌كان پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه*
غەفوور مەخموورى لە سیمینارێکیدا لە بەشى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان:  *به‌یه‌كڕیزیمان ده‌توانین پیلانه‌كان پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه*
Top