زیرەكیی دەستكرد و داهـاتووی مـــرۆڤایەتی

زیرەكیی دەستكرد و داهـاتووی مـــرۆڤایەتی

 ئەمڕۆژانە لە بابەتە گەرم و ڕۆژەڤەكانی ڕۆژانە، بابەتی زیرەكی دەستكردە! زەینی دەستكرد هەموو جومگەكانی ژیانی مرۆڤ دەتەنێتەوە. ئایا زەینی دەستكرد هەڕەشە و مەترسییە بۆ كۆمەڵگای مرۆڤایەتی، یا پشتیوان و یاریدەدەری مرۆڤە و ئەركەكان ئاسان دەكاتەوە؟ هەر لە ڕاستیدا زەینی دەستكرد چییە؟

 زیرەكیی دەستكرد واتە (Artificial intelligence) كە زۆرتر بە كورتكراوەكەی ناوی دەهێنرێت واتە (Ai) تەكنەلۆژییەكی نوێیە بە جۆرێك لە جۆرەكان بیردەكاتەوە، مەبەست لەبیركردنەوە وەك ئێمەی مرۆڤ نییە، بەڵام دەیەوێ لاسایی مرۆڤ بكاتەوە.

زیرەكیی دەستكرد چییە؟

هێشتا زانایانی بواری تەكنەلۆژیای نوێ، هاوڕا نین لە سەر پێناسەیەكی ورد بۆ زیرەكی دەستكرد، بەڵام زۆربەیان وای پێناسە دەكەن.

زیرەكیی دەستكرد وەك مرۆڤ بیردەكاتەوە، ژیرانە بیردەكاتەوە. وەك مرۆڤ هەڵسوكەوت دەكات، ژیرانە هەڵسوكەوت دەكات.

پێناسەیەكی سادە لە زیرەكیی دەستكرد:

زیرەكی دەستكرد Artificial intelligence لقێكە لە زانستی كۆمپیوتەر، ئامانج لێی بەرهەمهێنانی ڕۆبۆتە كە توانای ئەنجامدانی ئەركە مرۆییەكانی هەبێت.

ئامانجی زیرەكیی دەسكرد: فێربوون، لێكدانەوە و تێگەیشتن لە فەرمانە مرۆییەكان.

مێژووی داهێنانی زەینی دەستكرد بۆ سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە، ئەوكات زانایەكی بەریتانی بەناوی (ئالێن تۆرینگ) هەوڵیدا زەینێكی دەستكرد بەرهەم بێنێ كە كۆدەكانی شەڕ ئەوانەی لەلایەن ئەڵمانییەكانەوە دەنووسران بكاتەوە.

كارایی و تواناكانی زیرەكیی دەستكرد:

زیرەكیی دەستكرد بەگشتی خۆی دەخزێنێتە هەموو كار و ئەركی مرۆڤایەتی، لە تەندروستی و ژینگەپارێزیەوە بگرە هەتا ئەمینیەت و ئاسایش، لە ڕاگەیاندنەوە بگرە هەتا دەگاتە پەروەردە و فێركردن.. هەربۆیە مەترسی دەكرێت لە داهاتوودا بە هەزاران و ملیۆنان كەس لە سایەی زیرەكیی دەستكردەوە بێكار بن. ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی.. بۆ نموونە لە كەناڵێكی ڕاگەیاندندا پێویست ناكات سەدان كارمەند كار بكەن، دەكرێ چەند كەسێك كار بكەن كە بتوانن كۆنترۆڵی زەیرەكیی دەستكرد بكەن و كارەكان بە زیرەكی دەستكرد بسپێرن. هەروەكو ئەم ڕۆژانە بۆ تاقیكاری كەناڵێكی ڕاگەیاندنی وڵاتی كوێت تاقیكردەوە.

لە بانكەكان و لە فڕۆكەخانەكان و تەنانەت كۆمپانیا و سۆپەرماركێتە زەبەڵاحەكانیش ڕۆڵی گەورە دەگێڕن. هەر ئێستاكە chatGPT كە بە زمانی كوردیش وەڵام دەداتەوە، توانیویەتی لە بواری داتابەخشین شوێنگرەوەیەكی باشی بەدواداگەڕانی وێبگەڕی گوگڵ بێت. هەڵسوكەوتی مرۆڤ دیاری دەكات ئایا زیرەكیی دەستكرد دەبێتە بەڵایەك بۆخۆی، یا پشتیوان و یاریدەدەری؟

 

Top