خول و پاڵەوانێتی كەمە

خول و پاڵەوانێتی كەمە

نێرگز جەلال یاریزانی تۆپی بالەی یانەی ئافرەتانی هەولێر
یانەی ئافرەتانی هەولێر یەكێك لەم یانانەی پارێزگای هەولێرە كەوا گرنگی بە وەرزشیی ئافرەتان دەدات بە سەرجەم یارییە وەرزشییەكانەوە، ماوەی چەند سالێكە یانەكە گرنگی زۆر بە یاری بالەی لاوان دەدات لە ئاستی كچان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بەم تیپە كێبڕكێ لە سەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە بكەن لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان، ، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش نێرگز جەلال-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2005ی پارێزگای هەولێر وقوتابی قۆناغی 12ی ئامادەییە پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتوو، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو وەرزشی تۆپی بالەت هەڵبژارد؟
-من لە سەرەتاوە بە وەرزشی كاراتێ‌ دەستم پێكردو ئێستاش یاری بالە دەكەم، لە هەردوو یاری بەردەوامم واتە لە یەك كاتدا دوو وەرزش ئەنجام دەدەم.
*دوو وەرزش ئەنجام دەدەی لە یەك كاتدا هەست ناكەی هەردوو وەرزشەكەت قورسە بۆ ئافرەتان؟
- بۆیاری بالە بە لای من وەكو كچە وەرزشكارێك یارییەكی ئاسانە و تا ڕادەیەك لە سەرخۆیە و بەتایبەتی بۆ كچان و پێكانی كەمترە، كاراتێ ئەویش قورسە و پێكانی تێدایە.
*بۆچی لە ئێستادا یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- دەگەرێنمەوە بۆ بەرپرسانی وەرزشی كە خول و پاڵەوانێتیەكانیان كەمتر كردۆتەوە و گرنگیەكی زۆر بەم وەرزشە نادەن.
*هۆكاری چیە ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
-بەلێ لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر جیاوازی زۆری هەیە لە هەموو ڕوویەكەوە.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- یارییەكی زۆر پێشكەوتووە و یاریزانی زۆر باش و بە توانامان هەیە، بەڵام خول و پاڵەوانێتی كەمە لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان نا توانن دەربكەون بە پێی پێویست.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی كچانی وەرزشكار ئەم یارییە؟
- بەپێی كات دەتوانی هاوكاری ئەم كچە وەرزشكارانە بكرێت و خولی بەردەوام هەبێت و هانی ئافرەتانی وەرزشكار بدرێت بۆ هاتنیان بۆ ناو ئەم وەرزشە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو؟
- دەمەوێت ئاستێكی باشتر پێشكەش بكەم، پەنا بەخوا ئەویش بە یارمەتی كاپتن بێستون و هەوڵ وماندوو بوونی خۆم دەتوانم بگەمە ئاستێكی باشتر.
*یانەی ئافرەتانی هەولێر بە چ شێوازێك هاوكاریتان دەكات؟
- یارمەتی یانەكەمان بە پێی پێویست نییە چ لە ڕووی یارە و تۆپ ، هەروەها كەلوپەلی وەرزشی یاخود هۆڵی وەرزشی كە مەشقەكانمان تێدا ئەنجام دەدەین.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- بێگومان هەموو وەرزشێك گرفتی خۆی هەیە و پەنا بەخوا ئەو گرفتانەشمان چارەسەر دەكرێن بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر بكەین.

* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-من وەكو هەر كچە وەرزشكارێك دەمەوێت بگەم بە لوتكە و بناسرێم و سەركەوتووبم لە بوارەی هەوڵی بۆ دەدەم.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتانن بۆ وەرزش كردن؟
-بێگومان پشتگیری باشم دەكەن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خەمخۆرییەی بۆ وەرزشكاران هەیەتی.

Top